Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 21:07

بەهۆی كەمی ئاوەوە بەرهەمەكانی جووتیارانی عێراق لە مەترسیدان

کوردستان TV
100%

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، وشكەساڵی، گۆڕانی كەشوهەوا و كشانەوەی بەردەوامی ئاو لەلایەن وڵاتانی دراوسێ لە ڕووبارەكانی دیجلە و فورات، عێراق بەدەست كەمی ئاوەوە دەناڵێنێت، كە ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی زۆری بەرهەمی گەنم.
عێراق پشت بە ڕووبارەكانی دیجلە و فورات دەبەستێت بۆ دابینكردنی نزیكەی هەموو پێداویستییەكانی ئاو ، لەوبارەیەوە  مەهدی رەشید، وەزیری سەرچاوەكانی ئاو بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی راگەیاند،ووە كە ئاستی ئەو دوو رووبارە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو 60% كەمترە.
هەروەها حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق دەڵێت: پلانێكی ستراتیژیمان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی .
دەشڵێت: وەزارەت رێوشوێنی گرتۆتەبەر بۆ داهێنانی جۆری نوێی گەنمی بەرگەگر لە وشكەساڵی و هێنانەكایەی شێوازی زیادكردنی بەرهەمی بەروبووم بۆ هەر دۆنمێك بۆ قەرەبووكردنەوەی جووتیاران.
هەروەها نایف ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێمە هێشتا مامەڵە لەگەڵ ئەو سیستەمە ئاودێرییانە دەكەین كە لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا لە شوێنی خۆیان بوون.
گەنم بەرهەمێكی سەرەكی ستراتیژییە و لە سەدا 70ی كۆی بەرهەمی دانەوێڵەی وڵات پێكدەهێنێت.
چاندن لە مانگی ئۆكتۆبەری هەموو ساڵێكدا دەست پێدەكات و بەزۆری دروێنەكردن لە مانگی نیسان دەست پێدەكات و لە هەندێك ناوچەدا تا مانگی حوزەیران درێژ دەبێتەوە.
لە ماوەی ساڵی رابردوودا وەزارەتی كشتوكاڵ یارمەتییەكانی بۆ پێداویستییەكانی پێو و تۆو و قڕكەر كەمكردەوە، ئەمەش هەنگاوێك جووتیارانی توڕە كرد.
خواستی ناوخۆیی بۆ گەنم ساڵانە لە نێوان 5 بۆ 6 ملیۆن تۆندایە و بەرهەمی دروێنە دەریدەخات كە بەرهەمی ناوخۆیی لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێكدا كەم دەبێتەوە.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ لە ساڵی 2021 عێراق بڕی 4 ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنمی بەرهەم هێناوە، بەڵام لە ساڵی 2020دا بەرهەمی 6 ملیۆن و 200 هەزار تۆن بووە.
نایف لە لێدوانێكدا لەسەر ئەم بابەتە گوتی: ئەمڕۆ ڕەنگە لە باشترین حاڵەتدا دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆنمان دەست بكەوێت، ئەمەش پێویستی بە زیادكردنی هاوردەكردنی عێراق هەیە، ڕوونیشیكردەوە كە لە ئێستادا تەنها 373 هەزار تۆن گەنم لە فرۆشگاكانی وەزارەتی بازرگانیدا هەیە.
بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكان لەناو قەیرانی جیهانیی ئەم دواییەی بازاڕی دانەوێڵەدا، حكومەت لەم دواییانەدا سیاسەتی خۆی گۆڕی و ڕێگە بە هەموو جووتیارانی عێراقی بدات بەرهەمەكانیان بە سایلۆكانی وەزارەتی بازرگانی بفرۆشن.
هاوكات سەڵاح شێلاب كە خاوەنی 40 دۆنم زەوی كشتوكاڵییە، بەڵام نەیتوانیوە چارەكێكی ئاودێری بكات، گوتی: ترسی ئەوەم هەیە كە باقی زەوییەكان بەهۆی كەمی ئاودێری بمرن، كەمی ئاویش بە مانای دەنكە گەنمی بچوكتر و بەرهەمی بەروبووم كەمتر.
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.