له‌گه‌ڵ خۆرئاوابووندا، هونه‌رمه‌ندێك نغرۆ له هونه‌رێكی به‌سۆزو پڕ نه‌شئه‌و نه‌غمه‌ی ئارام ، له‌هه‌ست ناسكی و چێژبه‌خشی به‌ڕۆح و جه‌سته، هێدی هێدی و به‌بێ ده‌نگی خۆری هونه‌ری ئاوابوو، هه‌رچه‌نده بیر و هه‌ستی هه‌مووسات له پاوه‌و نه‌وسود و كرماشان و سنه بوو ، به‌ڵام به‌جه‌سته شه‌كه‌ت و هه‌میشه لێوڕیژ له خه‌م و په‌ژاره‌ی فه‌رامۆشیدا دڵه ناسكه‌كه‌ی لهئێوارهیهكی شاری سلێمانیدا ماڵئاوایی كرد...؟!
له‌دوای ئه‌و كاریگه‌ره به‌رفراوانه‌ی ڕادیۆی كوردی به‌غدا له‌باشووری كوردستان و، شه‌پۆله‌كانی ڕادیۆی كوردی به‌غدا سنووری باشووری تێپه‌ڕاندو كاریگه‌ری بێ وێنه‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵك و بیسه‌ران له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌گشتی و هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان و ڕۆشنبیران دانا، له‌سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو هاوتا له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ڕادیۆی كوردی له‌كرماشان ( 1962) هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه‌وه بۆوه كاریگه‌رییه‌كی بێ ئه‌ندازه‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵكی باشووری كوردستان هه‌بووه جه‌ماوه‌ر به‌ته‌واوی به‌رنامه‌كانی ڕادیۆی كرماشان ئاشنا بوون، له‌ڕێی ئه‌م ڕادیۆیه‌وه ( كرماشان) خزمه‌تێكی گه‌وره به‌فه‌رهه‌نگ كه‌لتوور و زمان و هونه‌ر و ئه‌ده‌بی كوردی كرا، به‌رده‌وام گوێگر و بیسه‌ری به‌ده‌نگی خۆشی هونه‌رمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئاشنا ده‌كرد هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ، مه‌زهه‌ری خالقی ، محه‌مه‌دی ماملێ ، ڕه‌زای سه‌قایی ، ئیسماعیلی مه‌سقه‌تی، عه‌لائه‌دینی باباشه‌هابی ،حیشمه‌ت لوڕنه‌ژاد، ئیسماعیلی پیرخدری ، سه‌عیدی قه‌ندی و سه‌یدمحه‌مه‌دی سه‌فایی ، حسێن ئه‌لبورزی وبرایانی زێ‌زێ و ....تاد) هاوتا له‌گه‌ڵ ده‌نگ و سۆزی چێژبه‌خشی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه دوو ده‌نگی ناسك و ئارام به‌خش ، زۆر به‌زوویی لهنێوههست و سۆزی بیسه‌راندا جێیان گرت و هه‌ركات ده‌نگی برایانی (سابوور )، ( فهیروزو ئیسماعیلی سابوور ) له‌ڕێی ڕادیۆی كرماشانه‌وه ده‌بیسترا ، بیسه‌ر و گوێگر به‌وپه‌ڕی چێژ‌و عهشهقهوه گوێیان له‌و دوو ده‌نگه ناسك و خۆشه ده‌گرت .
ئیسماعیلی سابوور هونه‌رمه‌ندێكی خۆڕسك و زاده‌ی ژینگه زهنوێرهكهی هه‌ورامانه ، له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنیه‌وه وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك تاكۆچی ناواده‌ی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كه‌یدا ده‌ژیا و بۆ هونه‌ر ژیا و هه‌رزان فرۆشی نهكردو به‌پیرۆزی و له‌لوتكه‌دا به‌جێیی هێشت، كۆڵی نه‌دا چ له‌ڕۆژهه‌ڵات و چ و له‌وكاته‌ی ڕووی كرده باشووری كوردستان ، درێژه‌ی به‌كاره هونه‌رییه‌كانی دا‌و ، به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی و به‌رهه‌مه نایابه‌كانی توانی هۆگرو هه‌وادارێكی زۆر له‌ده‌وری هونه‌ره‌كه‌ی كۆبكاته‌وه.
ئیسماعیل سابووری هونه‌رمه‌ند ،خاوه‌نی گه‌روویه‌كی جوان و پاراوی كوردی ، كه‌سایه‌تیه‌كی هێمن و بێ ده‌نگ ، ڕۆژێك له‌ڕۆژان ئازاری بۆ كه‌س نه‌بوو ، له‌كه‌سی نهدهپرسیی و ده‌نگی هه‌ڵنه‌ده‌بڕی و ، بڵێ من مافم به‌سه‌رتانه‌وه هه‌یه و گۆرانیتان بۆ ده‌خوێنم و هونه‌رتان پێشكه‌ش ده‌كه‌م ، نه‌خێر هیچ كات ئه‌و ڕاز و نیازه‌ی نه‌بوو ، لهسیماداكهسێكی ڕووخۆش و زمان و لوتف شیرین، به‌ڵام كێ ده‌یزانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده له‌ناخه‌وه له چ دۆخێكی هه‌ستیاردا ده‌ژی..! چ ئازارێك ده‌چێژێ به‌ده‌ست نابه‌رابه‌ری و سه‌ختی ژیانه‌وه، هونه‌رمه‌ندێك له هونه‌ردا له‌لوتكه و له‌بژێوی ژیاندا گیرفان سارد،به‌ڵام نه‌فس به‌رز و خۆڕاگر و هه‌موو كات بۆ به‌ره‌وپێشبردنی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌یڕوانی .
هونه‌رمه‌ند ئیسماعیل محه‌مه‌د ساڵح ، ناسراو به ( ئیسماعیل سابوور) له‌خانه‌واده‌یه‌كی ڕۆشنبیر و هونه‌رپه‌روه‌ر ، له‌مانگی (10 ی ساڵی 1957) له‌شاری پاوه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هه‌ورامانی ته‌خت چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه.له‌ناو خانه‌واده‌كه‌ی دا جگه له‌ئیسماعیل،برایه‌كی تری هه‌بووه به‌ناوی ( فهیروزسابوور ) ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند و ده‌نگخۆشێكی دیكه‌ی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌و له‌ڕێی هونهرهكهیهوهلهڕۆژههڵات و كوردستان به‌گشتی ناسراوه.
هونەرمەند ئیسماعیلی سابووری كاتێك هەستی كردووە كە دەنگی خۆشەو و توانای چڕینی گۆرانی هەیە و ئەو دەنگە بەسۆز و خۆشە خۆڕسكە نەشارێتەوە ، لەسەرەتای ساڵی (1970) هەنگاوی هەڵگرتووە بەرەو دنیای هونەری گۆرانی خوێندن ، بەهرەی دەنگخۆشییەكەی لەخانەوادەكەیی و دواتر ئەو ژینگەو كەلتوورە دەوڵەمەندەی ناوچەی هەورامان و كەڵهوڕ و كرماشانەوە سەرچاوەی گرتووە ، هونەرمەند ئیسماعیلی سابوور، ڕوودەكاتە رادیۆی كرماشان ، ئەو كات ڕادیۆی ناوبراو بەیەكێك لەڕادیۆ دەوڵەمەند و پر بیسەرەكان ناسراوبوو ،
برایانی سابوور ( فەیروز و ئیسماعیل ) دوو دەنگی لێوریژ لەسۆزو چێژی هونەری و دوو دەنگی ئارامبەخش بە جەستەو ڕووحی گوێگر ، لەڕێگەی ڕادیۆی كرماشانەوە لەپاڵ دەنگ و هونەری هونەرمەندە گەورەكانی نەتەوەكەمان ، ئەوانیش بەهەوڵ و كۆشش و توانای بەرزی هونەرییان توانیان خۆیان بناسێنن و دەنگە خۆشەكانیان هاوتەریب لەگەل دەنگە بەسۆزو خۆشەكەی هونەرمەند ( مەزهەری خالقی ) لەڕێی ڕادیۆی كرماشانەوە بگەیەننە بیسەر و سنوورە دەستكردەكان ببەزێنن و لەباشووری كوردستان هەوادارێكی زۆر بۆ هونه‌ره‌كه‌یان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، ده‌نگه نه‌رم ئارام بهخشهكهیان بەشەیدایانی هونەر و موزیك و گۆرانی كوردی ئاشنا بكەن . هونەرمەند ئیسماعیلی سابووری لەساڵی (1979) كۆلیژی هونەرە جوانەكان لەزانكۆی تاران تەواو كردووە ، بەهۆی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی كوردستانەوە هونەرمەند سابووری لەساڵی (2003) دێته باشووری كوردستان و ماوەی (15) ساڵ لەباشووری كوردستان ژیا و ماوەیه‌ك له‌شاری هه‌ولێر و دواتر لەشاری سلێمانی نیشتەجێ ده‌بێت،لەماوەی مانەوەی لەباشوور بەگشتی و شاری سلێمانی غوربەت و ژیانی دوور لەزێدو ئازیزانی نەبووە لەمپەر لەبەردەم كارە هونەرییەكانی و هەر زۆر زوو كەوتەوە سەر ڕێچكەی خزمەتكردن بە ئاواز‌و گۆرانی كوردی و چەندین كاری هونەری ئەنجامدا ، كاری هونەری لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی و هەموو تیپە مۆسیقییەكانی شاری سلێمانی و هه‌ولێر و لەماوەی ئەو (15) ساڵەدا هونەرمەند ئیسماعیلی سابوور بەشداری لەدەیان بەرنامەو پرۆگرامی كەناڵەئاسمانی و لۆكاڵیەكان و بۆنە كاندا كردووە ،هونەرمەند كەسێكی هێمن و دلساف و سادە و خاوەنی هونەرێكی بێ خەوش و خۆرسك بوو ، خاوەنی دەنگێكی بەسۆزو ئارامبەخش بوو ، لەماوەی ژیانی هونەریدا نزیكەی (105) گۆرانی بەدەنگە خۆشەكەی تۆماركردووە. نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر ( ئاراس فه‌تاح) سه‌باره‌ت به دنیا جوان و هونه‌ره ئارامه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند ئیسماعیلی سابوور نوسیویه‌تی
( جیهانی موزیكیی ئیسماعیل سابووری پڕاوپڕه له خۆشه‌ویستیی و جوانیی و حوزن. له مێژووی موزیكی ئێمه‌دا كه‌م هونه‌رمه‌ند هه‌یه وه‌ك سابووری به هونه‌ری حوزنه‌وه جوان بێت.
ده‌شێت پێویست نه‌كات بزانین ئه‌م هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه بۆچی مرد، به‌ڵام ده‌بێت زۆرینه‌مان ئه‌وه بزانین بۆچی ژیا. ژیانی ئه‌و به ده‌نگه نه‌رم و موزیكه‌كه‌ی مانا و به‌هایه‌كی قووڵی به خۆشه‌ویستیی و حوزن و جوانیی موزیك به‌خشیی. مردنی ئه‌م هونه‌رمه‌نده خه‌م و حوزنێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام له‌دوای كۆچی دوایی خۆی جوانییه‌كانی هونه‌ری حوزنی بۆ به‌جێهێشتین.
ئیسماعیلی سابووری سه‌ر به نه‌وه‌یه‌كه له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه فێریانكردین دانیشین و به هێمنیی گوێ له گۆرانیی بگرین، ڕێز له قووڵایی و جوانیی موزیك بگرین) (1) .
دوای درێژه‌دان به‌ژیانی تایبه‌تی و كاره هونه‌رییه‌كانی له‌شاری هه‌ولێر و سلێمانی ، هونه‌رمه‌ند به‌هۆی ئه‌وه‌ی خۆی كه‌سێكی نه‌رم و نیان و ڕێزی له خۆیی و هونه‌ره‌كه‌ی ده‌گرت ، له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا په‌یوه‌ندییه هونه‌رییه‌كانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نداندا رۆژبه‌ڕۆژ فراوانتر ده‌بوو ، خۆشه‌ویستی نێو هونه‌رمه‌ندان بوو ، كاتێك ده‌ت دوواند زۆر به‌حورمه‌ته‌وه باسی له هونه‌رمه‌ندانی پێش خۆیی و سه‌رده‌می خۆی ده‌كرد و ڕێزی بۆ داده‌نان، چه‌ند جارێك له‌نزیكه‌وه به‌دیداری شادبووم و به‌هه‌لم زانیووه له‌و دیدارانه‌دا ،دوواندوومهو پرسیارم ئاراسته كردووه سه‌باره‌ت به هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) ،
له‌مه‌راسیمی به‌خشینی خه‌ڵاتی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان(محه‌مه‌دی ماملێ ) به هونه‌رمه‌ند (ناسری ڕه‌زازی ) ، له(29/1/2014) پرسیارێكم ئاراسته كردسه‌باره‌ت به بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) به‌وهۆكاره‌ی كه كاك ئیسماعیلی هونه‌رمه‌ند له‌ڕادیۆ كرماشان‌دا بووه و به‌رهه‌می هونه‌ری تۆماركردووه ،
لێم پرسیی خوێندنه‌وه‌ی بۆ زیره‌كی نه‌مر چییه‌و ئایا له‌نزیكه به‌دیداری شاد بووه ، له‌وه‌ڵامدا به‌و ده‌نگه هێمن و هێدی یه‌وه وتی :
( به‌ڵێ له‌نزیكه‌وه دیومه و به‌خزمه‌تی گه‌یشتووم ، تازه هونه‌رمه‌ندێكی وه‌ك حه‌سه‌ن زیره‌كی پڕ به‌هره‌و لێوان لێو له‌هونه‌ر نابێته‌وه ، چونكه ئوستاد بوو له ده‌نگ و تێكست و میلۆدی ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ئه‌وه‌نده به‌رزه كه من ناتوانم لێی بدوێم ،ئه‌گه‌ر قسه‌شی له‌سه‌ر بكه‌م باوه‌ڕت هه‌بێت ناتوانم ئه‌و حه‌قه‌ی پێبده‌م ، به‌ڵام ده‌مه‌وێت بیرهوهرییهكت بۆ بگێڕمه‌وه سه‌باره‌ت به گه‌وره‌یی و لێهاتوویی و شاره‌زا له گۆرانی و موزیك ، ڕۆژێك له‌ڕادیۆی كرماشان بووم ، ئاغای زیره‌ك له‌ساته وه‌ختی تۆماركردنی گۆرانی دا بوو له‌گه‌ڵ ئۆركێستری كرماشان له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو هونه‌رمه‌نده ژه‌نیاره به‌توانایانه كه‌هه‌ریه‌كه‌یان ئوستادێكی به‌رزی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوون ، منیش پێم خۆش‌بوو دانیشم و ڕاسته‌وخۆ گوێبیستی ده‌نگه به‌سۆزه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك بم ، گروپی موزیك ئاماده‌بوون و ده‌ستیان كرد به ژه‌نینی میلۆدیی گۆرانییه‌ك ، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌پشتی مایكه‌وه وه‌ستابووه ، هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار موزیك ده‌ژه‌نن و ئاغای موشته‌بای میرزاده به‌هێمایه‌ك حه‌سه‌ن زیره‌كی ئاگاداركرد كه گۆرانی بخوێنێ ، به‌ڵام زیره‌كی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا و شاره‌زا له‌موزیك، گۆرانی نه‌خوێند به‌ده‌ستی هێمای كرد بۆ ژه‌نیاره‌كان كه بوه‌ستن ، و ڕووی كرده هونه‌رمه‌ند میرزادهو پێی ووت ، ئای میرزاده به‌رزه نیو په‌رده وه‌ره خواره‌وه ) كاتێك كه‌گوێم له‌و وشه‌یه بوو زۆر له‌لام سه‌یربوو ، بۆیهكهمجاربوو ئه‌و وشه‌یه ببیستم ، كه‌واته ده‌توانم بڵێم حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌ته‌نها ده‌نگبێژ و گۆرانیبێژ نه‌بوو به‌ڵكو موزیك زان و موزیك ناسیش بوو ).
هونەرمەند لەو ماوەیەی كەلەشاری سلێمانی دەژیا وەك فەرمانبەر لەسەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی / بەشی هونەرهكانی موزیك كاری دەكرد ، جیا لەوەی چەند جارێك لەشاری سلێمانی بەخزمەتی گەیشتبووم ، هەروەها بەهۆی ئەوەی پێكەوە هەردووكمان لەیەك وەزارەت كارمان دەكرد ، هونه‌رمه‌ند یەك دووجار تەشریفی هێنا بۆ دیوانی وەزارەت بۆ شوێنی كارەكەم ، و لەخزمەتیدا دەبووم ، لەیەك لەو دیدارانە لەژوورەكەی خۆم لێم پرسی ، تاچه‌ند ئارام ئاسوودەیت لەسلێمانی و بیری كرماشان ناكەیت ...؟!
(چۆن بیری ناكەم ، بیری هەموو كوچە و شەقامەكانی دەكەم بیری ئازیزانم دەكەم ، بەڵام باوەڕت هەبێت ، كاتێك لە شەقام و كۆڵانەكانی سلێمانیدا گوزەر دەكەم واهەست دەكەم لەكرماشانم و بۆن و بەرامەی زێدەكەم بۆن دەكەم ، لەنێو خەڵكیدا لێرە لەسلێمانی یان لەهەولێر وە بەگشتی لەباشوور هەست بەوپەڕی ئارامیی و ئاسوودەیی ڕووح دەكەم واهەست دەكەم لەنێو كەس و كارەكەمدام )
خاوه‌نی ئه‌و هه‌سته به‌رزو جوانه ، ئه‌و ده‌نگه خۆشه ،به‌داخه‌وه لهئێوارهیهكی كۆتا رۆژه‌كانی به‌هاردا ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕا به‌دوای ئاسوده‌یی دا به‌ڵام مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیان بواری نه‌دا و هه‌رگیز ئاسووده بێت، به‌بێ ده‌نگی له‌ئێواره‌ی (16/6/2019) هه‌ناسه له‌سینه‌یدا قه‌تیس ده‌بێت و به‌بێ كه‌سیی و به‌ته‌نیایی خۆی ده‌گه‌یه‌نێته نه‌خۆشخانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ، ده‌رده‌كه‌ی بێ ده‌رمان و ژیان ئاوایی ، له‌خانه‌واده‌و هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و هاوڕێیان و ئازیزانی كرد و بۆ هه‌تا هه‌تایی چاوه‌كانی لێكنا و، گرده‌كه‌ی سه‌یوانی ناو دڵی سلێمانی بووه دوامه‌نزڵگای.
مامۆستا وهونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( عادل محه‌مه‌د كه‌ریم ) سه‌باره‌ت به‌و سامانه به‌نرخه‌ی له‌دوای هونهرمهندبهجێماوه نوسیویه‌تی ( هونه‌رمه‌ند له‌پاش خۆی سه‌روه‌ته‌كه‌ی كاره هونهرییهكانێتی، ئه‌میش له‌هه‌گبه‌كه‌یدا چه‌ند كارێكی هونه‌ری جوانی بۆ جێهێشتووین، كه جێگه‌ی ستایش وهه‌ڵوێسته كردنه، ته‌لاری هونه‌ری گۆرانی و موزیكی كوردیمان به‌ده‌نگه به‌سۆزه‌كه‌ی و كاره‌كانی سابووری ڕازاوه‌یه ، به‌داخه‌وه هاوشێوه‌ی ڕه‌فتار و سروشتی تایبه‌تی كه‌سایه‌تی، كۆچه‌كه‌شی به‌وشێوه‌یه زۆر به‌بێ ده‌نگی و به‌هێمنی و بێ چرپه ماڵئاوایی یه‌كجاری لێكردین) (2)
كۆچی ناوەخت و كتوپڕی هونه‌رمه‌ند ئیسماعیلی سابوور ناخ هەژێن و كەلێنێكی گەورەی دروست كرد لەنێوەندی هونەریدا، به‌ڵام هونه‌رو ده‌نگه هێوركه‌ره‌وه‌ی ڕۆح، بۆ هه‌میشه له‌نێو دنیای موزیك و گۆرانی كوردیدا به‌زیندوویی ده‌مێنێته‌وه، سڵاو له ڕۆح و گۆرانی و ئاوازهنایاب و ناوازه‌كانت.
جه‌مالی ده‌لاك 17/6/2021
سه‌رچاوه : (1)
ئیسماعیلی سابووری : سه‌رده‌می مردنی هونه‌ری ڕاقیی و له‌دایكبوونی هونه‌ری گه‌عده.. نوسینی (ئاراس فه‌تاح ) ئه‌كاونتی خۆی له ڕیكه‌وتی ( 17/6/2019)
(2) هونه‌رمه‌ند كاكه سمایلی سابوور ده‌نگێك لێوان لێو له‌هێمنی و خه‌م ، نوسینی عادل محه‌مه‌د كه‌ریم ، نامیلكه‌ی(ئیسماعیل سابوور ده‌نگێك وه‌ك نه‌سیم ) لاپه‌ڕه (5) به‌بۆنه‌ی چله‌ی هونه‌رمه‌نده‌وه چاپكراوه(2019).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.