هه‌ركاتێك گوێبیستى كارێكى هونه‌رى به‌ده‌نگى خۆشیی هونه‌رمه‌ندانى نه‌ته‌وه‌كه‌م ده‌بم ، زۆر لام مه‌به‌ست و گرنگه كه‌له‌پشتى ده‌نگى خۆشیی گۆرانیبێژه‌كه‌وه ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌ست و په‌نجه زێڕێنانه ئه‌و ژه‌نیارانه كێن كه‌بوونه‌ته پشت و هاوكار و هه‌ستبزێنى هونه‌رمه‌ندى گۆرانیبێژ، مه‌قامى ( له‌پاش مه‌رگم ) به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ندى پیره هه‌ولێرێ ( مشكۆ ) هه‌موو كات له‌گه‌ڵ ڕۆحم ئاوێته ده‌بێت و جیا له‌ده‌نگى هونه‌رى هونه‌رمه‌ند مشكۆ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى زیاتر هه‌ست و سۆزم په‌لكێش ده‌كات سۆڵۆى ئه‌و ژه‌نینى ئامێرى ڤیۆلۆنه‌یه و خولیا و حه‌سره‌تم بوو كه بزانم ئه‌و هونه‌رمه‌نده ژه‌نیاره كێیه..؟
دواى گه‌ڕان و پرسین بۆم ڕۆشن بۆوه كه ئه‌و هونه‌رمه‌نده ژه‌نیاره به‌توانایه هونه‌رمه‌ند ( واحید مه‌رجان) ه ، بۆمن جێى پرسیار بوو، كه ناو و نازناوى (واحید مه‌رجان) هونه‌رمه‌ندێكه له‌بوارى شانۆ و درامادا خزمه‌تى به‌هونه‌رى نه‌ته‌وه‌و شاره‌كه‌ى كردووه.
به‌ڵام كاتێك گه‌ره‌كمان بێت لاپه‌ڕه‌كانى ژیانى ئه‌و هونه‌رمه‌نده (واحید مه‌رجان) هه‌ڵبده‌ینه‌وه ده‌بینین لێوان لێوه له خزمه‌تكردن به ته‌واوى بواره‌كانى هونه‌ر ( شێوه‌كار ، شانۆ ، دراما ، دیكۆر ، په‌یكه‌ر ساز، نووسین ، مۆسیقا و ئاوازدانان) و خه‌رمانى هونه‌رى زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده و كاریگه‌ر و پێگه‌یه‌كى دیار‌و ڕۆشنى هه‌یه له گه‌شه‌كردن و پێشخستنى هونه‌ر له‌شاره شیرینه‌كه‌ى هه‌ولێر دا.
ده‌با پێكه‌وه لاپه‌ڕه جوان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان هه‌ڵبده‌ینه‌وه و بزانین له گه‌نجینه هونه‌رییه كه‌یدا چى هه‌یه ...؟
عه‌بدولواحید خدر حسێن عه‌وڵا مه‌رجان، له‌نێوه‌ندى هونه‌ریدا به ( واحید مه‌رجان) پیاوه فره هونه‌ره‌كه ناسراوه ، له‌ساڵى (1942) له‌گه‌ڕه‌كى ته‌یراوه ى شارى هه‌ولێر له‌خانه‌واده‌یه‌كى هونه‌رى به‌دنیاهاتووه.
به‌ڵام بۆ نازناوى (مه‌رجان) ى كردۆته پاشگرى ناوه‌كه‌ى ..؟
نه‌نكى (داپیره) ى هونه‌رمه‌ند ناوى مه‌رجان بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ژنێكى سه‌لار و خان مان و بوێر و ڕچه شكێن و ئازابووه له‌سه‌رده‌مى خۆیدا، له‌به‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌جوانانه‌ى نه‌نكى نازناوى مه‌رجان یان بۆ خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌كه‌یان هه‌ڵبژاردووه و تائێستا ناوێكى پرشنگداره بۆ بنه‌ماڵه‌ى مه‌رجانه‌كان.
مام خدر مه‌رجانى باوكى یه‌كێك بووه له هونه‌رمه‌نده میللییه‌كانى شارى هه‌ولێر (زوڕناژه‌ن ، شمشاڵژه‌ن و باڵه‌بانژه‌ن ) ێكى به‌ناوبانگ بووه، بێگومان ئه‌و هونه‌ره بێ خه‌وش و شادى به‌خشه‌ى باوكى كاردانه‌وه‌ى له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند بووه‌و له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كه‌ى باوكی‌دا ژیاوه و هه‌نگاوى بۆ داهاتووى ناوه .
ده‌با بزانین مام خدر له‌نێو هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ریدا چۆن ناسراوه :
(مام خدر مه‌رجانى باوكى واحید مەرجان له زوڕناژه‌نین پیاوێكى مه‌علان و ماقووڵى مه‌جلیسى هه‌ولێرییان و خه‌ڵكى ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى بوو، له‌ناو شار و له ده‌شتى قه‌راج و كه‌ندێناوه و موركیه و شه‌مامك و خۆشناوه‌تى تا ده‌گاته دۆڵى ئاكۆیان و باڵه‌كایه‌تى به‌ناوبانگ و خۆشه‌ویست و له‌به‌ردڵان بوو، كه‌م شایى و زه‌ماوه‌ند و بۆنه به‌بێ زوڕنایه‌كه‌ى مام خدر مه‌رجان تێده‌په‌ڕى، ئه‌و سه‌رده‌سته‌ى پیاوه جوان و خواستراوه‌كه‌ى مه‌جلیسى پیاوماقوڵان و به‌گزادان بوو) (*1)
له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌كى ماڵدا كتێب بوونى هه‌بوو بێت واته چرایه‌ك بۆ هه‌میشه داگیرساوه‌و ده‌دره‌وشێته‌وه، ئه‌م بۆچوونه بۆ ئامێره‌كانى مۆسیقاش هه‌روایه ، كه‌واته بوونى ئامێره به‌جۆش و هه‌ست بزوێنه‌كانى وه‌ك ( زوڕنا و شمشماڵ و باڵه‌بان) له‌ناو خانه‌واده‌كه‌ى واحید مه‌رجان دا وه‌ك چرایه‌كى گه‌ش بوون هه‌موو كات ڕۆشنى به‌دڵ و هه‌ستى واحیدى منداڵ و مێرمنداڵ به‌خشیوه .
هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان ، خوێندنی سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی (ئه‌ربیل ئولا) و (ئیبن مسته‌وفی) ته‌واوكردووه، دیاره هه‌رله‌ته‌مه‌نى منداڵییه‌وه خولیا‌و ئاره‌زووى وێنه‌كێشانى هه‌بووه ، له‌پاڵ كێشانى وێنه به قه‌ڵه‌مى ڕه‌نگاو ڕه‌نگ له‌و ته‌مه‌نه‌دا،مه‌رجانى خاوه‌ن به‌هره تواناى نواندنیشى هه‌بووه سه‌ره‌تا به‌لاساییكردنه‌وه‌ى هه‌ڵس و كه‌وتى ئه‌ندامانى خانه‌واده‌كه‌یی و زۆرجاران له‌ناخ و هه‌ستیدا سیناریۆیه‌كى خوڵقاندووه‌و دواتر له‌به‌رده‌م باوك و دایك و ته‌واوى خانه‌واده‌كه‌ى نمایشى كردووه‌و سه‌رنجى هه‌مووانى ڕاكێشاوه بۆ لاى هونه‌ره‌كه‌ى .
له ساڵى (1958) حكومه‌تى عێراقى ئه‌و سه‌رده‌مه پێشانگایه‌كى پیشه‌سازى و كشتو‌كاڵى له یاریگاى (الاداره المحلیه) شوێنى یاریگاى (فه‌ره‌نسۆ حه‌ریرى ) ئێستا ده‌كاته‌وه، هونه‌رمه‌ند ئه‌وكاته ته‌مه‌نى (16) ساڵ ده‌بێت له‌گه‌ڵ برا گه‌وره‌كه‌ى ( یه‌حیا مه‌رجان) به‌شدارى پێشانگایه‌كى هاوبه‌شى شێوه‌كارییان كردووه ، هه‌ردوو براى هونه‌رمه‌ند خه‌ڵاتى یه‌كه‌م و دووه‌م (یه‌حیا مه‌رجان خه‌ڵاتى یه‌كه‌م ، واحید مه‌رجان خه‌ڵاتى دووه‌م) وه‌رده‌گرن ، له‌گه‌ڵ حه‌زو ئاره‌زووه‌كه‌ى بۆ هونه‌رى شێوه‌كارى درێژه به‌خوێندنه‌كه‌ى ده‌دات له ساڵی 1962 خانه‌ی مامۆستایانی ته‌واوده‌كات و له‌هه‌مان ساڵ ده‌بێته مامۆستاى هونه‌ر له شه‌قڵاوه ، دواتر له‌ساڵی 1963 ده‌بێته مامۆستای هونه‌ر له‌ناوه‌ندی سه‌ڵاحه‌دین له‌شارى هه‌ولێر.
له‌پاڵ كارى وانه وتنه‌وه و هونه‌رى شێوه‌كارى به‌ڵام حه‌زى مۆسیقا وخۆشویستنى بۆ میلۆدى و گۆرانى فه‌رامۆش نه‌كردووه‌و له‌گه‌ڵیدا گه‌شه‌ى كردووه،جیا له‌و ئامێرانه‌ى باوكى ژه‌نیونى وه‌ك ( باڵه‌بان ، شمشاڵ و زوڕنا)كاریگه‌رى له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند به‌جێهێشتووه، زۆر عاشقى ئامێرى ( ڤیۆلۆن ) بووه خولیاى بووه كه فێرى ئه‌و ئامێره ببێ ، له‌شارى هه‌ولێر مامۆستایه‌كى جوله‌كه به‌ناوى ( زه‌كى بارۆخ) ژه‌نیارى كه‌مانچه هه‌بووه ، شێوازى ژه‌نینى كه‌مانچه‌و شێوه‌ى گرتنى ئه‌و ئامێره كاردانه‌وه‌یه‌كى بێ ئه‌نداز له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان داده‌نێت و له‌ڕێی زوومى چاوه‌كانیه‌وه ئه‌و شێواز و گرتنه له‌هه‌ست و ناخیدا هه‌ڵده‌گرێت و ده‌بێته پاڵنه‌رێك بۆ فێربوونى ئامێرى كه‌مانچه به‌بێ مامۆستا و خۆڕسك خۆى فێرده‌كات ،به‌ڵام ئه‌وه‌نده سه‌رمه‌ست و خولیاى مۆسیقا و ئامێره‌كانى بووه له‌پاڵ كه‌مانچه هه‌وڵى فێربوونى ئامێره‌كانى ( عود و ئۆكۆردیۆن) ده‌دات،دواى ئه‌وه‌ى هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان هه‌ست به‌تواناى هونه‌رى خۆى ده‌كات و له‌بیرى بوونى تیپێكى مۆسیقا داده‌بێت له‌شارى هه‌ولێر،
واحید مه‌رجانى به‌هره‌مه‌ند و هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1958 بۆ 1959) یه‌كێك ده‌بێت له ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رانى تیپى مۆسیقاى ده‌رسیم ، تیپى مۆسیقاى ده‌رسیم یه‌كه‌م تیپى مۆسیقاى مۆڵه‌ت دراو ده‌بێت له‌شارى هه‌ولێر به‌سه‌رپه‌رشتى مامۆستاى هونه‌رمه‌ند (جه‌مال هیدایه‌ت ) داده‌مه‌زرێت، ئه‌وه‌نده عاشقى هونه‌ر بووه ، له‌ماوه‌ى نیوسه‌ده‌ى ته‌مه‌نى كه‌به‌خشیوه به‌هونه‌ر به‌گشتى ڕۆژێك نییه له‌ماوه‌ى ژیانیدا بێ كار‌و جوڵه و به‌خششى هونه‌رى نه‌بووبێت، به‌رده‌وام هه‌ست و سۆز‌و جه‌سته‌ى له‌پێناو هونه‌ردا ته‌رخانكردووه ،
هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند هه‌ست و زه‌وقێكى به‌رزى هه‌بووه له كارى نه‌خشاندن و دیزاین و دیكۆر بۆ كاره هونه‌رییه‌كانى شانۆ و دراما، و نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌رى كارى ئۆپه‌رێت و په‌یكه‌رسازێكى به‌تواناو به‌سه‌لیقه و لێهاتووش بووه.
كاروانى هونه‌رى هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان ، كاروانێكى به‌رده‌وام و پڕ به‌خشش بووه، جگه له دامه‌زراندنى تیپى مۆسیقاى ده‌رسیم ، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانى به‌رده‌وامى جێى ده‌ست و په‌نجه‌ى له‌م تیپه مۆسیقانه‌دا دیار و به‌رچاوه ...
( سه‌رۆكى تیپى مۆسیقاى هه‌ولێر ، سه‌رۆكى تیپى مۆسیقاى كۆمه‌ڵه‌ى هونه‌ر و وێژه‌ى كوردى لقى هه‌ولێر ، سه‌رۆكى تیپى كرێكاران ، سه‌رۆكى تیپى مۆسیقاى مامۆستایان ، سه‌رۆكى تیپى چالاكى هونه‌رى ، سه‌رۆكى تیپى مۆسیقاى هونه‌ره میللییه‌كان ) بووه، (*2)
له‌درێژه‌ى ئه‌نجامدانى ئه‌و هه‌موو كاره هونه‌رییانه، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1982) ده‌بێت به‌سه‌رپه‌رشتیارى هونه‌رى له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شانۆ و هونه‌ره میللیه‌كان و چه‌ندین ئاوازى بۆ گۆرانى وموزیك بۆ شانۆ و ئۆپه‌رێت وه‌ك ( ئۆپه‌رێتى تارا ، ئۆپه‌رێتى كاروانى خه‌بات و باران) و موزیكى ( پیرمام ، كۆچ و ئاغا و جووتیار) داناوه.
هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان كه‌سێكى دڵفراوان و سه‌خى ته‌بیعه‌ت بووه و هه‌میشه هه‌ست و تواناى خۆى بۆ هاوكاریكردن و سه‌رخستنى بوارى هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌ى و ده‌ستى یارمه‌تى بۆ هونه‌رمه‌ندانى شانۆ و دراما درێژكردووه ، به زه‌وق و سه‌لیقه لێوان لێوه له‌هونه‌ره‌كه‌ى موزیكى بۆ كاره هونه‌رییه‌كانى هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌حمه‌د سالار ، ته‌لعه‌ت سامان و فه‌رهاد شه‌ریف و سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان ) داناوه.
واحید مه‌رجانى فره هونه‌ر له‌گه‌ڵ تیپى هونه‌ره میللیه‌كانى شارى هه‌ولێر ، وه‌ك ژه‌نیارێكى به‌ئه‌زموونى (عود) سه‌ردانى وڵاتانى ( نه‌مسا و یه‌كێتى سۆڤێتى ) كردووه.
له‌پاڵ ئه‌نجامدانى ئه‌و كاره هونه‌رییه مۆسیقیانه ، هونه‌رى دراما‌و شانۆ و شێوه‌كارییه‌كه‌شیی فه‌رامۆش نه‌كردووه و هه‌موو هونه‌ره‌كانى به‌یه‌ك ئاراسته ئه‌نجام داوه و له‌چه‌ندین پێشانگاى هاوبه‌شى شێوه‌كارى له‌ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ى وڵات زیاتر له (35) پێشانگا به‌شداریكردووه.
خه‌رمانى هونه‌رى نواندنى هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان ، (نواندن ، ده‌رهێنان ،موزیك )
( تاپۆ حه‌قى چییه؟؟؟ ، ماره‌یی ، گوڵى نهێنى ، چڵپاو ، مه‌م و زین ، گه‌مه‌ى خه‌ونه ئازاده‌كان ، لاس و خه‌زاڵ ، میوانى ناوه‌خت ، ڕووبارى ژیان ،چاره ڕه‌ش ، چیرۆكى كۆن ، كاروانى خه‌بات ، ئابڕووى خێزان ، سێ كه‌له پووچ ، ئۆپه‌رێتى باران ، ئۆپه‌رێتى تارا ، ئاغا و جوتیار ، هه‌ڵه‌بجه ) (*3)
هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان ، كه‌سایه‌تیه‌كى قسه خۆش و خۆش مه‌شره‌ب و میهره‌بان و كه‌م دوو بووه ، هه‌موو كات له‌نێو كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ى یاران و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانى به گوڵى مه‌جلیس ناوبراوه‌و هه‌موو كات شادى و خه‌نده‌ى پێ به‌خشیون به قسه خۆشه‌كانى ، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌وى له‌ته‌ك ته‌واوى هونه‌رمه‌ندانى هه‌موو بواره‌كانى هونه‌ردا هه‌بووه ، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو به‌خششه هونه‌رییه‌و ماندووبوونه زۆره ڕۆژێك له‌ڕۆژان منه‌تى به‌سه‌ر كه‌س و نه‌ته‌وه‌كه‌یدا نه‌كردووه، چونكه به‌ئه‌ركى سه‌رشانى خۆیی زانیووه ده‌بێت خزمه‌ت به‌هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌ى بكات ، به‌داخه‌وه‌ئه‌گه‌ر نه‌خۆشیی و مه‌رگ مه‌وداى زیاترى پێ ببه‌خشیایه دڵنیام كه زۆر كارى جوانتر و به‌رزو به‌نرخترى پێشكه‌شى نه‌ته‌وه‌كه‌ى ده‌كرد .
واحید مه‌رجانى موزیكژه‌ن و ئاوازدانه‌ر و هاوكارى هونه‌رمه‌ندان، كارى موزیكى بۆ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان كردووه و له‌پاڵ كاره هونه‌رییه‌كانى ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه ئه‌میش به‌ئامێره‌كانى موزیكى بۆ ژه‌نیوون وه‌ك ( تایه‌ر تۆفیق ، محه‌مه‌د عارف جزیرى ، مشكۆ ، ئایشه شان ، فوئاد ئه‌حمه‌د ، ڕه‌سوڵ گه‌ردى ، سابیر عه‌بدولڕه‌حمان ، حه‌مه‌جه‌زا ، محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د ئه‌ربیللى ، عیسا به‌روارى ،،،،تاد ) ، پێویسته لێره‌دا ئاماژه به‌وه‌ش بده‌ین كه ته‌واوى ئاهه‌نگه‌كانى هونه‌رمه‌ند (محه‌مه‌د عارف جزیرى ) ته‌نها به ئامێرى ( ته‌نبوور و ئیقاع ) یكه‌وه تۆماركراون ، به‌ڵام ئه‌و ئاهه‌نگه‌ى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیرى له‌سه‌ره‌تاى ساڵانى حه‌فتا كه‌له‌شارى هه‌ولێر تۆمارى كردووه له‌گه‌ڵ گروپێكى مۆسیقادا كه هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان به‌ئامێرى كه‌مانچه به‌شدارى ئه‌و ئاهه‌نگه‌ى جزیرى كردووه و له‌لایه‌ن به‌ڕێز ( عه‌بدله‌تیف ) خاوه‌نى یه‌كه‌م تۆمارگا له‌شارى هه‌ولێر ئه‌و ئاهه‌نگه تۆماركراوه ،
هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان به‌هاوكارى هونه‌رمه‌ندى ژه‌نیار (مسته‌فا ڕه‌وف شێخۆ) پێشه‌نگى سازدانى شه‌و ئاهه‌نگه‌كانى شارى هه‌ولێر بوون، كه‌به ( ئه‌كله‌نجه) ناوده‌برێت و ده‌یان شه‌ویان به‌موزیك و گۆرانى بۆ هاوڕێ و یارانیان ڕێكخستووه.
خه‌سڵه‌ت و كاره هونه‌رییه‌كانى كاریگه‌رییه‌ى زۆرى له‌سه‌ر ڕه‌وتى هونه‌ر به‌گشتى له‌شارى هه‌ولێر داناوه‌و چه‌ندین هونه‌رمه‌ندى به‌تواناى ئه‌مڕۆ كه‌به‌رده‌وامن له‌سه‌ر كارى هونه‌رى خۆیان به‌قوتابییه‌كى ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه ده‌زانن، ئه‌وه‌ى جێى خۆشحاڵى و ستایشه له‌دواى خۆى هونه‌رمه‌ند خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌یه‌كى هونه‌ریی به‌جێهێشتووه كه هه‌موویان ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان یان گرتۆته هه‌ریه‌كه‌یان خزمه‌ت به‌بوارێكى هونه‌ر ده‌كه‌ن.
هونه‌رمه‌ند دواى ئه‌و هه‌موو كۆشش و خزمه‌ته له‌كارى وه‌زیفى دا و جێ ده‌ستى وه‌ك مانگ دیار و ڕۆشنه له كار‌و چالاكییه هونه‌رییه‌كانى شارى هه‌ولێر ، له‌ساڵى 2006 خانه‌نشین ده‌كرێـت ، به‌ڵام به‌رده‌وام و هه‌نگاوى زیاتر له‌پێناو عه‌شقه‌كه‌یدا كه هونه‌ر بووه ،ده‌هێنێ ئه‌و ڕاستیانه بڵێین كه به‌شێكى جوان و گرنگن له ژیانى هونه‌رى هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان، كه له‌بوارى هونه‌ردا داهێنانى ئه‌نجامداوه له‌پێناو پێشكه‌وتنى هونه‌ردا ، هونه‌رمه‌ند به‌یه‌كه‌م كه‌س ده‌ژمێردرێت كه گۆڕانكارى له ئامێرى ئۆكۆردیۆن دا كردووه ، چاره‌كه تۆنى بۆ زیادكردووه ، له‌شێوه‌ى ڕۆژئاواییه‌وه گۆڕیویه‌تى بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى، جگه له‌و هه‌موو هونه‌ره ده‌ستى دارتاشیشی هه‌بووه ، به‌شى سه‌ره‌وه‌ى كه‌مانچه‌ى هه‌ڵگرتووه، له‌ناو كه‌مانچه‌كه ژێیه‌ك تیادا جێگیر كردووه ،قه‌پاغه‌كه‌ى وه‌ك خۆى داناوه‌ته‌وه له‌كاتى ژه‌نین دا وه‌ك (ئیفێكت ) چێژى زیاترى به‌خشیوه ، له‌سه‌ره‌تاى ساڵى (1966) حكومه‌ت ژماره‌یه‌ك ئامێرى مۆسیقى بۆچالاكى قوتابخانه‌كانى شارى هه‌ولێر ده‌نێرێت ، له‌ناویاندا ئامێرى (قانوون) ى تێدایه ، هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان بۆیه‌كه‌مجار ئه‌و ئامێره (قانون) هه‌ڵده‌گرێت و دواى تێڕامان و ووردبوونه‌وه یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ند ده‌بێت ئه‌و ئامێره (كۆك) ده‌كات و ده‌ست به‌ژه‌نینى ده‌كات ، دواتر ئه‌و ئامێره بۆ هونه‌رمه‌ندى هاوڕێی ( مسته‌فا ڕه‌ووف شێخۆ ) به‌جێدێڵێ و له‌وه‌و دوا مسته‌فا ڕه‌ووف ده‌بێته ژه‌نیارى قانوون له‌شارى هه‌ولێر.
به‌داخه‌وه له ناوه‌ڕاستى ساڵى 2015 نه‌خۆشى ته‌نگى پێهه‌ڵده‌چنێ و ڕۆژ به‌ڕۆژ ده‌ست و په‌نجه‌كانى دوور ده‌كه‌ونه‌وه له فڵچه‌ى هونه‌رى شێوه‌كارییه‌كه‌ى له ژه‌نینى كه‌مانچه‌و عوده‌كه‌ى ، به‌ڵام له‌ناخه‌وه دڵ پڕهیواو تامه‌زرۆ بۆ كارى باشتر و به‌سوودتر بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ى ، جێى داخه له‌ڕێكه‌وتى ( 9/2/2016) هونه‌رمه‌ندى گه‌وره‌و پڕ ئه‌زموون و پڕ به‌خشش له‌هه‌موو كایه‌كانى هونه‌ر ، چاو لێك ده‌نێ و بۆهه‌میشه به‌جه‌سته كوردستان و پیره هه‌ولێر و خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانى جێ دێڵێ ، له شارى هه‌ولێر به‌خاكى پیرۆزى كوردستان ده‌سپێردرێت ،
به‌ڵام تا هه‌ولێرى پایته‌خت و قه‌ڵا و مناره بوونیان هه‌بێـت ، ناو و نازناو و هونه‌ره به‌رزه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان هه‌میشه بوونى هه‌یه و ناوێكى دره‌وشاوه‌و پڕ خزمه‌ت و یه‌كێكه له‌كه‌سایه‌تیه جوان و شیرینه‌كانى شارى هه‌ولێر و له‌مێژووى پرشنگدارى هه‌ولێرى پایته‌ختدا ده‌مێنێته‌وه،
ده‌خوزام له‌پاى ئه‌و هه‌موو تێكۆشان و نیوسه‌ده خزمه‌ته خۆڕسكه‌ى هونه‌رمه‌ند واحید مه‌رجان ، په‌یمانگایه‌ك ، هۆڵیكى شیاو شایسته له‌شارى هه‌ولێر به‌ناوى ئه‌و هونه‌رمه‌نده نه‌مر و پڕ به‌خششه هونه‌رییه بكرێت .
سڵاو له‌مێژووى لێوان لێوت له‌هونه‌ر ، گڵكۆكه‌ت هه‌میشه چراخان و یاد و یاده‌وه‌رییه‌كان بۆهه‌میشه به‌رزو پڕ شكۆ بێت.
سه‌رچاوه : (*1)هونه‌رمه‌ند زاهیر عه‌بدوڵڵا ،، سایتى باس نیوز
(*2) روخسار و ئه‌زموون _ ئیسماعیل كوێستانى _به‌شى دووه‌م ، لاپه‌ڕه (32)
(*3) كتێبى بیۆگرافیاى هونه‌رمه‌ندانى هه‌ولێر _ مه‌سعودى مه‌لا هه‌مزه لاپه‌ڕه ( 16)
جه‌مالى ده‌لاك / 13/2/2021
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.