ئەمڕۆ شەممە 13ـی 08ـی 2022 ئافرەتانیی ئەفغانستان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا کە داوای ئازادی و مافی کارکردن و خوێندنیان دەکرد، بەڵام لەلایەن چەکدارانی تاڵیان بڵاوەیان پێکرا.
نزیکەی چل ئافرەت لەبەردەم وەزارەتی پەروەردەی ئەفغانستان لە کابووڵی پایتەختی ئەو وڵاتە بە دروشمی "ئازادی، کار و نان" خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، بەڵام چەکدارانی تاڵیبان دوای تەنیا 5 خولەک لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکە لە ڕێگەی تەقەکردن بە ئاسماندا بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد.
خۆپیشاندەران نووسراوێکیان هەڵگرتبوو کە لەسەری نووسرابوو "15ـی ئاب ڕۆژێکی ڕەشە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبان لە ساڵی ڕابردوو.
خۆپیشاندەران پێش ئەوەی بە توندوتیژی بڵاوبکرێنەوە، دروشمی "دادپەروەری، دادپەروەری، ئێمە لە نەزانی بێزارین"ـیان دەگوتەوە.
یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان ئاماژەی بەوە دا کە چەکدارانی تاڵیبان بە جلوبەرگی سەربازییەوە، تەقەیان بە ئاسماندا دەکرد و یەکێک لە چەکدارەکان ڕووی چەکەکەی لە ئافرەتەکان کردبوو وەک ئەوەی دەری بخات کە تەقە لەو ئافرەتانە دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە چەکدارەکان بڵاوەیان بەو ئافرەتانە کرد و نووسراوەکانیان دڕاند و دەستیان بەسەر زۆرێک لە مۆبایلی ئەو خۆپیشاندەرانەدا گرت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.