له‌نێو دنیا جوانه‌كه‌ی هونه‌ر به‌گشتی و هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی به‌تایبه‌تی ، تائێستا نه‌بووه هونه‌رمه‌ند و خۆشخوانی كورد به‌هونه‌ره‌كه‌ی بژی،هه‌رده‌م تێكۆشاون و ڕه‌نج و زه‌حمه‌تیان به‌پیشه‌كه‌یانه‌وه‌كێشاوه، تا بژێوی ژیانی خۆیان و خانه‌واده‌كانیان پێ دابین بكه‌ن و بره‌و به‌هونه‌ره‌كه‌یان بده‌ن ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه‌ش بدركێنین، زۆرینه‌ی ئه‌و داهاته له‌پیشه‌كه‌یاندا به‌ده‌ستیان هێناوه له‌پێناو به‌رده‌وامبوون و سه‌رخستنی هونه‌ره‌كه‌یاندا سه‌رف یان كردووه..! یه‌كێك له‌و پیشه ده‌ستیانه پیشه‌ی ( به‌رگدروو ) ه له‌گه‌ڵ ته‌قه‌ڵی دروومان و هاڕه‌ی مه‌كینه‌ی به‌رگدرووه‌كه‌یاندا ، ڕۆح و هه‌ستیشیان ئاوێته‌ی ئاواز و گۆرانی و لاوك و مه‌قام كردووه، هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگبێژ و گۆرانیبێژی ئه‌و پیشه‌یه زۆرن وه‌ك ( ئیبراهیم محه‌مه‌د ناسراو به‌ئیبراهیمی خه‌یات ، عوسمان عه‌لی ، شكور خه‌یات ، حه‌مه ڕه‌ووف كه‌ركوكی و لوقمان سه‌لیم و ...تاد) .
هونه‌رمه‌ندی ئه‌مجاره‌ی یادكردنه‌وه‌كه‌مان ، خاوه‌نی ده‌نگێكی زوڵاڵی چیایی ، خاوه‌نی مێژوویه‌كی جوانی لێوڕێژ له‌هونه‌ری سترانچڕین و خزمه‌تێكی زۆری به هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی كردووه، هونه‌رمه‌ند ( شاكر محه‌مه‌د ئه‌مین) ه ناسراو به ( شاكر ئاكره‌یی)، كه ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له‌پاڵ پیشه‌ی به‌رگدرووه‌كه‌یدا هه‌وڵ و تێكۆشانی هونه‌ریی خۆی ئه‌نجامداوه،خۆم به‌به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم كه‌ساڵی (2012) له‌ڕێی به‌رنامه‌یه‌كی هونه‌رییه‌وه‌به‌خزمه‌تی گه‌یشتم ، پیاوێكی باڵابه‌رزی خوێن شیرین و زمان شیرین ، كه‌سێكی سیما به‌خه‌نده‌و خۆش مه‌شره‌ب،دڵسۆز‌و خه‌مخۆر و عاشق به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، له‌ودیداره‌دا هه‌ستم به‌وه‌كرد ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده ده‌نگ خۆشه بڕوای به‌زۆری و بۆری له‌هونه‌ردا نییه، به‌ڵكو مه‌به‌ستیه‌تی هونه‌رێك پێشكه‌ش بكات له‌خزمه‌ت و به‌رزڕاگرتنی هونه‌ر و په‌سه‌ندی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یدا بێت.
هونه‌رمه‌ند شاكر محه‌مه‌د ئه‌مین ( شاكر ئاكره‌یی) له‌شاره دێرین و مێژووییه‌كه‌ی ( ئاكرێ) له‌خانه‌واده‌یه‌كی به‌هره‌مه‌ند و ده‌ست ڕه‌نگین و ده‌نگخۆش له ( 21/4/1954) چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه،
باوكی هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د ئه‌مین) یه‌كێك بووه له‌وه‌ستاناودارو ده‌ست ڕه‌نگینه‌كه‌ی بواری بیناسازی ، واته وه‌ستای دیوار دروستكردن و وه‌ستایه‌كی شاره‌زا له دانانی به‌ردی (نه‌قاڕ) ، له‌پاڵ پیشه‌كه‌یدا خاوه‌نی ده‌نگێكی خۆش بووه‌و یه‌كێك بووه له قورئان خوێنه دیاره‌كانی شاره جوانه‌كه‌ی ئاكرێ.
هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی له‌ساڵی (1961) له زێده شیرینه‌كه‌ی ئاكرێ خراوه‌ته به‌رخوێندن ،له‌ته‌مه‌نی منداڵی و له‌قۆناغی خوێندندا هه‌ستی به‌به‌هره‌ی هونه‌ری كردووه ، له‌به‌رئه‌وه‌ی كاریگه‌ری ژینگه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی ئاكرێ تژی له‌فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری لاوك و ستران و به‌سته‌ی فۆلكلۆری و ده‌نگی به‌سۆزی هونه‌رمه‌ندان، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و كه‌ش و هه‌وایه‌ی ناو خانه‌واده‌كه‌یی و ده‌نگخۆشیی باوكی و برایه‌كی ، هه‌روه‌ها ده‌نگه خۆش و زوڵاڵه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كورد ( محه‌مه‌د عارف جزیری و حه‌سه‌نی جزیری ،( ئارام تیگران1934_8/8/2009) ، خه‌لیل ئاكره‌یی، به‌شار زاخۆیی ، گوڵبه‌هار ، ته‌حسین ته‌ها و سه‌میر زاخۆیی ) كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی هونه‌رمه‌ند داناوه‌و ڕێنیشانده‌ر بوون كه هونه‌رمه‌ند هه‌نگاو بۆ ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر هه‌ڵبگرێت.
هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی ئه‌و ڕاستی یه ده‌دركێنێ و زۆر به‌ڕاشكاوانه ده‌ڵێت ( له‌ده‌نگی خۆش و به‌سۆزی هونه‌رمه‌ندان (محه‌مه‌د عارف جزیری 1912_17/12/1986) و ( حه‌سه‌ن جزیری 1917_9/7/1983) له‌ڕێی لاوك و سترانه‌كانی ئه‌وانه‌وه شاكرێك به‌بوون هات و ڕێچكه‌ی ئه‌وانی گرت و بوومه قوتابی قوتابخانه نه‌مره‌كه‌ی هه‌ردوو گه‌وره هونه‌رمه‌ند، به‌ڵام به‌شێوازی ده‌نگ و ئه‌دای خۆم ) (1) .
هونه‌رمه‌ند به‌رله‌وه‌ی هه‌ست و نه‌ستی كه‌مه‌ندكێش بێت به‌ره‌و دنیا جوانه‌كه‌ی ئاواز‌و ستران ، خولیای ( وه‌رزش ، وێنه‌كێشان و شانۆ) ی هه‌بووه، له‌هه‌رسێ بواره‌كه‌دا ڕۆڵی بینیوه‌و جێ ده‌ستی دیاربووه،هه‌ست و گوێچكه هه‌ستیاره‌كانی په‌لكێشی سترانچڕینی كردووه و هه‌رسێ كایه‌كه‌ی ( وه‌رزش و وێنه‌كێشان و شانۆی) تێكه‌ڵاوی لاوك و به‌سته‌كرد كردووه و بۆته ڕێبوارێكی به‌ئه‌مه‌ك و دڵسۆز له‌وڕێگاپیرۆزه‌دا تا ئه‌مڕۆ.
كاتێك قوتابی پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی ده‌بێت ، بۆته ئه‌ندامی تیپی سروودی قوتابخانه‌كه‌ی، كه‌سێكی چالاك و پڕ ووزه بووه، مامۆستایه‌كی به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب یان هه‌بووه به‌ناوی ( وه‌عد عه‌بدالهادی) مامۆستای ئامیری ( قانوون) ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی موصڵ بووه، كاتێك گوێی له‌ده‌نگی به‌سۆزی هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی ده‌بێت ، سه‌رسام بووه پێی و سه‌رنجی ڕاكێشاوه و ، پێی وتووه تۆ ده‌نگت خۆشه‌و توانای سترانچڕینت هه‌یه بۆئه‌وه‌ی زیاتر سه‌ركه‌وتوو و شاره‌زابیت ڕێنمایت ده‌كه‌م گوێ له‌ڕادیۆی كوردی و عه‌ره‌بی بگره، ئه‌م ڕێنمایی و پێشنیاره‌ی مامۆستا ده‌رفه‌تێك ئه‌بێت بۆ زیاتر كرانه‌وه و شاره‌زابوون له‌دنیای هونه‌ری گۆرانی ، هونه‌رمه‌ند ڕێنمایی مامۆستاكه‌ی جێبه‌جێده‌كات و گوێ له‌ڕادیۆی ( یه‌ریڤان ، كوردی به‌غدا و ڕادیۆ عه‌ره‌بییه‌كان) ده‌گرێت و ڕۆژانه ئاشناده‌بێت به‌ده‌نگ و میلۆدییه خۆش و ڕه‌سه‌نه‌كانی ئه‌وكاته، له‌هونه‌رمه‌نده كوردییه‌كان ( محه‌مه‌د عارف جزیری ، حه‌سه‌ن دزیری ، كاوێس ئاغا ، سه‌عیدجزیری ، عه‌لی مه‌ردان ، شه‌ماڵ سائیب ، خه‌لیل عه‌قراوی ، مریه‌م خان ، ئایشه شان ، نه‌سرین شیروان و عیسی به‌رواری و ...تاد)، له‌هونه‌رمه‌نده دیاره‌كانی عه‌ره‌ب وه‌ك ( محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب و كه‌لسوم و ئه‌سمه‌هان وفه‌ریدئه‌تره‌ش و ..تاد) .له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی هاورێ قوتابییه‌كانی زۆرهانده‌ری بوون به‌تایبه‌ت هاوڕێیه‌كی كه‌زۆر نێوانیان له‌گه‌ڵ یه‌ك خۆش بووه ( تاریق شه‌عبان) پێیان وتووه‌و ده‌نگت خۆشه‌و به‌رده‌وام به، هونه‌رمه‌ند ئاكر ئاكره‌یی ، به‌ڕێزه‌وه ڕاسپارده‌و هاندانه‌كانی هاوڕێیكانی به‌جێ گه‌یاندووه‌و به‌ڵێنی به‌رده‌وام بوونی پێداوون.
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی(1967)له‌شانۆ له شاری ئاكرێ به‌شداری شانۆگه‌رییه‌ك ده‌كات و ڕۆڵی ( عومه‌ری كوڕی خه‌تاب) ده‌بینێ ، رۆڵی ئه‌و كه‌سایه‌تییه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر جوان به‌رجه‌سته ده‌كات ده‌بێته جێی سه‌رسوڕمان و خۆشحاڵی بینه‌رانی شانۆكه، له ته‌واو بوونی شانۆكه‌دا ئاماده‌بووان به‌چه‌پڵه‌رێزان پێشوازی لێده‌كه‌ن و به‌بڕی (10) دیناری ئه‌و سه‌رده‌مه خه‌ڵات ده‌كرێت.
دوای ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره هونه‌رییه‌و زیاتر له‌نێو جه‌ماوه‌ردا ناسرا ، به‌هاوكاری و پشتیوانی مامۆستاكانی ساڵێك دوای ئه‌و نمایشه هونه‌رمه‌ند به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی به‌شداری فیستڤاڵی ( به‌هار) له‌شاری موسڵ ده‌كات.
له‌ساڵی (1969) ڕووده‌كاته شاری موسڵ و ده‌چێته‌لای هونه‌رمه‌ند( خه‌لیل ئاكره‌یی) ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندێكی دیار وده‌نگخۆشی ڕادیۆی كوردی به‌غدا بووه، له‌گه‌ڵ غه‌ریبی كوڕی هونه‌رمه‌ند خه‌لیل ئاكره‌یی دا فێری پیشه‌ی به‌رگدروویی ده‌بێت، لێره‌وه تروسكه‌ی هونه‌ر به‌ڕویدا ده‌گه‌شێته‌وه‌و خه‌لیل ئاكره‌یی زۆر هاوكارو پشتیوانی ده‌كات ، له‌رێی ئه‌وانیشه‌وه هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ته‌مبوور ( بێوار دۆسكی) ده‌ناسێت، ئه‌ویش وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیاری به‌توانا زۆر هاوكارو پشتیوانی ده‌بێت ، بۆیه‌كه‌م جار واته له‌ساڵی (1969) ده‌چێته‌سه‌رشانۆ و ڕاسته‌وخۆ له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا گۆرانی ده‌خوێنێ،
هونه‌رمه‌ندان شاكر ئاكره‌یی و بێواردۆسكی پێكه‌وه به‌هه‌سته هونه‌رییه به‌رزه‌كه‌یان به‌بۆنه‌ی ڕێككه‌وتنامه‌ی (11ی ئاداری 1970) له ( ئاكرێ و موسڵ و شێخان و دهۆك ) به‌شداری ئاهه‌نگی ئه‌و بۆنه پیرۆزه ده‌كه‌ن.
هێشتا ته‌مه‌نی هونه‌رمه‌ند (20) به‌هار بووه، شۆڕشی ئه‌یلوول ده‌ست پێده‌كاته‌وه،ساڵی (1974) بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌عس و پشتیوانی له‌شۆڕش ، خه‌ڵكی كورد له‌باشووری كوردستان پشتیوانی له‌سه‌ركردایه‌تی و شۆڕشه‌كه‌یان ده‌كه‌ن ، هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی ئه‌ویش وه‌ك هه‌رتاكێكی ئه‌م نه‌ته‌وه بنده‌سته وابه‌سته به‌خاك و زمان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و خۆشویستنی نیشتمانه‌وه ، به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگه ده‌پۆشێ و ده‌بێته پێشمه‌رگه‌یه‌كی چالاك له‌هێزی ( باڵه‌ك) له‌نێوان هه‌ردوو چیای ( زۆزك و هه‌ندرێن) ، له‌سه‌ر چه‌كی گه‌وره ( دۆشكه) ده‌بێت ، له‌و ساڵی پێشمه‌رگایه‌تیدا هونه‌رمه‌ندی سروودبێژو به‌سته‌بێژ ( فوئاد ئه‌حمه‌د 1932_17/8/2004) ده‌ناسێ و په‌یوه‌ندی هونه‌ریی و هاوڕێیه‌تی دروست ده‌كه‌ن.
له‌به‌هاری ساڵی (1975) به‌بۆنه‌ی خیانه‌تكاری هه‌رسێ ده‌وڵه‌تی ( عێراق و ئێران و جه‌زائیر) به‌رامبه‌ر به‌گه‌لی كوردی شۆڕشگێر و پارێزه‌ری ئاو خاكی نیشتمانی باب و باپیری ، شۆڕشه مه‌زنه‌كه‌ی كورد دووچاری نسكۆ ده‌بێت، باردۆخێكی دژووار و ناهه‌موار ته‌واوی وڵات داده‌پۆشێت، هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانی ڕووده‌كه‌نه وڵاتی ئێران ، پاش مانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی سێ مانگ باوكی ده‌چێت به‌دوایدا و ئه‌ویش له‌به‌ر باوكی بڕیارده‌دات بگه‌ڕێته‌وه باشوور ، كاتێك هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه ئاكرێ ، پاش ماوه‌یه‌ك ڕووده‌كاته‌وه شاری موسڵ بۆ لای هونه‌رمه‌ند خه‌لیل ئاكره‌یی و سه‌رله‌نوێ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ بێوار دۆسكی ده‌بنه‌وه هاوڕێی هونه‌ریی،
له‌ساڵی (1976) هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی و بێوار دۆسكی ڕووده‌كه‌نه شاری (دهۆك) و له‌وێ دوكانێكی به‌رگدروویی ده‌كه‌نه‌وه هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ده‌بنه هاوبه‌ش ( شه‌ریك) ده‌بن، ناوی دوكانه‌كه ده‌نێن ( به‌رگدرووی هونه‌ر) به‌یه‌كجاری له‌و شاره نیشته‌جێ ده‌بن ، به‌ڵام عه‌شق و سۆزیان بۆ هونه‌ره‌كه‌یان ڕۆژ به‌ڕۆژ په‌ره‌ده‌سه‌نێ و به‌رده‌وامی ده‌ده‌ن به‌هونه‌ره پیرۆزه‌كه‌یان ، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند به‌شداری ئاهه‌نگه‌كان ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت ئاهه‌نگی بووك و زاوا و شاكرئاكره‌یی به‌ده‌نگه زوڵاڵ و به‌سۆزه‌كه‌یی و بێوار دۆسكی به‌ده‌ست و په‌نجه هونه‌رییه‌كه‌ی دڵی ئاماده‌بوان خۆش ده‌كه‌ن بێ به‌رامبه‌ر و ته‌نانه‌ت به‌هه‌سته به‌رزو جوانه‌كانیان بووك و زاواشیان خه‌ڵات كردووه.
له‌وماوه‌یه‌دا زیاتر ناو و ناوبانگ ده‌رده‌كه‌ن و له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یانه‌وه زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی دیاری ئه‌وشاره ده‌ناسن و ده‌بنه هاوڕێی دڵسۆزیی یه‌كتری ، له‌و هونه‌رمه‌ندانه ( شێرزاد محه‌مه‌د سه‌عید، جه‌میل زكری و جه‌میل ئیبراهیم عیسی و دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) .
هونه‌رمه‌ند دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید به شێرزادی برای ده‌ڵێت كه شاكر ده‌نگی خۆشه‌و توانای چرینی سترانی هه‌یه ، دوای ئه‌و یه‌كترناسینه هونه‌رمه‌ند( شێرزاد محه‌مه‌د سه‌عید) هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا.
له‌به‌غدا به‌ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ڕادیۆی ده‌ناسێنێت و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌وه ، ده‌نگی تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌و ، ده‌نگیان زۆر پێ خۆش ده‌بێت و په‌سه‌ندی ده‌كه‌ن ، له‌هه‌مانكاتیشدا بڕیارده‌ده‌ن بۆ رۆژی دواتر گۆرانی بۆتۆماربكه‌ن، هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی له‌ڕێكه‌وتی ( 16/10/1976) بۆیه‌كه‌مجار له‌ڕادیۆی كوردی به‌غداگۆرانی تۆمارده‌كات ،( ساڵی 1976 دوای تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگم سه‌ركه‌وتوو بووم، بۆڕۆژی پاشتر بۆیه‌كه‌مجار گۆرانی ( خانما من) له‌هۆنراوه‌ی ( مه‌حفوز مایی) و ئاوازی ( دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) بوو تۆماركرا، هونه‌رمه‌ند شێرزاد خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌من كردووه (12) سترانی ئاواز بۆ داناوم و مۆسیقاكه‌شی ئاماده‌كردووه زۆر هاوكار و پشتیوانم بووه له ساڵی (1976 تا 1980) یه‌ك له‌یه‌كتر جوانتر) (2) .
دوای تۆماركردنی گۆرانی و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی له‌ستۆدیۆ ، به‌دیداری هونه‌رمه‌ند ( ته‌حسین ته‌ها 25/10/1941_28/5/1995) شاد ده‌بێت، ته‌حسین ته‌های خۆشخوان له‌ئامێزی ده‌گرێت و زۆر ده‌ستخۆشیی لێده‌كات ، ڕووده‌كاته هونه‌رمه‌ند شێرزاد محه‌مه‌دسه‌عید و پێی ده‌ڵێت ، ده‌نگی زۆر چاكه‌و پڕ سۆزی هونه‌رییه، ئاگاداری به و پاشه‌ڕۆژێكی باشی ده‌بێت) (3).
هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی له‌ساڵی (1976) وه چۆته ڕادیۆی كوردی به‌غدا ، تائه‌و جێیه‌ی به‌رهه‌می نوێی و كاتی بۆ ڕه‌خسابێت سه‌ردانی ڕادیۆی كردووه و به‌رهه‌می نوێی تۆماركردووه، جیا له ئاهه‌نگ و بۆنه‌كان به‌شداریكردووه و له‌پاڵیشدا كاری به‌رگدرووییه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه ،به‌وشێوه‌یه به‌رده‌وام بووه له‌گه‌ڵ ڕادیۆ تا ساڵی (1988) له‌وه‌و دوا نه‌چۆته‌وه ڕادیۆ ، تائه‌و كاته هونه‌رمه‌ند (33) سترانی له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆماركردووه.
هونه‌رمه‌ندشاكر ئاكره‌یی وێڕای به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و توانای چڕینی ستران هه‌وڵی ئه‌وه‌شی داوه كه خۆی فێری ئامێرێكی مۆسیقا بكات تاله‌ڕێی ئه‌و ئامێره‌وه بتوانێت خۆی ئاواز بۆ گۆرانییه‌كانی دابنێت، له‌ساڵی (1976) ساڵی چوونی بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا و له‌ڕێی ئه‌و ڕادیۆیه‌وه ده‌نگ و سترانه‌كانی به‌ته‌واوی كوردستاندا بڵاوببێته‌وه ، خۆشیی فێری ژه‌نینی ئامێری ( عوود) كردووه ، له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا هونه‌رمه‌ند هۆنراوه‌ی زۆر له‌شاعیران كردۆته گۆرانی و ئاوازی له‌سه‌ر داناوون یان له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه ئاوازییان بۆ دانراوه ، تا هۆنراوه‌كه‌ی هه‌ڵنه‌سه‌نگاندووه وله‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه و له‌دڵه‌وه په‌سه‌ندی نه‌كردبێت نه‌یخوێندووه، ئه‌گه‌ر به‌ووردی له سترانه‌كانی هونه‌رمه‌ند بڕوانین هه‌ریه‌ك له گۆرانییه‌كانی چیرۆكێكی له‌پشته‌وه‌یه، له‌ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییه‌وه تا ئه‌مڕۆ هونه‌رمه‌ند مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ هۆنراوه‌ی زۆر له‌شاعیران دا كردووه و هۆنراوه‌كانی ئه‌وانی به‌ده‌نگه به‌سۆزه‌كه‌ی چڕیووه ، وه‌ك ( د.به‌درخان سندی ، موئه‌یه‌د ته‌یب ، محسین قۆچان ، ڕێكیش ئامێدی ، مه‌حفووز مائیی ، هوشیار محه‌مه‌د حه‌سه‌ن، محه‌مه‌د ئه‌مین دۆسكی ، شه‌ماڵ ئاكره‌یی و ئه‌دهه‌م ئاكره‌یی و زۆری تر )، هه‌ركاتێك چوبێته سه‌رشانۆ وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشانی و ڕاستبێژی به‌ئه‌مانه‌ته‌وه ناوی هۆزانڤان و ئاوازدانه‌ری به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی به‌جه‌ماوه‌ر و ئاماده‌بووان گه‌یاندووه به‌رله‌خوێندنی سترانه‌كانی .
هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی له‌و ساڵانه‌ی كه‌چۆته ڕادیۆی كوردی به‌غدا و هونه‌رمه‌ند شێرزاد محه‌مه‌د سه‌عید هاوكارییه‌كی مه‌زنی كردووه، گۆرانییه‌ك له‌گه‌ڵ خانمه هونه‌رمه‌ند ( گوڵبه‌هار 1933_23/2/2010) پێكه‌وه له‌ڕادیۆ ده‌خوێنن، به‌ناوی ( داینێ لانكه‌په‌رژینا) له‌هۆنراوه‌ی ( مه‌حفوورز مائیی ) و ئاوازی هونه‌رمه‌ند
( شێرزادمحه‌مه‌د سه‌عید).
یه‌كێك له‌خه‌سڵه‌ته جوانه‌كانی هونه‌رمه‌ند و هۆكاری سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامبوونی له دنیای هونه‌ری سترانچڕین، ئه‌وه‌یه كه هه‌رده‌م حه‌زو ئاره‌زووی له فۆلكلۆر بووه، به‌حورمه‌ته‌وه له‌فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ڕوانیوه‌و مه‌به‌ستی بووه وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشانی ئاوڕ له فۆلكلۆر بداته‌وه و ڕه‌سه‌نایه‌تیه‌كه‌ی بپارێزێت ، له‌هه‌موو ئاهه‌نگ و بۆنه‌كاندا پێی خۆشبووه كه یه‌ك دوو گۆرانی فۆلكلۆر به‌هه‌مان مۆركه ڕه‌سه‌نه جوانه كورده‌وارییه‌كه‌ی بخوێنێ به‌ڵام به‌شێوازو ئه‌داو تۆنی ده‌نگی خۆی .هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1979 بۆ 1980) به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندان دووكاسێت له‌گۆرانی و سترانی فۆلكلۆری تۆماركات و بڵاوبكاته‌وه كه له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێكراوه له‌وسه‌رده‌مه‌دا به‌ناوی ( حه‌مكی به‌نه‌سیلاڤێ و چووم حه‌لێ).
هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی و قۆناغی پێشمه‌رگایه‌تی و سه‌رپه‌رشتیكردنی تیپی مۆسیقای ( گوڵان) ...!
شاكر ئاكره‌یی هونه‌رمه‌ندی سترانچڕ و سروود بێژ له‌گه‌ڵ بره‌ودان به‌هونه‌ره‌كه‌ی لایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی فه‌رامۆش ناكات و هه‌موو كات بۆ سه‌ربه‌رزی و ئازادی میلله‌ته‌كه‌ی تێكۆشاوه، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران، حیزبی به‌عس زیاتركه‌وته گیانی خه‌ڵكی كورد و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌و گرتن و له‌سێداره‌دانی تێكۆشه‌ران و دڵسۆزانی خاكی كوردستان ، ئه‌ویش بێبه‌ش نه‌بووه له‌و ئازار و چه‌وساندنه‌وه‌و فشارخستنه سه‌ر ڕۆح و هه‌ستی تاكی كورد، له‌ساڵی (1981) هونه‌رمه‌ندشاكر ئاكره‌یی بۆ جاری دووه‌م پێوه‌ندی ده‌كاته‌وه به‌هێزی پێشمه‌رگه و ده‌بێته پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی گوڵان، به‌ڵام ئه‌مجاره به‌ده‌ستێك تفه‌نگ بۆ پارێزگاری له‌نیشتمان و له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه پته‌وتر ده‌كات، له‌شاخ و له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی هونه‌رمه‌ند تیپێكی مۆسیقا پێكدێنن به‌ناوی ( تیپا گوڵان) كه له (23) ئه‌ندام پێكدێت، خودی هونه‌رمه‌ند سه‌رپه‌رشتی هونه‌ریی تیپی گوڵان ده‌كات و چه‌ندین ستران و سروود تۆمارده‌كات له ڕادیۆی ده‌نگی كوردستانی عێراقه‌وه ده‌درێت به گوێی بیسه‌رانی ئه‌و ڕادیۆیه.هونه‌رمه‌ند له‌گه‌رمه‌ی خه‌بات و تێكۆشانی هونه‌ری و به‌رگری نیشتماندا ده‌بێت ، ده‌سه‌ڵاته داپلۆسێنه‌ره‌كه‌ی حیزبی به‌عس ، هاوسه‌ر و كچه‌كه‌ی ده‌گرێت و ده‌خرێنه زیندانه‌وه ، ماوه‌ی هه‌شت مانگ و نیو له‌زیندانه تاریكه‌كانی شاری كه‌ركوك دا ده‌بن ، ته‌نها تاوانیان ئه‌وه‌یه كوردن و هاوسه‌ره‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندو پێشمه‌رگه‌ی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یه‌تی ، له‌باری ده‌روونییه‌وه ئه‌و ڕووداوه ئه‌وه‌نده ئاسان نییه بۆ هونه‌رمه‌ندێك خاوه‌نی هه‌ست و سۆزێكی بێ ئه‌ندازه بۆ گه‌ل و نیشتمان و خاك و خانه‌واده‌كه‌ی ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند ڕق ئه‌ستوور له‌جاران به‌رامبه‌ر دوژمنتێده‌كۆشێی و ئه‌وئازارانه‌ی له‌ڕێی سروود و سترانه‌وه ده‌رده‌بڕێت، دوای ئه‌و ماوه زیندانیكردن هاوسه‌ر و كچه‌كه‌ی ئازاد ده‌كرێن و خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌وه شاخ و هونه‌رمه‌ند پێیان شادده‌بێته‌وه.
تیپی مۆسیقای گوڵان ڕۆژ به‌ڕۆژ گه‌شه ده‌كات و به‌رده‌وام ده‌بن له تۆماركردنی به‌هه‌رمی هونه‌ری و به‌رگری، هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌رده‌وان زاخۆیی 1/7/1957_ شه‌وی 28له‌سه‌ر29/1/1986 له‌به‌غدا سه‌رنگوم ده‌كرێت) و برایم ڕه‌مه‌زان) په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن به‌تیپا گوڵان،
شاكر ئاكره‌یی پێشمه‌رگه‌و هونه‌رمه‌ند خۆشحاڵه به هاتنی هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش ئه‌رده‌وان زاخۆیی و پێكه‌وه ده‌كه‌ونه باس و خواس و ئه‌نجامدانی كاری هونه‌ریی، له‌وكاته‌شدا هونه‌رمه‌ند ( سه‌عیدگاباری24/3/1956_4/5/2020) ئه‌ویش وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی شۆڕشگێر له‌شاخه‌وه به‌هونه‌ره‌كه‌ی به‌رگری له‌خاك و نیشتمان ده‌كات ، ساڵی (1983) هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند ( شاكر ئاكره‌یی و سه‌عید گاباری و ئه‌رده‌وان زاخۆیی) كاسێتێك له ستران و سروود پێكه‌وه تۆمارده‌كه‌ن ، ئه‌وبه‌رهه‌مه زۆر به‌زوویی له‌ناو خه‌ڵكیدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌و ده‌بێته وێردی سه‌رزاری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، تیپاگوڵان له‌و سه‌رده‌مه دا خزمه‌تێكی زۆری به هونه‌ری به‌رگری كردووه، نابێت ڕۆڵی گشت هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و تیپه له‌یادبكه‌ین به‌گشتی و به‌تایبه‌ت ڕۆڵی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( ڕه‌مه‌زان ئاكره‌یی ) برای هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی و ژه‌نیاری ئامێری ( ساز) ، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( عیماد ئاكره‌یی ) ژه‌نیاری ئامێری ( كه‌مانچه‌و عوود) ده‌رچووی ئه‌كادیمای هونه‌ری به‌غداد بووه، ڕۆڵێكی مه‌زنی هه‌بووه له‌تۆماركردنی گۆرانییه‌كانی شه‌هید ئه‌رده‌وان زاخۆیی) دا.
هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی ، چۆن له‌ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییه‌وه ئه‌و به‌ڵێنه‌ی داوه كه له‌پێناو هونه‌رێكی ڕه‌سه‌ن و پیرۆزدا ، درێژه به‌كاری هونه‌ریی بدات نه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و به‌ده‌ست هێنانی ماددی كه‌واته هونه‌ره‌كه‌ی بۆ بازرگانیكردن نه‌بووه..! ، به‌ڵكو مه‌به‌ستی بووه كه‌به‌رده‌وام بێت له‌پێناو سه‌رخستنی هونه‌ره‌كه‌ی ، له‌ساڵی (1986) به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب) به‌رهه‌مێك تۆمارده‌كات كه كۆمپانیای ( بابل) به‌رهه‌مهێنانی بۆئه‌نجام داوه، له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌باره‌ت به‌تیپی مۆسیقای دهۆك ، پێی ڕاگه‌یاندم ( هیچ كات ئه‌ندام نه‌بووم له‌تیپی مۆسیقای دهۆك ، به‌ڵام به‌به‌رده‌وامی هاوكاریان بووم و له‌زۆربه‌ی ئاهه‌نگ و بۆنه‌كاندا وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی گۆرانیبێژ له‌گه‌ڵیاندا به‌شداربووم، تیپی مۆسیقای دهۆك و هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی هه‌موویان خۆشه‌ویست و ئازیزی منن و مێژوویه‌كی جوانی پڕكاری هونه‌ری یان پێشكه‌ش به نه‌ته‌وه‌كه‌مان كردووه) (4) .
درێژه‌ی كاروانی هونه‌ری ، هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی به‌رده‌وامه‌و ، به‌ئه‌ركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وایه‌تی و هونه‌ری سه‌رشانی خۆی زانیوه ، ده‌خوازێت ئه‌و ئه‌ركه به‌ئه‌مانه‌ته‌وه تا دوامه‌نزڵ بگه‌یه‌نێ ، له دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی (1991) هونه‌رمه‌ند وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ند به‌رده‌وامی داوه به‌كاروانی هونه‌ریی، له‌هه‌مانكاتیشدا تاساڵی (1996) به‌رده‌وام بووه له‌سه‌ر پیشه‌كه‌ی به‌رگدروویی ، دواتر وازی لێهێناوه،
له‌ساڵی (1995) له‌ڕێی بانگهێشتنێكی فه‌رمییه‌وه ، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش له‌وڵاتی ( ئیسرائیل) میوانداری ده‌كرێت ، به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی لاوك و سترانه پڕ چێژ و خۆشه‌كانی وڵات ده‌كاته چه‌پكه گوڵی خۆشه‌ویستی پێشكه‌ش به هه‌ست و نه‌ستی كوردانی ئه‌و وڵاته‌ی كردووه و بۆساتێك ئاشنایان ده‌كاته‌وه به جوانییه‌كانی كوردستان ، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌وڵاتی ئیسرائیل ، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه فه‌رمانی گرتنی بۆ ده‌رده‌چێت، به‌مه‌به‌ستی ده‌ربازكردنی ژیانی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی ،له‌ساڵی (1996) كوردستان به‌جێ دێڵێ و ڕووده‌كاته هه‌نده‌ران له‌وڵاتی ( ئه‌ڵمانیا) نیشته‌جێ ده‌بێت.
ده‌ردی غوربه‌ت و دووره وڵاتی نابنه ڕێگر له‌به‌رده‌میدا و ، زیاتر هونه‌رمه‌ند خۆی به‌كاری ئاواز دانانه‌وه سه‌رقاڵ كردووه، به‌ڵام وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی دیار به‌شداری به‌رنامه هونه‌رییه‌كانی كه‌ماڵی ئاسمانی (مه‌دتیڤی و ڕۆژتیڤی) كردووه ، هه‌روه‌ها له‌ئاهه‌نگ و بۆنه‌كاندا به‌تایبه‌ت جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز له هه‌نده‌ران كردووه. دوای به‌سه‌ربردنی ماوه‌ی (10) ساڵ ژیانی دووره وڵاتی ، له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌یله‌ساڵی (2004) ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ئامێزی نیشتمان و جارێكی تر له‌شاره جوانه‌كه‌ی دهۆك نیشته‌جێ ده‌بێته‌وه، ماوه‌یه‌ك له به‌شی مۆسیقای سه‌ته‌لایتی كوردستان و به‌شی هه‌ماهه‌نگی ( ته‌نسیق)ی كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان تیڤی له‌شاری دهۆك كارده‌كات.
هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ كوڕه‌كانی بۆمه‌به‌ستی دابینكردنی بژێوی ژیانی كافتریایه‌ك داده‌نێت و ڕۆژانه به‌وكاره‌وه خۆی سه‌رقاڵ كردووه، له‌مانشێتی یه‌كێك له‌ژماره‌كانی ڕۆژنامه‌ی ( ڕووداو) دا نووسراوه ( هونه‌رمه‌نده فرۆكه‌شكێنه‌كه له‌كافتریایه‌ك كارده‌كات) (*)
ئه‌وه جێی سه‌ربه‌رزییه هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ی گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌ت بیت و تێبكۆشیت له‌پێناو ئازادی و ڕزگاری وڵات و به‌رزی هونه‌ر و به‌رده‌وامیدان به‌ژیان، هونه‌رمه‌ند جیاله‌وه‌ی كه ڕۆژانه به‌كاری به‌ڕێوه‌بردنی كافتریاكه‌یه‌وه سه‌رقاڵه ، به‌ڵام هونه‌ره‌كه‌ی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌و ، درێژه‌ی به‌رێبازه هونه‌رییه‌كه‌ی داوه‌و دوو ئه‌لبومی هونه‌ریی ، له‌ڕێی كۆمه‌كی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار به‌رهه‌می ( بپێژه یارێ له‌ساڵی 2012) و به‌رهه‌می (كوردم دخوێنم له‌ساڵی 2019) تۆمار و بڵاوكردۆته‌وه.
ئه‌وه‌ی له هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی دا به‌دی ده‌كرێت ، دوور له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانه و پێی خۆش نییه كه‌به‌رده‌وام ده‌ربكه‌وێت ، چونكه وا بیرده‌كاته‌وه مرۆڤی هونه‌رمه‌ند ده‌بێت تێبكۆشێت و به‌رده‌وام كاری نوێی له‌چوارچێوه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تیدا پێشكه‌ش بكات، هه‌رچه‌نده به‌پێی توانا‌و ماوه به‌شداری له‌به‌رنامه هونه‌رییه‌كانی كه‌ناڵه‌ئاسمانییه‌كانی وڵات كردووه .
به‌درێژایی ژیانی هونه‌ریی ، شاكر ئاكره‌یی سترانبێژ و سروود بێژ (11) به‌رهه‌م و نزیكه‌ی (40) كلیپ و (150) سترانی ئه‌ڤینداری و سروودی خۆشویستنی وڵات و پێشمه‌رگه‌ی تۆمار‌و بڵاوكردۆته‌وه، له‌پای ئه‌و به‌خششه هونه‌رییه‌دا هیچ منه‌ت به‌سه‌ر كه‌س و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یدا ناكات و هه‌میشه سوپاسگوزاری میلله‌تی خۆیه‌تی ، هونه‌رمه‌ند زۆر به‌ڕاشكاوانه دبێژێت ( من ته‌نها سوپاسگوزاری میلله‌تی خۆمم، چونكه تائێستا ته‌نها میلله‌ته‌كه‌م ڕێزیان له‌خۆم و هونه‌ره‌كه‌م گرتووه، له‌لایه‌ن هیچ دام و ده‌زگایه‌كه‌وه ڕێزلێنانم بۆنه‌كراوه به‌داخه‌وه، من خۆم به‌خزمه‌تكاری میلله‌تی خۆم ده‌زانم ) (5).
خه‌سڵه‌تێكی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌یه تا ته‌مه‌نی هه‌ڵكشێت ده‌نگی به‌سۆزتر و پڕ چێژبه‌خشتر ده‌بێت ، خاوه‌نی به‌هره و توانایه‌كی باشی هونه‌رییه‌و ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت و بواری زیاتری بۆ بڕه‌خسێت ڕه‌چاوی زێده‌تری له‌هونه‌ردا تێدا به‌دی ده‌كرێت، له‌كاروانی هونه‌رییدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( ئه‌رده‌وان زاخۆیی ، ئه‌یاز زاخۆیی ، ته‌حسین ته‌ها و گوڵبه‌هار) گۆرانی خوێندووه، به‌رده‌وام به‌رێزو حورمه‌ته‌وه له‌هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی وه‌ك برای خۆی ڕوانیوه ، به‌رده‌وام سوپاسگوزاری هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاره كه هاوكارو پشتیوانی بوون له‌سه‌رخستنی كاره هونه‌رییه‌كانی، به‌ڵام هه‌میشه به‌داخه له‌وه‌ی كه‌تائێستا نه‌یتوانیوه یان ده‌رفه‌تی بۆ نه‌ڕه‌خساوه به‌شێوه زاراوه‌ی سۆرانی ستران بخوێنێ و زۆر سه‌رسامه به‌ده‌نگ و كاره هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ( شه‌ماڵ سائیب 1931_7/11/1986) .
له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه هونه‌رمه‌ند له‌ڕێی عه‌شقێكی پاكه‌وه له‌ساڵی (1978) ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه‌و خاوه‌نی (4كوڕ‌و كچێكه) .
به‌شێك له‌به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ندشاكرئاكره‌یی:
( خانما من ، بپێیارێ ، ئه‌شقاته، مه‌خابن ، كاروان‌و ، بۆ من گوت گوتكا نه‌بێژی ، هه‌ڤاڵ به‌ندیا ته ناكه‌م، گه‌لۆ ئه‌زكێم، هێڤیدارم، هه‌ی نارێ ، دێ بده‌مه ، مێرگا چیایێ ،مالامن دڵداران، دایه لاندك، كه‌ژێ ، ناشه‌ڤ د جیت و ناخاتیت، كه‌تم عه‌شقا ته، چپ چپ ، مێهڤان ، ئه‌ی وڵات و ، شه‌ڤا ڕه‌ش و كورد دخوێنم و ....چه‌ندینی تر ) خه‌رمان به‌ركه‌ت ، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا سوودی له‌هۆنراوه‌ی شاعیران وه‌رگرتووه‌و هه‌ندێك له‌و سترانانه ئاوازی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه بۆدانراوه به‌ڵام زۆرینه‌ی له‌ئاوازی هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی خۆی بووه ،
دوای نیوسه‌ده له‌خه‌بات و تێكۆشانی هونه‌ریی، ئه‌م هونه‌رمه‌نده ڕۆح سووك و خۆشه‌ویسته شاكر ئاكره‌یی سوپاس بۆ په‌روه‌ردگار له‌ژیاندایه‌وه و هیوای به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتنی زیاتری بۆ ده‌خوازین .
له‌كۆتاییدا هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب ) له‌باره‌ی هونه‌رمه‌نده‌وه ده‌ڵێت ( خزمه‌تێكی زۆری به‌هونه‌ری لاوك و سروود و سترانی كوردی كردووه له‌ڕۆژگاره سه‌خته‌كانی ژیانیدا، ده‌خوازم ئه‌و ده‌نگه به‌رده‌وام و هه‌روه‌ك خۆی بمێنێ، شاكر ئاكره‌یی خاوه‌نی ده‌نگێكی چیایی ساغ و پاك و بێگه‌رده ، به‌رده‌وامی له‌هونه‌ردا بۆده‌خوازم ) (6) .
جه‌مالی ده‌لاك 23/8/2022 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه :
و 3) به‌رنامه‌ی له‌فۆلكلۆره‌وه‌بۆ سه‌رده‌م ، به‌میوانداری هونه‌رمه‌ندان ( عاره‌ب عوسمان و شاكر ئاكره‌یی) له‌پێشكه‌شكردنی جه‌مالی ده‌لاك و په‌رێشان تاریق ، كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس ، (16/6/2012).
(2 و 5 و 6) به‌رنامه‌ی خۆمانه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی، كه‌ناڵی ئاسمانی ئاڤا ، هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربوو ( سه‌لاحه‌دین ساڵح ، سه‌میر زاخۆیی و جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب). له 16/3/2021.
(4) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند شاكر ئاكره‌یی ، (16/8/2022) ( ج،د) .
(*) ڕۆژنامه‌ی ڕووداو ژماره( 163) له (23/5/2011) ڕۆژی دووشه‌ممه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.