Erbil 29°C شەممە 21 ئایار 12:33

10 خاڵی گرنگ بۆئه‌وانه‌ی ئۆتۆمبێلی نوێ ده‌كڕن

کوردستان TV
100%


گومان تێدانییه‌ كڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ، بابه‌تێكی سه‌رنجڕاكێش‌و دڵخۆشكه‌ره‌ بۆ هه‌موومان، كاتێكیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانی پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل‌و شوێنی نمایشی ئۆتۆمبێله‌ نوێیه‌كان ده‌كه‌ین، كه‌ زۆریی جۆری ئۆتۆمبێله‌كان‌و
 نرخه‌ جیاجیاكان‌و شێوازی دانی پاره‌كه‌، كه‌ به‌نه‌قد یاخود به‌قیست، كه‌مێك بڕیاردان سه‌خت ده‌بێت‌و دوو دڵ ده‌بین كام ئۆتۆمبێل‌و به‌چ جۆرێك بیكڕین. 
بۆیه‌ له‌پێناو هاوكاریكردنی كڕیارانی ئۆتۆمبێلی نوێ‌و پێشكه‌شكردنی ئامۆژگاری، سایتی (Autoexpress)ی به‌ریتانیا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌به‌راوردكردن‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئۆتۆمبێل، كۆمه‌ڵێك خاڵی بڵاوكرده‌وه‌، ڕێنمایی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات به‌نیازن ئۆتۆمبێلی نوێی دڵًخوازی خۆیان هه‌ڵبژێرن‌و بكڕن، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ش خاڵه‌كانن: - 
1 پێش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی پێشانگا‌و كۆمپانیاكانی تایبه‌ت به‌ئۆتۆمبێل بكه‌یت، پێویسته‌ بڕیار بده‌یت، تۆ كام ئۆتۆمبێلت ده‌وێت، ئه‌گه‌ر نه‌توانی خۆت له‌سه‌ر یه‌ك ئۆتۆمبێلیش یه‌كلایی بكه‌یته‌وه‌، ئه‌وا یه‌ك تاوه‌كو سێ‌ جۆری ئۆتۆمبێل دیاری بكه‌، بۆئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ت ئاسانتر بێت‌و له‌كۆتاییدا بڕیار له‌سه‌ر كڕینی یه‌كێكیان بده‌یت. 
2 ده‌بێت كڕیار داهاتی ساڵانه‌ی خۆی بزانێت‌و پێوه‌ی پابه‌ندبێت له‌كڕینی ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا، له‌ئه‌گه‌ری كڕینی ئۆتۆمبێل به‌شێوه‌ی قیست. 
3 هه‌رگیز بڕی پاره‌كه‌ت‌و داهاته‌كه‌ت بۆ فرۆشیاره‌كانی ئۆتۆمبێل ئاشكرامه‌كه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی زانینی بڕی پاره‌كه‌ت یاخود داهاته‌كه‌ت ده‌كه‌نه‌، خاڵێك بۆ مامه‌ڵه‌كه‌‌و له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌وه‌ ده‌ست به‌مامه‌ڵه‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌میشه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌یت‌و هه‌وڵی دابه‌زاندنی نرخه‌كه‌ بده‌یت. 
4 ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێلت هه‌بوو، هه‌رگیز گۆڕینه‌وه‌ی پێ مه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلی نوێ، له‌به‌رئه‌وه‌ی فرۆشیاره‌كان ئه‌وه‌ ده‌قۆزنه‌وه‌‌و زۆرترین قازانجت لێ وه‌رده‌گرن، به‌ڵكو ئۆتۆمبێله‌ كۆنه‌كه‌ت بفرۆشه‌‌و دواتر نوێ بكڕه‌. 
5 ڕاسته‌ ڕۆیشتن بۆ پێشانگاكانی ئۆتۆمبێل‌و هۆڵه‌كانی نمایشی ئۆتۆمبێل، وه‌ك شوێن‌و بۆنه‌یه‌كی تایبه‌ت نین كه‌ خۆمانی بۆ بگۆڕین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت ژیرانه‌ خۆمان بگۆڕین‌و جلوبه‌رگی زۆر سه‌رنجڕاكێش نه‌بۆشین، بۆ ئافره‌تانیش خۆیان دووربگرن له‌ڕازاندنه‌وه‌یان  به‌خشڵ‌و زێره‌كانیان، بۆئه‌وه‌ی خۆیان به‌و شێوه‌یه‌ پیشان نه‌ده‌ن كه‌ پاره‌ گرنگ نییه‌ به‌لایانه‌وه‌‌و حه‌زیان له‌هه‌رچی بێت، به‌بێ‌ مامه‌ڵه‌ ده‌یكڕن‌و پاره‌ی زۆر خه‌رج ده‌كه‌ن.
6 هه‌وڵبده‌ له‌كاتی گونجاودا سه‌ردانی پێشانگاكان بكه‌یت، بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌هه‌ندێك كاتدا نرخی ئۆتۆمبێل به‌رزتر ده‌بێت، بۆ نموونه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌تایی به‌هار‌و پێش جه‌ژنه‌كان، كه‌میك نرخی ئۆتۆمبێل گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت‌و گرانتر ده‌بێت، به‌هۆی زیادبوونی داواكاری له‌سه‌ر ئۆتۆمبێل، بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌‌و سه‌یران‌و سه‌ردان‌و گه‌شت. 
7 هه‌میشه‌ به‌شێوازێكی نه‌رم‌و گونجاو قسه‌ له‌گه‌ڵ فرۆشیار بكه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌گفتوگۆی توند‌و ڕق چانست كه‌مده‌كاته‌وه‌، بۆ گه‌یشتن به‌باشترین ڕێكه‌وتن بۆ كڕینی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی تۆ ده‌ته‌ویت. 
8 له‌كاتی كڕینی ئۆتۆمبێلدا ته‌نها پشت به‌ڕێكه‌وتنی زاره‌كی مه‌به‌سته‌، به‌ڵكو هه‌وڵبده‌ گرێبه‌سته‌كه‌‌و خاڵ‌و مه‌رجه‌كانی ڕێكه‌وتنه‌كه‌، له‌نێوان تۆ‌و فرۆشیاردا هه‌بێت. 
9 كاتێك ئۆتۆمبێله‌ نوێیه‌كه‌ت كڕی، وامه‌زانه‌ ئیتر پێویست ناكات پشكنینی بۆ نه‌كه‌یت، به‌ڵكو ده‌بێت دڵنیا ببیته‌وه‌ كه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ت شوختی پێوه‌ نییه‌‌و هه‌موو پارچه‌كان جیاوازی له‌ڕه‌نگیان نییه‌، ته‌ماشای تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ت بكه‌، دواتر گرێبه‌سته‌كه‌ واژۆبكه‌، له‌حاڵه‌تێكیشدا هه‌ر كێشه‌‌و كه‌موكورتیه‌ك هه‌بوو، فرۆشیار ئاگاداربكه‌ره‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی. 
10 له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر له‌پێشانگا‌و كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل، ئۆتۆمبێلی گونجاوت ده‌ستنه‌كه‌وت، ده‌توانیت له‌ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه‌ بگه‌ڕێت‌و ئه‌گه‌ر دۆزیته‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی بكه‌یت‌و به‌نرخی گونجاو بیكڕیت. 
ئاماده‌كردنی: فوئاد جه‌لال
ژێده‌ر - هاتووچۆی سلێمانی
 

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.