هەركاتێك هەستمان بخوازێت یادێك لەدەنگێكی خۆش و هونەرمەندێكی دێرینی نەتەوەكەمان بكەینەوە بەتایبەت لەناوەڕاستی سەدەی بیست دا، پێویستە ڕۆڵ و پێگەی ڕادیۆی كوردی بەغدا بەرزو پڕ بەها بنرخێنین ، لەوكات و سەردەمەدا چ ڕۆڵیكی گرنگی هەبووە لەهاوكاری و تۆماركردنی بەرهەمی هونەرمەندان ئەویش بەهەوڵ و هیمەتی چەند كەسایەتیەكی دڵسۆز دەرگای ڕادیۆی كوردی بەغدا یان ئاوەڵاكردووە بۆ ئەو بەهرەمەند و دەنگخۆشانە، هەروەها لەگەیاندنی دەنگی خۆش و بەرهەمە جوان و میلۆدییە پڕ سۆزەكانی هونەرمەندانی گۆرانیبێژ بەگوێگرانی ڕادیۆی كوردی بەغدا، هەمیشە بەچاوێكی پیرۆزو بەرزنرخاندنەوە لەكاروتێكۆشانی كارمەندە دڵسۆزەكانی ئەو ڕادیۆیە و تیپی مۆسیقای ڕادیۆی كوردی بەغدا بڕوانین ، وەهەروەها ئەو هونەرمەندە خۆڕسك و خۆبەخشانە بەوپەڕی دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە بێ بەرابەر خۆیان گەیاندۆتە ڕادیۆی كوردی بەغدا بۆمەبەستی تۆماركردنی بەرهەمە جوانەكانیان كەئەمڕۆ بوونەتە ئەرشیفێكی مەزن وبەنرخ لەهونەری نەتەوەییمان.
هیچ كات نابێت ڕۆڵی بەڕێزان ? كامیلی كاكە مین و عادل عیرفان و مامۆستا عەلی مەردان و شەماڵ سائیب و حەسەن زیرەك ، ڕەفیق چالاك ، تایەرتۆفیق ،ڕەسوڵ گەردی، محەمەد عارف جزیری و حەسەن جزیری، نەسرین شیروان، دایكی جەمال، گوڵبەهار، ئایشەشان وجەلال كۆچەر و قادر ئەحمەد و خەلیل عەبدوڵڵا و محەمەد عەباس بەهرام و محەمەد قەدری و عیسی بەرواری و ئیبراهیم حەزین و تالیب مەجید و ڕەشۆڵ ....تاد ) فەرامۆش بكەین كەهەریەكەیان بەپێی توانای هونەرییان گەورەترین خزمەتییان بەهونەری موزیك و گۆرانی گەیاندووه، ( یادیان هەمیشە بەرزو بەڕێز و پر شكۆ بێت) .
لەوانەیە بۆ هەندێكمان ناو و دەنگ و كارە هونەرییەكانی هونەرمەندی كۆچكردوو( جەمال جەلال) نامۆ و تازە ناسراو بێت لەگۆڕەپانی موزیك و گۆرانی، دیارە هۆكارەكەشی بگەڕێتەوە بۆ كەم تەرخەمی خودی هونەرمەند، یان نەبوونی هوشیاری ڕاگەیاندنی كوردی بووبێت لەو سەردەمەدا، بەڵام خۆش بەختانە بەرلەوەی هونەری موزیك و گۆرانی و ژینگە و فەرهەنگ و كەلتوور و هونەری عەرەب هونەرمەند (جەمال جەلال ) لەكلتووەركەی خۆیدا بیتوێنێتەوە ،هونەرمەند بەیەكجارەكی گەڕایەوە كوردستان و لەزێدەكەی خۆی درێژەی بەژیانیدا ، لەڕێگەی كەناڵەكانی میدیای بینراوە چەند دیدارێكیان لەگەڵدا سازداو بینەر و بیسەرییان بەژیان و بەرهەمە هونەرییەكانی هونەرمەند جەمال جەلال ئاشناكرد كە جێی دەستخۆشی وستایشكردنە ، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵیم هونەرمەند جەمال جەلال هونەرمەندێكی بەتوانا و پڕ بەرهەم و ژەنیارێكی بەتوانا و كارامەو ئاوازدانەرێكی بەسەلیقە بووه بۆ بەرهەمەكانی خۆیی و هونەرمەندانی كوردو عەرەب ، لەگەڵ خوێندنەوە بۆ كەسایەتی و كارە هونەرییەكانی هونەرمەند جەمال جەلال ، پێویستە یادێك لەهونەرمەندی كۆچكردوو ( ئەحمەد دەنگ گەورە ) ( ئەكتەر و بێژەر و ئاوازدانەر و دەنگخۆش ) بكەینەوە كە ڕۆڵیكی بەرچاوی هەبووە لەدەستپێكی ژیانی هونەری هونەرمەند جەمال جەلال دا، لەهەمانكاتیشدا كەخاڵی هونەرمەند جەمال جەلال بووە ، ئەوكات ماڵی لەشاری بەغدا بووە لەتەمەنی 14 بۆ 15 ساڵی واتە ساڵی 1957 هونەرمەند ئەحمەد دەنگ گەورە جەمالی خوشكەزای بەهونەرمەند ( شەماڵ سائیب) دەناسێنێ و گەواهی ئەوە ئەدات كە خوشكەزاكەی دەنگی خۆشەو توانای خوێندنی گۆرانی هەیە، هونەرمەند شەمال سائیب هونەرمەندێكی بەئەزموون و دەنگخۆش و ژەنیارێكی بەتوانا وداهێنەرو قاڵبوو لەبوارەكەی خۆیدا ، دوای تاقیكردنەوەی دەنگی جەمال جەلال بڕیاردەدات گۆرانییەك لەئاوازو تێكستی خۆی بداتێ و بیخوێنێ، لەڕادیۆی كوردی بەغدا گۆرانییەك بۆ هونەرمەند جەمال جەلال تۆماردەكەن، گۆرانییەكەش بەنێوی ( دەمەكەو بێنە و دەستت لادە ) ئەو گۆرانییە دەبێتە سەرەتایەك بۆ هەنگاو نان بۆ نێو دنیای هونەری موزیك و گۆرانی ،و دەبێتە ئەندامی تیپی كۆرسی ڕادیۆی كوردی بەغدا .
هونەرمەندجەمال جەلال لەم كارە هونەرییەوە زیاتر عاشقی موزیك و گۆرانی دەبێت و هەرئەوەش دەبێتە هۆكار كە بچێتە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا، بەداخەوە لەوسەردەمەدا لەشارەكانی كوردستان پەیمانگای هونەرە جوانەكان نەبووە ، لەبەر خولیای زۆری بۆ موزیك درێژە بەخوێندن دەدات و فێری مۆسیقا و ژەنینی ئامێری (عود ) دەبێت لەژێر دەستی مامۆستایانی بەئەزموونی پەیمانگا وەك ( جەمیل بەشیر ، عیزەدین صدقی ، جەمیل سەلیم و غانم حەداد ) لەگەڵ بەردەوام بوونی لەهونەر و دەبێتە مامۆستای هونەر لەپەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا تا ئەو كاتەی بەیەكجارەكی دەگەڕێتەوە كوردستان .
هونەرمەند جەمال جەلال لەساڵی 1959 كەهێشتا فێری ژەنینی ئامێری عود نەبووە داوای لێدەكەن كە ئاوازێك بۆ گۆرانییەك دابنێ و بیخوێنێ، بەڵێ ئەو كارە دەكات لەڕووی هەستی هونەرییەوە نەك بەشێوەیەكی ئەكادیمی ، لەوبارەیەوە هونەرمەند بەوشێوەیە ئەو یادەوەریە دەگێڕێتەوە : ( ساڵی 1959 تەكلیفی ئاوازێكیان لێكردم كەلەو كاتەدا نەمدەزانی ئامێری عود بژەنم تەنها بەدەم ئاوازەكەم دانا ، ئەو ئاوازە زۆر ناوبانگی دەركرد كەلەهەرچوارپارچەی كوردستان چووە سەر زوبانی خەڵكی و دوایی بە گۆرانی
( وەڵاتێ مە كوردستانە ) ناوبانگی دەركرد ئەو ئاوازە هی منە و كەسیش ناوی من نابات ، لەبنەڕەتدا گۆرانییەكە بەو شێوەیە ( وەڵاتێ مە كوردستانە كوردو عەرەب هەمووی برانە) (1)
ئەو گۆرانییە بەدەنگی خانمە هونەرمەندی كوردی یەریڤان ( ئەسلیكا قادر ) زیاتر بڵاوبۆوە و كەوتە سەرزاری هاوڵاتیانی كوردستان ( ج،د)
هونەرمەند لەساڵی 1965 بەدواوە جیا لەهونەری گۆرانیبێژی وەك هونەرمەندێكی عودژەن دەركەوتووە و بۆتە ئەندامی دەستەی تیپی هونەرە میللییەكانی سەربه وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق بەسەرپەرشتی هونەرمەندی موزیكژەن(غانم حەداد )
لەماوەی ژیانی هونەریدا هونەرمەند جەمال جەلال بەشداری چەندین فیستڤاڵی كردووە وەك : ( میهرەجانی بابل ، سێیەمین میهرەجانی مۆسیقای جیهانی لە لینینگراد ،میهرەجانی جیهانی زاگریب ،میهرەجانی ئەگریگەنتۆ لە ئیتاڵیا، میهرەجانی ئیسماعیلییە لە وڵاتی میسر ) (2)
لەساڵی 1966 بەشێوەی (دوێت) گۆرانی ( وەرە وەرە گیانی شیرینم ) هونەرمەند جەمال جەلال لەگەڵ خانمە هونەرمەند (ژیان ئەحمەد ) ناسراو بە ( د، بەڵقیس دۆسكی ) تۆماردەكات و بەشێوەی ڕەش و سپی لەتەلەفزیۆنی بەغدا تۆماركراوەو و بڵاو بۆتەوە.
بەداخەوە لەبەر بەدبەختی هونەرمەندی كورد ونەبوونی دەوڵەت و كیانی نەتەوەیمان و داگیركردنی كوردستان لەلایەن داگیركەرانی كوردستانەوە، بەشداریكردنی هونەرمەند لەو میهرەجان و ئاهەنگانەدا وەك هونەرمەندێكی موزیكژەنی عێراقی ناسێنراوە، نەك وەك هونەرمەندێكی كورد ، بەڵام جێی خۆش حاڵییە بۆ هونەرمەندێكی موزیكژەن و گۆرانیبێژی كورد ڕێز لەهونەرەكەی بگرن و خەڵات و بڕوانامەی پێببەخشن، دیارترینیان بەدەست هێنانی بڕوانامەی ( دیپلۆمی باڵا) یە لەلینینگراد.
هونەرمەند جەمال جەلال خاوەنی چەندین ئاوازە كە بۆ هونەرمەندانی كورد و عەرەبی داناوە، یەكێك لەو ئاوازانەی بۆ خانمە هونەرمەندی عەرەب ( مائیدە نەزهەت ) ی داناوە ،هونەرمەند لەساڵی 1971 ژیانی هاوسەرێتی پێكهێناوە لەگەڵ خاتوو (مەیسون عەبدولواحید قادرئاغای عەتار) كە ئامۆزای خۆی بووە ، بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە هونەرمەند جەمال جەلال بۆتە خاوەنی دوو كچ بەناوەكانی ( ئیڤان و ئەڤین).
هونەرمەند بەردەوام بووە لەسەر كاری مامۆستای هونەر لەپەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا تاساڵی 1989 خانەنشین دەكرێت ، دەهێنێ ئاماژە بەڕۆڵی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەێمی كوردستانیش بدەم كە لەڕێكەوتی ( 8/6/2010 ) لەمەراسیمێكی شایستەدا لەهۆڵی پێشەوا مەراسیمێكی ڕیزلێنان بۆ هونەرمەند جەمال جەلال سازكراو خەڵاتی وەزارەتی ڕۆشنبیری پێبەخشرا لەدەرئەنجامی ئەو ماوە دوورو درێژە كەبەهونەری موزیك و گۆرانی كوردی بەخشیوە .
بەداخەوە هونەرمەندی گۆرانیبێژ و ژەنیارو ئاواز دانەر ( جەمال جەلال) لەتەمەنی (74 ) ساڵیدا لەڕێكەوتی ( 21/8/2016 ) بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ئامێرە خۆشەویستەكەی ( عود) ەكەی و هونەری موزیك و گۆرانی كوردی كرد ، هونەرمەند بۆ ماوەی نیوسەدە مێژوویەكی پرشنگداری لە هەوڵ و تیكۆشان و خزمەتكردن بە موزیك و گۆرانی تۆماركرد، بەداخەوە بۆدواجار بەجێی هێشتین و پەنجەكانی بۆ هەمیشە لەژەنینی عودەكەی لەجوڵە كەوت و مەرگ لێی فڕاندین بۆ باوەشی گەرمی خاكی كوردستان و لەزێدەكەی شاری سلێمانی ئەسپەردەكرا ،بەڵام ناو و بەرهەمەكانی لەئەرشیفی موزیك و گۆرانی كوردی بەپیرۆزی دەمێنێتەوە . یادی هەمیشە بەخێر و گڵكۆكەی غەریقی رەحمەتی پەروەردگار بێت .
بەرهەمە تۆماركراوەكانی هونەرمەند جەمال جەلال
1/ ڕۆژ باش ..... ئاوازی ( جەمال جەلال ) هۆنراوەی ( كامیل ژیر ) 1959
2/ رووناك ...... ئاوازی ( ڕەزا عەلی ) هۆنراوەی ( عوسمان عوزێری ) موزیك ( قادر دیلان ) 1958
3/ دەمەكەت بێنە .... ئاواز ( شەمال سائیب ) هۆنراوەی ( شەماڵ سائیب ) 1957
4/ وەرە وەرەگیانی شیرینم .... ئاواز ( خەلیل ئیبراهیم ) 1966
5/ پەخشان ...... ئاواز ( ئەحمەد خەلیل ) 1959
6/كیژوڵەی كوردستان .... ئاواز ( جەمال جەلال ) 1959
7/گیانەكەم كوا .... ئاواز ( جەمال جەلال ) 1959
8/ بەتەنیام .... ئاواز ( جەمال جەلال ) 1964
9/ وازدێنم .... ئاواز ( جەمال جەلال ) 1966
10/ بابڵیین بابڵیین ...... ئاواز ( ئەحمەد دەنگ گەورە ) هۆنراوەی
( ئەحمەد دەنگ گەورە ) 1957
جەمالی دەلاك 30/12/2020 هەولێر
سەرچاوە : (1) بەرنامەی ئەزموونی هونەرمەندێك ....كەناڵی ئاسمانی NRT2 لەپێشكەشكردنی ( ئامانج بابانی)
: (2) مێژووی ڕادیۆی كوردیی بەغدا (1939_1958) بەرگی یەكەم .... كەمال ڕەووف محەم
جەمالی دەلاك
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.