كارلۆس ئەلكارازی ئیسپانی و پۆلێنكراوی چوارەمی ڕیزبەندی تێنسزانانی جیهان گەیشتە قۆناغی چارەگی كۆتایی پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی سینسیناتی ئەمەریكی لە یاری تێنسی سەرزەوی لە ئاستی پیاوان.
لە قۆناغی سێیەمی پاڵەوانێتیەكەدا، ئەلكاراز بە دوو كۆمەڵەی بێ بەرامبەر لە مارین شیلیچی كڕواتی و پۆلێنكراوی حەڤدەمی ڕیزبەندی جیهانی بردەوە، ئەنجامی كۆمەڵەكان حەوت شەش، شەش یەك بوو، ئەلكارازی تەمەن نۆزدە ساڵ بووە بچووكترین یاریزان لە ماوەی شازدە ساڵی ڕابردوو كە دەگاتە قۆناغی هەشتی ئەم پاڵەوانێتیەو لەم قۆناغەش ڕووبەڕووی كامیرۆن نۆری بریتانی و پۆلێنكراوی یازدەمی ڕیزبەندی جیهان دەبێتەوە.
لە یاریەكی دیكەی قۆناغی سێیەمی هەمان پاڵەوانێتی، فیلیكس ئوگێری كەنەدی و پۆلێنكراوی نۆیەمی ڕیزبەندی جیهان بە دوو كۆمەڵە بەرامبەر بە كۆمەڵەیەك سەركەوتنی لەبەرامبەر یانیك سینێری ئیتاڵی و پۆلێنكراوی دوازدەمی ڕیزبەندی جیهان تۆماركردو خۆی گەیاندە قۆناغی چارەگی كۆتایی، ئەنجامی كۆمەڵەكانی ئەم یاریەش دوو شەش، حەوت شەش، شەش یەك بوو، لە قۆناغی داهاتوودا، تێنسزانە كەنەدیەكە یاری لەگەڵ بۆرنا چۆریچی كڕواتی دەكات.
هەر لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی سینسیناتی ئەمەریكی لە یاری تێنسی سەرزەوی و لە ڕكابەریەكانی قۆناغی سێیەمی ئاستی خانماندا، ئیگا سویاتێكی پۆڵەندی و پۆلێنكراوی یەكەمی ڕیزبەندی كچە تێنسزانانی جیهان بە دوو كۆمەڵەی بێ بەرامبەر بە مادیسۆن كیزی ئەمەریكی و پۆلێنكراوی بیستوچوارەمی ڕیزبەندی جیهان دۆڕاو ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتیەكە كرد.
كیز هەردوو كۆمەڵەی یاریەكەی بە ئەنجامی شەش سێ، شەش چوار بە سوودی خۆی تەواوكردو خۆی گەیاندە قۆناغی چارەگی كۆتایی و لەم قۆناغەش ڕووبەڕووی ئێلێنا ڕایباكینای كازاخستانی دەبێتەوە، لە یاریەكی دیكەی قۆناغی سێیەمی پاڵەوانێتیەكەدا، جێسیكا پێگولای ئەمەریكی و پۆلێنكراوی هەشتەمی ڕیزبەندی جیهان بە دوو كۆمەڵەی بێ وەڵام سەركەوتنی لەبەرامبەر ئێما ڕادوكانوی كچە تێنسزانی لاوی بریتانی و پۆلێنكراوی سێزدەمی ڕیزبەندی جیهان تۆماركردو بلیتێكی قۆناغی چارەگی كۆتایی بەدەستهێنا، ئەنجامی كۆمەڵەكانی ئەم یاریەش حەوت پێنج، شەش چوار بوو، لە قۆناغی هەشتدا، پێگولا یاری لەگەڵ كارۆلین گارسیای فەڕەنسی دەكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.