Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 05:27

ماوەران، زانکۆ ئەزهەرەکەی میرنشینی سۆران

کوردستان TV
100%


   کاتێ باس لە میرنشینە کوردییەکان دەکرێت، یەکسەر خەیاڵمان بۆ میر و پاشا و بەگە دەستڕۆیشتووکان و شەڕەکان و پەلاماردانی دراوسێ و ململانێی یەکتر و فراوانکردنی دەستهەڵات، سوپا و هێز و کۆشک و قەڵا و کارە قیزەوەنەکانیان دەچێت. زێدەتر قسە لە سەر کەسایەتیی و سیاسەت و ئازایەتی و چۆنیەتی فراوانخوازی فەرمانڕەوایەتییەکە دەکرێت. ڕەنگە کەمتر ئاوڕ لە لایەنی بازرگانی و ئاوەدانی و خوێندن و زانست و بواری ڕۆشنبیری بدرێتەوە و یان فرامۆش دەکرێت. لەڕاستییدا، ئەم لایەنە، دیوێکی جوانی مەعریفە و زانست و پێشکەوتنی ئەو میرنشینانەمان نیشان دەدات، ئەمە گەنجینەیێکی گەورەی میللەتی ئێمەیە. هەبوونی ئەو ڕەوتە و پێگە زانستییە لە ئاستی باڵا و ناوبانگدا، جێگای شانازییە. (تەوێڵە و بیارە)ی زانستپەروەر، قوتابخانەی (قوبەهان) لە ئامێدی، شاری جزیرە و سنە و سلێمانی ناوبانگیان هەبووە. لە میرنشینی سۆرانیش، باس لە ڕواندز و کۆیە ناکەین وەک دوو شاری دێرین و مەڵبەند زانست و ئایین و خوێندن و مزگەوت و حوجرە، خزمەتیان کردووە. حاجی قادری کۆیی، زۆر بە جوانی ئاماژەی بە ڕۆڵی زانست لە سەردەمی بابان و سۆران دەکات، کە چۆن بایەخ بە مەلا و زانست دراوە:
تا تەعیناتی"کۆر" و "لاڵ"مابوو
لەگەلێ دێیەکان مەلای چا بوو
ئەو دووانە بە ڕەحمەتی خوا چوون
شارەکان بێ مەلا و مودەڕڕیس بوون
لە سەردەمی سلێمان پاشای بەبە، زۆر گرنگی بە زانست و کردنەوی مزگەوت دراوە. پاشای گەورە، دۆست و خۆشەویستی زانا و مەلا و پیشەوەران بووە و ڕێزی لێگرتوون. مزگەوتی دروستکردووە و زانای زیرەکی بۆ هێناون و دایمەزراندوون. مزگەوت و کتێبخانەی ئەو، گەورەترین کتێبخانە بووە و بە سەدان و هەزاران دەستنووس و کتێبی جۆراوجۆر و نایابی تێدابووە، پڕبووە لە بەرهەمی خۆماڵی زانا و نووسەر و شاعیر و ناودارانی کورد. فەقێ و موستەعید و خوێندەواران لە زۆر شوێنی دوور، ڕوویان تێکردووە و سوودیان لێوەرگرتووە. ئێمە واز لە ڕواندز دێنین و دەچینە گوندێکی بچووکی میرنشینی سۆران، گوندی ماوەران. تێیدا، لەسەر دەستی زانایێکی ئەو بنەماڵەیە بەناوی (حەیدەر)، سەری بەرزی بۆ دەستهڵاتدارانی سەفەوییەکان نەوی نەکردووە و بە پریاسگەیێکی پڕ زانست و زانیاری ڕوو دەکاتە هەریر و ئاکنجی دەبێ. لە سەردەمی خاتوونی بوێر، خانزادی میری سۆران، دڵسۆزانە و خەمخۆرانە، خزمەتی بە ئایین و فەقێ و زانست دەکات و جێگا و ڕێگا بۆ ئەم مرۆڤە مەزنە دەکاتەوە. خەڵک بە پیر ناوبانگی و زیرەکیی ئەو دێن و لە خزمەتی بەهرەمەند دەبن. دواتر ڕوو دەکاتە ماوەران و مزگەوت و مەدرەسەی نوێ و  شوێنی فەقێ و وانەوتنەوە بنیاتدەنێت.  دەبێتە دێیەکی ئاوەدان و مەڵبەندێکی گەورە، نەک لە سنووری میرنشینی سۆران، بەڵکو عێراق و شام و وڵاتانی دراوسێ، ناوبانگی بڵاودەبێتەوە. قوتابی و مەلا و زانا و موفتی و ئەهلی زانست، زۆر پێدەگەن و بە گوند و شارۆچکەکان بڵاودەبنەوە. نەوە لە دوای نەوە، ئەم پێگە زانستە، پتەوتر و ناسراوتر و جوانتر و پڕ زانستتر دەبێ. بە دەیان و سەدان مەلا و زانا و عەلامەی گەورە دەردەچن، لە هەولێر و موسل و بەغدا و  تا دەگاتە شارەکانی وڵاتی شام خزمەتدەکەن.  بەرهەمی زانا و مەلا و نەوەی ئەم بنەماڵەیە بە شاران بڵاودەبنەوە. لە هەر شوێنێک جێگربن و ماوەرانێکی دیکە دروستدەکەن و ئامانجیان زانست و فێرکردن و پێگەیاندنی فەقێ و مەلای چاک بووە. ناوبانگی ئەوان ڕۆژ بە ڕۆژ گەشتر و جوانتر و بەربڵاوتر دەبێت. ڕەنگە ژمارەی کەسایەتیی و ناودارانی ئەم بنەماڵەیە و دەرچووانی مەدرەسەکەی ماوەران، ئەوهەندە زۆر بن، ناوهێنانیان ئاسان نییە. شاعیر و نووسەر و مەلا و زانا و موفتی و شەرعزان و شارەزا لە ئایین و فەرموودە و زانستەکانی دیکە زۆرن. لە سایە و پایەی ماندووبوون و دڵسۆزانی قوتابخانەی ماوەران و حەیدەرییان پەروردە بووینە. دەیان و سەدان بەرهەم و کتێب و دەستنووسی نایاب و  شیعر و ئەدەب و زانست و  شەرع و ڕەوانبێژی و حاشیە ...هتد. لەسەر دەستی ئەوان و قوتابییەکانیان نووسراون، یان بۆنی مرەکەب و قەڵەمەکەی ئەوانیان لێدێت.
ناسیح حەیدەری (١٨٩٨-١٩٨٦) لە دیوانەکەی ، شیعرێکی (۲۹۹) دێڕی لەسەر ڕەچەڵەک و زانایانی بنەماڵەکەی نووسیوە، زانیاری وردی تێدایە. ئەگەر بڕوانینە بەڕگی یەکیک لە کتێبەکانی (بووژاندنەوەی مێژووی زانایانی کورد لەڕووی دەستخەتەکانیانەوە)، هی محەمەد عەلی قەرەداغی و سەرجەم بەرگەکانی دیکە. ئەوکات ڕۆڵی بنەماڵەی حەیدەرییان و زانایان و پێگە و مەزنی ماوەران لە مێژوودا، بۆمان دەردەکەوێت. هەموو ئەو کتێبانەی باس لە زانایانی کورد دەکەن، ئەوا کەسایەتیی و گەورە پیاوانی حەیدەرییەکان، کتێبەکان دەڕازێنەوە، ئەوکات دەزانین حەیدەرییەکان کێن!  
 بێنە پێش چاوی خۆت، میرنشینە کوردییەکان و سۆرانیش لەناو دەچن، کەچی قوتابخانەکەی ماوەران گەرمتر و ناسراوتر و بەرهەمدارتر دەردەکەوێت و وەک زانکۆیێەکی ئەو سەردەمە دەناسرێت. لەماوەی ئەو مێژووە زێڕینەدا، ماوەران، زانکۆ ئەزهەرەکەی میرنشینی سۆران، مەڵبەندی زانست و کتێب و دەستنووس و بەرهەمی نایاب، خۆی نمایشدەکات. بەداخەوە، کتێبگەلی  مزگەوتەکانی میرنشینی سۆران لەناوچوون. شەڕی یەکەمی جیهان، سوپا دڕندەکەی ڕووس، شاری ڕواندزی داگیرکرد و کتێبخانە زەنگینەکەی میرنشین و ڕواندز، کە هەزاران کتێب و دەستنووس و سەرمایەکی گەورەیی زانایانی کورد دەسووتێندرێن. لە سەردەمی ئینگلیزەکانیش، ماوەرانیش تووشی ئەم ماڵوێرانیە دەبێت و کتێبخانەکەی دەسووتێنن، ڕەنگە زۆربەی چیڕۆکی (بیری کتێبان)مان لەسەر ئەم گوندە بیستبێت! بەم شێوەیە، مێژووێکی گەورەی کورد لە زانست و ڕۆشنبیری و بەرهەمی گەورە زانایانی کورد ون دەبێت. لە سەرەتای بیستەکان، زانایانی ئەم بنەماڵەیە، ڕۆڵیان دەبێت لە خزمەتکردنی وڵات. شێخ ئیبراهیم حەیدەری (١٨٦٤-١٩٣١)، دەبێتە شێخی ئیسلام و لە دوای دامەزراندنی حکومەتی نوێی عێراق، یەکەمین وەزیری ئەوقاف و دواتر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران. ماوەران نەک لەڕووی ئایینییەوە، بەڵکوو لە بوارەکانی دیکەدا ئەسپی خۆیان تاوداوە و دەبنە سەر قافلە و پێشەنگ لە بوارەکانی سیاسەت و ڕوناکبیریی و بڵاوکردنەوەی بیری کوردایەتی و هۆشیارکردنەوەی نەتەوەی خۆیان. لە نێو کۆمەڵە و پارت و ڕێکخراوە سیاسی و ڕۆشنبیریەکان و بڵاوکردنەوەی بیری چەپ و ئازادیخوازیی و یەکسانیی و هۆشیارکردنەوەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری و گەیاندنی پەیام و داخوازییەکانی خەڵک بە دەستهەڵاتدارانی وڵات. دەیان کەسایەتی و ڕۆشنفکری ئەم بنەماڵەیە، وەک ناوی جوان و گەورە و مرۆڤدۆست و نیشتیمانپەروەر دەردەکەون. ئەگەر ئاوڕێک بۆ مێژووی کورد و سەدەی بیستەم بدەینەوە، بە تایبەتی شاری هەولێر و دەوروبەری، ئەوا بەشی شێر بەر ئەم بنەماڵەیە دەکەوێت. لە بواری هزر و نووسین و ڕۆژنامەگەریی و بزاف و چالاکی ڕوناکبیریی و سیاسی و گربوونەوە و خۆپێشاندان و هەڵوێستە بوێرەکانیان جێپەنجەیان دیار دەبێت. ئاوارەکردن و دەربەدەری و ڕاگواستن و گرتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن، دەبێتە پیشە و ناسنامەی ئەوان. وەلێ ئەوان بەگوڕتر و چالاکتر و دڵسۆزتر لەجاران خزمەتی وڵات دەکەن. تەنها نموونەیێکی زیندوو، قەڵەمە جوانەکەی مومتاز حەیدەری، ئەستێرە گەشەکەی ئاسمانی کوردی لە بواری ڕۆژنامەگەریی و ڕوناکبیریی و نووسین و کتێب، بەس بێ بۆ بەردەوابوونی ئەم بنەماڵەیە. ئەو، ئاشنات دەکات بە کتێبە ناوازەکەی (حەیدەری نامە). گەشتێکت پێدەکات و دەتباتە نێو وێنە و وتە و نامە و دەستنووس و بەڵگەنامە و مێژوو و نووسین و پەڕاوی گرانبەها و کەموێنە. دونیا مەزنەکەی زانایانی ماوەران و حەیدەرییانت پێشاندەدات و زیاترت پێدەناسێنێت. تا نهۆش، چرای زانستی مەدرەسەی ماوەران، گەورەتر و گەشتر دەبێت. حەق وابوو، بۆ ڕێزگرتن لە ئایین و زانست و خوێندن و ماندووبوونی زانا و ناودارانی ئەو قوتابخانەیە. زانکۆیێک یان کۆلێژێک لە بواری ئایین و شەرع و زانست و ساغکردنەوەی دەستنووس و ئەدەب، کرابایەوە. کتێبخانەیێکی مەزنیش، بەشێوەیەکی نوێ دروست بکرێت، کە خزمەتی توێژەران و زانستخوازان بکات. بەمجۆرە بەشێوەی ئەکادیمی، توێژەر و کەسانی پسپۆر دروست دەبن و خزمەتی مێژوو و ئەدەبی کوردی دەکەن. کاتی ئەویە، زانکۆی سەلاحەدین و سۆران، خەمی ئەوە بخۆن و ساڵانە دیدار و کۆنفراسی گەورە لەو گوندە ئەنجامبدەن و تێیدا توێژینەوە لەسەر کار و بەرهەمی زانایان و  کتێب و دەستنووسەکانیان بکەن. هێشتا گەنجینە بەنرخەکەی ماوەران، وەک پێویست دەستی پێنەگەیشتووە. شایەنی ئەوەیە حکومەت و خەمخۆرانی ئەم وڵاتە، ئاوڕێکی جدی لە زانکۆ ئەزهەرەکەی میرنشینی سۆران و کوردستان بدەنەوە و بەشێوەیەکی جوان و شارستانییانە بنیاتی بنێنەوە و لەجاران زیاتر بایەخی پێبدرێت و فراونتر بکرێت. ئەو مێژووە زێڕینە زیندوو بکرێتەوە، کە جێگای شانازی هەموو میللەتی کوردە.
ن-یاسین برایملا

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.