Erbil 15°C پێنجشەممە 09 ئایار 00:13

ئەوروپییەكان چاوەڕێی زستانێكی سەخت دەكەن

کوردستان TV
100%

ئەوروپا ترسی ئەوەی هەیە زستانێكی سەخت بێت ئەگەر ڤلادیمێر پوتین ،سەرۆكی ڕووسیا بڕیاری بڕینی دابینكردنی گازی سروشتی بدات وەك وەڵامێك بۆ ئەو سزایانەی كە لەسەر مۆسكۆ سەپێندراوە بەهۆی لەشكركێشییەكەی بۆ سەر ئۆكرانیا.
ڕاپۆرتێكی گۆڤاری "ئیكۆنۆمیست" ئاماژە بەوە دەكات كە سەرەڕای گەرمای ئەم هاوینە، ئەوروپییەكان زستانێكی سەخت بەخەیاڵیان دادێت، لە كاتێكدا پوتین كۆمپانیای زەبەلاحی وزەی دەوڵەتی گازپرۆمی ئاڕاستە كردووە بۆ بڕینی دابینكردنی غاز.
غازی سروشتی نزیكەی لەسەدا 25ی بەكارهێنانی وزە لە ئەوروپا پێكدەهێنێت و پێش لەشكركێشییەكەش ڕووسیا لەسەدا 40ی ئەو وزەیەی بۆ ئەڵمانیا دابینكرد، لەڕێگەی بۆریی نۆرد ستریم 1 كە لەژێر دەریای باڵتیكدا دەڕوات بۆ ئەڵمانیا و ساڵانە توانای گەیاندنی 55 ملیار مەتر سێجا غازی هەیە بۆ ئەڵمانیا.
نۆرد ستریمی 2 لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا تەواو بوو، بەڵام ڕۆژئاوا ڕێگری لە ڕەزامەندی ڕێكخراوەیی خۆی كرد وەك بەشێك لە سزاكان لەسەر هێرشی پوتین بۆ سەر دۆنباس و دەرەوەی.

هەروه‌ها گۆڤارەكە دەڵێت، هێشتا ڕووسیا كاریگەریی زۆرە، كاتێك لەناكاو لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا پێداویستییەكانی لەڕێگەی تۆڕەكانییەوە بۆ تەنها لەسەدا 40ی توانای خۆی كەمكردەوە و ئەمەش بە كاری چاككردنەوە پاساوی بۆ هێنایەوە، زۆرێك ئەمەیان وەك هەڕەشەیەكی ناڕاستەوخۆ و بیرخستنەوەیەك لەلایەن كرێملین وەسفكرد.
لەوباره‌یەوە فاتیح بیرۆل، سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە روونی هۆشداریدا لە هەنگاوێكی هاوشێوەی رووسیا، هەروەها داوای لە وڵاتانی ئەوروپا كرد كە پشتبەستن بە غازی رووسیا كەم بكەنەوە و كاركردن لەسەر سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە خێراتر بكەن.
گوتیشی: هەرچەندە لە زستان نزیك ببینەوە، زیاتر لە مەبەستەكانی ڕووسیا تێدەگەین.
گۆڤارەكە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەر پوتین كارێك بكات كە بیری لێنەكرێتەوە و پێداویستیەكانی ببڕێت، ئەوا تێچووی وزەی ماڵەكانی ئەوروپا بە ڕێژەی نزیكەی 65% بەرز دەبێتەوە.
هەروەها بانكی وەبەرهێنانی ئەوروپا هۆشداری دەدات لەوەی كە پیشەسازییەكانی وەك بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ و ماددە كیمیاییەكان لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا ناچار دەبن بەكارهێنانی غازیان تا 80% كەم بكەنەوە، چونكە بەرهەمی ناوخۆیی ئەوان بە ڕێژەی 3% و 4% كەم دەبێتەوە.
غاز كارتێكی گرنگەو لە دەستی ڕووسیادایە، ئەگەر هاتوو غازەكە ببڕدرێت، ئەمە دەتوانێت كێشەی سیاسی و گێژاو لە ناوخۆی ڕووسیا دروست بكات.
جێگای ئاماژەیە پلانی یەكێتی ئەوروپا بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی غاز لە هەر 27 وڵاتی ئەندام بە ڕێژەی لەسەدا 15 ڕۆژی سێشەممە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.
 

جیهان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.