Erbil 5°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 06:58

حه‌یده‌ر به‌قاڵ مه‌قام و به‌سته‌ و قۆریاتبێژه‌که‌ی پیره‌ هه‌ولێرێ

هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ
کوردستان TV
100%

شاره‌ دێرین ودڵگیره‌كه‌ی هه‌ولێر، له‌ڕووی مێژووه‌، به‌ شارێكی كۆن و خاوه‌ن شارستانی و ژیان به‌رده‌وام بوون ناسراوه‌، به‌ڵام باسه‌كه‌مان له‌ڕووی هونه‌ری مه‌قام و به‌سته‌و قۆریاته‌وه‌یه‌‌، شارێكی تژی یه‌ له‌ به‌هره‌مه‌ند و ده‌نگخۆش ، ئه‌گه‌ر له‌ لایه‌نی  دینداری و خوداپه‌رستییه‌وه‌ باسی لێوه‌بكه‌ین، بێگومان شاره‌كه‌ی قه‌ڵا و مناره‌ شارێك بووه‌ كه‌ به‌ به‌ر‌ده‌وامی گرنگی داوه‌ به‌و لایه‌نه‌ی خوداپه‌رستی و به‌ده‌یان كه‌سایه‌تی ده‌نگخۆشیی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌ كه‌ له‌مه‌راسیم و سرووته‌ ئایینیه‌كانه‌وه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كانیان مه‌ولود نامه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ( د.خ) یان خوێندووه‌، كاریگه‌ری ئه‌و ده‌نگ خۆشانه‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌زیادبووندا بووه‌ و ئه‌و هه‌سته‌یان له‌نێو دڵی خه‌ڵكیدا به‌جۆش تر كردووه‌،كه‌سانی به‌هره‌مه‌ند و ده‌نگخۆش ئه‌و ڕێچكه‌یان گرتووه‌و په‌یامی ده‌وڵه‌مه‌ندی  له‌بواری مه‌قامبێژی له‌شاری هه‌ولێریان گه‌یاندۆته‌ ده‌وروبه‌ر،ئه‌گه‌ر گه‌ره‌كمان بێت باس له‌ هونه‌رمه‌ندان و ده‌نگخۆشانی پێشووی ئه‌و شاره‌ بكه‌ین ،نابێت هه‌روا ڕاگوزه‌ر بكه‌ین به‌بێ ناو هێنانی هونه‌رمه‌ند و مه‌قامبێژێكی هه‌ژار ، به‌ڵام له‌ هونه‌ریده‌نگبێژیدا ده‌وڵه‌مه‌ندو له‌لوتكه‌ی ده‌نگ زوڵاڵیدا، ئه‌ویش ( شه‌هابه‌ی هه‌ولێری ) یه قورئان خوێن و مه‌قامزان ‌ ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌  ( شه‌هابه‌)  ناوی ( شه‌هابه‌دین كوڕی حوسه‌ینی موهاجیر ، ناسراو به‌ ئه‌حمه‌د شه‌به‌كی كوڕی میر سه‌لیم ئاغای شه‌مزینه‌) خه‌ڵكی ناوچه‌ی هه‌ركارییه‌و له‌عه‌شیره‌تی شكاكه‌، له‌ساڵی (1891) له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌رای قه‌ڵاتی هه‌ولێر له‌دایكبووه‌، له‌ڕێكه‌وتی( 3/2/1939 ) كۆچی دوایی كردووه‌) (1).

1

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ بلیمه‌ت و ده‌نگخۆشه‌ ماوه‌ی (48) ساڵ ژیاوه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا جوانترین خزمه‌تی به‌ مه‌قام و قۆریات كردووه‌ و شاره‌زاییه‌كی باشی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر شێوازه‌كانی چڕینی مه‌قام ، ئه‌م به‌هره‌و تواناده‌نگییه‌ی له‌چرینی مه‌قامدا ، بۆته‌ هۆیه‌ك له‌دوای خۆی چه‌ندین كه‌سایه‌تی ده‌نگخۆش، درێژه‌ به‌ڕێگا ڕۆشنه‌كه‌ی بده‌ن و خۆیان به‌قوتابی قوتابخانه‌كه‌ی شه‌هابه‌ بزانن، ده‌نگ و هونه‌ری شه‌هابه‌ و ناوبانگی وه‌ك مه‌قامبێژێك سنووری جوگرافیای شاری هه‌ولێری تێپه‌ڕاندووه‌و هونه‌رمه‌ندانی مه‌قامزانی غه‌یره‌ كوردیش پێی سه‌رسام بوون.

3

له‌مێژووی دره‌وشاوه‌ی شاری هه‌ولێردازۆرن ئه‌و مه‌قامبێژ و قۆریاتبێژ و ده‌نگخۆشانه‌، هه‌ریه‌كه‌یان به‌پێی تواناو ماوه‌و سه‌رده‌می خۆیان خزمه‌تیان به‌و هونه‌ره‌ جوانه‌ كردووه‌ ( مشكۆ ، پیرداوده‌ كۆر ، شاكری حه‌مه‌ فارس ، حه‌میدی كوره‌ چی ، مام حه‌سه‌نی خوچێ ، شاكری پاچه‌چی، سابیری پاچه‌چی، خورشیدی نه‌جار ، یونس خه‌تات ، نوره‌دین عه‌سافلی، محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌ربیللی ، سه‌ید سه‌عید دامرچی ،جه‌لال چه‌خماچی ، جه‌لال حه‌ردان و حه‌یده‌ر به‌قاڵ .....تاد ) (2)

ئه‌و هونه‌رمه‌ند و ده‌نگخۆش و ده‌نگ زوڵاڵه‌ی مه‌به‌ستمانه‌ كه‌ یادی لێبكه‌ینه‌وه‌ ، هونه‌رمه‌ند ( حه‌یده‌ر به‌قاڵ) ه‌ له‌نێوه‌ندی هونه‌ری و ژیانی تایبه‌تیدا به‌ ( حه‌یده‌ره‌ كه‌چه‌ڵ) ناسراوه‌ و خۆشیی پێی له‌نگ و عه‌یب نه‌بووه‌ ، كاتێك كه‌ خۆی ناساندووه‌ به‌ ( حه‌یده‌ره‌ كه‌چه‌ڵ) خۆی ناساندووه‌.

كه‌باس دێته‌ سه‌ر هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی شاری هه‌ولێر ، هه‌رله‌هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( تایه‌ر تۆفیق(1922_ 20/10/1987)  ، (ڕه‌سوڵ گه‌ردی1922_ 17/10/1994) ، (فوئاد ئه‌حمه‌د1932_ 17/8/2004) ، (مشكۆ 1908_15/5/1989) و چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی تر، ناكرێت ناوی حه‌یده‌ر به‌قاڵ نه‌هێندرێت ، چونكه‌ كه‌سایه‌تی و هونه‌ره‌كه‌یی و ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی هاوشانی ئه‌و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌یه‌ له‌شاری هه‌ولێر.

4

هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ ، یان حه‌یده‌ره‌ كه‌چه‌ڵ ...!

پیاوێكی باڵابه‌رزی چوارشانه‌ی سپی پێست، ده‌م به‌خه‌نده‌و سیما ڕۆشن و دڵساف و قسه‌خۆشو نوكته‌زان  وشادی به‌خش به‌كۆڕو كۆمه‌ڵ، كه‌سایه‌تیه‌كی خه‌مخۆر و به‌هاناوه‌ هاتنی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی ، ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ جوان و شیرینه‌ی نێو دنیای مه‌قام و قۆریات له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی دێرینی پیره‌ هه‌ولێرێ له‌گه‌ڕه‌كی سه‌رای قه‌ڵاتی شاری هه‌ولێر له‌ساڵی (1915) به‌دنیاهاتووه‌، ناوی ته‌واوی ( حه‌یده‌ر حاجی عه‌بدولڕه‌حمان حاجی حسێن نه‌جاڕ) ه‌ .

به‌هۆی بارودۆخ و دۆخی هه‌ژاری سه‌رده‌م و خانه‌واده‌كه‌یه‌وه‌ له‌خوێندن بێ به‌ش و نه‌خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن تا فێری خوێندنه‌وه‌ و نووسین ببێ ، به‌ڵام تاكه‌ فێرگه‌یه‌ك بۆ هونه‌رمه‌ند ئه‌و ژینگه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی نێو قه‌ڵاتی هه‌ولێر و ئه‌و دیوه‌خانانه‌ی كه‌ باوكی هاتووچۆی كردووه‌و شه‌وانه‌ كۆڕی قسه‌ و دنیای ئه‌ده‌بیات و كۆڕی ده‌نگخۆشان و خوێندنی مه‌قامات و قۆریات بووه‌، ئه‌میش وه‌ك منداڵێك هاوشانی باوكی چۆته‌ دیوه‌خانه‌كانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ته‌مه‌نی منداڵ بووه‌، ڕێگه‌ نه‌دراوه‌ بچێته‌ دیوه‌خانه‌كان ، به‌ڵكو زۆربه‌ی شه‌وه‌كان له‌ په‌نجه‌ره‌ی دیوه‌خانه‌كانه‌وه‌ گوێی هه‌ڵخستووه‌ بۆ ده‌نگی به‌سۆزو پڕچێژی ئه‌و ده‌نگخۆشانه‌، به‌تایبه‌ت ( شه‌هابه‌) و له‌ توانای ده‌نگی و شێوازی چڕینی مه‌قامه‌كانیانه‌وه‌ ، لێیانه‌وه‌ فێربووه‌و له‌هه‌ست و نه‌ستی خۆیدا گه‌لاڵه‌ی كردوون و خه‌رمانی هونه‌ری خۆی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌. نووسه‌ر و شاره‌زا له‌هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر به‌ڕێز  ( جه‌لال خدر ) ده‌ڵێت ( مام حەیدەر بۆی گێڕامەوەو وتی: كە منداڵبووم شەوانە لەگەڵ باوكم دەچوومە مەجلیسی پیاوە ماقوڵەكانی شاری هەولێر وەكو دیوەخانی ئەحمەد عوسمان یەكەم موتەسەریفی هەولێرو دیوەخانی عەلی پاشای دۆغڕەمەچی‌و ئەدیب ئاغای ئەسعەدی كە لەو شوێنانە گوێم لەدەنگ خۆشەكانی شاری هەولێر رادەگرت لەوانە شەهابەی هەولێری كە یەكێك بووە لەهەرە دەنگ خۆشەكانی هەولێر.

7مام حەیدەر وتوشییەتی هەرچەندە لێ نەدەگەڕان بچمە ناو ژووری مەجلیسەكە دابنیشم، چونكە ئەوكات منداڵبووم، بۆیە لەپەنجەرەی دیوەخانەكان گوێم لێیان رادەگرت، لەوێوە فێربووم كە چۆن مەقام بڵێم لەدواییدا لەشەهابە نزیك بوومەوە، لەو سەردەمەشدا ئێمەی مەقامبێژ زۆر بووین لەوانە مشكۆی هەولێری‌و حاجی فایەقی بازرگان‌و حاجی جەمیلی قاپقاپچی‌و مام پیرداودە كوێر كە ئەوان یەكێك بوون لەو گۆرانیبێژانەی لەو سەردەمدا ئسووڵی مەقام لەسەردەستی شەهابەی هەولێری فێربوون، هەربۆیە بەندەش خۆم بەقوتابی قوتابخانەی شەهابە داناوە) (3)

هه‌روه‌ها لایه‌نێكی دیكه‌ی كاریگه‌ری ده‌نگخۆشی كوردی باكوری كوردستان له‌ڕێی قه‌وانه‌وه‌ كه‌ له‌ماڵه‌وه‌ ئامێری گرامافۆنیان هه‌بووه‌، گوێی لێگرتووه‌ ئه‌ویش ده‌نگی  هونه‌رمه‌ند ( جه‌لال گوزه‌ل سه‌س، یان جه‌لال به‌گ ، یان جه‌لال دیاربه‌كری) ده‌نگی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌كاریگه‌رییه‌كی بێ وێنه‌ی له‌سه‌ر ده‌نگ و توانای هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ( حه‌یده‌ر به‌قاڵ) داناوه‌ و،هه‌میشه‌ هه‌وڵی داوه‌ كه‌ چینی ده‌نگی له‌خوێندنی مه‌قام و قۆریاتدا بگه‌یه‌نێته‌ ئاستی توانای ده‌نگی جه‌لال به‌گ، ئه‌وه‌ ته‌نها بۆچوونی من نییه‌ به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌به‌ڕێزان (  مامۆستا باكووری ،جه‌لال خدر ، نازم دڵبه‌ند، خاڵص یونس و ئه‌مجه‌د ئه‌سعه‌د مه‌جید _تۆمارگای ناز )  ه‌،

هونه‌رمه‌ند وه‌ك بنه‌ماڵه‌ زۆربه‌یان ده‌نگخۆشن ، به‌ڵام له‌به‌ر باری كۆمه‌ڵایه‌تی وئه‌و داب و نه‌ریتانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كه‌سیان خۆیان ده‌رنه‌خستووه‌و به‌هره‌كه‌یان ببه‌خشن به‌ خه‌ڵك ، به‌ڵام ده‌كرێت بڵێین حه‌یده‌ر به‌قاڵ ڕچه‌شكێن بووه‌له‌وبواره‌دا ،ده‌بێت ئه‌و ڕچه‌ شكێنی هونه‌رمه‌ند و هاتنه‌ نێو دنیای هونه‌ری به‌سته‌و مه‌قامات و قۆریاته‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌ بۆ ده‌نگ و توانای هونه‌رمه‌ندان ( شه‌هابه‌و جه‌لال به‌گ) و هه‌روه‌ها (حاجی عه‌بدوڵڵای ده‌فژه‌ن) مه‌لودخوێنی به‌توانای شاری هه‌ولێر ، كه‌ یارمه‌تیده‌ربوونه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ ئه‌و ڕێگا پیرۆزه‌ی هونه‌ر بگرێته‌ به‌ر .

قۆناغه‌كانی ژیانی تایبه‌تی هونه‌رمه‌ند...!

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی پیشه‌ی دراتاش بووه‌، به‌منداڵی ده‌بێته‌ شاگردو درێژه‌و به‌و كاره‌ده‌دات ، تاته‌مه‌نی ده‌گاته‌ (15) ساڵی واز له‌دارتاشیی دێنێت و ده‌بێته‌ شاگردی پیشه‌ی ئاسنگه‌ر ، له‌ته‌مه‌نی (18) ساڵیدا ڕووده‌كاته‌ شوێنی فرۆشتنی سه‌وزه‌و میوه‌ به‌كۆمه‌ڵ كه‌ به‌ ( عه‌لوه‌ یان گومرگ) ناسراوه‌ ،  درێژه‌ به‌و كاره‌ی ده‌دات و له‌م پیشه‌یه‌وه‌  ووشه‌ی( به‌قاڵ) ده‌بێته‌ نازناوی كه‌سایه‌تی و هونه‌ری.

له‌ ڕێی ئه‌م پیشه‌یه‌وه‌ به‌قاڵی و تێكه‌ڵاوبوون به‌هه‌موو چین توێژه‌كان و پیشه‌وه‌ره‌كانی نێو شاری هه‌ولێر و هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییه‌كی ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر ده‌ناسرێت و كارو كرده‌وه‌كانی ده‌چێته‌ نێو دڵی خه‌ڵكییه‌وه‌ و خۆشیان ده‌وێت و ڕێزی لێده‌گرن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو كات له‌نێو خه‌ڵكیدا بووه‌، وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری تێكه‌ڵاوی چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاره‌كانیش بووه‌.

هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یی و كه‌سایه‌تیه‌ ساده‌و ڕووخۆش و ده‌م به‌خه‌نده‌كه‌یه‌وه‌ ،پێوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی فراوانتر ده‌بێت و زۆر له‌ پیاو ماقول و خانه‌دان و خاوه‌ن دیوه‌خانه‌كان و پیاوانی میری ده‌بنه‌ هاوه‌ڵ و هاوڕێی و چێژ له‌ده‌نگی خۆشی وه‌رده‌گرن ، یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ به‌ڕێز ( سه‌عید قه‌زاز 1904_20/9/1959) له‌سه‌رده‌می مه‌لیكی له‌عێراقدا ئه‌م زاته‌ وه‌زیری ناوخۆ ده‌بێت، له‌ڕێی یه‌كێك له‌سه‌ردانه‌كانی بۆ شاری هه‌ولێر سه‌رسام ده‌بێت به‌ده‌نگ و توانای هونه‌ری حه‌یده‌ر به‌قاڵ و ده‌بێته‌ دۆست و هاوڕێیه‌كی نزیكی وبه‌رده‌وام په‌یوه‌ندی له‌به‌غداوه‌ پێوه‌ده‌كات تا گوێی و ڕۆحی ئارام بكاته‌وه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی، سه‌عید قه‌زاز وێنه‌یه‌كی خۆی به‌دیاری ده‌دات به‌هونه‌رمه‌ند، تا دواساته‌كانی ژیانی هونه‌رمه‌ند ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌ ماڵ و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خۆیی هه‌ڵیواسیوه‌ وه‌ك یاده‌وه‌رییه‌كی به‌نرخ له‌ په‌یوه‌ندیی و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ سه‌عید قه‌زازی ڕوانیوه‌.

هونه‌رمه‌ند به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێنده‌واری نه‌بووه‌ ، زۆر تێكست و هۆنراوه‌ی شاعیرانی له‌به‌ر نه‌بووه‌ ، هه‌رئه‌و تێكسته‌ فۆلكلۆرییانه‌ی كردۆته‌ هه‌وێنی مه‌قام و قۆریاته‌كانی كه‌له‌نێو خه‌ڵكیدا باوبوون و به‌گوێگر ئاسان بوون، به‌هه‌ردوو زمانی كوردی و توركی گۆرانی و مه‌قام و  قۆریاتی خوێندووه‌،شاره‌زاییه‌كی باشی له‌مه‌قامی به‌یات و حیجاز و سێگا دا هه‌بووه‌، له‌سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانه‌وه‌ زیاتر تێكه‌ڵاو به‌ هونه‌رمه‌ندان ده‌بێت و په‌یوه‌ندییه‌كی ڕۆحی و دۆستانه‌و هونه‌رییانه‌ی پته‌و له‌نێوان خودی هونه‌رمه‌ند و هونه‌رمه‌ندانی شاری هه‌ولێر دروست ده‌بێت،به‌گشتی و  هونه‌رمه‌ندان تایه‌ر تۆفیق و باكووری و ڕه‌سوڵ گه‌ردی به‌تایبه‌تی.

له‌زۆربه‌ی ئاهه‌نگ و شه‌و ئاهه‌نگه‌كانی دۆست و یاران و كۆڕی باده‌نۆشان له‌شاری هه‌ولێر و هاوینه‌هه‌واره‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر ، هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند پێكه‌وه‌ شادی و خۆشییان به‌ ئاماده‌بووان به‌خشیوه‌، له‌زۆرینه‌ی ئاهه‌نگه‌كاندا ( موحسین) ی برا بچوكی له‌گه‌ڵدابووه‌ ، ئه‌میش ده‌نگی زۆر خۆش بووه‌و خوێنده‌وار و شاره‌زاییه‌كی باشی هه‌بووه‌له‌ هۆنراوه‌و تێكستی گۆرانی و مه‌قامه‌كاندا زۆرجاران هاوكارو یارمه‌تیده‌ری حه‌یده‌ری براگه‌وره‌ی بووه‌.

هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی جوانی مرۆڤایه‌تی بووه‌، هه‌میشه‌ به‌هانای لێقه‌وماوان و یاریده‌رییان بووه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گۆفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان،  به‌ڵام هیچ كات حه‌زی به‌وه‌ نه‌كردووه‌ كه‌ ده‌نگی تۆماربكرێت ، له‌هه‌ردانیشتن و  شه‌و ئاهه‌نگێكدا ئامێری تۆماركردنی به‌دی كردبێت، ئه‌و شوێنه‌ی به‌جێهێشتووه‌، هه‌رچه‌نده‌ جێی خۆشحاڵییه‌ كه‌ له‌ساڵه‌كانی حه‌فتای سه‌ده‌ی پێشووه‌وه‌ ده‌نگ و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ تۆماركراوه‌ ئه‌وه‌یش به‌هۆی كاریگه‌ری دۆست و هاوڕێیانی هونه‌رمه‌نده‌ بووه‌ و زۆرییان لێكردووه‌كه‌ كه‌ له‌دوای خۆی ده‌نگی به‌تۆماركراوی بمێنێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند جیا له‌و به‌رهه‌مه‌ تۆماركراوانه‌ی له‌شاری هه‌ولێر نه‌چۆته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا. 

له‌ساڵی (1961) به‌دواوه‌ له‌رێگه‌ی هونه‌رمه‌ندی گه‌ل ( تایه‌ر تۆفیق) مامۆستا و هونه‌رمه‌ند (باكووری) هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ ، له‌ماڵی ( دكتۆر ڕه‌ووف دیشچی) یه‌كتر ده‌ناسن و له‌و دیداره‌وه‌ درێژه‌ به‌هاوڕێیه‌تییه‌كه‌یان ده‌ده‌ن، بۆهه‌رئاهه‌نگێك بانگهێشت كرابێت ، سه‌ره‌تا وتویه‌تی مامۆستا (باكووری ) نه‌یه‌ت منیش نایه‌م .

هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و مامۆستا باكووری سه‌باره‌ت به‌ هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ ده‌ڵێت ( ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌، گۆرانیبێژه‌ مییللییه‌ ، قۆریات بێژ و به‌سته‌زان و فۆلكلۆر په‌رسته‌، حه‌یده‌ری مرۆڤ و هه‌ست ناسك ،خۆشه‌ویستی هه‌موو دانیشتوانی شاری هه‌ولێر بوو ، قۆریات و گۆرانیش له‌هه‌ولێر له‌ده‌م حه‌یده‌ر و چه‌ند گۆرانیبێژێكی تر ناسنامه‌ی هونه‌ری به‌هه‌ولێر به‌خشی ،حه‌یده‌ر به‌داخه‌وه‌ ناوی خۆشی نه‌ده‌زانی بنوسێ ،بۆیه‌ش له‌ گۆرانی وتندا شیعری شاعیره‌ ناوداره‌كانی كورد یان توركمانیش هیچی ئه‌زبه‌ر نه‌بوو، هه‌ربۆیه‌ش له‌ ئاهه‌نگ و مه‌جلیسێك  هه‌رهه‌مان ئه‌و مه‌قام و به‌ستانه‌ی ده‌گوته‌وه‌ و دووباره‌ی ده‌كردنه‌وه‌، جا ئه‌وه‌ی مه‌جلیسی حه‌یده‌ری خۆش ده‌كرد ده‌نگه‌ زرینگه‌داره‌كه‌ی بوو، چینه‌ ناسك و به‌رزه‌كه‌ی ده‌نگی وای ده‌كرد ، ئه‌وی له‌دانیشتنه‌كه‌دابوایه‌ گوێ نه‌داته‌ هه‌لبه‌سته‌كانی ، چونكه‌ ئه‌یزانی هه‌رهه‌مان شتی كۆنن ، به‌ڵام گوێمان ده‌دایه‌ ده‌نگه‌كه‌ی ئه‌وه‌مان پێ خۆشبوو زیاتر ، ده‌ڵێم ده‌نگی حه‌یده‌ر ده‌نگێكی ( حه‌یده‌رییه‌)  و ده‌نگێكی تر وه‌ك ده‌نگی ئه‌و نییه‌ !جاهه‌رواش بوو ! چینه‌ ده‌نگی حه‌یده‌ر هه‌ر به‌خۆی ده‌چوو) (4)

7

ئاهه‌نگه‌ دیاره‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ربه‌قاڵ و خوێندنی گۆرانی  و مه‌قام له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ ..!

‌هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ هونه‌رمه‌ندێكی كوردی شاری هه‌ولێر ، ئه‌وانه‌ی ڕۆژێك له‌گه‌ڵیدا ژیابن و به‌شداربووین له‌ كۆڕو مه‌جلیسه‌كانیدا، هونه‌رمه‌ند نه‌یوتووه‌ توركمانم و ته‌نها قۆریاتی توركمانی ده‌ڵێم نه‌خێر هه‌مووی وه‌ك یه‌ك خۆشویستووه‌ و رێزی بۆ كوردو توركمان داناوه‌ و، به‌ڵكو كه‌سێكی نیشتمان په‌روه‌ر و ناوی كوردستانی زۆر خۆش ویستووه‌و زۆرجاران له‌ مه‌قام و قۆریات و به‌سته‌كانیدا گۆرانی بۆ كوردستان وتووه‌ و ، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه‌ هۆشدارییان داوه‌تێ كه‌ چیتر ئه‌و گۆرانیانه‌ نه‌خوێنێ ، به‌ڵام ئه‌م هه‌ربه‌رده‌وام بووه‌.

له‌وسه‌رده‌مه‌ی كه‌ هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ ، لاوێكی خوێن گه‌رم و تازه‌ پێگه‌یشتوو   و سه‌رده‌می كۆمه‌لێك كه‌سایه‌تی نیشتمانپه‌روه‌ر ده‌بێت وه‌ك ( كانی شاعیر ، دڵداری شاعیر و نیشتمانپه‌روه‌ر، شه‌وقی عه‌بدولقادر ئه‌فه‌ندی و مامۆستا عه‌بدوڵلا عه‌زیز) ئه‌م كه‌سایه‌تیانه‌ هانی خه‌ڵك ده‌ده‌ن بۆ هه‌ستی نیشتمان و كوردپه‌روه‌ری و سروود خوێندن، له‌و كاته‌دا ئه‌م گه‌نجه‌ شۆخ و شه‌نگه‌ لێوان لێو له‌هێزو ووزه‌ یه‌كێك ده‌بێت له‌شاری هه‌ولێر كه‌سروود ده‌خوێنێ ، به‌وته‌ی (جه‌لال خدر ) هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ یه‌كه‌م كه‌س ده‌بێت له‌شاری هه‌ولێر سروود ده‌خوێنێ.

 له‌ساڵی (1957) وه‌فدێك له‌توركیاوه‌ دێنه‌ شاری به‌غدا و دواتر بۆشاری هه‌ولێر ، بۆمه‌به‌ستی ڕێزلێنان و به‌خێرهاتنی وه‌فده‌كه‌ له‌ یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ئه‌و كاتی شاری هه‌ولێر ئاهه‌نگێك سازده‌كرێت، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌كه‌ به‌شداری ئاهه‌نگه‌ ده‌بێت و به‌ده‌نگه‌ خۆش و توانا هونه‌رییه‌كه‌ی میوانانی وه‌فد و ئاماده‌بووان سه‌رسام ده‌كات هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵه‌، له‌كاتی ئاهه‌نگه‌كه‌دا هونه‌رمه‌ند ئاگادارده‌كه‌ن كه‌ خه‌ڵكێكی زۆر له‌ چینه‌ هه‌ژاره‌كه‌ی شاری هه‌ولێر له‌ده‌ره‌وه‌ی یانه‌كه‌ ئاماده‌بوون تا گوێبیستی ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ت بن و ناتوانن بێنه‌ ژووره‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی كوڕه‌ هه‌ژار و هه‌موو كات له‌ناو خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌كه‌یدا ژیاوه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی بژێوی ژیانی خۆی ، له‌یانه‌كه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌و له‌سه‌ر شۆسته‌ی به‌رده‌م یانه‌كه‌ داده‌نیشێ و تێده‌چریكێنێ و به‌ده‌نگی خۆشیی ئاماده‌بووان سه‌رمه‌ست و خۆش حاڵ ده‌كات.

له‌دوای به‌یانی 11ی ئاداری ساڵی 1970 و هاتنه‌دی بارودۆخێكی ئارام بۆ خه‌ڵكی وگێڕانی ئاهه‌نگ و شادی، هونه‌رمه‌ند وه‌ك هه‌ستێكی نیشتمانی له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی موزیكژه‌ن ( جه‌مال هیدایه‌ت ، واحید مه‌رجان1942_9/2/2016) ، مسته‌فا ره‌ووف و ئه‌سكه‌نده‌ر عوسمان) بۆ جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزی ساڵی (1971) ده‌چن بۆ شارۆچكه‌ (چۆمان) ئاهه‌نگێكی خۆش و قه‌شه‌نگ بۆئاماده‌بووانی ئه‌و یاده‌ پیرۆزه‌ سازده‌كه‌ن و هونه‌رمه‌ند گۆرانی (ئازیز به‌هاره‌) و چه‌ند مه‌قام و قۆریاتێكی توركمانی پێشكه‌ش ده‌كات،

ئاهه‌نگێكی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان  ( تایه‌ر تۆفیق و حه‌مه‌ جه‌زا3/2/1949_1/10/2010 ) له‌ساڵی  (1976) له‌شاری هه‌ولێر ، ئه‌م ئاهه‌نگه‌ له‌ماڵی ( عه‌بدلغه‌فار صائیغ) ئه‌وكات ( ئه‌مینداری گشتی رۆشنبیری ) بووه‌ ، به‌بۆنه‌ی سونه‌تكردنی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ ، شه‌و ئاهه‌نگێكی سازكردووه‌، سه‌ره‌تا هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( تایه‌ر تۆفیق و حه‌یده‌ر به‌قاڵ) به‌ده‌نگه‌ خۆش و چریكه‌ به‌رزه‌كانیانه‌وه‌ گه‌شتێكی تێر و ته‌سه‌ل ده‌كه‌ن به‌نێو مه‌قامات و قۆریات و به‌سته‌ی كوردی ، دواتر هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ جه‌زا وه‌ك ده‌نگخۆشێكی دیكه‌ له‌و شه‌و ئاهه‌نگه‌دا به‌شدار ده‌بێت و چریكه‌و ده‌نگی خۆشیی هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند هه‌موو ئاماده‌بووان سه‌رسام و سه‌رمه‌ست ده‌كه‌ن.

یه‌كێكی تر له‌ ئاهه‌نگه‌ مێژوویه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ له‌شاری هه‌ولێر، كه‌باس و خواس له‌ سه‌ر ئاهه‌نگ و مێژووی هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر ده‌كرێت ، ڕاسته‌وخۆ باسه‌كه‌ دێته‌ سه‌ر ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی ساڵی (1979) له‌یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌بۆنه‌ی هاتنی خانمه‌ هونه‌رمه‌ندی باكوری كوردستان ( ئایشه‌شان 1938_ 18/12/1996) ، بۆمه‌به‌ستی ڕێزگرتن له‌ گه‌وره‌یی ئه‌و خانمه‌ شۆخ و شه‌نگه‌ ده‌نگ زوڵاڵه‌ هونه‌رمه‌ندانی شاری هه‌ولێر به‌په‌رۆشه‌وه‌ ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی بۆسازده‌كه‌ن، نووسه‌ر ( نازم دڵبه‌ند ) سه‌باره‌ت به‌و ئاهه‌نگه‌ نوسیویه‌تی وه‌ك یاده‌وه‌رییه‌كی ئه‌و ڕۆژه‌ ( له‌ هۆڵی یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ولێر) كه‌ زۆر به‌داخه‌وه‌ تێكدراو ئێستا بۆته‌ (بازاڕی نیشتمان).
له‌پاڵ (ئایشه‌ شان) هه‌ریه‌ك له‌ هونه‌رمه‌ندان (تایه‌ر توفیق‌و ره‌سوڵ گه‌ردی‌و حه‌یده‌ر به‌قاڵ) یش به‌شداری ئه‌و ئاهه‌نگه‌یان كرد‌و (به‌نده‌) پێشكه‌شكاری ئاهه‌نگه‌كه‌ بوو ‌و هاوڕێی ئازیزم (جیهانبه‌خش كۆیی) خاوه‌نی (تۆمارگای خه‌یام) ئه‌ركی تۆماركردنی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی پێسپێردرا..
ئه‌مشه‌وه‌ به‌چوار قۆڵی(ئایشه‌شان‌و تایه‌ر توفیق‌و ره‌سوڵ گه‌ردی‌و حه‌یده‌ر به‌قاڵ) جوانترین شه‌وی گۆرانی كوردیان رازانده‌وه‌ بۆ رێزلێنان له‌میوانداری ژنه‌ هونه‌رمه‌ندی كوردستانی باكور (ئایشه‌شان). له‌هه‌موشی خۆشتر كه‌وتنی هونه‌رمه‌ند (ره‌سوڵ گه‌ردی) بوو له‌كاتی گۆرانی چڕیندا پێده‌چوو له‌ عه‌شقی (ئایشه‌شان) بووبێ. چونكه‌ (ده‌نگ‌و سیمای (ئایشه‌شان) سیمای جوانی‌و نه‌غمه‌خوانی بوو)(5).

هونه‌رمه‌ند دوای ئه‌و ژیانه‌ پڕ به‌خششه‌ هونه‌رییه‌  به‌ گوێگران و هه‌وادارانی ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی ،ڕۆژگار شه‌كه‌ت و ماندووی ده‌كات ونه‌خۆشیی ده‌بێته‌ میوانی، بۆمه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن كه‌س و كارییه‌وه‌ بریارده‌ده‌ن ڕه‌وانه‌ی وڵاتی به‌ریتانیای بكه‌ن بۆمه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن ، ئه‌وكاتیش ته‌نها ڕێگه‌ هه‌رله‌رێگه‌ی به‌غدای پایته‌خته‌وه‌بووه‌،  هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ تێشووی گه‌شته‌كه‌ی ئاماده‌كات و8 به‌ڕێ ده‌كه‌وێت  و كه‌س و كار له‌گه‌ڵیدا ده‌بن ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ڕوات بۆ گه‌شتێكی چاره‌نووسساز و بیر له‌دۆست و یاران  و زێده‌كه‌ی كه‌ هه‌ولێری شیرینه‌ ده‌كاته‌وه‌ ، كاتێك ده‌گاته‌ (قوشته‌په‌) هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت بوه‌ستن ، له‌ئۆتۆمبێل دێته‌ خواره‌وه‌و ڕوو ده‌كاته‌ پیره‌ هه‌ولێره‌كه‌ی، ئه‌و دوور كه‌وتنه‌وه‌یه‌ی له‌هه‌ولێر و هه‌ستێكی نامۆ دایده‌گرێت، تێ ده‌چریكێنێ و به‌دوو قۆریاتی خه‌مانگێز كه‌ف و كوڵی خۆی داده‌مركێنێته‌وه‌و به‌ره‌و گه‌شته‌كه‌ی به‌ڕی ده‌كه‌وێت ، هونه‌رمه‌ند دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌چاره‌سه‌ر له‌دواین كاته‌كانی ژیانیدا ڕووده‌كاته‌ ماڵی خودا و فه‌ریزه‌ی حه‌ج به‌جێ دێنێ و ده‌بێته‌ ( حاجی حه‌یده‌ر به‌قاڵ)

به‌ڵام نه‌خۆشیی كۆڵی لێنادات تا ڕێكه‌وتی ( 4/12/1979) بۆهه‌میشه‌ چاو لێك ده‌نێ و ماڵئاوایی له‌ هه‌ولێر و خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌ و  هونه‌ر ده‌كات .

یادی به‌خێر و گڵكۆی هه‌میشه‌ چراخان و لێوڕیژ له‌ قۆریات و مه‌قام و به‌سته‌ بێت،هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵ له‌ساڵی (1944) هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خاتوو(حه‌مدیه‌ شێخ محه‌مه‌د خدر چه‌خماخچی )  ده‌كات و ده‌بنه‌ خاوه‌نی (5 كچ و 5 كوڕ  به‌ناوه‌كانی _  گه‌لاوێژ ، ئایدن ، نیهایه‌ت ، جوان و ئاواز _ نه‌هرۆ ، ئازاد ، خه‌سره‌و ، محه‌مه‌د و خالید )، ده‌بێت به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیارانه‌ش بێنم كه‌له‌پشت ده‌نگ و هونه‌ری پڕ چێژی هونه‌رمه‌ند حه‌یده‌ر به‌قاڵه‌وه‌ بوون ، یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانیان هه‌موو كات به‌رزو به‌خێر بێت، هونه‌رمه‌ندان  ( زه‌كی بارۆخ ، جوو بووه‌ ) ،( سه‌ید كه‌مال عیزه‌ت ) ن( واحید مه‌رجان ) ،( مسته‌فا ڕه‌ووف) ،( جه‌وده‌ت شاكر ) ،( جه‌مال داوود) ،( جه‌مال هیدایه‌ت) ،( ئه‌سكه‌نده‌ر عوسمان) و ( باكووری) .

جه‌مالی ده‌لاك  27/6/2021

سه‌رچاوه‌ :

  1. یادی شه‌هابه‌ی هه‌ولێری ،  نووسینی ( جه‌لال خدر) گۆڤاری ڕامان  ، ژماره‌ ( 64) له‌ ( 5/10/2001) ، لاپه‌ڕه‌ ( 156)
  2. گۆڤاری ڕامان ، ژماره‌ ( 45) له‌ ( 5/3/2000) نوسینی جه‌لال خدر .لاپه‌ڕه‌( 112)
  3.  په‌یجی  هه‌ولێری جاران ، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك .
  4.  كتێبی گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان ، باكووری ، به‌شی دووه‌م ، لاپه‌ڕه‌ (64)
  5. (39)  ساڵ به‌ر له‌مڕۆ(ئایشه‌ شان) له‌( یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ولێر ) بوو.. نازم دڵبه‌ند ،،، سایتی كوردستانی نوێ ،،6/10/2018

 

 

 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.