Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 04:40

ئێران هاووڵاتییه‌كی كوردی له‌سێداره‌دا

کوردستان TV
100%


سزای سێدارەی شاکر بێهرووزی بەندکراوی سیاسی کورد کە  ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی 31ی دادگای باڵای ئێران (لقی شاری قوم) پشتڕاستکرابوویەوە، جارێکی دیکە لەلایەن دادگای باڵا پشتڕاستکراوەتەوە و ئەو سزایە دوێنێ شەممە 25 ى 6 ى 2022، لە بەندیخانەی ئورمیە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە، پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی شاکر بێهرووزی لەلایەن دیوانی باڵا ئەمڕۆ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە و ناوبراو تەنیا 20 ڕۆژ مۆڵەتی هەیە کە تانە لەو بڕیارەی دادگا بدات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە سەرنجدان بە فەرمانی تایبەتی دەزگای دادی ئێران بە نیسبەت جێبەجێکرانی بەپەلەی هەموو ئەو کەسانەی کە سزاکەیان پشتڕاستکراوەتەوە و هەروەها لەسێدارەدانی نهێنی فیرووز مووسالوو بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە، وێڕای دەربڕینی بە پەرۆشی خۆی بۆ ئەگەری لەسێدارەدانی شاکر بێهرووزی داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بە گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگری بکەن لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە.

شاکر بێهرووزی خەڵکی گوندی دزەی مەرگەوەڕ کە ماوەی 7 مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ڕۆژی سێشەممە 12ی مارسی 2019، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو دوای یەک ساڵ و 9 ڕۆژ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و تەواو بوونی لێپرسینەوەکانی بەهاری 2020 بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە.

شاکر بێهرووزی له‌ ساڵی 2022، لەلایەن لەلایەن لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو سزایە سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ئەم سزایە بە تۆمەتی "بەغی" و» ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە «بە سەر ناوبراودا سەپابوو. سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر شاکر بێهرووزی بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئورمیە و دەستبەسەر کراوە. دواجار ئەم سزایە مانگی حه‌وتی 2021 لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای شۆڕشی ئورمیە گەڕێندرایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە له‌ ساڵی 2022، لە دۆسیەیەکی دیکەدا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی ئورمیە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران سزای سێدارەی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە لەلایەن لقی 31ی دادگای بەرزی وڵات کە لە شاری قوم جێگیرە، پەسەند کراوە. سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە دوای ئەوەی شاکر بێهرووزی تانەی لەم بڕیارەی دادگاوە ئەو سزایە گەڕێندراوەتەوە بۆ دادگای باڵا و سەرلەنوێ پشتڕاستکراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی بێهرووزی لەوبارەوە بە په‌یامنێری هەنگاوی وت: «شاکر بێهرووزی لە دانیشتنی دادگادا داوای کردووە کە شایەتحاڵەکان بەشداری دادگا بکەن، بەڵام دادوەر ئیزنی نەداوە کە بەشداری بکەن».

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: «شاکر لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە و هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا بە تابلێتێکی گەورە شێوازی کوژرانی مامل محەممەدی باوان، ئەندامی سوپای پاسدارانیان بە ناوبراو نیشان داوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ناچاریان کردووە کە ئەو جووڵانەی بکات کە ئەوان دەیانەوێت».

هەروەها، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران داوای لە بنەماڵەی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران کردووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت لەم دۆسیەیەدا ڕەزایەت بدەن و هەڕەشەی لەو بنەماڵە کردووە و شاکر بێهرووزیش هەر بەو هۆیەوە چەندین جار مانی لە خواردن گرتووە.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی بێهرووزی پێشتر لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو کە، شاکر ماوەی یەک ساڵ و 9 ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجە بووە هەتا دان بە تیرۆر کردنی ئەندامێکی ئیدارەی ئیتلاعات بنێت.

مامل محەممەدی کە ئەندامی سوپای پاسداران بوو، ڕۆژی سێشەممە13ی مارسی 2018، لە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە بە دەستی گرووپێکی نەناسراو کوژرا کە دواتر گرووپی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیاری ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.