هه‌ندێك گۆرانی هه‌یه كه‌بۆیه‌كه‌م جار بڵاو ده‌بێته‌وه ، له‌ڕووی میلۆدی و تێكست و موزیكه‌وه نوێگه‌ری تێدا به‌دی بكرێت و ده‌نگی هونه‌رمه‌نده‌كه نوێ بێ و بۆیه‌كه‌م جار بێته نێودنیای هونه‌ری موزیك و گۆرانییه‌وه، بێگومان هه‌ر زۆر زوو ئه‌و گۆرانییه و ئه‌و ده‌نگه كاریگه‌ری له‌سه‌ر گوێگر داده‌نێت و چێژی هونه‌ری ده‌به‌خشێت وه یاده‌وه‌ریش له‌لای گوێگر و بیسه‌ری گۆرانیه‌كه دروست ده‌كات، له‌هه‌ركات و زه‌مانێكدا گوێگر گوێبیستی ئه‌و ده‌نگ و گۆرانییه ببێته‌وه ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێیته‌وه بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه شیرینه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره‌ی كه ئه‌و گۆرانییه‌ت تێدا بیستووه، نموونه زۆرن به‌ڵام گۆرانی ( ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ) نمونه‌یه‌كی زیندووی ئه‌و بواره‌یه .
ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ یه‌كێك له‌گۆرانیه‌كانی ئه‌لبومی دووه‌می هونه‌رمه‌ند (ناسری ڕه‌زازی ) یه كه‌له‌ساڵی (١٩٧٦) له‌شاری سنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان، له‌گه‌ڵ دوو هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ئه‌و شاره به‌ئامێری موزیكی ڕۆژئاوایی تۆماركراوه ، به‌ڵام ئه‌و ده‌نگه نوێیه‌و گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ،له‌ساڵی (١٩٧٧) به‌شێوه‌یه‌كی خێرا‌و به‌ربڵاو به‌ته‌واوی باشووری كوردستاندا بلاوبۆوه و ، بووه هۆی ده‌ركه‌وتن و ناساندنی ده‌نگێكی نوێ ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند (ناسری ڕه‌زازی) بوو، هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و سه‌ركه‌وتوو ده‌ركه‌وت.
له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ لێره‌و له‌وێ له‌ناو چین و توێژی هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان دا باس له‌و گۆرانییه ده‌كرا كه‌ئه‌م گۆرانیه، گۆرانی مامۆستای مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی مامۆستا (عه‌لی مه‌ردانه ) ، به‌ڵام ده‌بێت هۆكار چی بووبێت تا ڕه‌زازی هونه‌رمه‌ند ئه‌و گۆرانییه‌ی نه‌خوێند ئه‌و گۆرانییه نه‌ناسراو و نهكهتبووه بهرگوێیی بیسه‌رانی ده‌نگ و توانا بهرزههونهرییهكهی مامۆستا (عه‌لی مه‌ردان)، ئایا نه‌بوونی ڕاگه‌یاندنێكی پێویست، یان نه‌بوونی نێوه‌ندێكی هونه‌ری كه‌له‌خزمه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئه‌و كه‌ڵه هونه‌رمه‌ندانه دا بێت له‌وسه‌رده‌مه‌دا كه‌مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ئه‌وگۆرانییه‌ی خوێندووه مینبه‌رێكی ڕاگه‌یاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌وبه‌رهه‌مانه ته‌نها (ڕادیۆی كوردی به‌غدا )بووه كه مێژوویه‌كی پرشنگدارو لێوانلێوى له‌په‌خش و بڵاوكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى هونه‌رمه‌ندان دا هه‌بووه .
له‌سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلولی ( ١٩٧٩ )هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی و خاتوو مه‌رزیه‌و دڵنیاخانی كچیان كه‌ئه‌وكات ته‌مه‌نی (شه‌ش) مانگ بووه، دێنه باشووری كوردستان و له‌شاری سلێمانی بۆماوه‌ی چه‌ند مانگێك میوانی ماڵی گه‌وره هونه‌رمه‌ند مامۆستا (نامدارقهراخی) و شاری سلێمانی ده‌بن ، له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له‌شاری سلێمانی هه‌مان گۆرانی ده‌خوێنێ و له‌وماوه‌یه‌دا چه‌ند دیدارێكی هونه‌ریی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی سازده‌كرێت و ئه‌وپرسیاره سه‌باره‌ت به گۆرانى ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێی ئاراسته‌ى ڕه‌زازى ده‌كرێـت.
ڕه‌زازی هونه‌رمه‌ند له‌دیداره‌كانیدا كهبهڕێزان ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د ( ١٩٧٩) بەرنامەى ڕۆژێک لەڕۆژان ) ، هونه‌رمه‌ند سالار قه‌راخی لەماڵى خۆیان ١٩٨٠ ) سازیان كردبوو ، وه‌دواتر له‌ڕێكه‌وتی ( ٢٦/٧/١٩٨٤ ) هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (وریا ئه‌حمه‌د ) له‌ماڵی خۆیان له‌شاری هه‌ولێر دیداری له‌گه‌ڵ ره‌زازی دا سازكردووه بەناوى ( دەنگخۆشەکانى کورد ، گۆڤارى ئۆتۆنۆمى ژمارە (١) ساڵى ١٩٨٥ ) ، یه‌كێك لهپرسیارهكانیان سه‌باره‌ت به‌گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ بووه ،
ڕه‌زازی هونه‌رمه‌ند له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌و چۆنیه‌تی ده‌ستكه‌وتنی ئه‌وگۆرانییه ئاماژه‌ی پێده‌دات ، كه‌پێش ئه‌لبومی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ له‌ساڵی( ١٩٧5 ) ئه‌لبومێكی تری تۆماركردووه و بڵاوكراوه‌ته‌وه به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌لبومی دووه‌م زووتر گه‌یشتۆته باشوور ، ئهوئهلبومه واته ئه‌لبومى یه‌كه‌م به‌نێوی ( بووك مریه‌م ) بووه و كه‌هه‌موو گۆرانیه‌كانی ئه‌و ئه‌لبوومه ووتنه‌وه‌ی گۆرانی گه‌وره هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بووه هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ، تایه‌ر تۆفیق ، حەمە ساڵەح دیلان ، قادر كابان و ئیبراهیم خه‌یات و خه‌لیلی سه‌دیقی شه‌مال سائیب ) بوو، ئه‌و ئه‌لبومه به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن ( ئیقبالی حاجبی ) تۆماركراوه ، دوای ساڵیك ڕه‌زازى (ئه‌لبومی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ) ى تۆماركردووه به‌هاوكاری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن ( فه‌ڕوخی ڕه‌یاحی و به‌هزادی هومایۆنڕوز ) جیا لهوگۆرانیه چه‌ندین گۆرانی تری له‌خۆ گرتووه و له‌و ئهلبومهشدا یه‌كه‌م ئاوازی خۆی له‌سه‌ر هۆنراوه‌یه‌كی مامۆستا گۆران داناوه‌و تێدا بلاوكردۆته‌وه به‌نێوی (لەسەرەمەرگى هیوا)
له‌وسه‌رده‌مه‌دا ئه‌و كاسێته‌و ئه‌و گۆرانیه به‌و ئامێره موزیكه رۆژئاوایی یه بڵاوبۆوه ببووه جێی سه‌رنج و تێڕواننیی جه‌ماوه‌ر، ئه‌وبه‌رهه‌مه به‌شێوه‌ی ته‌كنیكی هونه‌ری نوێ تۆماركراوه ،له‌باره‌ى چۆنیه‌تى تۆماركردنى ئه‌و گۆرانییه ڕه‌زازى به‌مشێوه‌یه باسى لێوه ده‌كات : ( من ئه‌و گۆرانیه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو كه‌سه دا خوێند، تیپى مۆسیقا نه‌بوون ته‌نها دوو هونه‌رمه‌ندى ژهنیاربوون، هه‌ركه‌سێك كه ئه‌یبیستێ پێى وایه ده‌نگه‌كه ( 6 بۆ 7) كه‌سن به‌ڵام هه‌ر یه‌ك كه‌سه ، ئه‌م یه‌ك كه‌سه‌ش چۆن ؟ ئه‌م گۆرانییه‌م ته‌سجیل ئه‌كرد ، مۆنتاژیان ئه‌كرد ، وه‌ك ئاى چه‌نده‌م خۆش ئه‌وێ له‌گه‌ڵ ئامێرى ( پیانۆ و جاز ) پاش ئه‌وه سهماعهیان ئه‌نا گوێم و دیسان ئه‌و گۆرانییه‌م ئه‌خوێنده‌وه له‌گه‌ڵ ئامێرى ( ئۆرگ و سێنتى سایزه‌ر) دواتر هه‌مووى پێكه‌وه مونتاژ ئه‌كرایه‌وه )(*1)
له‌و دیدارانه‌دا هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی ئاماژه به‌وه ده‌دات كه پێشتر نه‌یزانیوه وهنهیبیستووه كه ئه‌و گۆرانییه ( ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ) هی مامۆستای گه‌وره عه‌لی مه‌ردان بێت ؟!
لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌ڕۆڵی گرنگ و پڕبایه‌خی رادیۆی كوردی به‌غدا بده‌م كه چ كاریگه‌رییه‌كی بێ وێنه‌ی هه‌بووه له‌گه‌یاندنی كاری هونه‌ری و ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان به شاره‌كانى باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌و گۆرانییانه له‌ڕێێ ڕادیۆی كوردی به‌غداوه به‌گوێگران و بیسه‌رانی ئه‌و رادیۆیه له‌رۆژهه‌لاتی كوردستان گه‌یشتوون و كاریگه‌ری له‌سه‌ر داناون ،
ناسری ره‌زازی سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و میلۆدی و تێكسته ده‌ڵیت :
( ئه‌و گۆرانییه پێش ئه‌وه‌ی بیخوێنم نه‌مزانی بوو كه مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێی گووتووه ، ئه‌م گۆرانییه براده‌رێكم به‌ناوی ( شێخ مارفی حه‌سه‌نی ) له‌ڕادیۆی كوردی تاران له‌به‌شی ئه‌ده‌بی كوردی كاری ده‌كرد ، دوای ئه‌وه‌ی كه‌من شریتی یه‌كه‌مم ده‌رچووبوو ده‌نگ و گۆرانییه‌كانی منى بیستبوو، وه من خێزانم خه‌ڵكی مه‌ریوان بوو ئه‌و براده‌ره‌ش خه‌ڵكی مه‌ریوان بوو ، به‌وبۆنه‌یه‌وه من زوو زوو ئه‌ڕۆیشتم بۆ مه‌ریوان له‌وێ كاك شێخ مارفی حه‌سه‌نی منی دیت و گوتی گۆرانیه‌كم هه‌یه بیبه بیخوێنه ، منیش گوتم باشه گۆرانیه‌كه‌ی به‌ده‌نگی خۆی له‌سه‌ر كاسێتێك تۆماركردبوو ، كاتێك گوێم لێگرت گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ بوو ، منیش هه‌رئه‌وه‌م لابوو كهپێدابووم به‌ڵام به‌و ڕێك وپێكیه نه‌بوو كه‌ئێستا من گووتوومه ، ههرئهوشێوه ده‌نگه كه ئه‌و گوتبووی شێوه‌ی لهحنهكه به‌وشێوه‌یه خوێندم ، دوای دووساڵ له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ كه‌من خوێندبووم ، گۆرانیه‌كه‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردانم بیست و ته‌ماشام كرد زۆر جیاوازی هه‌یه له‌وه‌ی من ، (شایه‌ت گۆرانیه‌كه‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان له‌وه‌ی من به‌رزتربێت )، ئاواز‌و هۆنراوه‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردانه و من هه‌ندێگ ده‌ستكاری تێكسته‌كه‌م كردووه و مامۆستا عه‌لی مه‌ردان له‌سه‌ر مه‌قامی
( به‌یات تورك ) خوێندوویه‌تی و منیش له سه‌ر مه‌قامی ( ماهوور ) (*2)
كه‌واته ئه‌و وه‌ڵامه‌ی هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت ، كه‌به‌ڕێز شێخ مارفی حه‌سه‌نی ئه‌وكات كارمه‌ندی ڕادیۆی كوردی تاران بووه بیسه‌ری ڕادیۆی كوردی به‌غدا بووه له‌وڕێگه‌یه‌وه گوێبیست و ئاشنای ئه‌و گۆرانیه بووه تا گه‌یاندوویه‌تی بهڕهزازی ، ده‌قاو ده‌ق میلۆدییه‌كه‌ی وه‌ك خۆی نه‌گه‌یاندووه و پێشی ڕانه‌گه‌یاندووه كه ئه‌و گۆرانیه پێشتر به‌ده‌نگی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان خوێندراوه ...؟!
بۆ وه‌ده‌ستهێنانی زانیاری زێده‌تر سه‌باره‌ت به‌و گۆرانیهووهلهچ ساڵێكدا مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێی خوێندووه ، له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندیم كرد به ( عه‌بدولقادر عه‌لى مه‌ردان) كوڕى مامۆستا عه‌لى مه‌ردان ، پێى ڕاگه‌یاندم و وتى : ( به‌ڵێ ئه‌و گۆرانییه باوكم له‌ڕادیۆى كوردى به‌غدا له‌ساڵى (1954) تۆمارى كردووه ، هۆنراوه‌و ئاوازه‌كه‌ش هی خۆیه‌تى ، بۆ زانیارى زیاتر كه له‌باوكمم بیستووه سه‌باره‌ت به كۆرسه‌كان كه‌ئه‌م به‌ڕێزانه بوون ( ئه‌حمه‌دى شێخاڵى ، قادر ئه‌حمه‌د و خه‌لیل عه‌بدوڵڵا) باوكم سهربهندهكه به‌وشێوه‌یه ده‌خوێنێ ( ئاى چه‌نم خۆش ئه‌وێ ) به‌ڵام كۆرسه‌كه ده‌ڵێن ( ئاى چه‌نده‌م خۆش ئه‌وێ ) باوكم ده‌یووت چه‌ند جار دووباره‌م ده‌كرده‌وه و بهكۆرسهكهم ده‌ووت وا بیڵێنه‌وه بڵێن ( ئاى چه‌نم خۆش ئه‌وێ )، نه‌خێر ههربهوشێوهى خۆیان دووباره‌یان ده‌كرده‌وه ، باوكم ناچاربوو به‌وشێوه‌ى ئه‌وان گۆرانییه‌كه تۆماركات ) (*3)
لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌و ڕاستیه بده‌م كه هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی به دووباره ووتنه‌وه‌ی گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ كارێكی دژووارو هه‌ڵه‌ی ئه‌نجام نه‌داوه ، به‌ڵكو خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌هونه‌ری موزیك وگۆرانی كوردی كردووه هه‌رله‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییه‌وه ڕه‌زازی كاری له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی گه‌لێك گۆرانی وونبووی نێو دنیای موزیك و گۆرانی كوردی كرد و زیاتر ئه‌و گۆرانیانه‌ی دووپاته ده‌كرده‌وه كه‌له‌نێو جه‌ماوه‌ردا نه‌بیسترابوون یان كهمبیستراون ، وه یه‌كێك له‌خه‌سڵه‌ته هونه‌رییه به‌رزه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی گۆرانی ههرگۆرانبێژێكی گوتبێته‌وه به‌وپه‌ڕی ئه‌مانه‌ته‌وه ئاماژه‌ی پێداوه وكه هی كامه كهڵههونهرمهندی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه‌وه ، ئه‌گه‌ریش وه‌ك خۆی نهیوتبێتهوه حه‌تمه‌ن كردوویه‌تی به‌شێوازی خۆی و له‌نێو خه‌ڵكیدا ناسراوه و جێی گرتووه ، وه خه‌سڵه‌تێكی دیكه‌ی ڕه‌زازی هونه‌رمه‌ند هه‌میشه پێی خۆشبووه كه‌له‌نزیكه‌وه به‌خزمه‌تی هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌كانی گه‌له‌كه‌مان بگات و بچێته دیده‌نییان، به‌ڵێ ئه‌و كاره‌شی ئه‌نجامدا له‌مانگی( ١٠/١٩٧٩ ) به‌هاوكاری و یارمه‌تی هونه‌رمه‌ند (سالار قه‌راخی و ئازاد ئه‌مین نه‌قشبه‌ندی )، ڕێی به‌غداد ده‌گرێته‌به‌ر و ده‌چێته خزمه‌تی ئه‌و مامۆستا‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه‌ى مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی مامۆستا (عه‌لی مه‌ردان ) ، هه‌رچه‌نده بۆ ڕه‌زازی كارێكی دڵخۆشكهربووه كه‌له‌نزیكه‌وه به‌خزمه‌تی ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه گه‌یشتووه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه نیگه‌رانبووه به‌وه‌ی له‌كاتێكدا چۆته دیده‌نی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان باری ته‌ندروستی باش نه‌بووه و نه‌یتوانیوه زیاتر سوود له‌وته‌و ئه‌زموونی هونه‌ری له‌زاری خۆیه‌وه وه‌ربگرێت .
هه‌رسه‌باره‌ت به‌گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی بیره‌وه‌ریه‌ك ده‌گێڕێته‌وه كه له‌سه‌ر ئه‌و گۆرانیه به‌سه‌ریهاتووه و ده‌ڵیت ( تازه گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێم خوێندبوو، ڕۆژێك له‌ماڵ هاتمه ده‌رێ منداڵێك كه‌وته شوێنم و ههرگوتی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ، منیش گوتم بابه‌گیان باشه لێم گه‌ڕێ، به‌هیچ ئیمانێ وازی نه‌هێنا تا ئاقیبه‌ت سه‌رمی شكاند ) (*4)
سڵاو له‌هونه‌ری به‌رزی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان و گڵكۆی پیرۆزی هه‌میشه چراخان و غه‌ریقی ره‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار بێت و ته‌مه‌ندرێژی و ژیانێكی پر ته‌ندروست بۆ هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی و ئه‌وه‌ش تێكستی گۆرانی ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ به‌ده‌نگی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند مامۆستا عه‌لی مه‌ردان و ناسری ره‌زازی ....
ئاى چەنم خۆش ئەوێ
عەلى مەردان
ئاى چەنم خۆش ئەوێ ، قەزات لەماڵم کەوێ
گەردنى بەرزى نەخشاوى، وەک سۆنە سوێسکەو کەوێ
** ** ** **
لێو وه‌ك پەڕەى گوڵاڵه ، ناوقەد ئەڵێی شمشماڵە
باڵا بەبەرزى ئاڵا ، تەمەنى چواردە ساڵە
** ** ** **
لێرەبێ یاخود لەوێ ، دڵم هەرلەیلێی ئەوێ
قەتعەن ساتێ ناسرەوێ ، لێم حەرام خواردن و خەوێ
** ** ** **
دەروون پڕبووه لەژان ، بێ بەش لەکەیف و سەیران
پشتم چەوت بوو چەماوە ، هەروەکو کەمەى گۆچان
** ** ** **
قه‌زات له‌ماڵ و منداڵم، بۆ دوورى تۆ عه‌بداڵم
شه‌و هه‌تا رۆژ ئه‌ناڵم ، شكاندت هه‌ردوو باڵم
** ** ** **
ده‌ستم له له‌یلێ شۆرى ، نه‌مما تاقه‌تى دوورى
گه‌ردوون بكا ده‌رگا تاك ، یه‌زدان ڕه‌حمێ لههیلاك
** ** ** **
كتێبى گۆرانیه‌كانم ( عه‌لى مه‌ردان ) لاپه‌ڕه (107)
ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ
ناسری ڕه‌زازی
ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ، وای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ
لێره بێ یاكوو له‌وێ ، دڵه‌كه‌م هه‌ر له‌یلای ئه‌وێ
ده‌روونم پڕه له ژان فرمێسك ئه‌ڕژێ لە چاوان
پشتم شه‌ق بوو چه‌ماوه هه‌ر وه‌كوو كه‌مه‌ی گۆچان
ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ، وای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ
خۆتۆ به‌رزی نه‌خشینی وه‌ك سۆنهو كۆتر و كه‌وێ
لێوانت په‌ڕه‌ی گوڵه نێو قه‌د ئه‌ڵێی شمشاڵه
باڵابهبهرزی ئاڵا ته‌مه‌نت چوارده ساڵه
ئای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ ، وای چه‌ندم خۆش ئه‌وێ
لێره بێ یاكوو له‌وێ ، دڵه‌كه‌م هه‌ر له‌یلای ئه‌وێ
جه‌مالى ده‌لاك 14/4/2021
سه‌رچاوه : (*1) به‌رنامه‌ى ڕۆژێك له‌ڕۆژان ، ئاماده‌و پێشكه‌شكردنى (كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د) (1979) ڕادیۆى كوردى به‌غداد
(*2) وتووێژ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی ...ئاماده‌كردنی سالار قه‌راخی ..سلێمانی ١٩٨٠
(*3) په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ( عه‌بدولقادر عه‌لى مه‌ردان ) ڕۆژى سێ شه‌ممه 13/4/2021 ( ج ،د)
(*4) ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی ژماره ٢١٠٤ له ١٠/١٢/١٩٩٤
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.