Erbil 9°C چوارشەممە 01 کانوونی دووەم 19:00

هونه‌رمه‌ند خه‌لیل مراد وه‌ندی .. خاوه‌ن گه‌روویه‌کی گه‌رمیانی و قوتابییه‌که‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ...!

نزیكه‌ی ( 85) گۆرانی ‌بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا و (20) گۆرانی بۆ ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا و كه‌ركوك تۆماركردووه
کوردستان TV
100%

له‌سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو،ده‌نگی هه‌ندێك هونه‌رمه‌ند ببوونه‌ ئارامكه‌ره‌وه‌ی ڕۆح و دڵ و هه‌ستی مرۆڤ  و ئه‌و هه‌سته‌ ئه‌ویندارانه‌ی عاشقانی ته‌ڕو پاراو تر ده‌كرد و  به‌ره‌و جێ ژووانی ده‌بردن ، له‌ناو ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌دا ده‌نگێكی نوێ  كه‌له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌كانی  ڕووباری ئه‌ڵوه‌نه‌وه‌ ، وه‌ك شنه‌ی شه‌ماڵێك له‌ خانه‌قین و گه‌رمه‌سێره‌و‌ هه‌ڵی كردبێت و ڕووه‌و كوێستان و هه‌ست و نه‌ستی عاشقانه‌ی گه‌نج و پیری ده‌هێنایه‌ جۆش و به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی ده‌یچریكاند و پێی ده‌ووتین :1

 (خۆشه‌ویسته‌كه‌م ئارامیی گیانم

بینایی دیده‌م هیوای ژیانم

چیته‌ له‌سه‌ر چی كه‌وتووی به‌قینا

ته‌نیا جێت هێشتووم له‌چۆڵی ژینا )   

ئه‌مه‌و ئه‌و گۆرانییه‌ بوو كه‌ببوه‌ وێردی سه‌رزاری خه‌ڵكی و چێژییان لێده‌بینی له‌ ده‌نگ و تێكست و میلۆدییه‌كه‌ی.

ده‌با بزانین ئه‌و هونه‌رمه‌ند و خاوه‌نی ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌ كێیه‌؟
خه‌لیل مرادخان عه‌لی ، ناسراو به‌

( خه‌لیل مراد وه‌ندی )
ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌ساڵی (1947) له‌ گوندی ( سه‌ی به‌رزو ) سه‌ر به‌‌ شاری خانه‌قین، شاری هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبانی وه‌ك  ( خوداداد عه‌لی ، عه‌لی حسێن وه‌ندی ، مه‌حمود وه‌ندی ، ئیبراهیم باجه‌لان و جاسم وه‌ندی ، ...تاد ) له‌ خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاری گوندنشین به‌دنیا هاتووه‌ ، هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی دوو برا و پێنج خوشكه‌، به‌داخه‌وه‌ براكانی له‌ژیاندا نه‌ماون.
هونه‌رمه‌ند خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌خانه‌قین ته‌واو كردووه‌، 
دواتر بۆ مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌ خوێندن ڕووده‌كاته‌ شاری به‌غدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماڵی مامی له‌وێ بووه‌،له‌پاڵ ئه‌واندادرێژه‌ی به‌ژیان وكاركردن و خوێندنی قۆناغی دواناوه‌ندی داوه‌و بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی وه‌رگرتووه‌، حه‌زو خولیای بۆ خوێندن زۆر  ده‌بێـت و ڕووده‌كاته‌ زانكۆ ، سه‌ره‌تا له‌ زانكۆی ( موسته‌نسریه‌) له‌به‌شی زمانی ئینگلیزی وه‌رده‌گیرێت، دوای ماوه‌یه‌ك ده‌وامكردن ، زانكۆی ناوبراو به‌جێ دێڵێت و ده‌چێته‌ زانكۆی ( به‌غداد) كۆلیژی ئاداب / به‌شی زمانی كوردی ، له‌به‌ر عه‌شق و خۆشه‌ویستییه‌كی زۆری بۆ زمانی‌ شیرینی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، خه‌لیل مراد وه‌ندی هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1973 بۆ 1974) بڕوانامه‌ی دبلۆمی باڵای دووساڵه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌،  له‌ساڵی (1974)  بۆیه‌كه‌م جار وه‌ك مامۆستاداده‌مه‌زرێت له‌شاره‌كانی ( به‌غدا و فه‌للوجه‌و هه‌ولێر)  ده‌ست به‌كار ده‌بێت له‌سه‌ر وانه‌ وتنه‌وه‌، زمان و ئه‌ده‌بی كوردی به‌ قوتابییه‌كانی ده‌ڵێته‌وه‌، له‌سه‌ر میلاكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ تاساڵی (2006) .

2

ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی ، كاریگه‌ری ژینگه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندی ناوچه‌كه‌ی تێیدا ژیاوه‌ ،له‌ڕووی مه‌قامات و به‌سته‌و هه‌روه‌ها وانه‌ی سروود له‌قوتابخانه‌كه‌ی ئه‌م به‌هره‌یه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندا له‌پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی یه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، خولیای چڕینی مه‌قامه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی بووه‌  وه‌ك ( ئای ئای و خاوكه‌ر و ئه‌ڵلاوه‌یسی و قه‌تار)، كاتێكیش چۆته‌ شاری به‌غدا و تێكه‌ڵ به‌و شارستانییه‌و دنیا فراوانه‌ی شاربووه‌ و گوێبیستی ڕادیۆی كوردی به‌غدابووه‌،كه‌له‌ڕێی ڕادیۆی كوردی به‌غداوه‌ ڕۆژانه‌ گوێبیستی ده‌نگی به‌سۆزی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ بووه‌ كه‌ له‌ڕێی ئه‌و ڕادیۆیه‌وه‌ گۆرانی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ په‌خش و بڵاوكراوه‌نه‌ته‌وه‌، هونه‌رمه‌ند ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری ده‌نگی به‌سۆزی هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( عه‌لی مه‌ردان و حوسێن عه‌لی و مه‌زهه‌ری خالقی ) هه‌ست و هۆشیی هونه‌رمه‌ند له‌نێو ئه‌و سێ ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌دا بخولێته‌وه‌و ڕۆحی په‌روه‌رده‌ بكات به‌ ئه‌داو میلۆدی ئه‌و ده‌نگانه‌وه‌ له‌ناخی خۆیدا په‌روه‌رده‌یان بكات و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵیاندا بژی ، ده‌بێت له‌كۆتایدا هونه‌رمه‌ند ده‌بێت ببێته‌ خاوه‌نی چ ده‌نگێك، عه‌شق و خۆشه‌ویستی ده‌نگی هه‌ر سێ هونه‌رمه‌ند هانی ده‌دات كه‌ هه‌نگاو هه‌ڵبگرێت به‌ره‌و ڕادیۆ،  هونه‌رمه‌ند خه‌لیل مراد وه‌ندی له‌ساڵی (1968) بۆ یه‌كه‌م جار چۆته‌ ڕادیۆی  كوردی به‌غدا و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵدا سازكراوه‌ له‌لایه‌ن بێژه‌ری ڕادیۆی كوردی به‌غدا به‌ڕێز ( عه‌بدولوه‌هاب تاڵه‌بانی) دواتر به‌خزمه‌تی مامۆستا عه‌لی  مه‌ردان ده‌گات. هونه‌رمه‌ند سه‌باره‌ت به‌و كاریگه‌رییه‌ی ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان ده‌ڵێت ( هەر گۆرانیبێژێك ئەمڕۆ لەسەرەتای ڕێگا دەبێ لاسایی یەكێك بكاتەوە بەدڵی بێت، لەسەردەمی ئێمەش عەلی مەردان دەنگی دابۆوە من لەنێوان عەلی مەردان و حوسێن عەلی و خالقی وون ببووم ئیتر كەوتمە شوێن ئەوانەوە و بووم بەگۆرانیبێژ. كاریگەری ئەوان بەسەر منەوە هەیە، باوەڕم نەدەكرد ڕۆژێك لەرۆژان ببمە گۆرانیبێژ، عەلی مەردان بانگی كردم بۆ ئێستگە و ئاوازی دانا بۆ شیعرێكی (ئیبراهیم ئەحمەد) بەناوی (خۆشەویستەكەم)، گوتم مامۆستا باتۆزێك دەستكاری بكەین ڕازی بوو، بەڵام تا شەش مانگ نەیهێشت تۆماری بكەم دەیگوت پێویستە تۆ سەرەتایەكی بەهێزت هەبێ، بۆیە ڕۆژانە لەگەڵی بووم سەرەتا وام دەزانی دژیایەتیم دەكات، دواتر زانیم بۆ بەرژەوەندی من دوایخستووە، پێی گوتم دەبێ بەشێوازێكی تایبەت تۆماری بكەی لەساڵی (1971) گۆرانی (خۆشەویستەكەم) لەبەغدا تۆماركرا)(*1)

3

دوای تۆماركردنی ئه‌و گۆرانییه‌ ( خۆشه‌ویسته‌كه‌م) له‌هۆنراوه‌ی ( ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ) و ئاوازی هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی مه‌ردان )، ده‌نگ و سه‌دایه‌كی زۆری هه‌بوو له‌نێو خه‌ڵك و هونه‌رمه‌ندان دا و هونه‌رمه‌ندێك به‌و توانا و چڕینه‌ به‌سۆزه‌ بۆیه‌كه‌مجار به‌وشێوه‌یه‌ له‌ناو خه‌ڵكیدا بناسرێت ، كارێكی ئه‌سته‌مه‌ ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌لیقه‌و خوێندنه‌ویه‌كی به‌رزی هونه‌رییانه‌ی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی مه‌ردان) بۆ قوتابییه‌كه‌ی ، دوای ناو  و ناوبانگ ده‌ركردن و ناسینی هونه‌رمه‌ند له‌نێوه‌ندی هونه‌ریدا ،له‌لا‌یه‌ن ئاوازدانه‌رێكی عه‌ره‌به‌وه‌ داوایه‌كی ئاراسته‌ كراوه كه‌به‌عه‌ره‌بی گۆرانی بخوێنێ‌، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند ڕه‌تی كردۆته‌وه‌ و له‌ هونه‌ری جوان و ده‌وڵه‌مه‌ندو ڕه‌سه‌نی میلله‌ته‌كه‌ی خۆی لابدات ، هونه‌رمه‌ند خه‌لیل وه‌ندی ده‌ڵێت( له‌ڕادیۆ هونه‌رمه‌ند (نازم نەعیم)  هەبوو ئاوازی بۆ  هونه‌رمه‌ندان (نازم غەزالی و عەفیفە ئەسكەندەر ) دانابوو دوای بڵاوبوونەوەی گۆرانی (خۆشەویستەكەم) هاتە لام و گوتی بۆ نایەی گۆرانی بەعەرەبی بڵێی و ببین بەشەریك و پێكەوە قازانجێكی ماددی زۆر دەكەین، منیش به‌  مامۆستا(عەلی مەردان)
م گوت و بزانم ڕای‌ چییه‌ ؟  له‌وه‌ڵامدا گوتی ئه‌وه‌ یەكەمین دوژمنی كوردە، دژایەتی من و هەموو شتێكی كوردی دەكات، هه‌روه‌ها مامۆستاو هونه‌رمه‌ند ( ئەنوەر قەرەداخی ) یش  پێیگوتم،  تۆ بەكوردی دەستت پێكردووە هەر بەكوردیش بەردەوام بە، هەروەها ویژدانیشم ڕێگای نەدەدام كه‌ بەزمانی تر گۆرانی بڵێم ) (*2)
هونه‌رمه‌ند خه‌لیل مراد وه‌ندی له‌سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكان له‌گه‌ڵ خاتوو ( نه‌جات محه‌مه‌د) كه‌ ئامۆزای خۆیه‌تی ، به‌خۆشه‌ویستی ژیانی هاوبه‌شیی دروست ده‌كه‌ن و ئه‌نجامی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ ده‌بنه‌ خاوه‌نی ( پێنج كوڕو دوو كچ) ،
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1981) شاری به‌غدا به‌جێدێڵێت و ڕوو ده‌كاته‌ ‌شاری هه‌ولێرو خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی لێی نیشته‌جێ ده‌بن، هونه‌رمه‌ند وه‌ك وانه‌بێژێك له‌ په‌یمانگاكان وانه‌ی وتۆته‌وه‌ ( په‌یمانگای مامۆستایانی ناوه‌ندی به‌غدا ، په‌یمانگای ناوه‌ندی هه‌ولێر ،په‌یمانگای ئاماده‌كردنی مامۆستایان و كۆلیژی ئاداب)، له‌ساڵی (2006) به‌دواوه‌ وه‌ك مامۆستای زانكۆ له‌به‌شی ده‌روونزانی _ زانكۆی سه‌لاحه‌دین و پاشان له‌زانكۆی سۆران ،وانه‌ی وتۆته‌وه‌ به‌قوتابیان.

5

هونه‌رمه‌ند له‌وكاته‌وه‌ به‌رده‌وام بووه‌ له‌ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری گۆرانی خوێندن، نزیكه‌ی ( 85) گۆرانی ‌ بۆ ڕادیۆی كوردی به‌غدا و (20) گۆرانی بۆ ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا و كه‌ركوك تۆماركردووه . له‌هه‌موو بۆنه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و ئاهه‌نگه‌كان به‌تایبه‌ت جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز هونه‌رمه‌ند به‌شداربووه‌و  به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی  بوونی خۆی سه‌لماندووه‌.
هونه‌رمه‌ند خه‌لیل مراد وه‌ندی شاره‌زاییه‌كی باشیی هه‌یه‌ له‌ له‌مه‌قامه‌ كوردییه‌كان و ناسین و شیكردنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زه‌كانی مه‌قام ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ساڵانێكی زۆر له‌شاری به‌غدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ژیاوه‌و و هاوڕێی بووه‌ ، هونه‌رمه‌ند خه‌لیل وه‌ندی خۆی به‌شاگردی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ده‌زانێت له‌چڕینی مه‌قامه‌ كوردییه‌كان ،وه‌ماوه‌ی ( 10 ) ساڵ وانه‌ی مۆسیقای وتۆته‌وه‌ له‌په‌یمانگاكان ،
هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند خه‌لیل مراد وه‌ندی ئاماژه‌ به‌سوود وه‌رگرتن له‌مامۆستایانی هونه‌رمه‌ندان ده‌دات ده‌رباره‌ی مۆسیقا و فێربوونی ئامیری عود و كه‌مانچه‌ ، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ، خالید سه‌ركار ، د.ئه‌لبێرت عیسی ، ڕزگار خۆشناو و وریا ئه‌حمه‌د ) شاره‌زایی باشی هه‌یه‌ له‌ژه‌نینی ئامێری (عود) .
هونه‌رمه‌ند زۆر سه‌رسامه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كانی هونه‌رمه‌ندان و چێژ له‌ ده‌نگه‌به‌سۆزه‌كانیان وه‌رده‌گرێت( سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستان ، عه‌لی مه‌ردان ،مه‌زهه‌ری خالقی و حوسێن عه‌لی )
هه‌روه‌ها شاره‌زایی و توانایه‌كی باشی هه‌یه‌ له دانانی ‌هۆنراوه‌، چونكه‌ زۆرێك له‌ تێكستی گۆرانییه‌كانی له‌هۆنراوه‌ی خۆیه‌تی.

5

نموونه‌ی هه‌ندێك له‌گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند وه‌ك ( خۆشه‌ویسته‌كه‌م ، هاوار له‌جه‌رگم ، سه‌وزه‌(هۆنراوه‌ و ئاوازی خۆی) ، شیرینه‌كه‌م ، به‌و به‌و ، جوانی جاران، نامه‌وێ ( تێكستی خۆیی و ئاوازی عه‌لی مه‌ردان)  ،  ته‌مه‌ن ( هۆنراوه‌ی جه‌لال جۆبار و ئاوازی وریا ئه‌حمه‌د ) ، تازه‌ ئه‌روس ، هه‌رمن په‌روانه‌ی په‌رچه‌م خاوی ، ده‌ردی من ، نه‌خۆش و مه‌ستی و مه‌قامی ئه‌ڵوه‌ن و ....تاد )

خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت و سڵاو له‌مێژووی هونه‌ری ئه‌و ده‌نگه‌ شیرینه‌ ئه‌ڵوه‌نییه‌ی هونه‌رمه‌ند خه‌لیل مراد وه‌ندی، دوای (42) ساڵ خزمه‌تكردن به‌مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌ كپ و بێ ده‌نگ بووه‌، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ئازاره‌ به‌سوێ و زامه‌ قوڵه‌ی هونه‌رمه‌ند چه‌شتی له‌ڕێكه‌وتی ( 8/5/2013) به‌هۆی له‌ده‌ستدانی یه‌كێك له‌كوڕه‌كانی ‌ به‌كاره‌ساتی دڵته‌زێنی ئۆتۆمبێل، ئه‌و كاره‌ساته‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌و شه‌وق و سه‌لیقه‌و زه‌وقه‌ هونه‌رییه‌ پر چێژه‌ی هه‌یبوو له‌ده‌ست بدات و له‌ هونه‌ر دووربكه‌وێته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها دوای چه‌ندین ساڵ وه‌ك مامۆستا و وانه‌ وتنه‌وه‌ ، له‌ساڵی (2019) خانه‌شین بووه‌ و به‌داخه‌وه‌ ئێستا باری ته‌ندروستی ناجێگیره‌.

6

هه‌رچه‌نده‌ هونه‌رمه‌ند دوور كه‌وتۆته‌وه‌ له‌دنیای چڕینی كه‌قام و به‌سته‌ خۆشه‌كانی ، به‌ڵام ناو  و ناوبانگ و ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی بۆ هه‌میشه‌ له‌گوێماندا ده‌زرینگێته‌وه‌ و به‌هونه‌ره‌كه‌ی خزمه‌تێكی جوان و به‌رزی پێشكه‌شی گه‌نجینه‌ی هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی كوردی كردووه‌ .

جه‌مالی ده‌لاك  8/6/2021

سه‌رچاوه‌ : (*1) سایتی ، گوڵان میدیا ، له‌ 1/2/2012

(*2) هه‌مان سه‌رچاوه‌ پێشوو.

789

 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.