Erbil 11°C شەممە 28 کانونی یەکەم 10:38

 هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان موزیکژه‌ن و ئاواز دانه‌ر و گۆرانیبێژ

( 1938 _ 7/6/2014)  
کوردستان TV
100%

بێ ئومێدی كه‌وته‌ دڵی غه‌مناكم
سامناكی پۆشی ڕۆژی ڕووناكم
ته‌نها گوڵێك بووی، هیواو مه‌به‌ستم
به‌ڵام به‌بێ بۆن ده‌رچوو له‌ده‌ستم...

شاری كه‌ركوك ، چه‌ند به‌شارێكی ئابووریی له‌جیهان و ناوچه‌كه‌و كوردستان  دا گرنگ وناسراوه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ش له‌ڕوویی مێژوو و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ر و گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخی به‌سته‌ و مه‌قامات و زێدی هونه‌رمه‌ندانی به‌توانا و لێهاتووی گه‌له‌كه‌مانه‌.هه‌رهونه‌رمه‌ندێكی گۆرانیبێژ خاوه‌نی شێوازێكی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی له‌گۆرانی خوێندندا، به‌وشێوازو ستایله‌دا ده‌ناسرێته‌وه‌و هونه‌ره‌كه‌ی به‌ گوێگر و هۆگرانی موزیك و گۆرانی ئاشنا ده‌بێت.خامه‌ی نوسینم ده‌خه‌مه‌ سه‌ر یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ گۆرانیبێژ و موزیكژه‌ن و ئاوازدانه‌ره‌، خاوه‌نی چه‌ندین گۆرانی و ئاوازه‌ ، به‌ڵام یه‌كێك له‌گۆرانییه‌كانی بۆته‌ پێشه‌نگ بۆ ناسنامه‌ی هونه‌رمه‌ند، ئه‌ویش گۆرانی ( بێ ئومێدی ) یه‌ خۆشترین گۆرانی سه رده‌می خۆی بوو  وه‌ئێستاش به‌هه‌ست و نه‌ستی زۆرینه‌مان ئاشنایه‌، هونه‌رمه‌ند  قادر مه‌ردان ، حه‌زو خولیایه‌كی زۆری بۆ هونه‌ری موزیك و گۆرانی  هه‌بووه‌، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی هه‌نگاوی  بۆ ئه‌و دنیافراوانه‌ی هونه‌ر هه‌ڵگرتووه‌، سەردەمی هونەرمەندانی بەناوبانگی كورد ( عه‌لی مه‌ردان ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، شەماڵ سائیب، كەریم كابان،  محه‌مه‌دی ماملێ ، حه‌مه‌ ساڵه‌ح دیلان ، تایەر تۆفیق ، فواد ئەحمەد، ره‌سوڵ گه‌ردی ، مشكۆ، محه‌مه‌د عارف جزیری ، نه‌سرین شیروان ، حه‌سه‌ن جزیری و سه‌لاح داوده، خوداداد عه‌لی  و ...تاد ‌) بووه‌ كه‌ هونه‌ره‌كه‌یان ڕۆژانه‌ له‌ڕێی ڕادیۆی كوردی به‌غداوه‌ وه‌ك شنه‌ی شه‌ماڵ ده‌دران  به‌گوێی بیسه‌ران دا ، هونه‌رمه‌ند هاوكات و هاوزه‌مانی ئه‌و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ ژیاوەو گۆرانی وتووە.
بەهۆی ئه‌و نازناوه‌ی كه‌هه‌یبووه‌ ( مه‌ردان ) و نزیكی ناوەكەیەوە له‌لای زۆركه‌س  وا وێناكراوه‌ كه‌ برای مامۆستای به‌سته‌و مه‌قامی كوردی هونه‌رمه‌ند ( عەلی مەردان ) ه‌، هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان له‌دیدارێكدا ده‌لێت ( مه‌ردان ناوی باوكمه‌ ، نه‌ نازناوه‌ و  وه‌ نه‌عه‌شیره‌ت، زۆر كه‌س ده‌زانێت كه‌ ( عه‌لی مه‌ردان) برامه‌ یان له‌یه‌ك تایه‌فه‌ین)  ،ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندخەڵكی شاری كه‌ركوك بوون .

11

 هونه‌رمه‌ند  قادر مه‌ردان  كێیه‌؟

عه‌بدولقادر مه‌ردان قادر ، به‌  ( قادر مه‌ردان )  له‌ دنیای  هونه‌رداناسراوه‌ ، له‌ساڵی ( 1938) له‌گه‌ڕه‌كی ( پریادی) شاری كه‌ركوك چاوی به‌تاڵ و شیریینه‌كانی ژیان هه‌ڵهێناوه‌، له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌و كات قوتابی بووه‌ ، گۆرانی و سرووده نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی خوێندووه‌، تا  ته‌مه‌نی  ( 18) ساڵی ، واته‌ ساڵی (1956) شاره‌زاییه‌كی باش له‌ گۆرانی و مه‌قامه‌كاندا په‌یدا ده‌كات و، ڕوو ده‌كاته‌ به‌شی كوردی له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا ،یه‌كه‌م به‌ر‌هه‌می هونه‌ری  تۆمارده‌كات به‌ناوی  ( وه‌ره‌ وه‌ره‌ گوڵبه‌هار) ئه‌م گۆرانییه‌ له‌هۆنراوه‌و ئاوازی خۆی بووه‌.(*1)
له‌ساڵی (1959 بۆ 1960) هونه‌رمه‌ند خوێندنی ( ئه‌كادیمیای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی به‌غدا ) ته‌واو ده‌كات و بڕوانامه‌  له‌به‌شی ئامێری ( ڤیۆلۆن) به‌ده‌ست دێنێـت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاری كه‌ركوك.

له‌ساڵی (1958) له‌شاره‌ دێرینه‌كه‌ی كه‌ركوك به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی كۆمه‌ڵیك هونه‌رمه‌ندی دڵسۆز تیپێكی مۆسیقا داده‌مه‌زێت ، به‌ناوی ( تیپی مۆسیقای سۆلاڤ) ، هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان یه‌كێك ده‌بێت له‌ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( ڕه‌مه‌زان زامدار ، عه‌بدولئیلا محێدین محه‌مه‌د، سه‌لاح عه‌باس ، شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و عه‌لی عه‌زیز) ئه‌م تیپه‌ مۆسیقییه‌ له‌شاری كه‌ركوك ڕۆڵێكی به‌رچاو و گرنگی هه‌بووه‌ له‌ پێشخستنی هونه‌ری موزیك و گۆرانی.

22

( تیپی مۆسیقای سۆلاڤ، هه‌رله‌یه‌كه‌م ڕۆژی دامه‌زراندنییه‌وه‌چالاكیمان به‌رده‌وام بووه‌، ئاهه‌نگه‌كانی بۆنه‌كان له‌ناو شاری كه‌ركوك و ئاهه‌نگی ده‌یان هه‌زار كه‌سیی ، كه‌به‌بۆنه‌ی ڕێكه‌وتننامه‌ی (11) ی ئاداری ساڵی (1970) له‌گوندی ( حه‌سار) ی سه‌ربه‌ناوچه‌ی (شوان) ئێمه‌بووین سازمانكرد، هه‌روه‌ها له‌ به‌غدا وه‌ك تیپی مۆسیقای سۆلاڤ ئاهه‌نگی  ( نه‌ورۆز) مان له‌هۆڵی ( خولد) سازكرد، هونه‌رمه‌ند ( وریا ئه‌حمه‌د ، ئامێری جومبوش) و هونه‌رمه‌ند ( زاهیر محه‌مه‌د، به‌ئامێری  كه‌مان ) هاوكارمان بوون ، هه‌روه‌كو تیپی مۆسیقای سۆلاڤ ئاهه‌نگێكی ترمان به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆز له‌ هۆڵی زانكۆی ( موسته‌نسریه‌) له‌به‌غدا سازكرد ) (*2)

سه‌باره‌ت به‌و ئاهه‌نگه‌ی گوندی حه‌سار كه‌ ئاهه‌نگێكی چه‌ند گه‌وره‌ بووه‌ بۆ ئه‌و ڕێكه‌وتننامه‌ مێژووییه‌ ، هونه‌رمه‌ند ( وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د ) ده‌ڵیت : ( گه‌وره‌ترین ئاهه‌نگییان سازكرد به‌هه‌زاران كه‌س له‌وێ كۆببوونه‌وه‌،ئه‌و شایه‌دیه‌و گه‌واهییه‌ ده‌ده‌ن ، له‌ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای سۆلاڤ ، جگه‌ له‌ ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید _ كلارنێت) ، ( محه‌مه‌د ڕه‌زا _ عود ) ، ( عه‌لی عه‌زیز_ شمشاڵ) ،( قادر مه‌ردان _كه‌مان‌) ، ( عه‌بدولئیلا محێدین_ كه‌مان ) ده‌ژه‌نی ، له‌چالاكییه‌ دیاره‌كانی تیپی مۆسیقای سۆلاڤ ، ئه‌وه‌بوو كه‌یه‌كه‌م ئاهه‌نگی گۆرانی و مۆسیقا له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك پێشكه‌شكرا له‌لایه‌ن تیپی ( سۆلاڤ) ه‌وه‌ ڕێكخراو به‌رهه‌م هێنرا)(*3)

هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان له‌ناو تیپی مۆسیقای سۆلاڤ و هه‌روه‌ها ئه‌ندامێكی كارای تیپی مۆسیقای كه‌ركوك یش بووه‌ ،  هونه‌رمه‌ند له‌هه‌ردوو تیپی مۆسیقادا ڕۆڵیكی به‌رچاو  و كاریگه‌ر و دره‌وشاوه‌ ده‌بینێت له‌سه‌ر ڕه‌وتی هونه‌ری موزیك و گۆرانی و ، هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ر شانییه‌تی وه‌ك مامۆستای هونه‌ر ، له‌ژیانی مامۆستاییدا هونه‌رمه‌ند قوتابییه‌كی زۆری فێره‌ هونه‌ری مۆسیقا كردووه‌ ، قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ریی بووه‌ تاناوه‌ڕاستی ساڵانی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ پێوه‌ندیم كرد به‌ یه‌كێك له‌قوتابیه‌كانی هونه‌رمه‌ند، ئه‌مرۆ  مامۆستا و هونه‌رمه‌ندێكی به‌تواناو لێهاتووی بواری مۆسیقایه‌ و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی جێی شانازین، ڕاو بۆچوونی له‌سه‌ر مامۆستاكه‌ی ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ( چالاك صدیق) ه‌ ده‌ڵێت:

(من یەكێك بووم لەخوێندكارەكانی مامۆستا قادر مەردان نزیكەی ساڵێك لە ساڵی ١٩٨٢وانەكانی سەرەتای فێربوونی (كەمان ڤایۆلین ) لای مامۆستا قادر مەردانی ڕەحمەتی خوێند بەو هۆیەوە بەبێ دوو دڵی لەپەیمانگای هونەرەجوانەكانی موسڵ وەرگیرام. پارچەیەك مۆسیقای بەنۆتە پێ لەبەركردم كەلەو كتێبەی لای بەڕێزی دەرسم لەسەر ئەخوێند هی مامۆستا( ولیەم یوحنا) بوو بە ناوی ( شیرین ) بۆ چاوپێكەوتنەكەی پەیمانگا بەو هۆیەوە دووەم ناو بووم كە فەزڵەكەی ئەگەڕێتەوەبۆ مامۆستا قادر مەردانی خۆشەویست كە من قەت لەیادی ناكەم . دیارە مامۆستا قادر مەردان هونەرەكەی تەنیا گۆرانی ووتن نیە بەڵكو ژەنیارێكی باشی ئامێری كەمانچەو عود بوو لەدامەزرێنەرەكانی تیپی مۆسیقای سۆلاف بوو كەدواتر ئەو تیپە بووتیپی تەلەفزیۆنی كەركوك كەبەدەست وپەنجەی خۆی و هاوڕێكانی دەیان گۆرانی جوانییان بۆ هونه‌رمه‌ندان وەكو ( ئێمە گیانێكین _ ئیبراهیم خه‌یات) و( بەهاری عومرم_ سه‌لاح ڕه‌شید) و ( گەلاوێژە گوڵی شۆخی _ محه‌مه‌د حه‌سه‌ن) و (عەشقی ئێمەو _ عه‌لی زه‌نگه‌نه‌) و  دەیان گۆرانی وپارچە مۆسیقای جوان لەوێ تۆمار كرا. دووەم وەكو گۆرانی بێژ خاوەنی (36) گۆرانییه‌  لەناویانا ( بێ ئومێدی- دوێنێ بەیانی - لەشكرین بۆ نیشتمان - هەرتۆم هەبوو من دات بنێم بەهیوا ) و دەیان گۆرانی تر، سێیەم خەسڵەت ئاوازدانان، دیارە ئەم گۆرانییانەی من باسم كردو ئەوانەی كەناویشمان نەهێنان لەگەڵ ئاوازی گۆرانی بۆكۆمەڵێ هونەرمەندی دیكە. چوارەم وەكو مامۆستای سرودو گۆرانی دیارە چەندین لەنەوەی ساڵانی  ( شه‌ست و حه‌فتا و هه‌شتاكان ) ی سەدەی ڕابردوو قوتابی مامۆستا بوون كە دایم بەخۆیی و عودەكەیەوە لەقوتابخانەكانی شاری كەركوك وانەی سروودیان خوێندووەو هەردەیگێڕنەوە كەچۆن چێژیان لێ بینیوە . پێنجەمین خاڵ فێركردنی ئامێری مۆسیقا وەكو ئاماژەم پێ كرد من خۆم یەكێك لە قوتابییه‌كانی مامۆستا دیارە دەیان كەسی دیكەش بەهەمان شێوە هەیە بەڵام چەند لەوانە بەردەوام بوون) (*4)

44

هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان جیا له‌ هونه‌ری گۆرانیبێژی شاره‌زاییه‌كی باشیی هه‌بووه‌ له‌ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا وه‌ك ( ڤیۆلۆن، عود ، جومبوش و ساز) وه‌هه‌روه‌ها ئاواز دانه‌رێكی به‌تواناش بووه‌ و نزیكه‌ی (30) ئاوازی داناوه‌و داویه‌تی به‌هونه‌رمه‌ندان وه‌ك ( عه‌لی عه‌زیز و ئیسماعیل كوێستانی) ، به‌هره‌یه‌كی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند هه‌ندێك له‌ گۆرانییه‌كانی هۆنراوه‌ی خۆی بووه‌  و ، هۆنراوه‌ی گه‌لێك شاعیریشی ئاوازی له‌سه‌ر داناوه‌و خوێندوویه‌تی وه‌ك ( ڕه‌مه‌زان زامدار ، عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج ، جه‌مال شارباژێڕی و دكتۆر مسته‌فا زه‌نگه‌نه‌ )

یه‌كێك‌ له‌گۆرانیه‌ خۆشه‌كانی هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان ، ئه‌و گۆرانیه‌ له‌تێكستی شاعیر و نووسه‌ری به‌توانا  و خاوه‌ن خامه‌ی به‌بڕشت به‌ڕێز (  د. مسته‌فا زه‌نگه‌نه‌) یه‌، و ئاوازی هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردانه‌ ، ئه‌و گۆرانییه‌ كاره‌ساتێكی تراژیدی له‌پشته‌وه‌یه‌ و لای گوێگر به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان جێی گرتووه‌ بۆته‌ یاده‌وه‌رییه‌ك له‌هه‌ستی عاشقان و خه‌ڵكی ئاساییدا.
دكتۆر مسته‌فا زه‌نگه‌نه‌ ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ پڕئازاره‌ به‌سوێیه‌و توانا و لێهاتوویی هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان به‌و شێوه‌یه‌ بۆمان باس ده‌كات ( ساڵی (1968) بوو ، ده‌ ڕۆژێكی مابوو بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆریی قۆناغی پێنجی ئاماده‌یی،ئه‌و كات شه‌شی ئاماده‌یی له‌ئارادا نه‌بوو، به‌ده‌م وانه‌ خوێندنه‌وه‌ له‌ شه‌قامی سه‌ره‌كی ( كه‌ركوك _ سلێمانی) ملی ڕێگام گرتبوو، ده‌مخوێند تاوه‌كو نمره‌ی باش به‌ده‌ست بێنم و دڵی كه‌س و كار و ده‌سگیرانه‌ ماره‌بڕه‌كه‌م خۆش بكه‌م ، كه‌ (5) ساڵ بوو له‌دڵه‌وه‌ پێكه‌وه‌ یه‌كترمان خۆش ده‌ویست.

44

له‌دوور ڕا یه‌كێك به‌هه‌ڵه‌داوان هات ، ئه‌و كه‌سه‌ براده‌رێكی گیانی به‌گیانی و دراوسێی ساڵانێكی دوور بوو، به‌گریانه‌وه‌ وتی : فریاكه‌وه‌ ده‌سگیرانه‌كه‌ت سووتاوه‌ و بردیان بۆ نه‌خۆشخانه‌، منیش ئه‌و كات له‌تافی لاوییدا بووم ، كتێبه‌كه‌ی ده‌ستم فڕێ داو به‌پێی په‌تی و سه‌ری ڕووت به‌ڕاكردن و هاوار و ماڵوێرانی له‌گه‌ڵ خاڵه‌ ( حه‌مه‌ ئه‌مین)  ماوه‌ی سێ چاره‌كه‌ سه‌عات گه‌یشتینه‌ نه‌خۆشخانه‌، رۆژی حه‌شر له‌وێ بوو، چوومه‌ دیار سه‌ری چیم بینی ؟!

گوڵێك هه‌ڵكڕووزاوه‌، دۆخێك كه‌ ووشه‌ ناتوانێت وێنای بكات.

كچه‌ پێی وتم : گه‌رچی هه‌موو هیوایه‌كم دڵخۆش كردنی تۆ بوو ، به‌ڵام نزام بۆ بكه‌ تا بمرم ..!

وتم : خوانه‌كا بۆ ؟

وتی : بۆئه‌وه‌ی تۆ ژنێكی ڕووخسار سووتاو  و ناشیرینت نه‌بێ ، تۆ بۆ ئه‌و هه‌موو ته‌مه‌نه‌ت له‌ئازاردا بژیت؟

شه‌و داهات و مه‌لای به‌یانی بانگی دا ، پێی ووتم : ده‌م و چاوم داپۆشه‌ ، باتاوێك بنووم ، هه‌ست به‌ماندووبونێكی ڕۆحی ده‌كه‌م.

 پاش ده‌ خوله‌ك سه‌ریم هه‌ڵدایه‌وه‌ كه‌ بینیم چاوه‌كانی بۆ  هه‌تا هه‌تایی لێك ناوه‌ ، بۆ نیوه‌ڕۆ به‌خاك سپێردرا.

شه‌وی دوایی ئیتر دنیام لێ تاریك بوو ، له‌ناخه‌وه‌ داڕمام ، له‌سه‌رێكی جه‌نجاڵدا ، له‌هه‌ستێكی باڵكراودا ، له‌چاوێكی كوێرایی داهاتوودا ، به‌قه‌ڵه‌مێكی باڵشكاو چه‌ند ڕسته‌یه‌كم نووسیی و ناوم لێنا ( بێ ئومێدی)

هه‌رئه‌وشه‌وه‌ شیعره‌كه‌م دایه‌ ده‌ستی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ ، هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش مامۆستا ( قادر مه‌ردان) كه‌دیوار به‌دیوار دراوسێ بووین.

هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان ، نیوه‌ڕۆیه‌ك هاتوو  و ده‌عوه‌تی ماڵی خۆیانی كردم و به‌من و سه‌میره‌ خانی خێزانی ووت : دانیشن و گوێ له‌دوو ئاوازه‌ بۆ یه‌ك شیعر ڕاگرن ، بزانم كامیتان به‌دڵه‌؟!

چوو له‌به‌رامبه‌رمان دانیشت  و به‌ده‌نگی خۆیی و عوده‌كه‌ی گۆرانییه‌كه‌ی چڕی ، بڕوابكه‌ن قادرمه‌ردان فرمێسك له‌چاوانیدا خوڕه‌ی ده‌كرد، سه‌میره‌خان  چاوه‌كانی ببوون به‌ دوو  كانیی ، منیش چاوانم ببوون به‌كارێز ، له‌هه‌موومان خراپتر ئامێری عوده‌كه‌ بوو شیوه‌نی ده‌كرد...!

بڕوابكه‌ن گۆرانییه‌كه‌ ئه‌و كات به‌وشێوه‌ تراژیدیه‌ تۆماربكرایه‌ ، هه‌موو دنیای ده‌هه‌ژاند ، من و سه‌میره‌ خان ئاوازی یه‌كه‌ممان پێ كاریگه‌رتربوو، هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان ڕێزی له‌ڕای هه‌ردووكمان گرتوو ، هه‌رئه‌وه‌ش تۆماركرا.

گۆرانییه‌كه‌ ده‌نگی دایه‌وه‌ و منیش شاعیره‌ كوڕه‌ گه‌نجه‌كه ‌نه‌مده‌وێرا به‌كوچه‌و كۆڵان و بازاڕدا گوزه‌ر بكه‌م، خه‌ڵكی ده‌یانگوت ئه‌وه‌ ئه‌و كوڕه‌یه‌ ده‌سگیرانه‌كه‌ی سوتاوه‌و شیعری بێ ئومێدی بۆ نوسیوه‌) (*5)

 دوای ئه‌و ماوه‌ پڕ هه‌وراز و نشێوه‌ی ژیان و ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆره‌ی به‌ هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقای نه‌ته‌وه‌كه‌یی و ، ناهه‌واری باردۆخی وڵات  هونه‌رمه‌ند قادر مه‌ردان له‌ته‌ك خانه‌واده‌كه‌ی له‌ ساڵی (1999) ،وڵات به‌جێدێڵێ و ڕوو ده‌كاته‌ هه‌نده‌ران و له‌وڵاتی سوید نیشته‌جێ ده‌بێت، غه‌ریبی و دووره‌ وڵاتی بۆ هه‌موو مرۆڤێك ده‌ردێكی كوشنده‌و مردنێكی له‌سه‌ره‌ خۆیه‌ ، جا ئه‌گه‌ر كه‌سێكی هونه‌رمه‌ند بیت بێگومان كاریگه‌ریی زیاتر له‌سه‌ر هه‌ست و ڕۆحی داده‌نێت .

مه‌خابن له‌ڕۆژی هه‌ینی ڕێكه‌وتی ( 7/6/2014) هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نی ( 76) ساڵیدا، دوور له‌زێدو شاری كه‌ركوك و خاكی كوردستان  بۆ هه‌میشه‌ چاو لێك ده‌نێ و و ماڵئاوایی له‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و خانه‌واده‌و ئازیزانی كرد، ڕۆحی شاد و ئارام بێت .

77

جه‌مالی ده‌لاك  27/5/2021

سه‌رچاوه‌  : (*1) كتێبی ژیان و هونه‌ر ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی ( تاهیر كرمانج) لاپه‌ڕه‌ ( 163)  ، تاهیر كرمانج دیداری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( قادر مه‌ردان ) له‌ ڕێكه‌وتی 4/7/1990 ، له‌دوكانی هونه‌رمه‌ند و شاعیر ( ڕه‌مه‌زان زامدار ) له‌شاری كه‌ركوك.

(*2) گۆڤاری چلاواز ، ژماره‌ ( 33) تشرینی دووه‌می 2008 ، چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( عه‌بدولئیلا محێدین محه‌مه‌د) ، دیمانه‌ هونه‌رمه‌ند ( وریا ئه‌حمه‌د) لاپه‌ڕه‌ ( 23)

(*3) كتێبی گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان  ، باكووری  ، به‌شی دووه‌م ،لاپه‌ڕه‌ (203)

(*4) له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ،پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (چالاك صدیق)  له‌ڕێكه‌وتی  (8/6/2020)

(*5) یوتوب _ كوردماكس موزیك / به‌رنامه‌ی له‌یادمان (18/6/2019)

سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ به‌ڕێز ( هه‌ندرێن قادر مه‌ردان ) و ( هونه‌رمه‌ندان  مامۆستا چالاك صدیق و سیروان عومه‌ر) سه‌باره‌ت به‌وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو قادر مه‌ردان  ( ج ،د)

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.