Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 12:30

خۆپیشاندانەکان لە زانکۆکانی ئێران بەردەوامن و ژماره‌ی شه‌هیدانیش بۆ 378 كه‌س به‌رزبۆوه‌

کوردستان TV
100%


ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە دوای  گیان له‌ده‌ستدانی مەهسا ئەمینی لە ئێران دەستیان پێ کردووە لە ژمارەیەک لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە بەردەوامن.

بەپێی ئەو گرتانەی لە هەژماری تێلگرامی یەکێتیی قوتابییانی دامەزراوە ئیسلامییەکان بڵاو کراونەتەوە، دەبیندرێت کە قوتابیانی هەریەک لە زانکۆکانی عەللامە تەباتەبائی، مازەندەران، ئەمیر کەبیر، بابول نۆشیروانی، سیمنان، زەهرا، زانستە پزیشکییەکانی شیراز، کرماشان ئازاد و زانکۆی زانست و تەکنەلۆجیا لە تاران بەمەبەستی ئیدانەکردنی دەستگیرکردن، قەدەغەکردنی هاتن بۆ زانکۆ و بانگهێشتکردنی قوتابیان بۆ دامەزراوەی دیسپلین بەهۆی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکان، گردبوونەوەیان ئەنجام دا و زوو زوو دروشمیان لە دژی دەسەڵاتی وڵاتەکە دەگوتەوە.

بەپێی ئەو گرتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە دەبیندرێت مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆی کوردستانی ئێران، بەهۆی دەستوەردانی دوێنێی هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانەکان و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان، ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەم کارە ناشایستەی هێزە ئەمنییەکان دەربڕیوە.

هەروەها وەک رێزگرتنێک لە گیانی ئەو  قوتابیانه‌ی شه‌هیدبوون و بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکانی مەهاباد، قوتابیانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێز خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.

- خۆپیشاندانەکانی ئێران

رۆژی 13ی ئەیلوول، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" مەهسا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵی دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی ئەمینی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و رۆژی 16ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

مەهسا ئەمینی رۆژی 17ی ئەیلوول لە شاری سەقز بە خاک سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش خۆپیشاندان دروست بوو کە لە ماوەیەکی کەمدا، شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە.

هەرچەند دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئێران زانیاری فەرمی بڵاو ناکەنەوە لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا شه‌هیدبوون، بەڵام "رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران" کە بارەگاکەی لە نەرویجە، بانگەشەی ئەوە دەکات ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی لە ئاکامی دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان شه‌هیدبوون بەرزبووەتەوە بۆ 378 کەس.

میدیاکانی ئێرانیش بڵاویان کردووەتەوە کە لە ئاکامی خۆپیشاندانەکان، نزیکەی 50 کارمەندی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.