Erbil 8°C ھەینی 17 کانوونی دووەم 10:15

عوسمان شارباژێڕی گۆرانیبێژ ، ئاواز دانه‌ر ، شاعیر و خاوه‌ن خامه‌یه‌کی به‌پیت و جواننووس ..!

گیانه‌ تۆ بووی یه‌كه‌مین كه‌س ، نامه‌ی دڵداریت دامه‌ ده‌س
کوردستان TV
100%

(گیانه‌ تۆ بووی یه‌كه‌مین كه‌س ، نامه‌ی دڵداریت دامه‌ ده‌س

منیش دڵم داوه‌ به‌تۆ ، هه‌رتۆی تیایت و هه‌رتۆیت و به‌س )

 ئه‌و كۆپله‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌سه‌ر به‌ندی گۆرانییه‌كی خۆشی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی ، كه‌ له‌لای بیسه‌ر و هه‌وادارانی هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی یاده‌وه‌رییه‌كی جوان و پڕ چێژی هونه‌ری هه‌یه‌ ،هه‌ركاتێك مه‌به‌ست بێت باس له‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی ساڵانی په‌نجاكان و شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو بكه‌ین، بێگومان به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی  ناو و نازناو و ده‌نگ و كاره‌ هونه‌ریی و ئه‌ده‌بییه‌كانی  (عوسمان شارباژێڕی) ، به‌بێ تێكۆشان و خزمه‌ته‌ به‌رفراوانه‌كه‌ی له‌بواری گۆرانی و ئاواز و هۆنراوه‌و نوسین و توێژینه‌وه‌ به‌نرخه‌كانی له‌( كتێب ، گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان) دانابێت و چونكه‌ هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی مێژوویه‌كی جوان ولێورێژی هه‌یه‌ .

 له‌بواری گۆرانیدا هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی خاوه‌نی شێوازێكی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی و ، ڕاسته‌ زۆرینه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی سۆزدارین و له‌سه‌ر ستایلێكی شادی به‌خش پێشكه‌شی كردوون ، به‌ڵام كه‌ده‌ڵێم شادی به‌خش واته‌ نه‌ك ئه‌و ڕیتمه‌ خێرایه‌ی كه‌بۆ هه‌ڵپه‌ڕكێ و گۆڤه‌ند ده‌خوێندرێ.

عوسمان شارباژێڕی ، نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و شاعیر و رۆژنامه‌نووس، پڕبه‌خشش بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی ،له‌هه‌ر قۆناغێكی ته‌مه‌نیدا بووبێت ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی هاتبێت درێغی نه‌كردووه‌ و له‌ساڵانی شه‌سته‌كانه‌وه‌ ئه‌سپی خۆی تاو داوه‌ و،به‌رده‌وام بووه‌  تا ڕووی كردۆته‌ تاراوگه‌ و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌داخه‌وه‌ بێسه‌ر و شوێنه‌ و هیچ هه‌واڵێك له‌ نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی نییه‌ و بێسه‌ر و شوێنه‌..؟؟؟!! 

11

هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی  ....

عوسمان حاجی عه‌لی حاجی مارف ، له‌نێوه‌ندی هونه‌ری و ئه‌ده‌بیدا به‌ ( عوسمان شارباژێڕی ) ناسراوه‌ ،

هونه‌رمه‌ند له‌ ساڵی (1940)  له‌ گه‌ڕه‌كی چوارباخی شاری سلێمانی له‌دایكبووه‌، خاوه‌نی سێ خوشك و برایه‌كه‌،

بۆ نازناوی ( شارباژێڕی) بۆته‌ پاشگری ناوی هونه‌رمه‌ند ..؟ دیاره‌ باب و باپیرانی هونه‌رمه‌ند له‌ده‌ڤه‌ره‌ جوان و زه‌نوێره‌كه‌ی شارباژێڕه‌وه ‌ڕوویان كردۆته‌ شاری سلێمانی و  تێیدا نیشته‌جێ بوون،

وه‌ك ئه‌و یاسا و ڕێسایه‌ی كه‌ بۆمنداڵ دانراوه‌ له‌ته‌مه‌نی (6) ساڵیدابخرێته‌ به‌رخوێندن، هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی ده‌خرێته‌ به‌رخوێندن و فێربوونی ئه‌لف و بێی كوردی له‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی له‌شارۆچكه‌ی (چوارتا) ، له‌و ته‌مه‌نه‌ منداڵیه‌دا هونه‌رمه‌ند  خولیاو ئاره‌زووی به‌لای هونه‌ردا ده‌ڕوات و له‌ڕێی ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌یه‌وه‌ گۆرانی ده‌خوێنێ،له‌شارۆچكه‌ی چوارتا قۆناغی سه‌ره‌تایی ته‌واو ده‌كات.

یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی عوسمان شارباژێڕی وه‌ك ده‌نگخۆش و توانای چڕینی گۆرانی هه‌یه‌ .؟ له‌دیدارێكدا به‌وشێوه‌یه‌ هونه‌رمه‌ند باس له‌ سه‌ره‌تای ژیانی هونه‌ری خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت ( له‌به‌هاری ساڵی (1953) ( واته‌ له‌ته‌مه‌نی 13 ساڵیدا) له‌كاتێكا سینه‌مای گه‌ڕۆك به‌قزاو ناوچه‌كاندا ئه‌گه‌ڕا من له‌چوارتا بۆیه‌كه‌م جار له‌به‌ر میكرۆفۆندا گۆرانی  ( باران) م ووت)(1)

گۆرانی باران ....

( جاچۆن وائه‌بێ شه‌رتی دڵداری ،تۆله‌عه‌یش و نۆش من له‌خه‌مباری

باران ، باران ، نم نم ته‌ڕمی كرد، ئه‌و كچه‌ له‌و ماڵه‌، له‌دین ده‌رمی كرد .....ئاواز و هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر)

دوای ته‌واوبوونی قۆناغی سه‌ره‌تایی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی و درێژه‌ به‌قۆناغه‌كانی خوێندن ده‌دات و ، ( ناوه‌ندی و خانه‌ی پێگه‌یاندنی مامۆستایان) ی ته‌واوكردووه‌و، به‌ڵام خولیای هونه‌ر له‌ناخیدا گه‌شه‌ ده‌كات، له‌پایزی ساڵی ( 1958) هونه‌رمه‌ند وه‌ك ئه‌كته‌رێك له‌سه‌ر شانۆی  ئاماده‌یی سلێمانی، به‌شداری ده‌كات له‌شانۆگه‌ری ( كاوه‌ی ئاسنگه‌ر) ڕۆڵی گۆرانیبێژی ( زووحاك) ی بینیوه‌.

له‌دوای ته‌واو كردن و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌،هونه‌رمه‌ند وه‌ك مامۆستا له‌ساڵی (1963) داده‌مه‌زرێت له‌ شارۆچكه‌ جوانه‌كه‌ی ( ڕواندز) و له‌هه‌مان ساڵدا ،هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی له‌ساڵی (1963) ژیانی هاوسه‌ری پێكدێنێت.

 دواتر له‌ هاوینه‌هه‌واری ( شه‌قڵاوه‌) و پاشان ده‌گوزارێته‌وه‌ بۆ ( پیرزین)  ساڵی ( 1969 بۆ 1970) له‌ ( چالاكی قوتابخانه‌كانی هه‌ولێر ) وانه‌ی ( سروود و مۆسیقا) ی به‌قوتابییه‌كانی وتۆته‌وه‌، له‌گه‌ڵ پیشه‌كه‌یدا وه‌ك مامۆستا به‌دڵسۆزانه‌ چه‌ندین نه‌وه‌ی پێگه‌یاندووه‌. 

له‌كۆتایی ساڵانی حه‌فتاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌بۆشاری سلێمانی و ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ په‌روه‌رده‌ی شاری سلێمانی و له‌قوتابخانه‌كانی ( خه‌بات ، سه‌لاحه‌دین ، ڕاپه‌ڕین ، مه‌ولاناخالید و  بادینان و گۆیژه‌) وانه‌ی سروود و مۆسیقا ، له‌پاڵ هه‌ردوو وانه‌ی ناوبراودا ، وانه‌ی (ئایین) یش به‌قوتابیه‌كانی ده‌ڵێته‌وه‌و ، ماوه‌ی ساڵانێكی زۆر له‌ته‌مه‌نی له‌پیشه‌ی پیرۆزی مامۆستایه‌تیدا به‌سه‌رده‌بات.یه‌كێك له‌ قوتابییه‌كانی به‌و شێوه‌یه‌ باس له‌ مامۆستاكه‌ی ده‌كات ، (له‌  قوتابخانه‌ی  بادینان له‌سلێمانی له‌گه‌ڕه‌كی خه‌بات ، ساڵی (1973) مامۆستامان بوو، به‌ڕاستی له‌وسه‌رده‌مه‌دا مامۆستایه‌ك بوو هه‌موومان خۆشمان ده‌ویست و زۆر ده‌نگی خۆش بوو، ئەو ڕۆژانەی وانەی ئەومان هەبوایە بەخۆی و ئامێرێکی عوودەوە ئەهات و جارجار خۆی گۆرانی بۆ ئەوتین و هەڵسەنگاندنیشی بۆ ئەو قوتابیانه‌ ئەکرد کە دەنگیان خۆش بوو ، وه‌ زۆر سه‌رسام بوو به‌ده‌نگ و گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك) (2)

وێسته‌گه‌كانی ژیانی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی ، نووسه‌ر و شاعیر و گۆرانیبێژ عوسمان شارباژێڕی ....!

له‌گه‌ڵ به‌خشینی كاته‌كانی به‌ وانه‌ وتنه‌وه‌به‌ قوتابییه‌كانی ، له‌پاڵ ئه‌و ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌دا ، خامه‌ی به‌بڕشت و زمانشیرینی خستۆته‌كار بۆ دنیای ئه‌ده‌ب و ڕۆژنامه‌گه‌ری و هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی ، له‌و ساڵانه‌ی كه‌له‌شاری هه‌ولێر ژیاوه‌ هونه‌رمه‌ند یه‌كێك ده‌بێت له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ( تیپی نواندن و مۆسیقای مامۆستایانی هه‌ولێر) ،

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1956) یه‌كه‌مین هۆنراوه‌ی نوسیوه‌و له‌وسه‌رده‌مه‌دا بڵاوی كردۆته‌وه‌، له‌دوای ئه‌و هۆنراوه‌وه‌ زیاتر پشت ئه‌ستوور ده‌بێت به‌ هه‌ست و خامه‌ی خۆی و هه‌نگاوهه‌ڵده‌گرێت بۆ نێو دنیای نووسین و هۆنراوه‌و له‌پاڵیشیدا خزمه‌ت به‌ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ، بۆتۆماركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كانی ڕووده‌كاته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا و له‌ڕێكه‌وتی ( 16/8/1960) یه‌كه‌م گۆرانی خۆی تۆمارده‌كات.

هه‌روه‌ها له‌ساڵی ( 1962) عوسمان شارباژێڕی نامیلكه‌یه‌كی شیعری به‌ناوی ( دیاری و یادگار) به‌چاپ ده‌گه‌یه‌نی و بڵاوی ده‌كاته‌وه‌،

له‌دوای حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر چاپكردنی ئه‌و نامیلكه‌ شیعرییه‌دا ، عوسمان شارباژێڕی وه‌ك ئه‌ركێك كه‌له‌ئه‌ستۆیه‌تی و خزمه‌ت به‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و ووشه‌ی كوردی و كتێبخانه‌ی كوردی، له‌ساڵی (1969) نامیلكه‌یه‌كی شیعری  به‌ناوی ( ئه‌ستێره‌ی به‌یان) چاپ و بڵاو ده‌كاته‌وه‌،له‌ڕێی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها ئه‌و نامیلكه‌ شیعریانه‌ ،  وه‌ك هونه‌رمه‌ند و شاعیر و نووسه‌رێكی خامه‌ جوان و هه‌ست به‌رز له‌نێو خه‌ڵكیدا ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌ناسرێت و ، له‌خه‌می ئه‌وه‌شدا ده‌بێت كه‌ گه‌شه‌ به‌هونه‌ره‌كه‌ی بدات و ئاواز بۆ هۆنراوه‌كانی خۆی داده‌نێ و به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی ده‌یانخوێنێ.

هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌ی كه‌ هاتوچۆی ڕادیۆی كوردی به‌غدا ی كردووه‌ ، نزیكه‌ی (30) به‌سته‌و مه‌قامی بۆ ڕادیۆ تۆماركردووه‌، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1970)  ده‌چێته‌ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك و ، ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه‌به‌ڕه‌ش و سپی له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماری كردوون( 21) گۆرانی  و (7) گۆرانی به‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگ ، وه‌هه‌روه‌ها (2) گۆرانیشی له‌ته‌له‌فزیۆنی ( نه‌ینه‌وا) تۆماركردووه‌.

هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی ، له‌ساڵی (1972) بۆته‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی لقی سلێمانی ، له‌به‌شی مۆسیقاو گۆرانی درێژه‌ به‌كارو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌دات.

سه‌باره‌ت به‌ تۆماركردنی گۆرانی و چالاكیی هونه‌ری ، هونه‌رمه‌ند نوسیویه‌تی ( هاوینی ساڵی (1973) مۆسیقاری جیهانی خه‌ڵكی دانیمارك ( یۆركان پلیتنه‌ر) چه‌ندگۆرانییه‌كی فۆلكلۆری بۆ تۆماركردم) (3)

هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی له‌ ڕێی هونه‌ری گۆرانیبێژی و هۆنراوه‌كانیه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی فراوانتر ده‌بێت و تێكه‌ڵاوبوونی زیاتر ده‌بێت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی سه‌رده‌می خۆی ، كه‌سێكی ساده‌و ڕووخۆش و هه‌ست ناسك و زمانشیرین بووه‌ له‌ته‌ك هاورێ هونه‌رمه‌نده‌كانی و هۆنراوه‌كانی  هونه‌رمه‌ند و شاعیر عوسمان شارباژێڕی ، له‌لایه‌ن زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ ئاوازیان به‌باڵادابڕاوه‌  خوێندوویانه‌ هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( مامۆستا عه‌لی مه‌ردان، باكووری ، یه‌حیا مه‌رجان ، محه‌مه‌د قه‌دری ،ئه‌حمه‌دی شێخاڵی ، جه‌لال كۆچه‌ر ، قادر ئه‌حمه‌د ، ناصر به‌شیر و ڕه‌زا عه‌لی).

هۆنراوه‌ی ( ناڵه‌ی ده‌روون)

(گوێ بگره‌ خورپه‌ی دڵم بێ قه‌رار

ئه‌گری ئه‌نالێ بۆ ...دیداری یار

نازدار هاواره‌ دڵم ...زامداره‌

بگه‌ره‌ فریام لای تۆیه‌ ... چاره‌ )

 ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د قه‌دری) یه‌وه‌ ئاوازی بۆ دانراوه‌و له‌ ( 12/9/1974) له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا خوێندوویه‌تی) .

گۆرانییه‌ ناوداره‌كانی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی ... به‌رله‌وه‌ی باس له‌ گۆرانییه‌كانی بكرێت ، ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ بواری مه‌قام خوێندنی  بده‌م ، هونه‌رمه‌ند یه‌كێك بووه‌ له‌و  خۆشخوانه‌ی دوای هونه‌رمه‌ندان ( شێخ نوری شێخ ساڵه‌ح ، حه‌مه‌ ساڵه‌ح دیلان ، مه‌حموی تۆفیق شلك ، عوسمان عه‌لی و حه‌مه‌ی نێرگز و  ...تاد ) به‌ده‌نگه‌ خۆش و پڕ سۆزه‌كه‌ی مه‌قامی ( سه‌فه‌ر) ی خوێندووه‌،

_گۆرانی ( گیانه‌ تۆبووی ) هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی ، ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا( فوئاد عوسمان) ده‌رهێنانی بۆ ڕادیۆ ( یه‌حی حه‌مدی) ، ده‌رهێنانی بۆ ته‌له‌فزیۆن هونه‌رمه‌ند( ناصر حه‌سه‌ن) ، سه‌باره‌ت به‌م گۆرانییه‌ هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی نوسیویه‌تی ( ئه‌م هۆنراوه‌و ئاوازه‌ ، هونه‌رمه‌ند ( ناسری ڕه‌زازی) لێی وه‌رگرتووم و زۆر جوان وتویه‌تی(4)

_  گۆرانی (به‌له‌رزانه‌) هۆنراوه‌و ئاوازی عوسمان شارباژێڕی ،له‌م گۆرانییه‌دا هونه‌رمه‌ند سوودی له‌كۆپله‌یه‌كی فۆلكلۆر وه‌رگرتووه‌ بۆ سه‌ربه‌ندی گۆرانییه‌كه‌ ، تیپی مۆسیقای كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی لقی سلێمانی مۆسیقایان بۆ ژه‌نیوه‌و ، ئاماده‌ و دابه‌شكردنی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند ( نامدار قه‌ره‌داخی ) یه‌وه‌و ، ده‌رهێنانی بۆ ته‌له‌فزیۆن ( حسێن النصراوی ) بووه‌.

_ گۆرانی ( سوێند)  ئاوازو هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی .

_گۆرانی ( ئه‌ی كیژۆڵه‌) ئاوازو هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی، ئاماده‌كردنی مۆسیقا له‌لایه‌ن هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندان ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و نامدار قه‌ره‌داخی) و ده‌رهێنانی بۆ ته‌له‌فزیۆن  هونه‌رمه‌ند ناصر حه‌سه‌ن) .

_ گۆرانی ( چاوه‌ڕێ) ئاوازو هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی، ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا ( نازم نه‌عیم) و ده‌رهێنانی بۆ ڕادیۆ ( یه‌حی حه‌مدی ) و ده‌رهێنانی بۆ ته‌له‌فزیۆن( تالیب عبدالحسین) .

_ گۆرانی ( چاو جوان ) ئاوازو هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی، ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا بۆ رادیۆی كوردی هونه‌رمه‌ند ( فوئاد عوسمان ) ده‌رهێنانی بۆ ڕادیۆ ( عبدالحلیم السید) و ده‌رهێنانی بۆ ته‌له‌فزیۆن هونه‌رمه‌ند( ناصر حه‌سه‌ن) .

_ گۆرانی ( گه‌ردانه‌) ئاوازو هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی، ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا بۆ رادیۆی كوردی ( ئیبراهیم الراوی) ده‌رهێنانی بۆ ڕادیۆ ( یحی حه‌مدی ) و ده‌رهێنانی بۆ ته‌له‌فزیۆن( واجب سه‌عید).

_ گۆرانی ( كچی جوان) ئاوازو هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی، ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا بۆ رادیۆی كوردی هونه‌رمه‌ند ( فوئاد عوسمان ) ده‌رهێنانی بۆ ڕادیۆ ( یحی حه‌مدی) و ده‌رهێنانی بۆ ته‌له‌فزیۆن هونه‌رمه‌ند( ناصر حه‌سه‌ن) .

_ گۆرانی (دڵ) هۆنراوه‌ی ( عه‌لی باپیرئاغا) ئاوازی عوسمان شارباژێڕی ،

_گۆرانی ( شیرین) ئاوازو هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی،ئه‌م دوو گۆرانییه‌  ( دڵ و شیرین) له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆماركراون و ، ئاماده‌كردنی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند( قادر مه‌ردان) ده‌رهێنانی بۆ ڕادیۆ ( ئیبراهیم القیسی) بۆ ته‌له‌فزیۆن ( حسێن عه‌لی غالب).

22

_ گۆرانی ( خۆشه‌ویست) ئاوازو هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی،( به‌ئه‌ستێره‌كه‌ی به‌ری به‌یانی ، تۆی یه‌كه‌ جوانی كیژی سلێمانی من تۆم خۆش ئه‌وێ تۆیاری منی ، هه‌رتۆ یاره‌كه‌ی نازداری منی)

سه‌باره‌ت به‌و گۆرانییه‌ ئه‌وه‌ی بێته‌وه‌ یادم ، كاتێك له‌ڕێی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه‌ بڵاو بۆوه‌، یاده‌وه‌ریی منداڵیم ده‌مگه‌ڕینێته‌وه‌ بۆ ئه‌وكاتانه‌ی ئه‌م گۆرانییه‌ له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك بڵاو ده‌بۆوه‌ ، هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی به‌پۆشاكی كوردی و زۆر جوان و شیكپۆشییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خاتوونێك گۆرانییه‌كه‌ی تۆماركردبوو، له‌نێو خه‌ڵكیدا هونه‌رمه‌ند كه‌تبووه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌و تانه‌و ته‌شه‌ر و گازانده‌ی بینه‌ران و ئه‌وه‌نده‌ی بیرم بێته‌وه‌ ڕه‌خنه‌كه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ بۆ عوسمان شارباژێڕی كه‌وتۆته‌ سه‌ر ئه‌ژنۆ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كچه‌دا ، دیاره‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ شێوازی بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌و ئاسته‌دا بوو، هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی  تۆماركردنی گۆرانی ( خۆشه‌ویست ) كه‌ ساڵی (1974) تۆماری كردووه‌ و ئه‌و سه‌ر‌ده‌مه‌ ئه‌و ته‌علیق و توانجانه‌ی ئاراسته‌ی كراوه‌ ،به‌وشێوه‌یه‌ باس ده‌كات ( له‌م گۆرانییه‌دا ده‌رهێنه‌ری ته‌له‌فزیۆنی به‌حسابی خۆی گه‌شه‌پێدانێك و گۆڕانێك له‌دیمه‌ن و دیكۆری گۆرانیی كوردیدا چه‌ند هه‌ڵس و كه‌وتنێكی بۆدانام به‌جێی بهێنم ، وه‌ك دڵسۆزێ:ی هونه‌ری كوردی به‌ ( ده‌سته‌ ملانێ و چۆك چه‌مینه‌وه‌) ڕازی بووم، تۆبه‌ خوایه‌ تۆبه‌ به‌س نه‌بوو زیاتر ده‌مم نه‌دا ، بوو به‌خوێنه‌كه‌ی سیاوه‌ش ، ئافره‌تی ناشیرین  به‌خۆی شه‌شخانی ته‌علیقه‌وه‌( ئه‌و ئافره‌ته‌ ده‌ڵه‌ قۆڕه‌ كێ یه‌؟ ) ( ئه‌و قۆڕیتانه‌ لووت درێژه‌ خه‌ڵكی كوێه‌؟ ) ( ریزم بۆ ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زنه‌كانمان) زڕه‌ هونه‌رمه‌ندیش به‌قه‌ره‌بینای ( عه‌یبه‌ باوكم عه‌یبه‌) ( چۆن ئه‌بێ به‌جلی كوردییه‌وه‌ وابكرێ ؟ ئه‌مه‌ بۆ دلسۆزی بوو  یا بۆ ده‌مارگرتن  خوا ئه‌یزانێ!! بێ گوێ پێدانه‌ ( به‌ندوباو) و  ( بوختان ) و ( بۆڵه‌) و ( به‌ڵا) بێ كۆڵدان هه‌نگاوی خۆمم نا ، به‌پێوانه‌ی ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌م له‌ناو خاو و خێزانه‌كه‌یدا سه‌یری فیلمی ( بیانی) پڕ هه‌یتو هووت و سه‌مای ئافره‌تی نیوه‌ڕووت ئه‌كه‌ن و پێی قه‌ڵس نین جا ئه‌وه‌ی من ... ( زیخێكه‌ له‌چیایه‌ك  و دڵۆپێكه‌ له‌ده‌ریایه‌ك) هه‌رهیچ نیه‌  كه‌باس بكرێ. واپێنج ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و گۆرانییه‌دا تێپه‌ڕی و شته‌كه‌ بوو به‌ ( ئاسایی) و( كارێكی ساكار ) ئه‌مجا داوا له‌ كۆمه‌ڵه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م و خزم و خێزانه‌كه‌م ئه‌كه‌م ، ئه‌گه‌ر دڵخوردن یا گله‌یی یه‌كیان لێمه‌ ،، لێم ببوورن) (5)

بۆئه‌و سه‌رده‌مه‌ ئه‌و گۆرانییه‌ هه‌رایه‌كی نایه‌وه‌و هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی كه‌وته‌ به‌رلێشاوی ڕه‌خنه‌و توانج و پلاری ڕووخێنه‌ر ، به‌داخه‌وه‌ له‌سه‌رده‌می ئێستای هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی ، ئه‌و كلیپانه‌ی ته‌نها بۆ چاوه‌ ، نه‌ك بۆ هه‌ست و سۆزی بینه‌ر و هه‌واداری گۆرانی و مۆسیقای كوردی ، هه‌رئه‌وڕۆژه‌ به‌بوون دێن و كاریگه‌ر دانانێن و بۆرۆژی دواتر ده‌مرن ، كاكی ده‌نگبێژ نه‌ ده‌نگی خۆشه‌و نه‌ میلۆدییه‌كه‌ی و تێكسته‌كه‌ی هی خۆیه‌تی و چه‌ند ئافره‌تێكی شۆخ و شه‌نگ له‌ده‌وری سه‌ماده‌كه‌ن .؟! و نه‌مانبیست كه‌س ده‌نگی ناڕازی هه‌ڵبڕێت..!

هه‌رسه‌باره‌ت به‌و گۆرانییه پێشكه‌شكار و بێژه‌ری ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك ( هاشم جه‌باری) ده‌ڵێت ( ‌ کاک عوسمان له‌ یه‌کێک له‌ گۆرانییه‌کانی که‌ له‌ به‌غدا به‌ ڕه‌ش و سپی تۆمارکرابوو ک ده‌رهێنه‌ره‌که‌ پێی باشبووه‌ ئافره‌تێکی له‌ گه‌ڵدا بوه‌ستێ ، که‌ گۆرانییه‌که‌مان بڵاوکرده‌وه‌ ده‌یه‌ها ته‌له‌فۆنی ناره‌زایی و جنێو به‌ کاک عوسمانمان بۆ کرا ، ئافره‌ته‌که‌ ته‌نیا له‌ لایه‌وه‌ وێستابو و هیچ جووڵانه‌وه‌یه‌کی ناشیرینی نه‌بوو ، ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌و کاته‌ ناڕازیبوون ئاخۆ ئێستا چ ده‌ڵێن که‌ ئه‌و هه‌موو گۆرانییه‌ی ئێستای نه‌ک هه‌ر پیاوان بگره‌ ئافره‌تانیش ده‌بینن ، به‌ڕێزتان لێم ده‌گه‌ن چی ده‌ڵێم)(6)

سه‌باره‌ت به‌و گۆرانییه‌و هه‌را و به‌زمه‌و ڕه‌خنه‌ زۆرانه‌ی كه‌ڕووبه‌ڕوی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی بوونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌ ، وته‌یه‌كی ڕۆمان نووس ( شێرزاد حه‌سه‌ن) م كه‌وته‌وه‌ یاد ، كه‌ ده‌ڵێت( بینه‌ری كوردزۆر شه‌رمنه‌ ، به‌دیار فلیمێكه‌وه‌ داده‌نیشێت هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌مووی كوشتن و بڕین و خوێنڕشتنه‌، به‌تامه‌زرۆییه‌وه‌ لێی ده‌ڕوانێ و ستایشی كوڕه‌ ئازاكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌كۆتا گرته‌ی فیلمه‌كه‌ كوڕو كچه‌كه‌ باوه‌ش ده‌كه‌ن به‌یه‌كدا و ده‌م ده‌خه‌نه‌ناوده‌می یه‌كتره‌وه‌، هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ سه‌ر داده‌خه‌ن و شه‌رم ده‌كه‌ن لێیان بڕوانن، جا ئه‌وه‌یه‌ بینه‌ری كوردی و بۆیه‌ ده‌ڵێم شه‌رمنه‌) (7)

هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی ، وه‌ك كه‌سێكی ئاسایی زۆر حه‌زی له‌مۆسیقا و گۆرانی و  ، گۆرانبێژانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی  و هونه‌رمه‌ندانی وڵاتانی دراوسێ وه‌ك ( عه‌ره‌ب و تورك و فارس)  كردووه‌ و چێژی هونه‌ریی له‌ڕووی مۆسیقا و ده‌نگ و ئه‌دای ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ وه‌رگرتووه‌، له‌هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی زۆر حه‌زی به‌ ده‌نگی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی مه‌ردان) ، ( فه‌تانه‌وه‌ی وه‌لیدی ) و ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) كه‌له‌لای خۆیه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كی به‌ مامۆستای به‌سته‌ داناوه‌، له‌ هونه‌رمه‌ندانی تورك ( نوری سازگیرساز  و جه‌لال گوزه‌ل سه‌س ، ناسراو به‌ جه‌لال به‌گی دیاربه‌كری ) و له‌هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب ( محه‌مه‌د گوبانچی ، محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب و كه‌لپوم ) ، له‌دیمانه‌یه‌كدا خودی هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت ( ئه‌وه‌ی پێی بوترێت گۆرانی من حه‌زی لێ ئه‌كه‌م) (8)

هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر عوسمان شارباژێڕی له‌ بواری نوسین دا ..!

وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا ، عوسمان شارباژێڕی جگه‌ له‌و هه‌سته‌ هونه‌رییه‌ی هه‌یبووه‌ ، خاوه‌نی خامه‌یه‌كی به‌بڕشت  و خه‌مخۆری ئه‌ده‌ب و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه‌ ، جیا له‌نامیلكه‌ شیعرییه‌كانی  و ئه‌و بابه‌ته‌ هونه‌ری و ئه‌ده‌بییانه‌ی له‌ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا بڵاوكردۆته‌وه‌ ، چه‌ند كتێبێكی به‌چاپ گه‌یاندووه‌ ،كه‌هه‌ریه‌كه‌یان ده‌توانرێت سوودی زۆری لێوربگیرێت  وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی درووست ، به‌رهه‌مه‌ چاپكراوه‌كانی  هونه‌رمه‌ند :

1/ دیاری یادگار ، هۆنراوه‌ ساڵی (1962)

2/ ئه‌ستێره‌ی به‌یان ، هۆنراوه‌ ساڵی (1969)

3/ كاروان  ، هۆنراوه‌  ساڵی  (1969)

4/ هه‌زار و یه‌ك په‌ند ، په‌ندی گه‌لان  ساڵی (1969)

5/ لێدوانێكی كورت له‌مۆسیقا و مه‌قامی كوردی ، توێژینه‌وه‌ ساڵی (1972)

6/به‌سته‌و مه‌قام و كۆمه‌ڵێك گۆرانیبێژ ، ساڵی (1979) ، نووسه‌ر له‌ پێشه‌كی  كتێبی به‌سته‌و مه‌قام ، سه‌باره‌ت به‌گۆرانی نوسیویه‌تی ( گۆرانیی بریتیه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ نه‌غمه‌یه‌ك كه‌له‌سه‌ر بناغه‌ی پله‌و په‌رده‌ی ده‌نگی پێك دێ و خراوه‌ته‌ قاڵبی ئاوازێكه‌وه‌ ، یا چه‌ند ئاوازێكه‌وه‌ كه‌ گۆینده‌ی شاره‌زا ئه‌توانێ به‌هۆی ده‌نگی و هونه‌رمه‌ندی یه‌وه‌ كاربكاته‌ سه‌ر دڵ و مێشك و ده‌روونی گوێگر ) جیا له‌پێشه‌كی نووسه‌ر كورته‌یه‌ك له‌ژیاننامه‌ی (24) هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌مانی ، له‌گه‌ڵ یه‌ك دوو له‌تێكستی گۆرانییه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی تێدا خستۆته‌ ڕوو.

7/ گه‌وهه‌رێ ، گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌ت ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) ساڵی (1982) ، ئه‌م كتێبه‌ به‌ناوی یه‌كێك له‌شاكاره‌ به‌رزه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كه‌وه‌ ناوی ناوه‌ و ژیان و گوزه‌ران و به‌رهه‌مه‌كانی زیره‌كی نه‌مری خستۆته‌ به‌ردییه‌ی هه‌واداران و هۆگرانی ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ، ئه‌م كتێبه‌ ده‌توانرێت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ له‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی زیره‌كی نه‌مر لێی بڕوانرێت.

8/گه‌نجینه‌ی گۆرانی كوردی ساڵی ( 1985)  به‌یه‌كێك له‌ كتێبه‌ به‌نرخه‌كانی گۆرانی و مه‌قامی كوردی ، كه‌نووسه‌ر زۆر شاره‌زایانه‌ و ووردبینانه‌ ئه‌و كتێبه‌ی نوسیوه‌ و به‌م كتێبه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ی خزمه‌تێكی گه‌وره‌و به‌رچاوی به‌كتێبخانه‌ی كوردی كردووه‌ .

9/ كوردنامه‌  ، هۆنراوه‌  ساڵی (2006)

10/ دڵ و ده‌وڵه‌ت ، هۆنراوه‌ ساڵی ( 2011)

33

نوسینه‌ بایه‌خداره‌كانی هونه‌رمه‌ند له‌ گۆڤارو ڕۆژنامه‌‌كاندا ..!

1/ گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێ و مۆسیقا له‌په‌ندی پێشینانی كوردیدا، ژماره‌(54) گۆڤاری به‌یان ، ئاداری ساڵی (1979)  ، لاپه‌ڕه‌ ( 49) .

2/ ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ، باسێك له‌سه‌ر ژیان و به‌ر‌هه‌مه‌كانی  هونه‌رمه‌ند ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ، ژماره‌ ( 57) ی گۆڤاری به‌یان ، تشرینی یه‌كه‌می ساڵی (1979) ، لاپه‌ڕه‌ ( 48).

3/ كاروانی مۆزیك و گۆرانی له‌شاری سلێمانی  له‌ساڵی ( 1784 تا 1984) ، ژماره‌ ( 106) ی گۆڤاری به‌یان ، ساڵی (1985)

4/ مێژووی كۆن و نوێی گۆرانی و موزیكی كوردی ، ژماره‌ (52) ی گۆڤاری ( ڕامان) لاپه‌ڕه‌ ( 57).

5/ زمانی کوردیی زمانێکی زیندوو زمانێكی سەربەخۆیە لەڕۆژگاری کۆنارادا لەزمانی ئینگلیزیی کەمتر نەبووە ، ڕۆژنامه‌ی  ( برایه‌تی ) به‌دووبه‌ش له‌ژماره‌ ( 2330) له‌ (14/5/1997) و ژماره‌ ( 2332) له‌ ( 19/5/1997)

خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت و هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و شاعیر ، جێی ده‌ستخۆشیی و به‌رزنرخاندنه‌، كه‌به‌هه‌وڵ و تێكۆشان و ماندووبونی له‌خه‌می هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و كتێبخانه‌ی كوردیدا بووه‌ و ، هه‌روه‌ها له‌ڕووی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ دڵسۆزێكی خاك و نیشتمان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و زمان وهونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی گه‌له‌كه‌ی بووه‌ ، دوو هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند كه‌ گه‌واهی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن ، كه‌ هونه‌رمه‌ند خۆی نه‌به‌ستۆته‌وه‌ به‌ته‌نها زێده‌كه‌یه‌وه‌ به‌ڵكو هه‌موو شاره‌كانی كوردستانی وه‌ك یه‌ك لێی ڕوانیوه‌ ، له‌م هۆنراوه‌یه‌دا باسی كچه‌ جوانه‌كانی كوردستان ده‌كات و ، به‌ئاوازێكی خۆش خوێندوویه‌تی  و ده‌ڵێت :

ئەوەی ئەڵێن جوانی یە وا لە سلێمانیە
خوایە ئاوەدانی کەیت شاری میهرەبانیە

تۆ کیژۆڵەی که‌رکوکی نازدارو ئێسك سووکی
گوڵاڵەی بەهاری دڵ هەمیشە وەك نۆ بووکی

بوکە جوان هەڵبژێرێ بڕۆ شاری هەولێرێ
کە دڵ جوان هەڵبژێرێ بڕۆ شاری هەولێرێ
جوانی وای تیا ئەبینیت کە چاو و دڵ ئەبوێرێ

یاری خۆم گەلێك جوانە کیژۆڵەی کوردستانە
بێریڤان لە دهۆکە شاڤاری بادینانە

خانەقین لە بیری ناکەم یاری خۆم زویر ناکەم
کیژی کورد هەموو جوانن لە خۆمیان دڵگیر ناکەم

له‌هۆنراوه‌یه‌كی تردا به‌ناوی  ( بولبوله‌كانی باخی گۆرانی)  له‌م هۆنراوه‌یه‌دا هونه‌رمه‌ند هه‌موو ناوی ئه‌ماره‌ته‌كان و مه‌قامه‌ كوردییه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی وه‌ك ( لاوك و قه‌تار و حه‌یران و ئه‌ڵڵاوه‌یسی  ،،،،،تاد ) و هه‌روه‌ها ناوی زۆرینه‌ی دنگبێژان و خۆشخوانانی كوردی به‌هۆنراوه‌ هۆنیوه‌ته‌وه‌ و  نوسیویه‌تی :

بۆ ( سۆ ) و ( كروز ) و (ئه‌ویین)و (ئێشان)

نركه‌ی ناوناخی (باستان) و ( پێشان)

فرمێسكی چاوی (دۆتمیر) ی ساسان

هه‌نسكی كۆرپه‌و كسپه‌ی( كه‌ساسان)

قرییوه‌ قووله‌ی گه‌ورانی (گۆران)

ده‌نگی هه‌وهه‌وی سوارانی(سۆران)

زه‌مزه‌مه‌و زامی(بابان)و (بۆتان)

ده‌نگی دلێری ئاری دێی ئالان

ڕازی(سان)و(خان)(مسكین) و(سه‌پان)

(كام) و (كه‌سه‌ر)و(كورین )و ( كۆڤان)

له‌ناو (لاوك) و (به‌یت) و(حه‌یران) دان

له‌ناو (هۆنراوه‌) و ( هه‌وا )و (داستان) دان

(لاوك) دڵداریی و هه‌م دلێری یه‌ (8)

له‌به‌ر زۆریی هۆنراوه‌كه‌  ته‌نها ئه‌و چه‌ند دێڕه‌م داناوه‌ .

هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی،  له‌ساڵی (1985) شوێنی نیشته‌جێ بوونی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی له‌شاری سلێمانی یه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ كاری هونه‌ری و نوسین و گه‌ڕان به‌داوی مێژووی مۆسیقا و گۆرانی و مه‌قامی كوردیدا ، بۆبژێوی ژیانی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی له‌شاری هه‌ولێر دوكانێكی زه‌ڕنگه‌ر ده‌كاته‌وه‌، درێژه‌ به‌و كاره‌ی ده‌دات ، تا ساڵی (2007) له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی كوردستان به‌جێ دێڵن و سه‌ره‌تا ڕووده‌كه‌نه‌ ولایه‌تی ( فیرجینیا) له‌وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ماوه‌ی ( 4) چوار مانگ له‌وێ ده‌مێننه‌وه‌، دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ هه‌وار ده‌گوێزنه‌وه‌و ڕوو ده‌كه‌نه‌ وڵاتی ( كه‌نه‌دا) له‌شاری (هاملتن) نیشته‌جێ ده‌بن و ئیقامه‌ی وڵاتی كه‌ندا وه‌رده‌گرن.

وونبوون و بێسه‌ر شوێن بوونی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی ..؟؟!

 له‌كاتی نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌سه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر وشاعیره‌ دڵسۆزه‌ بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی كه‌ زیاتر له‌نیوه‌ی ته‌مه‌نی پێ به‌خشیوه‌ ، هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی ، ماوه‌ی (10) ساڵه‌  وونه‌و هیچ سۆراخێكی نییه‌ ؟؟ له‌وڵاتێكی وه‌ك ( كه‌نه‌دا) جێی سه‌رسوڕمانه‌ كه‌ تائێستا هیچ هه‌واڵێك به‌بوون یان نه‌بوون له‌و هونه‌رمه‌نده‌ نییه‌ ، ده‌كرێت ئه‌وه‌ش بڵێم حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی هه‌رێم و سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران له‌ولایه‌نه‌وه‌ كه‌مته‌رخه‌من و پێویست بوو له‌ڕێی كونسولگه‌ری وڵاتی كه‌نه‌دا وه‌ به‌دواداچوون و سۆراخێكیان بۆ بكردایه‌ چونكه‌ ده‌هێنێ گه‌ڕان و به‌دواداچوونی بۆبكرێت،

بۆبه‌ده‌ستهێنانی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر دیارنه‌مانی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی ، هانام برده‌ به‌ر كاك( مه‌هدی شارباژێڕی ) برازای هونه‌رمه‌ند و له‌زاری خاتوو (په‌یمان) ی ئامۆزای ، كچی هونه‌رمه‌ندعوسمان شارباژێڕی ،  به‌وشێوه‌یه‌ دوا (   له‌ڕێكه‌وتی  19/10/2011  ده‌بوو سه‌ردانی پزیشك بكه‌ین من و باوكم و دایكم ، به‌یانی زوو هه‌ستاین ، له‌قاتی پێنجی شوقه‌یه‌ك ده‌ژیاین، من له‌ خواره‌وه‌ چاوه‌ڕێی دایك و باوكم بووم ، كاتێك دایكم هاته‌ خواره‌وه‌ و لێم پرسی ئه‌ی كوا باوكم ، دایكم وتی نه‌له‌ژووره‌كه‌ی خۆی بوو ، نه‌ له‌سه‌ره‌وه‌یه‌‌..! منیش وتم له‌وانه‌یه‌ پێش ئێمه‌ رۆیشتبێت ، چونكه‌ باوكم حه‌زی لێبوو به‌ ( پاص) بڕوات و له‌وانه‌یه‌ ئێستا لای پزیشكه‌كه‌ بێت ، كاتێك چووینه‌ لای پزیشك ڕوانیمان له‌وێش نه‌بوو...؟!  له‌و ڕێكه‌وته‌وه‌ باوكم بێسه‌ر وشوێنه‌و هیچ زانیارییه‌ك نییه‌ كه‌ چی به‌سه‌ردا هاتووه‌..؟) (9)

جێی نیگه‌رانییه‌ كه‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵه‌ له‌وڵاتێكی پێشكه‌وتووی وه‌ك كه‌نه‌دا ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ بێسه‌رو شوێنه‌و تائێستا هیچ هۆكارێك نییه‌ تابیسه‌لمێنی له‌ژیاندا ماوه‌ یان به‌هه‌ر ڕووداوێك بووبێت كۆچی دوایی كردووه‌..؟

سڵاو و ڕێزو حورمه‌ت بۆمێژووی لێوانلێو له‌ هونه‌ر و هۆنراوه‌ و نوسین و توێژینه‌وه‌كانی هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی  و به‌وهیوایه‌ی كه‌له‌ژیاندا مابێت و هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ر له‌به‌رده‌وامی ژیانی ببیسترێت، له‌یاده‌وه‌ریی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ پڕ پیت به‌ره‌كه‌ته‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌بی كوردی،هونه‌رمه‌ند عوسمان شارباژێڕی بێنه‌مه‌ به‌ر دییه‌ی ئێوه‌ی خوێنه‌ری خۆشه‌ویست ، به‌داخه‌وه‌ زۆر گه‌ڕام سه‌رچاوه‌كه‌یم ده‌ست نه‌كه‌وته‌وه‌، ئه‌ویش یاده‌وه‌رییه‌كی خۆشیی هونه‌رمه‌نده‌ كه‌ له‌ زمانی خۆیه‌وه‌ بیستراوه‌  و  وتویه‌تی ( من كه‌سێكی ئیماندار و خواپه‌رست و ڕوو له‌مزگه‌وت بووم ، سه‌رم بڕۆشتایه‌ نوێژم نه‌ده‌چوو،له‌سه‌ر ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ ڕۆژێك نه‌بوو یه‌كێك بچێته‌ لای باوكم و پێی بڵێ خوا لێتی نه‌سێنێ بۆ كوڕێك هه‌ته‌، نوێژكه‌ر و ڕۆژوو گر و خواپه‌رست ، بۆ نه‌گبه‌تی من ئێواره‌یه‌ك له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌ك  باده‌م نۆشیی ، بۆئه‌م كرداره‌م سه‌د كه‌س پۆسته‌چی بوو بۆ لای باوكم و ئه‌و هه‌واڵه‌یان پێ ڕاگه‌یاند...!)

‌بابه‌ته‌كه‌ به‌وته‌یه‌كی خودی هونه‌رمه‌ند سه‌باره‌ت به‌خه‌سڵه‌ته‌كانی كه‌سیی هونه‌رمه‌ند ده‌بێ چۆن بێ ، دێنم ( هونه‌رمه‌ند ده‌بێ ده‌م پاك و ده‌ست پاك ، ڕقی له‌خۆده‌رخستن بێ، هونه‌ره‌كه‌ی بۆ مه‌به‌ستی خۆی نه‌بێ  و ، خۆبه‌ زل نه‌زانێ و كرداری  له‌ قسه‌ خۆشه‌ویستربێ) (9)

جه‌مالی ده‌لاك 27/9/2021

سه‌رچاوه‌ : (1 و 6 و 10) په‌لكه‌ زێرینه‌ ..دیدار له‌گه‌ڵ عوسمان شارباژێڕی ،، دیداری فایه‌ق عومه‌ر تۆفیق، ڕۆژنامه‌ی ژین ، ژماره‌ (138) له‌ ( 29/11/1973)

(2) كۆمێنتی ( ئاسۆ قادر ئه‌مین ) له‌سه‌ر بابه‌تی (دەنگێکی ڕەسەن و قەڵەمێکی درەوشاوە لەشارباژێڕەوە )  نوسینی به‌ڕێز (ته‌ها عومه‌ر) 25/8/2020 فه‌یسبوك
 

( 3 و 4 و 5)  كتێبی (به‌سته‌و مه‌قام و كۆمه‌ڵێك گۆرانیبێژ _ 1979 ،،  به‌شی یه‌كه‌م  ، عوسمان شارباژێڕی ، لاپه‌ڕه‌ ( 32 و 38)

(6) ئه‌كاونتی فه‌یسبوك ، به‌ڕێز هاشم جه‌باری  ، ته‌مووزی 2016

(7) دیدارێكی كورتم له‌گه‌ڵ ڕۆمان نووس ( شێرزاد حه‌سه‌ن) ساڵی (1994)  تۆمارگای هه‌نسك ، شه‌قامی مه‌وله‌وی .

(8) كتێبی گه‌نجینه‌ی گۆرانی كوردی : عوسمان شارباژێڕی  ...لاپه‌ڕه‌ 414

(9) پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ برازای هونه‌رمه‌ند به‌ڕێز ( مه‌هدی عه‌لی ) ناسراو به‌ (مه‌هدی شارباژێڕی) له‌ڕێكه‌وتی (21/9/2021) ، ناوبراو كاری ( كاره‌بایی ئۆتۆمبێل) ده‌كات له‌نزیك مزگه‌وتی ( قازی محه‌مه‌د _ شاری سلێمانی) .

سوپاس و پێزانینم بۆ هه‌ردوو به‌ڕێز (ته‌ها عومه‌ر_ نووسه‌ر و هونه‌ردۆست ) و  كاك ( مه‌هدی شارباژێڕی ) سوودم لێوه‌رگرتن بۆ نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌.

 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.