(سروودەكە لە هۆنراوەی نوری وه‌شتی و لە ئاوازی خۆم بوو...!)
(29) ساڵه له‌تاراوگه ژیان به‌سه‌ر ده‌بات و دووره له‌نیشتمان و زێده‌كه‌ی ، غوربه‌ت و ئاواره‌یش به‌هێنده‌ی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نه‌كه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر داناوه، به‌ڵام ده‌بێت سوپاسگوزاری په‌روه‌ردگار بین كه‌ئێستا له‌ژیاندایه، تاقانه هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی ( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی) .
ڕۆژگارێك بوو هونه‌رمه‌نده جوان و شیكپۆش و ده‌م به‌خه‌نده‌و زمان شیرین، هونه‌رمه‌ند ( نه‌جاتی عه‌بده) و تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ناوێكی دره‌وشاوه‌ی نێو دنیای هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی بوون.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا كه‌م له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری له‌سه‌ر نووسراوه یان دیداری له‌گه‌ڵدا سازكراوه...!، جێی دهستخۆشییهكه كه له‌لایه‌ن ( كوردانی یۆتۆبۆری) له‌ساڵی (2012) وتووێژێكی له‌ته‌كدا ئه‌نجامدراوه‌و باسی سه‌ره‌تاكانی ژیانی هونه‌ری خۆی ده‌كات، له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاوكراوه‌ته‌وه.
هونه‌رمه‌ند نه‌جات عه‌بده ئه‌مین، له‌ناو كۆڕ و كۆمه‌ڵ و نێوه‌ندی هونه‌ری به ( نه‌جاتی عه‌بده) ناسراوه، پرسیارێك درووست ده‌بێت سه‌باره‌ت به ناوی ( عه‌بده) ئایا نازناوه ، یان ناوی باوكییه‌تی..؟
بۆ ساغكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌وه پێوه‌ندیم به كاكه دلێری كوڕی هونه‌رمه‌نده‌وه كرد و ئاماژه‌ی پێدا ( ئەوەی من ئاگادار بم و لە زاری باوکمەوە بیستوومە باپیرم کە ھاتۆتە دنیاوە یەکەم جار بڕیار بووە کە ناوی (عه‌بدولڕه‌حمان) بێت، بەڵام ھەمیشە پێیان وتووە عەبدە و بەو ناوە بانگیان کردووە، ئیتر ئەم ناوە بۆتە ناوی فەرمی باپیرم و بە عەبدە تۆمار کراوە)
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1937) له‌شاری سلێمانی له‌دایكبووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌سلێمانی ته‌واو كردووه، له‌خوێندندا گه‌یشتۆته پۆلی سێی ناوه‌ندی به‌ڵام به‌هۆی تێكه‌ڵاوبوون به‌كاری سیاسه‌ت و ئه‌ندام له ( یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان ) ی سه‌ربه‌پارتی دیموكراتی كوردستان،له‌لایه‌ن ڕژێمی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه ده‌ستگیر ده‌كرێت و له‌دادگا (6) مانگ زیندانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن و سزایه‌كی دیكه‌شی ده‌ده‌ن كه بۆ ماوه‌ی (5) ساڵ له‌قوتابخانه دوور ده‌خرێته‌وه‌و مافی خوێندنی لێده‌سێننه‌وه، له‌خوێندن بێ به‌ش ده‌بێت و بۆی نییه له‌هیچ قوتابخانه‌یه‌كی دیكه‌ی شاری سلێمانی درێژه به‌خوێندن بدات.
هونه‌رمه‌ند ڕوو ده‌كاته شاره‌وانی سلێمانی به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندن و ده‌ستی له‌كارێك گیرببێت ، له‌هۆبه‌ی نه‌خشه‌كێشانی به‌شی ئه‌ندازیاری شاره‌وانی وه‌ك كارمه‌ند داده‌مه‌زرێت، له‌م كاره‌شیدا تۆمه‌تی بۆ دروست ده‌كه‌ن كه كاری سیاسه‌ت ده‌كات و چه‌ند جارێك ده‌خرێته‌وه زیندان و دواتر ئازادی ده‌كه‌ن.
لای هه‌مووان ئاشكرایه كه تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له‌ساڵی ( 1955) به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك داده‌مه‌زرێت ، هه‌رچه‌نده ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه پێشتر پێكه‌وه كاری هونه‌رییان ئه‌نجامداوه ، به‌ڵام له‌ژێر چه‌تری تیپێكی مۆسیقادا نه‌بووه، تا ساڵی (1955) دوای ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان به‌یه‌كجاری له‌شاری به‌غداوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاری سلێمانی و تیپی مه‌وله‌وی داده‌مه‌زرێنن.
هونه‌رمه‌ند نه‌جاتی عه‌بده باسی سه‌ره‌تاكانی هونه‌ری خۆی به‌وشێوه‌یه ده‌گێڕێته‌وه ( له ساڵانی په‌نجاكانه‌وه ده‌ستم كردووە به ژەنینی مۆسیقا‌و خۆم فێری ژه‌نینی ئامێری (نای و شمشاڵ) كرد‌و ڕۆژانەش بە ته‌نیا چه‌ند كاتژمێرێك له ماڵه‌وه ئه‌و ئامێره‌م لێده‌داو زۆریش حه‌زم له ژه‌نینی بوو، پاش چه‌ند ساڵێك، بیستم كه كوڕێك هه‌یه ناوی (قادر دیلان)ه وە، ئامێری كلارنێت ده‌ژه‌نێت و كه‌مێك ناسیاویشمان له‌گه‌ڵیدا هه‌بوو، پێوه‌ندیم پێوه كرد‌و پێم وت بۆ فێری مهقامهكانم ناكه‌یت و بۆ یەكەمین جار لە مێژووی ئەم شارەدا ڕچەی دامەزراندنی تیپێك نەشكێنین بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی مۆسیقای كوردی پێ بكه‌ین، له وه‌ڵامدا ئەویش وتی: زۆر ده‌مێكه ده‌گه‌ڕێم بۆ یه‌كێكی وه‌ك تۆ تا لە كارێكی وا پیرۆزدا هاوكاریم بكات، چونكه من و چه‌ند براده‌رێكی دیكه‌ش هه‌ن ئەوانیش ئامێری عودو كه‌مان ده‌ژه‌نن و ئه‌و ئاره‌زووه‌یان هه‌یه بۆ ئەوەی تیپێك دابمه‌زرێنین، پاش ماوه‌یه‌ك چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجامداو ده‌ستمان به پرۆڤه كرد، له‌و ماوه‌یه‌دا خوالێخۆشبوو (قادر دیلان) كە لە ساتی خۆیدا ئاوێنەیەكی باڵانما بوو بۆ هونەر، چه‌ند مه‌قامێكی فێركردم و توانیم تێیاندا سه‌ربكه‌وم و ره‌زامه‌ندی ئه‌و به‌ده‌ست بهێنم، ئیتر دوای ئه‌وه بە هەستێكی بێ پایانەوە له بۆنه‌كانی جەژنی نهورۆزو یاده نیشتمانیه‌كاندا به‌شداریمان دەكرد، وای لێ هات له‌ناو جه‌ماوه‌ردا ناومان بڵاوبۆوه‌و زۆر حورمەت و رێزیان لێ ده‌گرتین، پاش ئه‌وه‌ی خوالێخۆشبوو (قادر دیلان) به‌هۆی خەریك بوونی بە كاری سیاسییه‌وه له كۆلێژی ئابووری به‌غدا ده‌ركراو گه‌ڕایه‌وه بۆ سلێمانی، پێوه‌ندی به من و براده‌رانه‌وه كرد‌و پێی راگه‌یاندین كه جارێكی تر ناتوانێت بچێته‌وه به‌غدا، بۆیه پێویسته تیپی مۆسیقای (مه‌وله‌وی) گه‌شه پێبده‌ین، ئینجا كۆبوونەوەیەكمان له‌گه‌ڵ براده‌ره هونه‌رمه‌نده‌كانی وه‌ك خوالیخۆشبووان (به‌هجه‌ت ره‌شید سه‌عاتچی، حاته‌م سه‌عید، هه‌روه‌ها هادی عه‌نبەر و ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك) ئه‌نجامداو بە هاوكاری چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی دیكه‌ش كە ئەوانیش هەستیان بۆ مۆسیقا وەك ئەوە بوو لە كورەی ئاسنگەرا جۆشی خواردبێت) (*1)
تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی داده‌مه‌زرێت و پێهاتووه له‌م هونه‌رمه‌نده ئازیزانه:
( قادر دیلان _ ژه‌نیاری ڤیۆلۆن و كلارنێت) ،( ولیه‌م یوحه‌ننا _ ژه‌نیاری عود و ڤیۆلۆن) ،( به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی _ ژه‌نیاری عود و ڤیۆلۆن) ، ( هادی عه‌نبه‌ر _ ژه‌نیاری عود و ڤیۆلۆن) ،( نه‌جاتی عه‌بده _ ژه‌نیاری شمشاڵ ( نه‌ی) ) ،( عوسمان سابونچی _ ژه‌نیاری عود و گۆرانیبێژ ) ،( حاته‌م سه‌عید ، ناسراو بهحاتهمه ڕه‌ش _ ژه‌نیاری ته‌پڵ _ئیقاع) ،( عه‌بدولڕه‌حمان قه‌دری _ ژه‌نیاری عود ، ئه‌گه‌رچی كه‌م ده‌رده‌چوو) ،( سه‌ردار ڕه‌مزی فه‌تاح _ ژه‌نیاری ڤیۆلۆن،ئه‌ویش زۆر ده‌رنه‌ده‌چوو) ،( دكتۆر ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك _ ژه‌نیاری ڤیۆلۆن) ، هه‌روه‌ها ئه‌م كه‌سایه‌تیانه هاوكارو یاریده‌ده‌ری تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی بوون وه‌ك ( حه‌مه فه‌ره‌ج مه‌عروف ( ناسراو به خاڵه‌حه‌مه فه‌ره‌ج (ج،د) بێژه‌رو پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كان بووه ، ( عومه‌ر هه‌ڵمه‌ت ، تۆماركردن و ئه‌ندازیاری ده‌نگ و ڕێكخستنی شوێنی ئامێره‌كانی مۆسیقا و مایكرۆفۆن ) ، ( نوری به‌ده‌وی ، یارمه‌تیده‌ری كاك عومه‌ر هه‌ڵمه‌ت بووه) ، هه‌روه‌ها ( كاك نوری وه‌شتی، كاروباری شانۆیی) ( *2)
دیاره مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر ( باكووری) ته‌نها ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویستانه‌ی هێناوه، به‌ڵام له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌دا ئاماژه به ناوی هونه‌رمه‌ند ( حازم حه‌داد _ ژه‌نیاری عود ، و قادر كوردی _ژه‌نیاری ده‌فسنجان) كه هاوكار و ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی بوون(*3)
سه‌ره‌تا ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه له‌ژێر سایه‌ی تیپێكی مۆسیقادا كۆببوونه‌وه‌و مه‌به‌ستیان بووه ناوی تیپه‌كه بنێن (دیلان) به‌ڵام هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان) به‌و ناوه ڕازی نابێت و بڕیاری كشانه‌وه ده‌دات له‌و گرووپه مۆسیقیه، له‌و سۆنگه‌یه‌وه قادر دیلانی ڕه‌حمه‌تی ده‌ڵێت ( سه‌ره‌تا تیپه‌كه‌یان ناونا ( دیلان) من ڕ‌ازى نه‌بووم و به‌ئه‌ندامانى تیپه‌كه‌م ووت ، ئه‌و ناوه نه‌گۆڕن وازدێنم، ئه‌وجا كردمانه تیپى مه‌وله‌وى ) (*4)
ئه‌وه‌ش جێی سه‌رنج و تێڕوانینه ناوی ( مه‌وله‌وی ) بۆ به‌ناوی ئه‌و شاعیره به‌رزه‌ی كورده‌وه ئه‌و تیپه ناونرا ،
هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ئاواز دانه‌ر ( نه‌جاتی عه‌بده) له دیمانه‌یه‌كدا له‌پاشكۆی ڕۆژنامه‌ی ( العراق) كه‌به‌كوردی له‌به‌غدا ده‌رچووه ده‌ڵێت ( چه‌ند جارێك له‌سه‌ر ناونانی تیپه‌كه كۆبووینه‌وه، ڕۆژێك كاك حه‌مه فه‌ره‌ج مه‌عرووف هات و وتی ناوێكی زۆر خۆشم دۆزیوه‌ته‌وه،( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی) له‌رۆحیانه‌تی (مه‌وله‌وی) مه‌زنه‌وه ، چونكه هۆنراوه‌كانی زۆر ته‌ڕ و جوان و بڕگه‌كانی پڕن له‌مۆسیقا ، ئیتر بڕیاری له‌سه‌ر درا) (*5)
تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی هێشتا مۆڵه‌تی فه‌رمی یان بۆتیپ وه‌رنه‌گرتووه‌و به‌بێ مۆڵه‌ت كاری هونه‌ری و ئاهه‌نگیان له‌شاری سلێمانی گێڕاوه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ شوێن و باره‌گایه‌كی فه‌رمییان نه‌بووه به‌ئازادانه پرۆڤه و چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان تێدا ئه‌نجام بده‌ن ته‌نها ماڵ بووه ، وه‌ك ماڵی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( قادر دیلان و ولیه‌م یوحه‌ننا) و هه‌ندێك جار له‌یه‌كێك له‌قوتابخانه‌كانی شاری سلێمانی پرۆڤه‌یان كردووه.
تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی كهیی و چۆن مۆڵه‌تی فه‌رمی وه‌رده‌گرن ..؟
مامۆستا باكووری نوسیویه‌تی ( له‌ساڵی (1957) كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی سلێمانی دامه‌زرا، كاك نه‌جاتی عه‌بده‌و ولیه‌م یوحه‌ننا و قادر دیلان ، داواكاری مۆڵه‌ت وه‌رگرتن پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، له‌مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1957 به‌ڕه‌سمی مۆڵه‌تیان پێدرا كاربكه‌ن ، ئیتر تیپه‌كه به‌هه‌موو ئه‌ندامه‌كانیه‌وه لهكۆمهڵهكه دامه‌زران و چوونه ناویه‌وه) (*6)
سه‌باره‌ت به‌وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی بۆ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی هونه‌رمه‌ند نه‌جاتی عه‌بده پێمان ده‌ڵێت (بۆ دامه‌زراندنی تیپه‌كه مۆڵەتێكی فه‌رمیمان پێشكەش كرد، تا ڕێگه به تیپەكە بدرێت بێ ئەوەی كەس بتوانێت بەربەستی بۆ دابنێت كارەكانی خۆی ئه‌نجام بدات، داواكارییه‌كه‌مان له ڕێگای موته‌سه‌ریفی ئه‌و كاتی سلێمانی بۆ به‌غدا نێردرا، له‌و كاته‌شدا (سه‌عید قه‌زاز 1904 سلێمانی _ 20/9/1959) وه‌زیری ناوخۆ بوو، كه داواكارییه‌كه‌مان ده‌چێته به‌رچاوی، بێ دوودڵی یه‌كسه‌ر ده‌ڵێت: زۆر باشە، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كوڕه گه‌نجانه‌ی سلێمانی زۆر خه‌ریكی كار‌و چالاكی سیاسه‌ت نه‌بن و بە مۆسیقاوە خەریك بن، مۆڵه‌تیان پێ بده‌ن تا ئه‌و تیپه دابمه‌زرێنن، ئەو وەزیرە بێ ئاگا بوو لەوەی له بنه‌ڕه‌تدا ئێمه ئامانجمان برەودان بوو بە كاری سیاسی بەڵام له‌ژێر په‌رده‌ی هونه‌ردا.
دوای ئه‌مه به‌فه‌رمی تیپی مۆسیقای (مه‌وله‌وی)مان دامهزراندو كه‌وتینه پێشكه‌ش كردنی ئاهه‌نگی مۆسیقا‌و گۆرانی و جه‌ماوه‌ریش پشتگیرییه‌كی باشی كاره‌كانی ئێمه‌یان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی خه‌ڵكی سلێمانی، ئه‌مه‌ش وای له تیپه‌كه كرد كه زیاتر گه‌شه بكات و زیاتر پێش بكه‌وێت و چێژی هونەری ته‌شه‌نه بكات)(*7)
هونه‌رمه‌ند نه‌جاتی عه‌بده له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده هاوڕێكانی له‌نێو تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی دا درێژه به‌كارو چالاكییه هونه‌ریه‌كانیان ده‌ده‌ن و جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ده‌وری خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند و به‌هره‌مه‌ندى ده‌نگخۆش له‌ناوه وه و ده‌ره‌وه‌ى شارى سلێمانى له خۆیان كۆبكه‌نه‌وه وبه ئاهه‌نگه‌كانیان دڵى جه‌ماوه‌ر شاد بكه‌ن و ئامانجی به‌رزی هونه‌ر پیرۆزتر بكه‌ن، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له‌ئاهه‌نگ و یاده‌كاندا به‌شداربوون وه‌ك ( ڕه‌شۆڵ ، حه‌مه‌ى به‌كر ، شه‌ماڵ سائیب ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، باكوورى ،سێوه ، تایه‌ر تۆفیق ، فوئاد ئه‌حمه‌د ، ڕه‌سوڵ گه‌ردى ، ئیبراهیم محه‌مه‌د ، قادرى حاجى حسێن ، عومه‌ر ڕه‌زا ، ڕه‌فیق چالاك و فه‌ره‌جى حاجى ڕه‌شید )
ئاهه‌نگه دیاره‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ...!
یه‌كێك له‌و ئاهه‌نگانه كه به‌ده‌ست و په‌نجه زێڕینه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی سازكراوه ، ئه‌و ئاههنگهبووه كه هونه‌رمه‌ند و بیلمهتی نه‌مر (حه‌سه‌ن زیره‌ك) به‌شداربووه له‌ئاماده‌یی سلێمانی له‌ڕێكه‌وتی ( 20/8/1956) سه‌باره‌ت به‌و ئاهه‌نگه هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان) ده‌ڵێت ( ئێمه تازه تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی مان درووستكردبوو هاوڕێیه‌كم هاته لام و ووتی براده‌رێك هه‌یه له‌گه‌ڕه‌كی سابونكه‌ران ئیش ئه‌كات ده‌نگێكی زۆر خۆشی پێوه‌یه حه‌ز ئه‌كه‌م بیناسی ، هه‌ڵسام چووم لهدووكانی ( نه‌جمه‌دین مه‌لا ) وه چوومه سه‌ره‌وه مامۆستا نه‌جمه‌دین مه‌لا كه هه‌موو كوردێك ده‌یناسی له‌گه‌ڕه‌كی سابوونكه‌ران حه‌سه‌نم دی ، براده‌ره‌كه‌م وتی ئه‌مه حه‌سه‌ن زیره‌كه ، وتم كاك حه‌سه‌ن ئێمه تازه ئه‌م تیپه‌مان ( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی) درووستكردووه به‌م ده‌نگه خۆشه‌و ده‌نگه سازه‌ی خۆته‌وه ، حه‌ز ئه‌كه‌ین ئیستیفاده له‌تۆ بكه‌ین و تۆش ئیستیفاده له‌ئێمه بكه‌ی ، زۆرم پێخۆش ئه‌بێت ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ بێیته ماڵه‌وه بۆ لای من له‌سه‌ر هه‌ندێ شت قسه‌بكه‌ین ، به‌یانی حه‌سه‌ن زیره‌ك هات و ده‌ستمان كرد بهتهمرینات چه‌ند ئاهه‌نگێكمان كرد به‌یه‌كه‌وه ، خۆشترین ئاهه‌نگه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك ساڵی 1956 ( معرچ صناعی )له‌مه‌كته‌بی سانه‌وی سلێمانی ، به‌وبۆنه‌یه‌وه ئێمه شانۆیه‌كمان درووستكرد له‌ودیو بینایه‌ی مه‌كته‌بی سانه‌وی سلێمانی یه‌وه ،كه‌بۆیه‌كه‌مین جار ته‌له‌فزیۆنێكی موه‌قه‌تیان هێنا له سلێمانی بۆئه‌و ناوچه‌یه‌ی مهعرهزهكه ،جیا له‌هونه‌رمه‌ندانی تیپی مه‌وله‌وی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌شمان له‌گه‌ڵدا بوو وه‌ك ( شه‌ماڵ سائیب ، برایم محه‌مه‌د ، قاله‌ی حاجی حسێن ،حه‌مه‌ی به‌كر ، كه‌ریم كابان و حه‌سه‌ن زیره‌ك )
له‌وێ حه‌سه‌ن زیره‌ك تازه ئه‌ول كه‌ره‌ت له‌ژیانیدا ئه‌و گۆرانییه‌ی گووت ، له‌پاش یه‌ك دانه هه‌فته چووه سه‌ر زمانی هه‌موو كوردێك له‌سلێمانی ئه‌و گۆرانیه‌ش ئه‌وه‌بوو ناوی( ئه‌ی وه‌ی زارا ) ئه‌و گۆرانییه چووه سه‌رده‌می هه‌موو كه‌سێك )(*8)
له‌دواى كاره‌ساتى لافاوى (18/10/1957) ى شارى سلێمانى ، تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى وه‌ك هه‌ستێكی قوڵی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی هونه‌ری مۆسیقا‌و گۆرانی ده‌كه‌نه پێوه‌ندییه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك ، بۆئه‌و مه‌به‌سته له شارى سلێمانى و شارى هه‌ولێر( 13/11/1957) و كۆیه (15/11/1957) ئاهه‌نگیان ئه‌نجامداوه و داهاته‌كه‌یان بۆ زیان لێكهوتووانى لافاوه‌كه ته‌رخانكردووه .
تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی بۆ ئه‌و سه‌رده‌م و ڕۆژگاره ڕۆڵێكی باش ده‌بیین له‌گه‌شه‌كردن و پێشخستنی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی و به‌رده‌وام ده‌بن له‌كاره هونه‌رییه‌كانیان و چه‌ندین ئاهه‌نگی تر له‌شاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه ئه‌نجام ده‌ده‌ن ، یه‌كێكی تر له‌و ئاهه‌نگانه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ئه‌نجامیان داوه له‌ساڵی (1958) له‌یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی سازیان كردووه به‌بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ( بارزانی نه‌مر) ، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار نه‌جاتی عه‌بده به‌وشێوه‌یه ئه‌و یاده‌وه‌رییه ده‌گێڕێته‌وه ( من خۆم یه‌كێك بووم له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه به فه‌خره‌وه پێشوازیمان له سه‌رۆكی نه‌مر (مسته‌فا بارزانی)و هەڤاڵانی كرد دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی لە ڕووسیاوە بۆ عێراق، بە بیرم دێت له یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌مان ساز كرد‌و بارزانی نه‌مر زۆر دڵخۆش بوو به‌وه‌ی كه گەنجانی كورد بتوانن ئه‌و هه‌موو سرووده خۆش و شۆڕشگێڕییه لە پێناوی خاك و نەتەوەكەیاندا پێشكه‌ش بكه‌ن) (*9)
هونه‌رمه‌ند نه‌جاتی عه‌بده ، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی شمشاڵژه‌نی به‌توانا وهونه‌رمه‌نده خۆش مه‌شره‌ب و میهره‌بانه‌كه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ناسراوه ، به‌ڵام لایه‌نێكی هونه‌ری دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌ویش ئاواز دانانه، به‌ڵام وه‌ك پێویست ئاماژه به‌و بواره‌ی نه‌دراوه‌و تائێستا باس له‌وه نه‌كراوه كه ئاوازی له‌سه‌ر دووهۆنراوهی هونه‌رمه‌ند وئه‌دیب و دڵسۆزی هونه‌ر ( نوری وه‌شتی) داناوه كه بهسروودخوێندراوهو له‌ڕادیۆی شۆرشه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه،بۆزانیاری زیاتر پشتم به‌ستووه به‌وته‌ی خودی هونه‌رمه‌ند كه چۆن ئاوازی بۆئه‌و دوو سرووده داناوه، ( دوای ده‌ستپێكردنی شۆڕشە مەزنەكەی گه‌لی كورد‌و دواتر ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی له هه‌موو بواره‌كاندا ئەو شۆڕشە به ده‌ستیهێنا، رۆژێكیان نامه‌یه‌كم له‌لایه‌ن خوالێخۆشبوو (سه‌یدا ساڵح یوسفی)یه‌وه بۆ هات، ئەوەیش بە دەستی خوالێخۆشبوو (ره‌فیق)ی برامه‌وه پێم گەیشت، كه ئه‌و كات پێشمه‌رگه بوو لە ناوچەی ئاوەكورتێ، له نامه‌كه‌دا نووسرا بوو: برای به‌ڕێز كاك نەجاتی عەبدە دوای ئه‌وه‌ی توانیمان ئێستگهیهكی رادیۆیی په‌یدا بكه‌ین، ده‌مانه‌وێت دەسپێكی ئێستگه‌كه به چه‌ند سروودێكی تازه بكه‌ینه‌وه، زۆرمان پێخۆش ده‌بێت كه به زووترین كات ئەو سروودانەمان پێ بگات.
منیش پێوه‌ندیم كرد به به‌ڕێزان كاك (نوری وه‌شتی و جەلال عه‌زیز)و پێموتن كه له مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه نامه‌یه‌كی وام بۆ هاتووه، ئەدیب و نەتەوەپەروەری كورد (نوری وه‌شتی) بێ راوه‌ستان وتی: من ده‌توانم هۆنراوه‌ت بده‌مێ و تۆ ئاوازی بۆ دابنێیت، پاشی سێ رۆژ، دوو هۆنراوه‌ی بۆ هێنام و وتی: فه‌رموو ئه‌وه‌تان، بزانم تۆ چی ده‌كه‌ی؟ كه هۆنراوه‌كانم خوێنده‌وه، زۆرم به دڵ بوون، چونكه پڕ به قاڵبی ئه‌و كاتی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوون.
یه‌كه‌میان ده‌ڵێ:
(سڵاو له پارتی دیموكراتی كورد
(ئه‌و پارته‌ی ئاڵای شۆڕشی هەڵكرد).تاد.
دووه‌میشیان ده‌ڵێ:
(دایه گیان توخوا به‌سیه‌تی گریان
به‌سه ئاخ و ئۆف به‌سه سینگ كوتان
وا كوردێك كوژرا من له شوێنی ئه‌و
شه‌رت بێ خه‌بات كه‌م چاوم نه‌چێته خه‌و
تاكو ئه‌بینم به‌زینی دوژمن
كورد هه‌ڵ ئه‌كات ئاڵای سه‌ركه‌وتن)
دواتر ئاوازم بۆ هه‌ردووكیان دانا، واته سروودەكە لە هۆنراوەی نوری وه‌شتی و لە ئاوازی خۆم بوو، ئینجا كه رووبەڕووی گرفتی تۆماركردنی ده‌نگ و ڕێكخستنی كۆرس بووینەوە، حزب پێی راگه‌یاندین كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆتان و حزب باشترە كه‌مترین كه‌س به‌شداری ئه‌م كاره بكات تا لە چاوی دوژمن پارێزراو بن، دوایی ماڵی كاك حاته‌م( حاته‌مه ڕه‌ش) هه‌ڵبژێردرا كه تێیدا تۆماری بكه‌ین، ئیتر به ئاماده‌بوونی چه‌ند ئه‌ندامێكی حزب لەوانە (جه‌لال عه‌زیز، فه‌ره‌یدون دارتاش، نەجات مه‌حوی، خۆم، حاته‌م سه‌عید) توانیمان پاش چه‌ند سه‌عاتێك سروودەكان تۆمار بكه‌ین و كاك نوری وه‌شتی خۆی تۆماری ده‌كرد، دوای ئه‌وه‌ی له‌به‌ر نەچوونه ده‌ره‌وه‌ی ده‌نگ دیواری ئه‌و ژووره بچكۆله‌یه‌ی ماڵی كاك حاته‌م هه‌مووی به (به‌تانیه و لێفە) داپۆشی بوو، چونكه ماڵەكەی له له گه‌ڕه‌كی (ئه‌سحابه سپی) ناوه‌ڕاستی شاری سلێمانیدا بوو، له كۆتاییدا توانیمان به جوانی وبە سەركەوتوویی تۆماری بكه‌ین و بۆ رۆژی دواتریش، له ڕێگای ئه‌و برایه‌م كه نامه‌كه‌ی هێنابوو بۆمان یه‌كسه‌ر ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌مان كرد.
دوو رۆژ دواتر، له ئێستگه‌ی ده‌نگی كوردستانەوە، هەموو خه‌ڵكی كوردستان گوێی له‌و دوو سرووده بوو، سەداو ده‌نگێكی زۆر گه‌وره‌و كاریگه‌ری له‌ناو جه‌ماوه‌ر و پێشمه‌رگه‌دا هه‌بوو، بوو به شانازییەك بۆ خۆم و هاوڕێكانم كه گوێمان لێده‌بوو، سه‌رمان پێی به‌رز ده‌بوویه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌تا ئێستا هیچ كام له‌و ئێستگانهی بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ك باسی ئه‌وه ناكه‌ن شاعیر و ئاوازدانه‌ره‌كه‌ی كێن..؟ و له چ بارودۆخ وكاتێكدا دانراون و بە چ زەحمەتی و چۆن چۆنی تۆمار كراوه)(*11).
نه‌جاتی عه‌بده و هاوڕێی هونه‌رمه‌نده‌كانی به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر كۆشش و به‌خششه هونه‌رییه‌كانیان تا ساڵی (1962) ده‌رفه‌ت بۆ هونه‌رمه‌ند قادر دیلان ده‌ڕه‌خسێ و ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له وڵاتی ( چیك) نیشته‌جێ ده‌بێت و درێژه به‌خوێندنی مۆسیقا ده‌دات، به‌داخه‌وه ئیتر تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ئه‌و چرا ڕۆشنه‌ی جاران نابێت و كارههونهرییهكانیان كه‌متر ده‌بێته‌وه‌و ئه‌ندامه خۆشه‌ویسته‌كانی په‌رته‌وازه ده‌بن، له‌ساڵی (1967) هونه‌رمه‌ند نه‌جاتی عه‌بده به‌خۆیی و شمشاڵه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له‌یه‌ك دوو ئاهه‌نگی ماڵانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كدا هاوكارو به‌شداری ئه‌و هونه‌رمه‌نده مۆسیقیانه ده‌بێت وه‌ك :
( ئاهه‌نگی ماڵی مه‌حمودی تۆفیق شلك ، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان: ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ، حازم حه‌داد ،حه‌سه‌نی نه‌ی ، سه‌لاح ڕه‌شید و عهزۆلهی ته‌پڵ) وه ( ئاهه‌نگی ماڵی شێخ ڕه‌ووف سه‌ید عه‌لی ، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان : ولیه‌م یوحه‌ننا ، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ، حاته‌مه ڕه‌ش و عه‌باسی كه‌بابچی) (*10)
لێره‌دا پرسیارێك دێته پێشه‌وه دوای چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند قادر دیلان و كه‌مبوونه‌وه‌ی چالاكی هونه‌ری تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی و دواتر پهرهتهوازهبوونی هونه‌رمه‌نده ئازیزه‌كانی ئه‌و تیپه ، له ڕێكه‌وتی (23/5/1967) تیپی مۆسیقای سلێمانی داده‌مه‌زرێت، جگه له مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند ( ولیه‌م یوحه‌ننا) هیچ یه‌كێك له هونه‌رمه‌نده‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی په‌یوه‌ندی به‌تیپی مۆسیقای سلێمانی یه‌وه ناكه‌ن و تا له‌ڕێی ئه‌و تیپه هونه‌رییه نوێیه‌وه درێژه به‌كاروانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی بده‌ن..؟!
هونه‌رمه‌ند نه‌جاتی عه‌بده دوای ئه‌و خزمه‌ته جوان و پرشنگداره به‌هونه‌ری مۆسیقا‌و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌یی و ناهه‌مواری بارودۆخی وڵات ، له‌كۆتاییه‌كانی ساڵی (1991) وڵات جێ دێڵێ و ڕووده‌كاته هه‌نده‌ران و ، له‌ساڵی (1992) وه له‌وڵاتی ( سوید) نیشته‌جێ یه، هونه‌رمه‌ند له ساڵی ( 1961) له‌گه‌ڵ خاتوو ( فه‌ریده شێخ محه‌مه‌د مه‌حوی) ژیانی هاوسه‌ری پێك دێنێت و خاوه‌نی (2) كوڕن، به‌ناوه‌كانی ( دیاری ، دلێر)
هیوای ژیانێكی پڕ ته‌ندروست و ته‌مه‌ندرێژی بۆ هونه‌رمه‌ند نه‌جاتی عه‌بده‌و خانه‌واده‌كه‌ی ده‌خوازم، سڵاو له‌مێژووی به‌رزی هونه‌ری و ڕۆحی هه‌موو هونه‌رمه‌نده ده‌ست و په‌نجه زێڕینه‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی شاد و گڵكۆكانیان هه‌میشه چراخان بێت.
جه‌مالی ده‌لاك 2/6/2021
سه‌رچاوه : (*1 و 7و 9 و 11) كوردانی یۆتۆبۆری / سوید 16/1/2019، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك.
(*2 و 5 و6 ) كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان _ باكووری ، به‌شی دووه‌م ، لاپه‌ڕه ( 121) و (122)
(*3) كتێبى ولیه‌م یوحه‌ننا ژیان و كارى هونه‌ریی ، شنه عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه (44)
(*4) گۆڤاى چلاواز _ ژماره (21 و 22) كانوونى دووه‌مى 2008 لاپه‌ڕه (28)
(*8) ڕۆژنامه‌ی (سلێمانی نوێ ) ژماره (17) 2/3/2002 ، جه‌مالی ده‌لاك .،،، وته‌ی هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان) له‌یادی (25) ساڵه‌ی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ، كه‌ناڵی ئاسمانی MED.tv ساڵی 1997
(*10) كتێبی ڕه‌هه‌نده‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك ، ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی ، ده‌نگ و سه‌دا ، پێكهاتی گۆرانییه‌كانی ، نوسین و ئاماده‌كردنی هونه‌رمه‌ند عادل حه‌مه كه‌ریم ، لاپه‌ڕه (173 و 199)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.