Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 17:21

80%ـی ئەو پڕۆژانەى بۆ سۆران دیارى کرابوون لە جێبەجێکردندان

کوردستان TV
100%

له‌ ساڵی ڕابردوودا لە سەرەتای دەستبەکاربوونی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران وه‌ك ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ، ئەو ئیدارەیە توانیویه‌تی چه‌ندین پڕۆژە‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ سنووره‌كانی ئه‌نجام بدات و به‌شێكی ئه‌و پڕۆژانه‌ش له‌ ته‌واوبووندان‌ و به‌ر له‌ هاتنی وه‌رزی زستان ته‌واو دەکرێن.

پڕۆژە‌كان به‌ ڕێژەی 80%  لە جێبه‌جێكردندان

هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، ڕایگەیاند: بۆ یەکەمجار و وەک ئیدارەی سەربەخۆ و لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان کار لەسەر چەندین پڕۆژە دەکەین و ئەو بوودجەیەش کە 17 ملیار و 500 ملیۆن دینارە، کە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر پڕۆژەى هەموو قەزا و ناحیە و گوندەكان دابەش كراوە. هەروەها پێشینەیەكی كەم بۆ چەند پڕۆژەیەكی ستراتیژی دابین کراوە، ئەمە بەدەر لە دابینکردنى بووجەیەکى دیکە لەسەر بووجەی پەرەپێدان بۆ چەند پڕۆژەیەکى گرنگ، وەک پڕۆژەی ستراتیژی دووسایدی سپیلک و خەلیفان، كە هەفتەیەک پێش ئێستا، بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هه‌رێمی كوردستان بەردی بناغەی دانرا.

سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ڕاشیگەیاند: دوای ساڵێک لە ڕاگرتنی، ئێستا دەست بە جێبەجێکردنى دووسایدی سۆران ـ حاجی ئۆمەران کراوەتەوە. هەروەها چەند پڕۆژەیەكی دیکەش لەسەر بووجەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە هەن، وەکو ڕێگەی گوندەكانی (دۆڵێ زەرزێ) کە تێچووه‌كه‌ی زیاتر لە ملیارێک و 800 ملیۆن دینارە و لە ناحییەی سیدەكان بەردی بناغەی دانراوە. ڕێگەوبانی بارزان و سەڤرە، بە بوودجەی زیاتر لە ملیارێک دینار دەست بە كارەكانی كراوە. ڕێگەی هیران بەم زووانە بە زیاتر لە 2 ملیار دینار دەست بە كارەكانی دەكرێت، بەنارمەی پڕۆژەی 60 مەتری بۆ میكانیزمی جێبەجێكردنەكەی لە گفتوگۆداین و هەوڵ دەدەین بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە. لە زۆربەی گوند، قەزا و ناحیەكانی سۆران، دەستمان بە هەڵمەتێكی ئاوەدانكردنەوە و جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە كردووە و دەمانەوێت پێش هاتنی وەرزی زستان ئەو كارانە جێبەجێ بكەین، لەبەر ئەوەی ناوچەكەی ئێمە شاخاوییە و لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان ئەم كارانە زەحمەت دەبێت. بۆیە بە شێوەیەكی بەرفر‌وان دەستمان پێكردووە و زۆربەی پڕۆژەكانی وەک (ڕێگەوبان، ئاو و كارەبا) ئەوانەی لەسەر بووجەى پەرەپێدانی پارێزگاكانن، لە بواری جێبەجێكردندان.

سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژە‌كانی چۆمان، ڕواندز، سۆران و مێرگەسۆریش، هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب گوتی: زیاتر له‌ 55 پڕۆژە‌ بۆ په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان له‌ بواری جێبه‌جێكردندان، به‌ شێوه‌یه‌ک کە 80%ی ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌ جێبه‌جێكردندان. هه‌روه‌ها، هەوڵ دەدەین پڕۆژەی ناو كۆڵان و گەڕە‌كەكان بە ڕێژەی 80% تەواو بكەین. تەنیا كێشەمان لە ناوچە شاخاوییەكان دەبێت، كه‌ لە وەرزی زستان کار کردن قورس دەبێت، چونكە ناوچەی دووره‌ده‌ستن و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش لەبەر ئەوەی لە ڕووی جوگرافییەوە سنوورێكی زۆر بەرفراوانی هەیە، بۆیە ناتوانین ئەو بڕە پارەیە بكەینە پێوەر، بۆ نموونە ئەو بڕە پارەیەی لە سۆران بۆ کیلۆمەترێک دروستکردن و یا نۆژەنکردنەوەى شەقام خه‌رج دەكرێت لەوانەیە لە دەشتی هەولێر 10 کیلۆمەتری پێ بكرێت، بۆیە دەبێت بڕێكی تایبەت بە سۆران بدرێت، چونکە ناكرێت ناوچەیەكی شاخاوی لەگەڵ ناوچەیەكی تر هەمان حیسابی بۆ بكرێت.

500 ملیۆن بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان

سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژە‌كانی بواری ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی: لە بواری پەروەردەدا ماوەیەک پێش ئێستا‌ لیژنەیەكی تایبەت پێكهێنراوە و سەردانی زۆربەی قوتابخانەكانی کردووە، بە تایبەت ئەو قوتابخانانەی کە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە و به‌ یارمەتی دەزگای خێرخوازی بارزانیش، چەندین قوتابخانە نۆژە‌ن كراونەتەوە. هەروەها لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لە سەر بووجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان، نزیكەی 500 ملیۆن دینار تەرخان كراوە بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان، بەڵام پێویستمان بە چەند قوتابخانەیەكی نوێ هەیە، چونکە چەندین ساڵە قوتابخانەی نوێ دروست نەكراوە.

لە بارەی پڕۆژە تەندروستییەکانیشەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاماژەی بەوەدا، دوای دەستبەكاربوونی بەڕێوەبەرایەتییەكان ئەنجامەكەی باشتر دیار دەبێت. هەوڵدراوە كەموكوڕییەكان كەم بکرێنەوە و گوتیشی: سیستەمێكی ئەلكیترۆنیمان دەست پێكردووە، بۆ نموونە نەخۆشخانەی ئاشتی بەو سیستەمە بەڕێوە دەچێت. ئەمساڵیش لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هه‌رێمی كوردستان، نەخۆشخانەی سیدەكان دەستی بە كار كردەوە، بەم زووانەش ئەو نەخۆشخانە 25 قەرەوێلەیە تەواو دەبێت و ئامادە دەبێت لەگەڵ بنكەی تەندروستی گەزنە و شوێنی حەوانەی دكتۆرەكان لە نەخۆشخانەی لەدایكبوون، هاوكات دروستكردنی بەشی فریاكەوتن لە ناحیەی خەلیفان و سیدەكان تەواو كراوە. سیدەكان گەورەترین ناحیەیە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەیەكی بەرفره‌وانە و دوورەدەستە، بۆیە هەبوونی نەخۆشخانە لەوێ پێویستە.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ زستانی ئه‌مساڵ، له‌ ڕووی پاككردنه‌وەى جادە و ڕێگەوبانەکان‌، هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب ئاماژەی بەوەش دا کە بەخۆشحاڵییەوە ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی چاككردنەوەی ڕێگاوبان کە لە پێشدا بنكەیەک بوو سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی هەولێر، ئەمساڵ فەرمانی بۆ دەرچووە و كراوەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و كەلوپەلی باشی بۆ دابین كراوە و لە ئامادەییەكی باشدایە، لەهەر بارێكی پێویست دەتوانن بە باشتر ئیش بكەن، چونكە كەرەستەی باشیان لەبەر دەست دایە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.