لەشۆرشه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی گه‌لی كورد، دژ بەداگیركەران و ناحەزان و دوژمنانی كوردستان، هاوشانی پێشمەرگە قاره‌مان و نه‌به‌رده‌كانی كوردستان، نوسەران و ڕۆشنبیران و شاعیران و هونەرمەندان وەك ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لەبەرەی گەلە چەوساوەكەیانداتێكۆشاون و خه‌باتییان كردووه و ، به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ری یان خوڵقاندووە، بە خامە و هەستی بەرزیان ئەدەبی بەرگریان باڵاتر كرد و هونەرمەندان یش بەگەرووی كوردانەیان هونەری بەرگری گەلی كوردی‌یان پتەو تر و بەجۆشتر كردووە ، لە هەموو قۆناغەكانی شۆرشی كورد هونەرمەندانی ژەنیار و دەنگبێژ و سروود بێژ لەناو تیپە مۆسیقییەكان بەوپەڕی دلسۆزیی و كارامه‌یی ولەخۆبووردووییەوە بێ ووچان كاری هونەرییان ئه‌نجامداوه، ئەوەی لێرەدا مەبەستمە تیشكێك بخەمە سەر سروودی ( ئەی بەندیخانە ) ، بەڵام بەرلەوەی بچمە سەرباسەكەم لەنێو هونەری بەرگری نەتەوەكەماندا گەلێك سروود و مارش تۆماركراوون كەهەریەكەیان بۆسەردەمی خۆیی و تەنانەت ئێستاش گرنگی و بایه‌خی خۆیی و هەریەكەیان پاشخانێكی هەیە كە پێویستە ئاماژەیان پێبدرێت و بیان كەینە دیكۆمێنت و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌خانه‌ی ئه‌رشیفی سروود دا سوودی لێوه‌ربگیرێت ،لەسەرەتای ساڵی (1984) لەڕێی تۆمارگای (پیرۆزە) لەشاری سلێمانی گوێبیستی سروودێك بووم بەناوی ( ئەی بەندیخانە) لەگەڵ یەكەم بیستندا ئەو سروودە لەڕوویی تێكست و میلۆدی و دەنگەوە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بیسەر دادەنا ، لەبەر گرنگی سروودەكە و كاردانەوەی تێكستەكە لەسەر ناخ و هەستم لەخاوەن تۆمارگام پرسیی ئەو سروود بێژە كێیە ؟ بەداخەوە هیچ زانیاری لەسەر نەبوو تەنها وتی ئەوە كاسێتێكە هەمووی سروودە بەناوی ( تیپی هونەری چەوساوەكان ) بۆم هاتووە و بڵاوی دەكەمەوە، ئەو پرسیارە بێ وەڵامەم لەلا مایەوە تادوای ڕاپەڕین ، زیاتر كەوتمە دوای وەرگرتنی وەڵامەكەم تا بۆم ڕۆشن بۆوە ئەو سروود بێژە هونەرمەند و پێشمه‌رگه ( لالۆ رەنجدەر) ی ئازیزە و لەنزیكەوە بەخزمەتی گەیشتم ، بەپێویستم زانی كە بكەومە دووی و زانیاری زیاتر لەسەر ئەو سروودە وەدەست بهێنم و لەنزیكەوە هونه‌رمه‌ند لالۆ رەنجدەر بدوێنم و چەند پرسیارێكی ئاراستە بكەم ، بەوپەڕی لوتفەوە وەڵامی درووستی پێ بەخشیم سەبارەت بەسروودی ( ئەی بەندیخانە) .
بەندیخانە ئەو شوێنە ئازار بەخشەیە كە داگیركەرانی كوردستان سیخاناخیان كردبوو له ڕۆڵه تێكۆشه‌ره‌كانی گه‌لی كورد، دوژمنانی نه‌ته‌وه‌كه‌م به‌ندیخانه‌یان بۆكەسانی تێكۆشەرو ئازادیخواز و شۆرشگێڕ درووست كرووە و ژوورە تاریكەكانی بەندیخانە شوێنی ئازاردان و شەهیدكردنی سەدان لەرۆڵەكانی نەتەوەكەمانە بەدەستی جەللادە خوێنمژەكانی داگیركەر ، سروودی بەندیخانەش باس لەو ئازارە دەكات كە ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلەكەمان لە زیندانەكانی بەعسدا بەدڕندەترین شێوە ئازار دەدران و قارەمانانە ڕووبەڕووی جەللادەكان دەبوونەوە.
دكتۆر عه‌بدولواحید ئیدریس شه‌ریف ، به‌و شێوه‌یه باس له‌سروودی بهندیخانهدهكات ..
(ئه‌م سرووده باس له دڕنده‌یی و خوێنخۆریی جه‌للاد و ژووری تاریكی به‌ندیخانه وئازاردانهكانی زیندانی ده‌كات،له‌گه‌ڵ سروودی ( بووكی ئازادیی ) ی ( قانع) لێك نزیكن و به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی دوژمن، زیندان ، نه‌ك زیندانییه خاوه‌ن باوه‌ڕه‌كان نابه‌زێنێت ، به‌ڵكو ده‌بێته هه‌وێنی ڕاپه‌ڕین و مه‌رگی زۆرداران ،ئه‌م وشه‌و ئاوازه پڕ لههیوایانه، مرۆڤ هان ده‌دات بهگهشبینیی بڕوانێته دواڕۆژ و له‌وپه‌ڕی ووره به‌رزییه‌وه به‌ره‌نگاریی دژوارییه‌كانی ڕێی گه‌یشتن به‌ئازادیی ببێته‌وه ) (*1).
ئەگەر خاوەنی تێكستی سروودی بەندیخانە خۆی قوربانییەكی ژوورە تاریكەكانی بەندیخانە نەبووبێت بێگومان ئەو هەستە بەرزە شۆرشگێڕییە و هیوا بەدوارۆژی ڕۆشن و پرشنگداریی گەلەكەی نەبووبێت ناتوانێت لەزیندانەوە ئەو هۆنراوە بەرزە بنوسێت و ڕۆژێك بێت بەگەرووی خۆی بیچڕێت.
بۆئەو مەبەستە لەلالۆ ڕەنجدەری سروود بێژم پرسیی دەكرێت بزانین تێكست و ئاوازی سروودی بەندیخانە هی كێ یه و ساڵی چەند و لەكوێ تۆماركراوە ؟
لالۆڕەنجدەر : من هەروەك تاكێكی نەتەوەكەم هەمیشە خەمم لەوە دەخوارد كە بۆ دەبێت نەتەوەكەم خاوەنی ئەو هەموو جوانییە یە ، خاوەنی وڵات و ئاڵا و زمان و فەرهەنگ و كەلتووری خۆیەتی، بەڵام بەشمان داگیركاری و سەركوتكردن و زیندە بەچاڵكردن و لاوەكانمان لەژوورە تاریكەكانی زیندان توند دەكرێن ، بەهەرحاڵ ساڵی (1977) لەهەیئەی كه‌ركوك زیندانی بووم لەژێر ئازار‌و ئەشكەنجەی جەللادەكانی بەعس شانیان شكاندم و ئازارێكی زۆرم چەشت، بەڵام لەبەرئەوەی لەژێر ئەو هەموو فشارە دەروونی و جەستەییەدا هیچم نەدركاند و لەكۆتایی هەمان ساڵدا ئازادكرام، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم لەدوای شكاندنی شانم كەوتمە خەیاڵی ئەوەی لەناخی پڕ ئازارمەوە شتێك بۆ ئەو چوار دیوارە پڕ ئازارە كەپێی دەوترێت بەندیخانە بنووسم ، بەڵی لەزیندان ئەو هۆنراوەیەم نوسی .
دوای ئازادبوونم لەساڵی (1978) پەیوەندیم كرد بەڕیزەكانی پێشمەرگەوە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیم پۆشیی و لەگەڵ براو هاوڕێ پێشمەرگەكانم بەردەوام لە جەولەدا بووین لەناوچە ئازادكراوەكان و بەردەوام بەدەم ڕێوە سروودە نەتەوەیی و شۆرشگێرییەكانم دەووت بەگشتی و بەتایبەتی سروودی ئەی بەندیخانە .
تیپی هونه‌ری چه‌وساوه‌كان كێ بوون؟
دكتۆر عه‌بدولواحید ئیدریس شه‌ریف ، ئه‌و تیپه هونه‌رییه به‌وشێوه‌یه پێناسه ده‌كات و نوسیویه‌تی ( تیپی هونه‌ری چه‌وساوه‌كان له‌ساڵی (1982) له‌چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ند و كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی هونه‌ر دۆست پێكهاتبوو، به‌پێچه‌وانه‌ی تیپه‌كانی دیكه، ئه‌م تیپه گه‌ڕۆك بوو له‌گونده ئازادكرا و دووره ده‌سته‌كانی ڕژێم چالاكی هونه‌رییان ئه‌نجام ده‌دا، یه‌كێك له چالاكییه‌كانی یان كۆتایی كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانیان به‌سروودی شۆڕشگێڕانه ده‌ڕازانده‌وه و سروودبێژ ( لالۆ ڕه‌نجده‌ر) داینه‌مۆ و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م تیپه بوو ، سروودهكانیان ئاوێته‌بوو له‌ده‌ربڕینی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تی ، ئازادبوون له‌دانان و وتنی جۆری سرووده‌كان) (*2)
هونه‌رمه‌ندی سروودبێژ لالۆ ڕه‌نجده‌ر یش گه‌واهی ده‌دات و ده‌ڵێت : لەساڵی (1982) لەگوندی بالیسان بۆیەكەم جار لەگەڵ ( تیپی هونەری چەوساوەكان) كە تیپێكی هونەری بەرگری گەڕۆك بووین لەوێ تۆمارم كرد، واتە هۆنراوەی ( ئەی بەندیخانە ) هۆنراوەی منەو دەبێت ئەو ڕاستیەش بڵیم كە دوو كۆپلەی سروودەكە ( شەهید شەماڵی باخ ) بۆی زیادكرد ئەویش دەرەئەنجامی ئەو زامە پر سوێیە بەو ڕووحە پڕ ئازارەوە كە ( دكتۆر ڕێبازی) برای بەدیل گیراو لەقەسابخانەكەی موسڵ لەسێدارە درا ، شەهیدكردنی براكەی ببووە هەوێنی ئەو دوو كۆپلەیە، دووبارە لەساڵی (1983) لەگەڵ هەمان تیپ، لەگوندی ( گۆپ تەپە) ی دەشتی كەركوك تۆمارمان كردەوە و بەباشی بڵاوكرایەوە.
سەبارەت بە میلۆدییەكەی دەبێت ئەوەش بڵیم كە من سوودم لە گۆرانیەكی هونەرمەندی خۆشەویست كاكە ( حەسەن گەرمیانی ) وەرگرت گۆرانیەك بەناوی ( زەردەی دەم كەل ) و هەندێك دەستكاریم كرد‌و، و ئاوازی ئەو گۆرانیيە هی هونەرمەندی ژەنیاری گەورە مامۆستا ( خالید سەركارە ) .
دوای ئەوەی كە لە زاری هونەرمەند لالۆ ڕەنجدەرەوە ناوی مامۆستا خالید سەركارم بیست ، ڕاستەوخۆ پێوەندیم به مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( خالید سه‌ركار) ه‌وه كرد، سەبارەت بەو ئاوازە و له‌وه‌ڵامدا فەرمووی، بەڵێ ئەوە ئاوازی منە و لەساڵی (1973) لەسەر هۆنراوەی ( زەردەی دەم كەل ) دامنا و دەبێ ئەوەش بۆئێوە ڕوون بكەمەوە ئەو هۆنراوەیە ، هۆنراوەی بەڕێز ( فەتاح كەریم ) ە ناسراو بە ( كاوە ) ئەندامی تیپی نواندنی سلێمانی بوو ، دواتر هونەرمەندی خۆشەویست كاكە (حەسەن گەرمیانی) زۆر بەجوانی خوێندی و بووە جێی سەرنج و ڕەزامەندی گوێگرانی دەنگی كاك حەسەن گەرمیانی و تیپی مۆسیقای سلێمانی .
دووباره پرسیارم ئاراستەی هونەرمەند لالۆ ڕەنجدەر كردەوە و وتم ئێوە بەدەنگە پر جۆشەكەتان ئەو سروودەو چەندین بەرهەمی سروودی ترتان لەگەڵ ئەو تیپە مۆسیقیە تۆماركرد ، ئایا ناوی هونەرمەندە ژەنیارەكانت لەیاد ماوە پێم باشە خوێنەران لەلایان رۆشن بێت ئەو دەست و پەنجە زێرینانە بەو هەستە نیشتمانیی و كوردانەوە لەناوچە ئازادكراوەكان هاوكارتان بوون بزانێن كێن ؟
من لێرە جارێكی تر سپاس و ستایش و ڕێزم بۆ هەموو ئەو هونەرمەندە ژەنیارە خۆشەویستانە لەو ڕۆژگارە سەختەدا هەموو كات هاوكارمان بوون دەست و پەنجەو هەستی بەرزی هونەری ئەوان بوون كەئێمەیان زیاتر هان ئەدا بەردەوام بین و كاری نوێ بخوڵقێنین ، هەروەها سپاس و حورمەت بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی هاوكارمان بوون ، ئەوەی لەیادم مابێت ئەو هونەرمەندە خۆشەویستانە لەگەڵماندا كاری هونەرییان دەكرد وەبەتایبەت لەسروودی بەندیخانەدا ( مامۆستا مەجید خۆشناو ژەنیاری كەمان بوو ، مامۆستا قەمبەر ژەنیاری كەمان ، سیار بامەڕنی ژەنیاری گیتار ، مامۆستا محەمەد ژەنیاری گیتار خەڵكی شارۆچكەی دوكان بوو وەهەروەها هەندێك ژەنیاری خۆشەویست و بەتوانا كەبەنهێنی لەشاری سلێمانی یەوە هاتبوون بۆئەو كاتە نەیاندەویست ناویان ئاشكرا بكرێت ) وە ئەوەی لەیادما ماوە لەو سروودەو سروودەكانی تردا كۆرسمان لەگەڵدا بوو ( شەهید سەردار و شەهید كامەران و چەندپێشمەرگەیەكی ) تربوون ، بەداوای لێبوردنەوە كەناتوانم ناوی هەموویان بهێنم چونكە تەمەن هەڵكشاوە و لەیادم نەماون دەبێت بەگەورەیی خۆیان بمبەخشن ،
نزیكەی (44) ساڵ بەرلەئێستا ئەو هۆنراوەیە له‌ژووره تاریك و پڕ ئازاره‌كانی زیندانی بەعسدا نوسراوە ، لەوپەڕی وورە بەرزی و هیوا بەخۆبوون و دڵنیابوون لە هەڵهاتنی خۆری ئازادی بەو گەشبینییەوە شاعیر دەنگ هەڵببڕێ و پڕ به‌گه‌رووی هاواربكات و بڵێ:
بێشك بزانە ئەی بەندیخانە
ئەتكەین بەجێگەی گوڵ و ڕەیحانە
لەدوای ڕاپەڕینەوە ئەو شوێنانەی پێش ڕاپەڕین جێی ئازار و ئەشكەنجەدان و شەهیدكردنی ڕۆڵە چاونەترس و قارەمانەكانی ئەم گەلە بوون وەك ( حامیەی سلێمانی ، ئەمنە سورەكە و سجنی گەورەی سلێمانی ( پاركی دایك ) و شوێنی ئێستای پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان و بێگومان لەشاری دهۆكیش) بەداخەوە یەك كۆپلە لەو سروودە وەك تابلۆیەك دانەنراوە تا نەوەی نوێ بزانن كەڕۆژگارێك بوو ئەم شوێنانە جێی ئازاردان و ئەشكەنجەدانی شۆرشگێڕان و ئازادیخوازن بووە و ئێستا لەسایەی خوێنی پیرۆزی شەهیدان و ڕاپەڕینی قارەمانانەی گەلەكەمان بۆ تە شوێنی پشوودان و ئارامكەرەوەی ڕووحی ئینسانەكان، لالۆی هونەرمەندیش هاوڕای بۆچوونەكەی من بوو ووتی :
كاتێك ئەو هۆنراوەیەم نوسیی لەو شوێنانەی تۆ ئاماژەت پێدان ڕۆژانە گەنج و لاوی كورد لەلایەن جەللادەكانی بەعسەوە ئازار و ئەشكەنجە دەدران وشەهید دەكران وە خۆشم یەكێكم لەو قوربانیانە و لە زینداندا ئەو بیرۆكەی نوسینی هۆنراوەیەم لەلا دروست بوو، كەچی بەداخەوە تا ئێستا لەهیچ شوێنێك لەو باخ و پاركانە تەنها یەك دێڕی ئەو هۆنراوەیەی من بەرچاو ناكەوێ ، هەركات بیری لێدەكەمەوە هەست بە ناهەقییەكی زۆر دەكەم كەبەرامبەرم دەكرێت وە دڵنیاش بن بێدەنگییەكەم تەنها بۆئەو ڕەوشتە بەرزەی كورد‌و كوردستان پەروەریەم دەگەڕێتەوە .
تا داگیر كەرانی كوردستان بوونیان هەبێت و تا زیندان و بەندیخانەكانی دوژمنه خوێنمژ و دژە مرۆڤەكانی كوردستان لێوڕیژبن لە مرۆڤی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی كورد ، سروودی ئەی ڕەقیب و سەرجەم سروودەكانی تر بەگشتی و سروودی بەندیخانە بەتایبەتی هەردەمێنن و بەردەوام لەگەرووی هونەرمەندانی سروود بێژ و گەنج و لاوی كورد بەكوڕو كچەوە بەدەنگی بەرزی میللەتێكی مافخوراو هەردەوترێتەوە و دەدرێت بەگوێی ناحەزان و داگیركەرانی كوردستان .
كورته‌یه‌ك له‌ژیانی پێشمه‌رگه‌و هونه‌رمه‌ندی سروودبێژ لالۆ ڕه‌نجده‌ر ...!
ناوی ( ڕه‌نجده‌ر مسته‌فا عاسی ) یه له‌ساڵی (1956) له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاری شاری كه‌ركوك چاوی به تاڵیی و شیرینه‌كانی ئه‌م ژیانه پڕ مه‌ینه‌تی و كوێره‌وه‌رییه هه‌ڵهێناوه.
وه‌ك هه‌رمنداڵێكی ئاسایی له‌شاری كه‌ركوك ساڵی (1962) خراوهتهبهرخوێندن ، قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌و شاره ته‌واوكردووه، به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌وه كه شاره دێرینه‌كه‌ی كوردان (كه‌ركوك) به‌هۆی سیسته‌مه یه‌ك له‌دوای یه‌كی حوكمڕانانی عێراقه‌وه پێوه‌ی ده‌ناڵێنێ و دانیشتوانه‌كه‌ی هه‌میشه چه‌وساونه‌ته‌وه و زوڵمیان لێكراوه‌و به‌هۆی چه‌وساندنه‌وه‌ی ( نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تی) دا ، هه‌ستی گڕگرتووی دانیشتوانه‌كه‌ی وه‌ك بڵێسه‌ی بابه‌گوڕگوڕ به‌رده‌وام له خرۆشان و قوربانیدان و لهمهتهرێزی به‌رگریدابوون تا شاره‌كه‌و هه‌سته نهتهوایهتییهكهیان بپارێزن ، ئه‌و ههستهنهتهوهییه و ڕۆحه به‌رنگاربوونه‌وه‌یه له‌ناخی لالۆدا له‌یه‌كه‌م ساته‌كانی هه‌ست به‌خۆبوونه‌وه چرۆی كردووه و هه‌روه‌ك خۆشیی ئاماژه‌ی پێده‌كات و ده‌ڵێت ( شەهید دایە نەزمی دایكم گەورەترین قوتابخانەی من بووە، هەمیشە بە ڕۆحێكی نەتەوەییەوە منی پەروەردە كردووە، قسەكانی ئەو ئێستەش لە گوێم‌دا دەزرینگێتەوە و بەوپەڕی پیرۆزییەوە دەیانڵێمەوە، هەروەها یەكێك لە گوتەكانی شەهید دایە نەزمی دایكم ئەوەبوو كە دەیگوت "هەر میلەتێك دەوڵەتێكی سەربەخۆی نەبێت ماڵەكەی لە ژێر ڕەشماڵێكی دۆم و قەرەجەكاندایە، هەر رەشەبایەك هەڵبكات كەلوپەلەكانی فڕێ دەداتە ئەم گۆڕەوە، بۆیە منیش لە ژێر كاریگەری دەیان و سەدان گوتەی دایە نەزمیدا پەرەم بە بیری نەتەوەیی خۆم داوە).(*3).
له ته‌مه‌نی (18) ساڵیدا ، ( 1974) وه‌ك هه‌رتاكێكی ئه‌م نیشتمانه لالۆ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆڵنه‌ده‌ر پێوه‌ندی ده‌كات به شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه، له‌دوای نسكۆی ساڵی (1975) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاری كه‌ركوك و بۆمه‌به‌ستی درێژه‌دان و دابینكردنی بژێوی ژیان ده‌بێته كرێكار و ڕۆژانه هێز و وزه‌ی جه‌سته‌ی ده‌فرۆشێت له‌به‌رامبه‌ر نان دا.
به‌ڵام ڕۆژانه ئه‌و سته‌م و داگیركاریی و زوڵمه‌ی پیاوانی به‌عس به‌خه‌ڵكی شاری كه‌ركوكی ده‌كه‌ن ، ئه‌وانه له‌ناخی هونه‌رمه‌نددا كه‌ڵه‌كه ده‌بێت و ده‌بێته ڕقێكی پیرۆز به‌رامبه‌ر به‌دوژمن ،له‌ساڵی (1977) له‌لایه‌ن چهتهوڵهكانی ڕژێمی به‌عسی فاشسته‌وه قۆلبهند ده‌كرێت و ده‌خرێته نێو ژووره تاریكه‌كانی زیندانه‌وه ته‌نها تاوانی كوردبوون بووه ..!
له‌ساڵی (1978) ئازاد ده‌كرێت و خۆیی ده‌گه‌یه‌نێته ناوچه ئازادكراوه‌كان و به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌پۆشێت و له‌نێو ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان ده‌بێته پێشمه‌رگه، له پێشمه‌رگایه‌تیدا ده‌ست به خوێندنه‌وه و نووسین و، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا ده‌ست به سروود خوێندن و گۆرانی ڕامیاری ده‌كات.
له‌كاتی پێشمه‌رگایه‌تیدا له‌ساڵی (1983) له‌گه‌ڵ خاتوو ( خه‌رامان ) ژیانی هاوسه‌رگیری پێكدێنێ و ده‌بنه خاوه‌نی كوڕ‌و كهنیشكهیهك به‌ناوه‌كانی ( ئارام و ده‌ریا) .
هونه‌رمه‌ند له‌شاخ جیا له‌خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك ، له‌هه‌مانكاتیشدا و وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی پێشمه‌رگه درێژه‌ی به تێكۆشانی هونه‌ری داوه وه‌ك سروود بێژ و ئه‌كته‌ری شانۆگه‌ری له‌ناوچه ئازادكراوه‌كانی كوردستان دا.
ناوی ( لالۆ ) بۆ بۆته پێشگری ناوهكهیی و به لالۆ ( ڕه‌نجده‌ر ناسراوه ...؟
هونه‌رمه‌ند له ساڵی (1980) وه‌ك ئه‌كته‌رێك به‌شداری ده‌كات لهشانۆگهرییهك به‌ناوی (لالۆ) له‌و شانۆگه‌رییه‌دا ڕۆڵی كه‌سایه‌تیه‌ك ده‌بینێ به‌ناوی لالۆ ، له‌و ساته‌وه نازناوی (لالۆ) ده‌بێت پێشگری ناوه‌كه‌ی .
له ڕاپه‌ڕینی ساڵی (1991) وه‌ك تێكۆشهرو پێشمه‌رگه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری كه‌ركوك و به زێد‌و نیشتمان و بنه‌ماڵه‌كه‌ی شاد ده‌بێته‌وه، به‌ڵام خۆشییكهی به‌رده‌وام نابێت و به‌هۆی تۆپ بارانی ڕژێمی به‌عسه‌وه ، تۆپێك به‌ر ماڵی هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه لالۆ ڕه‌نجده‌ر ده‌كه‌وێت وكاره‌ساتێكی خوێناوی ڕووده‌دات ئه‌ویش به‌شه‌هیدبوونی ( دایك و هاوسه‌ر و كچ و خوشكه‌كه‌ی) .
دوای ئه‌و كاره‌ساته تراژیدیایهو ژیانه لێوڕیژ له‌هه‌ورازو نشێوه هونه‌رمه‌ند ڕق ئه‌ستوورتر و به‌په‌رۆشتر ده‌بێت كه له‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی به‌رده‌وام بێت و كۆڵ نه‌دات .
له‌ساڵی (1994) له گه‌ڵ خاتوو ( تانیا) ژیانی هاوسه‌ری پێكدێنێتهوه، به‌رده‌وامی ده‌دات به‌ژیان و كاره هونه‌رییه‌كانی، هونه‌رمه‌ند ئێستا له‌شاری هه‌ولێر ده‌ژی و خاوه‌نی چه‌ندین سروودی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه ( بۆ ده‌بێ ، هه‌ستن ئه‌ی لاوه‌كان ، بۆدوژمنی گه‌وج ، ڕابن ڕابن ، كه‌ركوك ، به‌ندیخانه و نه‌ورۆز ...تاد ) .
شه‌هیدان نه‌مرانی مێژوون ، دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی خانه‌واده‌ی پێشمه‌رگه‌و هونه‌رمه‌ندی سروود بێژ لالۆ ڕه‌نجده‌ر و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان .
تێكستی سروودی ئەی بەندیخانە...
ئەی بەندیخانە تاكەی ئەمێنی
لاوانی گەلمان لەناوخۆت ئەچێنی
وابووی بەژووری قوڵ و تەنگ نەفەس
لەبۆ میللەتی هەژارو بێ كەس
دیوارەكانت هە وەك پۆلایە
ژوورەكەت تاریك وا بێ چرایە
لێدانی قامچی نانی شەومانە
پەتی سێدارە لەگەردنمانە
ئێش و ئازاری برینداری بەند
هەڵئەگیرسێنێ ڕاپەرین و جەنگ
ڕاپەڕینێكی شۆرشگێڕانە
بۆنەهێشتنی ئەو فاشستانە
بێ شك بزانە ئەی بەندیخانە
ئەتكەین بەجێگەی گوڵ و ڕەیحانە
تێك ئەدەین دەرگا و دیوارەكانت
پەت ئەخەینە مل جەللادەكانت
جه‌مالی ده‌لاك 28/5/2021
سه‌رچاوه : (*1) كتێبی سروود و گۆرانی نیشتمانی و به‌ره‌نگاریی كوردی له‌كرمانجی خواروودا ، لاپه‌ڕه ( 214)
(*2) سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، لاپه‌ڕه ( 212)
(*3) دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند لالۆ ڕه‌نجده‌ر ،، گه‌رمیان گلی 7/8/2019 ، سایتی وشه .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.