Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 04:08

خۆپیشاندان به‌رده‌وامه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێرانیش 13 هاووڵاتی كوردی خه‌ڵكی بۆكان شه‌هید ده‌كه‌ن

کوردستان TV
100%


سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و وەزارەتی ئیتلاعات لە 10 ڕۆژی ڕابردووەوە بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەرکوت لە شاری بۆکان، تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن بە شێوەیەک کە بەدەیان کەس  شه‌هید كراون و برینداربوون و ژمارەیەکی زۆری خەڵک یان دەستگیركراون و یان ئاوارە بوون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی هەنگاو، لە ماوەی هەفته‌ی  ڕابردوودا لانی کەم 13 هاووڵاتی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە  ئه‌منییه‌كانی ئێران شه‌هیدكراون  و زیاتر لە 300 کەسیش لە بەرخۆدانی ئەو شارە برینداربوون، کە دۆخی تەندروستی بەشێکیان مەترسیدار ڕاگەیەندراوە.

سوپای پاسداران، شەوی چوارشەممە لە ڕێگای بڵندگۆی مزگەوتەکانی گەڕەکەکانی مەجبورئاوا و میرئاوا ڕایگەیاندووە کە لە کاتژمێر9ی شەو هەتا 9ی بەیانی حکومەت نیزامییەو کەس مافی هاتووچۆ کردن و هاتنە دەرەوەی لە ماڵ نییە.

بنەماڵەی بەشێک لە گیان بەختکردوودان ڕایانگەیاندووە، کە هەر ئێستا تەرمی نزیک بە 10 کەس لە ساردخانەی نەخۆشخانەی قولی پووری بۆکان ڕاگیراوە کە ناوەندە حکومەتییەکان ڕێگری لە ناسینەوەی ئەو تەرمانە دەکەن و دوایین حاڵەت، سەعدی شاهرۆخی فەر بوو، کە دوای پێنج ڕۆژ بنەماڵەکەیان لە شه‌هید بوونی ناوبراو ئاگادار کردەوە.

بەپێی هەواڵە پشتڕاستکراوەکان، بەسەدان کەس لە خەڵکی ئەو شارە یان ونبوون یاخود بریندارن، کە بریندارەکان لە ترسی ڕفاندنیان لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لە ماڵ و دەرەوەی ناوەندە دەرمانییەکان چارەسەر دەکرێن، کە زۆربەیان پێویستیان بە خوێن و نەشتەرگەرییە.

هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو هاووڵاتیانەی کێ بێسەروشوێن بوون لەبەردەست دانییە و نازانرێت کە دەستبەسەرکراون یاخود شه‌هیدكراون، هەندێک ڕاپۆرتی دیکەی گەیشتوو بە هەنگاو، باس لە ناشتنی تەرمی کوژراوەکانی ناڕەزایەتییەکان بەبێ تۆمارکردنی ناو و ناسنامەیان دەکەن، کە هەتا ئێستا بۆ هەنگاو پشتڕاست نەبووەتەوە.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە دەستی هەنگاو گەیشتووە و بڵاومان کردووەتەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە حکومەتییەکان لە کاتژمێر2 هەتا 5ی بەرەبەیان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی هاووڵاتییان، کە سەرەڕای زیانگەیاندن بە ماڵ، کەلوپەل و پێداویستی ناو ماڵەکان و پارە و زێو و تەنانەت مۆبایلی خەڵکیشیان دزیوە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان لەناو پارکینگی ماڵەکانیشدا شکاندووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێی وایە کە هەڵسوکەوتی توندوتیژانە و نا مرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاره‌كانی كوردستانی ئێران و بەتایبەتی شاری بۆکان تاوانە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی و داوا لە هەموو ڕێکخراو، ناوەند و کەسیاتییەکانی بواری مافی مرۆڤ دەکات، کە لە ڕێگای کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە پێش بە کۆمەڵکوژ کردنی خەڵک بگرن.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.