Erbil 29°C شەممە 21 ئایار 13:15

دیارترین گرفته‌كانی ساردكه‌ره‌وه‌ی ئۆتۆمبێل‌و چاره‌سه‌ره‌كانی

کوردستان TV
100%


زۆرێك له‌شۆفێران گرنگی به‌ساردكه‌ره‌وه‌ "ته‌برید"ی ئۆتۆمبێله‌كانیان ناده‌ن، پێیان وایه‌ كه‌ كاری شۆفێرنییه‌، ته‌نها له‌زستان‌و هاویندا ده‌زانن ده‌ست به‌دوگمه‌كه‌یدا بنێن بۆ هه‌ڵكردن‌و كوژاندنه‌وه‌ی، بۆیه‌ به‌تێپه‌ڕبوونی كات كێشه‌‌و گرفت له‌ساردكه‌ره‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانیاندا دروست ده‌بێت له‌و كێشانه‌ش، درنگ كاركردن یان دروستبوونی هه‌ڵم له‌سه‌ر جامه‌كانی ئۆتۆمبێل كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی دیكه‌. 
لێردا ئێمه‌ دیارترین ئه‌و كێشه‌‌و گرفتانه‌‌و چاره‌سه‌ركانیان ده‌خه‌ینه‌ڕوو، كه‌ دووچاری ساردكه‌ره‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كانتان ده‌بێت : - 
1 – كه‌مبوونه‌وه‌ی بڕ‌و خێرایی هه‌وای ساردكه‌ره‌وه‌ی ئۆتۆمبێل : 
ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ ڕووده‌دات: 
a بوونی درز یان كێشه‌ له‌كۆمپرێسه‌ری ساردكه‌ره‌وه‌. 
b بوونی شكاویی یان لێچوون له‌به‌شی چڕكه‌ره‌وه‌ی ساردكه‌ره‌وه‌كه‌.  
c كه‌مبوونه‌وه‌ی بڕی گازی ساردكه‌ره‌وه‌كه‌ كه‌ ساڵانه‌ به‌ڕێژه‌ی (15%) كه‌مده‌كات. 
2 – ساردكه‌ره‌وه‌ی ئۆتۆمبێل له‌كاتی كاركردندا ده‌نگه‌ ده‌نگ‌و ژاوه‌ ژارو دروستده‌كات: 
هۆكاری ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوونی گرفت له‌كۆمپرێسه‌ر یان نزیكبوونه‌وه‌ له‌به‌ته‌واوی له‌كاركه‌وتنی، یان تێكه‌ڵاوبوونی ماده‌ی دیكه‌ له‌گه‌ڵ گازی ساردكه‌ره‌وه‌كه‌، یان بوونی كون‌و درز، له‌به‌شێك له‌به‌شه‌كانی ساردكه‌ره‌وه‌. 
3 – هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ یان كه‌ڵه‌كه‌بوونی هه‌ڵم له‌ناو ئۆتۆمبێل:  
هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بوونی شێ‌و ته‌پوتۆز له‌ناو سیستمی ساردكه‌ره‌وه‌ی ئۆتۆمبێل. 
4 – هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی بوونی ناخۆش له‌هه‌وای ساردكه‌ره‌وه‌ له‌كاتی كاركردنیدا: 
هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ ساردكه‌ره‌وه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دوور‌و درێژ "بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك" كاری نه‌كردبێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی دروستبوونی به‌كتریا‌و جێرم‌و كه‌ڕو ‌و ئه‌و بۆنه‌ دروستده‌كات. 
5 – لێچوونی شله‌ له‌سارده‌كه‌ره‌وه‌ی ئۆتۆمبێل: 
له‌م حاڵه‌ته‌دا پێویسته‌ شۆفێر به‌خێرایی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ببات بۆ چاككردنه‌وه‌ی، له‌به‌رئه‌وه‌ی لێچوونی شله‌مه‌نی یان گازی ساردكه‌ره‌وه‌ زیان به‌بزوێنه‌ری ده‌گه‌یه‌نێت‌و هاوكات گازی ساردكه‌ره‌وه‌ ماده‌ییه‌كی كیمیایی مه‌ترسیداره‌‌و زیان به‌ژینگه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت. 
لێرشدا چاره‌سه‌ره‌كانی گرفت‌و كێشه‌كانی ساردكه‌ره‌وه‌ی ئۆتۆمبێل ده‌خه‌ینه‌ڕوو: - 
1 – ئه‌گه‌ر شۆفێر شاره‌زایی هه‌بێت، پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام چێكی كۆمپرێسه‌ری ساردكه‌ره‌وه‌كه‌ بكات، به‌تایبه‌تی قایشه‌كه‌‌و هاوكات گه‌ڕان به‌دوای هه‌ر به‌شێك كه‌ كێشه‌ی تێدابێت. 
2 – به‌وردی چاودێری هه‌ر لێچوون‌و كێشه‌‌و گرفتێك بكه‌ له‌سیستمی ساردكه‌ره‌وه‌. 
3 – هه‌میشه‌ دڵنیا ببه‌ره‌وه‌ له‌كار‌و ئه‌دای ساردكه‌ره‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت. 
4 – به‌رده‌وام فلته‌ری هه‌وای ساردكه‌ره‌وه‌ پاك بكه‌ره‌وه‌ یان بیگۆڕه‌ ئه‌گه‌ر پێویست بكات. 
5 – له‌ماوه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دیكه‌ پشكنین بۆ ساردكه‌ره‌وه‌ بكه‌، به‌تایبه‌تی له‌و ناوه‌ندانه‌ی كه‌ تایبه‌تن به‌ماركه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت. 
ئاماده‌كردنی: ڕێپێدراوی هاتوچۆ فوئاد هه‌ورامی
ژێده‌ر-  هاتووچۆی سلێمانی

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.