Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 04:55

هۆکاری قەڵەوی منداڵان چییە و چۆن ڕێگەی لێ بگرین؟

کوردستان TV
100%

دکتۆرێک ئاماژە بەوە دەدات کە ژمارەی ئەو منداڵانەی قەڵەون و کێشیان زۆرە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرز دەبێتەوە، باس لە مەترسی و ڕێگەکانی ڕێگرتن لە قەڵەوی منداڵان دەکات.

د. پشدەر عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان ڕایگەیاند: ژمارەی ئەو منداڵانەی کە قەڵەون و کێشیان زۆرە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە."

ئەو دکتۆرە هۆکارەکانی قەڵەوی منداڵانی خستووەتەڕوو، ئاماژەی بەم هۆکارانە داوە:-

- شێوازی خواردن و ژیانکردنی ڕۆژانە؛ بەداخەوە زۆربەی خواردنی ڕۆژانەی منداڵ ئەوانەیە کە پڕن لە چەوری، زۆر سەیرکردنی تەلەڤزیۆن و زۆر بەکارهێنانی ئایپاد و ئامێری یاری ڤیدیۆیی.

- کەمی وەرزش و چالاکی ڕۆژانە؛ پێویستە منداڵ ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە کاتژمێرێک وەرزش بەشێوەیەکی چالاک بکات.

- هۆکاری بۆماوەیی؛ ئەگەر یەکێک لە دایک و باوکی قەڵەو بن، ئەوا ئەگەری تووشبوون بە قەڵەوی لە منداڵدا 50% ئەبێت، ئەگەر هەردووکیان قەڵەو بن ئەوە ئەگەری تووشبوونەکە بەرز ئەبێتەوە بۆ 80%، بە تایبەتی هەموو ئەندامانی ئەو خێزانە هەمان خووی خواردنیان هەبێت.

- هەندێکجار هەندێک نەخۆشی بە تایبەت تێکچوونی هۆڕمۆنی لەش قەڵەوی دروست ئەکات.

هاوکات د. پشدەر باسی لە کێشە تەندرووستیەکان بەهۆی قەڵەوییەوە بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:-

- شەکرەی جۆری دووەم.

- بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.

- بەرزبوونەوەی چەوری خوێن.

- ئازاری ئێسقان و کێشەی جومگە.

- هەناسە توندی، ئەبێتە هۆی ئەوەی کە وەرزشی زۆر بە گرانی بۆ بکرێت.

- خەوی تێک ئەچێت.

- ئەبێتە هۆی زوو پێگەیشتنی ئەو منداڵە، بەتەمەن تر دەرئەکەوێت لە چاو تەمەنی خۆی.

- نەخۆشی جگەر و زراو.

- هەست بە کەمکردنی ئەو منداڵە بە تایبەت کە منداڵی تر گاڵتەی پێ ئەکەن.

- تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی ئەبێت.

- هەندێکجار خووی ناتەندرووستی بۆ دروست ئەبێت، وەکو خۆڕشاندنەوە، لەبەر ئەوەی ناتوانێت کۆنتڕۆڵی زۆر خواردنی بکات، بۆیە دواتر خۆی دەڕشێنێتەوە.

ئەو دکتۆرەی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان ئاماژەی بە ڕێگەکانی ڕێگرتن لە قەڵەوی منداڵان داوە و دەڵێت، تکایە بۆ ڕێگەگرتن لە قەڵەوی منداڵەکەت بەهیچ شێوەیەک هەندێک قسە و کردار هەیە بەکاری مەهێنە، وەکو:

- هیچ کاتێک پاداشتی منداڵەکەت مەکە بەرامبەر شتێکی باش بە پێشکەشکردنی خواردنێکی چەور و شیرینی.

- هیچ کاتێک فشار لە منداڵەکەت مەکە بۆ خواردن، پێی بڵێ کەی برسیت بوو ئەوکات نان بخۆ.

- هیچ کات هەوڵ مەدە بەتەواوی هیچ جۆرە خواردنێکی لێ قەدەغە بکەیت، چونکە هەرکاتێک چاوی تۆی لەسەر نەما ئەوە بە بڕێکی زۆر ئەیخوات.

د. پشدەر دەشڵێت، بۆ ڕێگەگرتن لە قەڵەوی پێویستە ئەم ڕێگەیانە بگرینەبەر:-

- خۆمان بەدوور بگرین لە زۆر خواردن بە تایبەت چەوری و شیرینی بۆ ئەوەی منداڵەکەشت سەیرت بکات.

- منداڵ لە تەمەنی 6 مانگی یەکەمیدا تەنها شیری دایکی پێ بدرێت و دواتریش خوارنی بۆ زیاد بکرێت، بەمەرجێک شیری دایک بەلایەنی کەمەوە تا تەمەنی ساڵ و نیوێک بەردەوام بێت.

- پێویستە منداڵ هان بدەین بۆ وەرزش و جوڵەی بەردەوام ، دایک و باوکانیش پێویستە وەرزش بکەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان چاو لەوان بکەن.

- دەبێ منداڵ بە شێوەیەکی تەندروست و کاتی دیاریکراو سەیری تەلەفزیۆن و ئایپاد و یارییە ڤیدۆییەکان کات.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.