Erbil 15°C چوارشەممە 26 حوزەیران 18:29

نەتەوە یەكگرتووەكان: 44 ملیۆن مرۆڤ لە جیهاندا بەرەو برسێتی دەچن

نەتەوەیەكگرتووەكان داوا دەكات بەر لەوەی قەیرانی برسێتی لە جیهاندا لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت، بەخێرایی بەندەرەكانی ناوچەی ئۆدێسای ئۆكراینا بكرێنەوە
کوردستان TV
100%

پڕۆگرامی خۆراكی جیهانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (WFP) داوای كرد بۆ گەیاندنی بەرهەمە خۆراكییەكانی ئۆكراینا بە وڵاتانی دیكەی جیهان، بەخێرایی بەندەرەكانی ناوچەی ئۆدێسا بكرێنەوە.
ئەو پڕۆگرامەی نەتەوەیەكگرتووەكان كە ناوەندی سەرەكیی لە رۆمایە، لە راگەیەنداوێكدا ئەوەی خستووەتەڕوو كە: "بەرلەوەی قەیرانی برسێتی لە جیهاندا لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت، پڕۆگرامی (WFP) داوا دەكات بەخێرایی بەندەرەكانی ناوچەی ئۆدێسای ئۆكراینا بكرێنەوە بۆ ئەوەی بەرهەمە خۆراكییەكانی ئەو وڵاتە بگەنە ناوچەكانی دیكەی جیهان.
لە راگەیەندراوەكەدا لێدوانێكی بەڕێوبەری جێبەجێكردنی (WFP) دەیڤد بیسلی خراوەتەڕوو كە گوتبووی: "لە ئێستادا سایلۆكانی ئۆكراینا پڕن لە دانەوێڵە. لە هەمان كاتدا 44 ملیۆن مرۆڤ لە جیهاندا بەرەو برسێتی دەچن. بۆ ئەوەی خواردن بۆ ئۆكراینا هەناردە بكرێت و لێشیەوە هاوردە بكرێت، پێویستە ئەم بەندەرانە بكرێنەوە. جیهان داوای ئەمە دەكات چونكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەدان ملیۆن كەس ژیانیان لەسەر ئەم سەرچاوە خۆراكییانەیە. ئەگەر كات درەنگ ببێت ئەوا خەرجییەكانی دابین كردنی خۆراك زۆر لەوە زیاتر دەبێت كە پێشبینی دەكرێت.
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە كە ملیۆنان تۆن دانەوێڵەی ئۆكراینا لە بەندەرەكاندا چاوەڕێن و ئەگەر بەندەرەكان نەكرێنەوە و دانەوێڵەكان هەناردە نەكرێن، ئەوا جووتیاران بۆ عەمبار كردنی بەرهەمەكانی مانگی تەمووز و ئاب، هیچ شوێنێكیان نامێنێت، ئەمەش وا دەكات دانەوێڵەی ناو سایلۆكان بەهەدەر بچن.
جێی ئاماژەیە بەر لە دەستپێكی جەنگ، دانەوێڵەی ئۆكراینا خۆراكی 400 ملیۆن كەسی لە جیهاندا دابیندەكرد، بەڵام لە دوای یەك مانگ لە دەستپێكی جەنگ، نرخی گەنم و گەنمەشامی بە رێژەی سەدا 22 و سەدا 20، زیادیان كردووە.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.