Erbil 9°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 07:07

هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا ده‌نگێکى خۆش و چریکه‌یه‌کى به‌رز

( 1912 _ 14/7/1974)
کوردستان TV
100%

توخوا سا  (ڕه‌شۆڵ  ) تۆش قه‌تاره‌كه‌ت

سه‌داى سوب سه‌حه‌ر پاى كۆساره‌كه‌ت

به‌ڵكو بێنه‌ جۆش نه‌وجه‌وانانمان

تێكۆشن به‌عیلم  بۆ خان و مانمان  ( پیره‌مێرد)

ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له‌مێژووى  ئه‌دیب و ڕۆشنبیران هونه‌رمه‌ندانى دوێنى گه‌له‌كه‌مان ، كارێكى پێویست  و به‌نرخه‌ چونكه‌ ئه‌وان له‌وڕۆژانه‌دا به‌هه‌موو هه‌وڵێكى دڵسۆزانه‌و خۆنه‌ویستانه‌ تێكۆشاون بۆ ئامانجێك ئه‌ویش ڕێزگرتن و به‌رزنرخاندنى نه‌ته‌وه‌كه‌یانه‌ له‌و بواره‌دا كه‌ بۆى تێكۆشاون ،ده‌بێت ئه‌وه‌ش ڕه‌چاو بكه‌ین كه‌ ئه‌وان له‌و كات و سه‌رده‌مه‌دا له‌چ بارودۆخێكى دژوارداببوون ، به‌ڵام كۆڵییان نه‌داوه‌ و هه‌ربه‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ست و تێكۆشان و دلسۆزییه‌ بۆ فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و ئه‌ده‌ب و هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌یان .1

شاری سلیمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌م ته‌مه‌نه‌ییدا خاوه‌نی مێژووییه‌کی گه‌لێک جوان پڕ شانازییه‌ له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیاندا، به‌تایبه‌ت بواری هونه‌ری موزیک و گۆرانی که‌ خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ده‌نگ خۆش و به‌هره‌مه‌ندو ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕینه‌، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ک ( ئه‌حه‌ی ناسر،  مه‌لا که‌ریم ،حه‌مه‌ی به‌کر، مه‌حموی حه‌مه‌ی له‌یلێ ، قایه‌ری حاجی حسه‌ین، ئیبراهیم حه‌زین ، حه‌مه‌ ساڵح دیلان، مه‌حموی تۆفیق شلک ،  تالیب مه‌جید ( ته‌له‌) ، ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ، به‌کری حاجی سه‌عید ( به‌کر قرقێنه‌ )  و ڕه‌شۆڵ ،....تاد)

ده‌نگه‌ خۆشه‌کانی هه‌ریه‌ک له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌  بۆن و به‌رامه‌یه‌ک و مۆرکی سلێمانی به‌ڕۆحمان ده‌به‌خشێت و ده‌مانباته‌وه‌ بۆ گرده‌که‌ی یاره‌ و کارێزی وه‌ستا شه‌ریف و وه‌یس و سه‌رچنارو کوچه‌و کۆڵانی گه‌ڕه‌که‌کانی شیوی قازی و چوارباخ و سه‌رشه‌قام و جوله‌کان و سه‌رکارێزو كانى ئاسكان و مه‌ڵکه‌ندی و حاجی حان .

ناوى  (حاجى تۆفیق _پیره‌مێردى شاعیر و حاجى باقى به‌نگینه‌و  گرده‌كه‌ى  یاره‌ ) دێته‌ گوێمان ، هونه‌رمه‌ندێكى ده‌نگ زوڵاڵ و خاوه‌ن چریكه‌یه‌كى به‌رز ده‌بێته‌ هاوه‌ڵى  ئه‌و ناوه‌ جوان و به‌رزانه‌ ، ئه‌ویش پیاوێكى باڵابه‌رزى له‌ش و لار پڕى ئه‌سمه‌رڕه‌نگه‌،

 ( ئۆخه‌ی گرده‌که‌ی یاره‌ ) ئه‌و گۆرانیه‌ شیرین و به‌چێژه‌یه‌ هه‌رکات به‌ر گوێمان ده‌که‌ویت ، که‌سایه‌تیه‌کی دێڕین و هونه‌رمه‌ندێکی ده‌نگخۆش و  دره‌وشاوه‌ى شارى  سلیمانی وه‌ک(ره‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا ) له‌ده‌رگای بیروهۆشمان ده‌دا که‌ مێژوویه‌کی جوانى  به‌ هه‌ڵوێست و ده‌نگى خۆش و وته‌ و نوكته‌‌ى خۆش و قسه‌ له‌مست  تۆمارکردووه‌ .

هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ ، ناوی ( ره‌شید حاجى عه‌بدوڵا میرزاعه‌زیزمیرزا فه‌تاحى بازرگان )  ناسراو به‌ ( ره‌شۆڵ) ، زۆر جار له‌نێوه‌ هاوڕێكانیدا به‌كاك ( ڕه‌شی ) یش بانگكراوه‌ ،له‌بنه‌ڕه‌تدا بنه‌ماڵه‌كه‌ى خه‌ڵكى شارى (كۆیه‌ ) ن،  به‌ڵام زۆرله‌مێژه‌ هاتوونه‌ته‌ سلێمانى و نیشته‌جێ بوون،   هونه‌رمه‌ند  له‌ ساڵی (1912 ) له‌گه‌ڕه‌کی سه‌رشه‌قامی شاری سلێمانی به‌ دنیا هاتووه‌، حاجی عه‌بدوڵڵا باوکی به‌کاری بازرگانیه‌وه‌ سه‌رقاڵ بووه‌، ره‌شۆڵ یش له‌سه‌ره‌تای لاوییه‌وه‌ حه‌زی به‌ هاوڕێیه‌تی گۆرانی بێژان و  ده‌نگخۆشانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی شار کردووه‌و له‌کۆڕو ئاهه‌نگ و شه‌و ئاهه‌نگه‌کانی ئه‌وکاتی شار دا به‌شداربووه‌ ، هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی سلێمانی که‌ ره‌شۆڵ هه‌میشه‌ هاوڕێ و به‌شداری ئاهه‌نگه‌کانیانی کردوون وه‌ک ( ئه‌حه‌ی ناسر و زۆر دۆستی مه‌لاکه‌ریم بووه‌ و حه‌مه‌ ساڵح دیلان و حه‌مه‌ی به‌کر ) .

ڕه‌شۆڵ ، هونه‌رمه‌ندێكى نه‌خوێنده‌وار به‌ڵام خاوه‌ن پێگه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى فراوان و به‌رزو ڕێبوارێكى دڵسۆزى ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ى كوردایه‌تى جگه‌له‌وه‌ی وه‌ک که‌سایه‌تیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌می خۆی بۆته‌ دۆست و خۆشه‌ویستی شێخ مه‌حمودی نه‌مرو شێخ له‌تیفی کوڕی شێخ مه‌حمود ، هه‌روه‌ها دۆستێكى نزیكى سه‌ركرده‌و ڕابه‌ڕى شۆڕشى كورد

( مه‌لا مسته‌فاى بارزانى ) بووه‌ ، له‌نزیكه‌وه‌ به‌خزمه‌تى بارزانى نه‌مر گه‌یشتووه‌.

په‌یوه‌ندییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى پته‌وى هه‌بووه‌ له‌ته‌ك  كه‌سایه‌تى و ڕۆشنبیران و ئه‌دیبان و شاعیران دا هه‌بووه‌  وه‌ك ( برایم ئه‌حمه‌د ، پیره‌مێرد و بێكه‌س )

 هونه‌رمه‌ند ره‌شۆڵ له‌پاڵ بێکه‌سی شاعیرو ره‌مزی مه‌لا مارفى شاعیر و عه‌وله‌ سیس و چه‌ندین که‌سایه‌تی دیکه‌ی شار به‌شداری ڕاپه‌رینه‌که‌ی به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانی له‌ (6 ی ئه‌یلولی 1930) دا کردووه‌، دواى خوێن به‌خشین و قوربانیدان و شه‌هیدكردنى ڕۆڵه‌ دڵسۆزه‌كانى شارى سلێمانى به‌ده‌ستى ئینگلیز، ڕه‌شۆڵى هونه‌رمه‌ند یه‌كێك ده‌بێت له‌گیراوه‌كانى ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ و زیندانى ده‌كرێت.3

کاتێک شێخ مه‌حمودى نه‌مر له‌شه‌ڕی ئاوباریک به‌هاوکاری عه‌شره‌ته‌کانی جاف و زه‌نگه‌نه‌و ده‌لۆ دژ به‌ سوپای عێراق جه‌نگاوه‌ ، بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ قاره‌مانانه‌یه‌و خۆڕاگرى هێزه‌كانى شێخ مه‌حمود، ره‌شۆڵی هونه‌رمه‌ند گۆرانی و مه‌قامی ( هه‌ڵمه‌تبه‌رن به‌لاوکی کوردی و قه‌تاره‌وه‌ )ى خوێندوه‌، له‌هه‌ر لایه‌ک ده‌نگ و سه‌دای راپه‌رین و شۆڕشێكى نه‌ته‌وه‌یی کورد بوونى هه‌بوو بێت ،(*1)

ره‌شۆڵ هه‌ستى كوردایه‌تى له‌ده‌روونیدا قوڵپى داوه‌ ، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه‌ له‌ساڵى (1961) ڕه‌شۆڵى  هونه‌رمه‌ند و كوردپه‌روه‌ر، لایه‌نگرو خه‌باتکارێکی ئه‌و شۆرشه‌ مه‌زنه‌ بووه‌.

هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ره‌تاى سییه‌كانى سه‌ده‌ى پێشوو  هاتۆته‌ نێو دنیاى خۆشخوانى و چڕینى به‌سته‌و مه‌قام ، ده‌نگى پڕ سۆزو  خاوه‌ن چریكه‌ى به‌رزو زۆڵاڵى ڕه‌شۆڵ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێ كه‌ هاوته‌ریبه‌ له‌گه‌ڵ ده‌نگى به‌رز و چریكه‌ ئاساى  هونه‌رمه‌ندان( سه‌ید عه‌لى ئه‌سغه‌رى كوردستانى و مه‌لاكه‌ریمى سابڵاخى ) وه‌ له‌نزیكه‌وه‌ به‌خزمه‌تییان گه‌یشتووه‌ و سوودى له‌چریكه‌و تۆنى ده‌نگ و سۆزى به‌رزى خوێندنى ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ وه‌رگرتووه‌  و خۆى په‌روه‌رده‌ كردووه.

له‌سییه‌كانى سه‌ده‌ى پێشوو  ته‌نها كۆمپانیاكانى قه‌وان تۆماركردن له‌شارى به‌غدا هه‌بوون ، به‌هۆى كه‌سایه‌تى دیار و ڕۆشنبیر و خه‌مخۆرى هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ( عومه‌ر قه‌زاز) ، دووجار هونه‌رمه‌ند ( مه‌لاكه‌ریمى سابڵاخى ) له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه‌ بۆ به‌غدا بۆ مه‌به‌ستى تۆماركردنى به‌رهه‌مه‌كانى له‌سه‌ر قه‌وانی كۆمپانیاكانی وه‌ك ( ئۆدیۆن ، به‌یزافۆن و هس ماسترس ڤۆیس)، له‌ناوه‌ڕاستى سییه‌كاندا هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( مه‌لاكه‌ریمى سابڵاخى و ڕه‌شۆڵ)  ڕوو ده‌كه‌نه‌ شارى به‌غدا و پێكه‌وه‌ دوو گۆرانى و سرودێك   له‌سه‌ر ( قه‌وان _ سه‌فحه‌) به‌ناوه‌كانى  ( كه‌واى به‌رت ماهووته‌ ) و( خاسێ تۆخانمى ) و سروودى ( دڵ له‌‌ده‌ر‌دى وه‌ته‌ن)  تۆمارده‌كه‌ن .

ئه‌وه‌ ده‌رفه‌تێكى گرنگ ده‌بێت بۆ هونه‌رمه‌ند و له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ و شه‌و ئاهه‌نگ و مه‌جلیسى خۆشه‌ویستانیدا به‌ مه‌قام و به‌سته‌و قسه‌ خۆشه‌كانى به‌شدارده‌بێت و هه‌موو كات خۆشیی و چێژ و خه‌نده‌ى پێ به‌خشیوون،

دواى كردنه‌وه‌ى ڕادیۆى كوردى به‌غدا له‌ساڵى (1939) ، ئه‌و ڕادیۆیه‌ هیوابه‌خش و تروسكاییه‌ك ده‌بێـت بۆ تۆماركردنى ده‌نگى به‌سۆزى هونه‌رمه‌ندان له‌ته‌واوى كوردستان ، له‌ساڵى (1949) هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( مه‌حمود محه‌مه‌د قادر ، ناسراو به‌ مه‌حموى حه‌مه‌ى له‌یلێ ) و

( ڕه‌شۆڵ)چوونه‌ته‌ ڕادیۆى كوردى به‌غدا ،پێكه‌وه‌ چه‌ند مه‌قام و گۆرانییه‌ك تۆمارده‌كه‌ن ، وه‌ك ( گیان گیان و گیان ئازیزه‌كه‌م ) و (ئامێنێ نازه‌نینێ ) و ( ده‌ستم لێ مه‌ده‌ن)   مه‌قامه‌كانى  وه‌ك ( قه‌تار ، خاوكه‌ر ، ئه‌ڵڵاوه‌یسى و خورشیدى ) (*2) .

دواى تۆماركردنى ئه‌و به‌سته‌ و مه‌قامانه‌ هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ده‌بنه‌ گۆرانیبێژیی هه‌میشه‌یی ڕادیۆى كوردى به‌غدا، یه‌كه‌م ئاهه‌نگى تۆماركراوى هونه‌رمه‌ند ( ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا) له‌ڕادیۆى كوردى به‌غدا له‌ ڕێكه‌وتى ( 7/4/1949) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.(*3)

له‌ساڵى (1955) كاتێك تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى به‌هه‌وڵى چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكى دڵسۆز داده‌مه‌زرێت ، هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌نگخۆشێكى شار ده‌بنه‌ گۆرانیبێژى تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى و به‌شدارى چالاكیی هونه‌ریی و بۆنه‌ نه‌ته‌وایه‌تى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌گه‌ڵ تیپى ناوبراودا ده‌كات.

له‌بارى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند ژنى هێناوه‌ ، ناوى ( ئه‌خته‌ر ) بووه‌،

پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ڕۆڵى ئه‌م شێره‌ ژنه‌ شه‌هیده‌ بده‌ین و بزانین كێیه‌؟

 (ئه‌خته‌رساڵح ئه‌حمه‌د مه‌حمود ) هاوسه‌رى ڕشۆڵ عه‌بدوڵڵاى هونه‌رمه‌ند بووه‌، پێوه‌ندییه‌كى سۆزدارى زۆرهه‌بووه‌ له‌ نێوانیاندا و ڕه‌شۆڵ زۆرى  خۆشویستووه‌ ، له‌ڕێكه‌وتى (9/10/1956)شێخ مه‌حمودى نه‌مر به‌نه‌خۆشیی  له‌شارى به‌غدا كۆچى دوایی ده‌كات،   له‌ڕۆژى هێنانه‌وه‌ى ته‌رمى شێخ مه‌حمودى حه‌فید دا خه‌ڵكه‌كه‌ داواى ئازادكردنى شێخ له‌تیفى حه‌فید كوڕى شێخ مه‌حمود ئه‌كه‌ن له‌و كاته‌دا زیندانى بووه‌ له‌ (سجنى سه‌ره‌وه‌ ) ى شارى سلێمانى ،بۆ مه‌به‌ستى به‌شداریكردن  له‌ مه‌راسیمى به‌خاك سپاردنى ته‌رمى باوكى دا ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و كاتى مه‌لیكى ڕێگر ده‌بێت، دواتر گرژى و ئاڵۆزى ده‌كه‌وێته‌وه‌ نێوان خه‌ڵك و پۆلیسه‌وه‌،‌ له‌ ڕێكه‌وتى( 11 /10/ 1956 ) ئه‌بێت به‌ ته‌قه‌ و ئه‌خته‌رى هاوسه‌رى ڕه‌شۆڵ له‌ناو خه‌ڵكى ڕاپه‌ڕیودا ، به‌فیشه‌كى پیاوانى ڕژێمى ئه‌وساى عێراق خه‌ڵتانى خوێن ده‌كرێ  و شه‌هید ده‌كرێت،  وه‌ چه‌ند كه‌سێكى تریش له‌و ڕۆژه‌یا شه‌هید وبریندار بوون ، ئه‌خته‌رى شێره‌ ژن ده‌بێته‌ سمبولى قاره‌مانێتى ئافره‌تانى كورد دژ به‌ داگیركه‌ران.

44

ئه‌و كاره‌ساته‌ دژواره‌ كاریگه‌ریی زۆر خراپ له‌سه‌ر هه‌ست و ده‌روون و هونه‌رى ڕه‌شۆڵ داده‌نێت و ماوه‌یه‌ك دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌كارى هونه‌رى ،

به‌ڵام به‌هه‌وڵ و هیمه‌تى دڵسۆزانه‌ى هاوڕێیان و ئه‌ندامانى تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى  هێدى هێدى ئه‌و خه‌مه‌ى ده‌ڕه‌وێننه‌وه‌و  ده‌یهێننه‌وه‌ سه‌ر به‌زم و كۆڕگه‌رمكه‌ر و ده‌رگاى نوكته‌و قسه‌ خۆشه‌كانى وه‌ك جاران پێ ده‌كه‌نه‌وه‌،

ره‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا  له‌دوای له‌ده‌ست دانی ئه‌خته‌ری هاوسه‌ری، خێزان پێک دینێته‌وه‌ خاتوو ( ناجیه‌) ده‌بیته‌ هاوسه‌ری دووه‌می ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌هه‌ردوو هاوسه‌رى  هونه‌رمه‌ند وه‌جاخى ڕۆشن نه‌بووه‌.

 به‌داخه‌وه‌ هیچ كات هونه‌ر له‌نێو كوردا نه‌بۆته‌ سه‌رچاوه‌ى دابینكردنى ژیانى هونه‌رمه‌ند، ڕه‌شۆڵى هونه‌رمه‌ند وه‌ك هه‌موو هونه‌رمه‌ندانى سه‌رده‌مى خۆى له‌پێناودابینكردنى بژێوى ژیانى چه‌ند كارێكى كردووه‌، وه‌ك  به‌ڕێوه‌بردنى ( چایخانه‌ ، چێشتخانه‌ ، میوانخانه‌و ماوه‌یه‌كیش  كارى به‌ڵێنده‌رایه‌تى یانه‌ى فه‌رمانبه‌رانى سلێمانى كردووه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ هونه‌رمه‌ند له‌خانه‌واده‌یه‌كى ده‌وڵه‌مه‌ندى شارى سلێمانى دا گه‌وره‌ بووه‌، خاوه‌نى هه‌ڵوێستێكى جوامێرانه‌ بووه‌ كه‌ هونه‌ره‌كه‌ى  نه‌خستۆته‌ به‌رامبه‌ربه‌ده‌ستهێنانى  پاره‌ و ده‌ستكه‌وت ، به‌ڵكو له‌هه‌موو ئه‌و چالاكییه‌ هونه‌رییانه‌ كه‌ بۆ خزمه‌تكردن و لێقه‌وماوان سازكراوه‌ به‌شداربووه‌ و جگه‌ له‌خوێندنى گۆرانى ، پاره‌شى به‌خشیوه‌ .

هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا دۆستایه‌تى زۆر خۆش و فراوانى هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوى هونه‌رمه‌ندانى تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى و هونه‌رمه‌ندانى شاره‌كانى دیكه‌ى كوردستان ، به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندان ( عه‌لى مه‌ردان  ، سێوه‌  و باكورى )هه‌ركاتێك مامۆستا عه‌لى مه‌ردان هاتبێته‌ شارى سلێمانى سه‌ردانى ڕه‌شۆڵى كردووه‌ و له‌لاى ئه‌و ماوه‌ته‌وه‌ و یاده‌وه‌رى خۆش و شیرینیان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌.

دواى ئه‌و كاره‌ساته‌ تراژیدیایه‌ى  له‌ ڕێكه‌وتى ( 18/10/1957) لافاوه‌كه‌ى شارى سلێمانى ، كه‌ زه‌ره‌ر و زیانێكى گیانى  و ماڵى به‌شارى سلێمانى گه‌یاند ، تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى  بڕیار ده‌ده‌ن بۆ مه‌به‌ستى كۆكردنه‌وه‌ى كۆمه‌ك بۆ لێقه‌وماوان و زیان لێكه‌وتووانى لافاوه‌كه‌، ئاهه‌نگ سازبكه‌ن له‌سلێمانى و هه‌ولێر و كۆیه‌ ، له‌رێكه‌وتى

( 13/11/1957) له‌شارى هه‌ولێر ئاهه‌نگ ساز ده‌كه‌ن و دواتر له‌شارى كۆیه‌ ، هونه‌رمه‌ندانى به‌شداربووى ئاهه‌نگى كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌ بریتى بوون له‌  ( حه‌مه‌ ساڵه‌ح دیلان ، ڕه‌شۆڵ ، عوسمان سابوونچى

 ( له‌سلێمانى ) حه‌یده‌ر به‌قاڵ ، ڕه‌سوڵ گه‌ردى و مشكۆ ( له‌ هه‌ولێر ) سێوه‌و  باكورى  ( له‌كۆیه‌) .5

هونه‌رمه‌ند خاوه‌نى ده‌نگێكى به‌رز و تیژو زوڵاڵ بووه‌، توانایه‌كى باشى هه‌بووه‌ له‌ چرینى مه‌قامدا ، ده‌هێنێ شاره‌زایان و مامۆستایانى هونه‌ر له‌سه‌ر تۆن و ته‌به‌قه‌ى ده‌نگى ڕه‌شۆڵى هونه‌رمه‌ند توێژینه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ى وورد له‌سه‌ر مه‌قامه‌كانى بكرێت .

  هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (باكورى ) ده‌لێت ( كاك ڕه‌شۆڵى ده‌نگ زوڵاڵ و چریكه‌ى بولبول ئاسا ،ده‌ورێكى باڵاى هه‌بوو له‌بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشیارى ساده‌ به‌گوێگرتنیان له‌مه‌قامى ڕه‌سه‌نى كوردى و تام و چێژ وه‌رگرتن له‌و هونه‌ره‌ جوانه‌  كه‌ ( مه‌قام )  و به‌سته‌ فۆلكلۆرییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌قامانه‌دا ده‌وترێت، خۆ ئه‌و مه‌قامه‌ (ده‌شت ) ه‌ ى تا ئێستا له‌هیچ گۆرانیبێژێكى ترم نه‌بیستووه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌و چینى ده‌نگه‌ ناسك  و به‌رزه‌كه‌ى چڕیویه‌تى و ئاوا بیڵێ ) (*4)

ڕه‌شۆڵى هونه‌رمه‌ند و دڵسۆزو شه‌یداى خاك و نیشتمانه‌كه‌ى بوو ، زۆر   جه‌ژنى نه‌ورۆزى خۆش ویستووه‌، به‌تامه‌زرۆییه‌وه‌ ئه‌و یاده‌ى به‌رز ڕاگرتووه‌، حاجى تۆفیق ( پیره‌مێرد ) ى شاعیر زۆرى خۆش ویستووه‌و چێژى له‌ده‌نگه‌ خۆش و به‌رزه‌كه‌ى وه‌رگرتووه‌، ته‌نانه‌ت پیره‌مێرد له‌هۆنراوه‌یه‌كیدا ناوى ڕه‌شۆڵى هێناوه‌و زۆر جار پیره‌مێرد دواوى لێكردووه‌ به‌ ( قه‌تار ) ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ى بۆ بخوێنێ ، ڕه‌شۆل یش زۆر به‌نه‌رمى  ڕۆحى پیره‌مێردى به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى ئارام كردۆته‌وه‌.

توخوا سا  (ڕه‌شۆڵ  ) تۆش قه‌تاره‌كه‌ت

سه‌داى سوب سه‌حه‌ر پاى كۆساره‌كه‌ت  (*5)

له‌ماوه‌ى ژیانى هونه‌ریدا ، هونه‌رمه‌ند چه‌ندین مه‌قام وگۆرانى بۆ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن تۆماركردووه‌، وه‌ك ( ئه‌م به‌ره‌و به‌ره‌، له‌به‌ر نازى چاوبازان ، گوڵاڵه‌ سووره‌ ،ساقى (مه‌قام) ، هه‌ڵمه‌تبه‌رن به‌لاوکی کوردی و قه‌تاره‌وه‌(مه‌قام ) ،ساقى بۆم تێكه‌  و چه‌ندینى تر ، به‌ڵام له‌هه‌مووى به‌رجه‌سته‌ تر مه‌قامى به‌ڕێكه‌وت ده‌ركه‌وت و به‌سته‌ى گرده‌كه‌ى یاره‌یه‌ )

به‌ڕێكه‌وت ده‌ركه‌وت له‌گۆشه‌ى ڕه‌شماڵ

وه‌ك مانگ له‌هه‌ورا بنوێنێ جه‌ماڵ  ،،،، له‌هۆنراوه‌ى ( پیره‌مێرد )

 به‌سته‌ى  ( ئۆخه‌ى گرده‌كه‌ى یاره‌

چه‌ند شیرین و نازداره‌

ئه‌و كارێزه‌ى له‌به‌رپێى

ئاوى شیرینى شاره‌   )

له‌هۆنراوه‌ى  ( حاجى به‌نگینه‌ى شاعیر )

له‌ڕێی ئه‌و مه‌قام و به‌سته‌ جوان و پڕ چێژو ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌یه‌وه‌ خزمه‌تێكى زۆرى به‌ئاواز و مه‌قام و به‌سته‌ى كوردى كردووه‌ ،  له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌ هه‌سته‌ نه‌ته‌وه‌یی و كوردپه‌وه‌رییه‌كه‌ى فه‌رامۆش نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى و لایه‌نى خۆش مه‌شره‌بى و به‌سه‌رهات و نوكته‌ و قسه‌خۆشه‌كانى له‌نێو خۆشه‌ویستان و هاوڕێ كانى  بدرێته‌وه‌ دڵنیام كه‌ كتێبێكى قه‌باره‌ مام ناوه‌ندى ده‌رده‌چێت ، چونكه‌ هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا چه‌ند به‌مه‌قام و به‌سته‌بێژیی ناسراوه‌  ، ئه‌وه‌نده‌ش به‌كه‌سێكى نوكته‌ زان و قسه‌ له‌مست و خۆش مه‌حشه‌ر و فراوانى په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تیش ناسراوه‌.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شۆڕشى ئه‌یلول له‌ساڵى (1974) وه‌ك هه‌ركوردێكى دڵسۆز بۆ خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌یی خۆى ده‌گه‌یه‌نێته‌ ناو شۆرش و ده‌بێت‌ به‌پێشمه‌رگه‌ ، له‌ناو شۆڕشیدا كه‌سێكى به‌رچاو قسه‌خۆش و ڕۆڵیكى پرشنگدارى هه‌بووه‌ له‌ ووره‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى هاوڕێی پێشمه‌رگه‌كانى و به‌ده‌یان به‌سه‌رهات و ڕووداوى خۆشى له‌دواى خۆى به‌جێهێشتووه‌و تائێستاش له‌سه‌ر زارن .

له‌گه‌رمه‌ى خه‌بات و تێكۆشانیدا له‌پێناو ڕزگارى و ئازادى كوردستان ، دووچارى نه‌خۆشیی ده‌بێت ، بۆمه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردن ڕووده‌كاته‌ شارى تارانى پایته‌ختى ئێران ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ى بێ ده‌رمان ده‌بێـت ، له‌ڕێكه‌وتى (14/7/1974) دڵى له‌لێدان ده‌كه‌وێت و بۆهه‌میشه‌ چاوه‌كانى لێك ده‌نێت ، له‌به‌ر ناهه‌مواری بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و شه‌ڕی نێوان هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ داگیرکه‌رو شۆڤێنییه‌که‌ی به‌عس ،نه‌توانراوه‌ ته‌رمه‌که‌ی بهێندرێته‌وه‌‌ بۆ شاری سلێمانی .

ئاى هونه‌رمه‌ندى كورد بۆ ده‌بێت به‌دبه‌خت و چاره‌ ڕه‌ش و بێ ناز بیت، دوژمن ڕێگر بێت به‌مردوویی و جه‌سته‌ى سارد و سڕته‌وه‌ نه‌هێڵێت له‌ زێده‌كه‌ى خۆت به‌خاكت بسپێرن ، هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ ڕه‌شید هه‌ره‌س) ئه‌و ڕۆژه‌مان بۆ ده‌گێڕیته‌وه‌ و ده‌ڵیت ( ڕۆژێكى هاوینى ئه‌و ساڵه‌ (1974) له‌ئیزگه‌وه‌ ده‌هاتم بۆ ماڵى (شێخ باباتایه‌ر ، له‌ڕێگا چاوم  به‌تابووتێك كه‌وت له‌به‌رده‌م چایخانه‌كه‌ى ( مسته‌فا سلێمانى ) به‌بێكه‌سی داندرا بوو چه‌ند قاڵب سه‌هۆڵێكیشى له‌سه‌ر داندرابوو، له‌سه‌ر تابووته‌كه‌ش نوسرابوو ( ڕه‌شید عه‌بدوڵڵا) به‌لایدا تێپه‌ڕیم و سه‌رنجمى ڕانه‌كێشا ،ده‌ پازده‌ هه‌نگاویش ڕۆیشتن ئینجا په‌یوه‌ندى ته‌رمه‌كه‌م به‌خاوه‌ن ماڵ و چایخانه‌كه‌ به‌سته‌وه‌ ، كه‌ ئه‌م ته‌رمه‌ كه‌سێكى ( مسته‌فا سلێمانى ) یه‌( كاك مسته‌فا براى هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ)  ....ئاى ئاى ڕه‌شۆڵى هونه‌رمه‌ند نه‌بێت؟؟؟ بۆ نا ئه‌ى براى مسته‌فا سلێمانی نییه‌؟ ئه‌ى نه‌یان ووت له‌نه‌خۆشخانه‌كانى ئێران كه‌وتووه‌ و شێرپه‌نجه‌یه‌تى؟

ئه‌مانه‌م له‌دڵى خۆمدا تاووتوێ ده‌كردو گه‌ڕامه‌وه‌ سه‌رى ، له‌ماڵى ته‌نیشت چایخانه‌كه‌م دا كه‌ ماڵى كاك مسته‌فا بوو، به‌ڵێ ئه‌وه‌ ته‌رمى هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ بوو كه‌ به‌و هاوینه‌ گه‌رمه‌ بێناز كه‌تبوو سه‌هۆڵى پیادا توابۆوه‌،هه‌رده‌تووت ئه‌مه‌ ئه‌و ڕه‌شۆڵه‌ ده‌نگ خۆشه‌ش نییه‌ ،به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى هه‌ستى هه‌ستیار و بێهه‌ستى ده‌هێنایه‌ خرۆش ) (*6)

ته‌رمى  هونه‌رمه‌ند ڕه‌شۆڵ  عه‌بدوڵڵا له‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کانی کوردستان له‌ (ده‌ربه‌ندی رایات ) به‌خاکی کوردستانی ده‌سپێرن، ڕۆحى شاد و یاد و یاده‌وه‌رییه‌ هونه‌ریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى هه‌موو كات به‌رز و پڕ شكۆ بێت.

جه‌مالى ده‌لاك  5/3/2021 هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌ :

(*1)  کتێبی ( گه‌ڵای پایز) (بیره‌وه‌ری عه‌لی مه‌ردان ) ئاماده‌کردنی

( عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان ) لاپه‌ره‌ ( 232)

(*2 و 4)كتێبى گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان _ باكورى _ ڕه‌شۆڵ ، لاپه‌ڕه‌ ( 219)

(*3) كتێبی مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غداد (1939 _1958) به‌رگی یه‌كه‌م / جزمی سێیه‌م

بابی (لالۆ ) كه‌مال ڕه‌ئوف محه‌مه‌د ....لاپه‌ڕه‌ (630)

(*5) دیوانى پیره‌مێردى نه‌مر _ محه‌مه‌د ڕه‌سوڵ هاوار  _ لاپه‌ڕه‌ (74)

(*6) كتێبى ئه‌و ساڵه‌ى بێژه‌رى ده‌نگى كوردستان بووم _ حه‌مه‌ ڕه‌شید هه‌ره‌س ، لاپه‌ڕه‌ (46)

 

 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.