Erbil 11°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 09:45

هونه‌رمه‌ند جه‌لال کۆچه‌ر .. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى ته‌نها کلۆى به‌فرى سپى کێوه‌کان ئه‌سرینى بۆ باراند ...!

له‌ساڵی ( 1943)له‌گه‌ڕه‌کی ده‌رگه‌زینی شاری سلیمانی هاتۆته‌ دنیاوه‌
کوردستان TV
100%

جێى نيگه‌رانييه‌ زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانی  کورد ده‌بێ هه‌میشه‌ دڵشکاو و بێناز و سه‌ربرده‌ی ژیانیشیان لێوڕيژ له‌ کوێره‌وه‌ری وبه‌دبه‌ختى و مه‌ینه‌تی بێت، کۆتایی ژیانیشیان به‌ناخۆشترین و پڕ له‌سوێترین ئازارو نه‌هامه‌تى کۆتایی بێت، له‌جێى ئه‌وه‌ى دواى ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌تێكۆشان وزه‌حمه‌ت و ماندووبوون و به‌خششى هونه‌رى ،  ده‌بێت زه‌مينه‌ى بۆ له‌بار بكرێت و پشووبدات ،  به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تائه‌و ڕۆژه‌ى جه‌سته‌ى ساردى شؤڕده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ گۆڕ،  نابێ ئۆقره‌ بگرێ و هه‌ميشه‌ له‌هه‌وڵى  ژیانێکی مه‌مره‌و مه‌ژیدا له‌ململانێدا بێت.

دواى ساڵانێكى زۆرى خزمه‌ت به‌ هونه‌رى موزيك و گۆرانى ،  مه‌رگ هه‌ڵيده‌پێچێ و په‌لى جگه‌رگۆشه‌كه‌ى ده‌گرێت و له‌هه‌وڵى تروسكايه‌ك دا ده‌بێت بۆ دابينكردنى بژێوى ژيان ، هێدى هێدى له‌ ڕۆژى ساردى زستاندا و له‌رۆژێكى به‌فر و زريان و شه‌خته‌دا له‌سه‌ر ئه‌و سنووره‌ ده‌ستكرده‌ى داگيركه‌ران بۆيان كێشاوين ، له‌نزيك بێورانى سه‌رده‌شتى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ،  به‌هه‌ناسه‌ ساردى  خۆيي و جگه‌ر گۆشه‌كه‌ى به‌بێده‌نگى به‌فرى كوێستان دايان ده‌پۆشێت ، ته‌نانه‌ت مه‌ل و باڵنده‌كانيش لێيان بێ ئاگاده‌بن وته‌نها به‌فره‌ جه‌سته‌ى شه‌كه‌ت و ماندوو ته‌زيوويان داده‌پۆشێت و ڕه‌قيان ده‌كاته‌وه‌. 

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌به‌فردا ڕه‌ق هه‌ڵاتووه‌ دوور له‌ناز و ماڵى گه‌رمى  ..   3

( جه‌لال ئه‌حمه‌د وه‌یس مه‌حمود) يان ( جه‌لالى ئه‌حمه‌د‌ خورشه‌)، له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى كارى هونه‌ريه‌وه‌ نازناوی ( کۆچه‌ر) ی بۆ خۆی داناوه‌ ، جه‌لال کۆچه‌ر له‌ساڵی ( 1943)له‌گه‌ڕه‌کی ده‌رگه‌زینی شاری سلیمانی هاتۆته‌ دنیاوه‌ .

ساڵی ( 1952 ) خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن له‌  قوتابخانه‌ی فه‌یسه‌ڵیه‌ ،  له‌وه‌رزى هاوين دا له‌قوتابخانه‌ی ( که‌شتی نووح) له‌لای ڕه‌وانشاد مامۆستا ( نه‌جمه‌دین مه‌لا ) خوێندوویه‌تی.

جه‌لال کۆچه‌ر هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌  حه‌زو خولیای وتنی گۆرانی بووه‌و ئاره‌زووی گوێگرتنی موزیکای هه‌بووه‌ ...بۆئه‌وه‌ش دایکی هانده‌ری سه‌ره‌كى ویه‌که‌می بووه‌ ،  ئه‌و دايكه‌ ميهره‌بانه‌ ‌ناوی ( عیسمه‌ت خانی قادرئاغای مه‌حمود ئاغا ) بووه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكى ( ڕه‌به‌ت) ى نزيكى سه‌رده‌شتى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان بووه‌، له‌ساڵى (1959)باوكى  بريار ده‌دات شارى سلێمانى جێدێڵيت وبه‌ خاو خێزانه‌وه‌ ڕووده‌كاته‌ شارى قه‌ڵادزێ و له‌وێنيشته‌جێ ده‌بن ، جه‌لالى  به‌هره‌مه‌ند و ئاره‌زوو مه‌ندى هونه‌ر، له‌ته‌مه‌نى (17) ساڵيدا  بۆ یه‌که‌مجار له‌ساڵی 1960 دا چۆته‌ سه‌ر شانۆ له‌ شاری قه‌ڵادزێ و له‌شانۆگه‌ری ( کاوه‌ی ئاسنگه‌ر ) دا به‌شداری نواندنی کردووه‌ و نمايشێكى سه‌ركه‌وتووى ئه‌نجامداوه‌، به‌داخه‌وه‌ دواى به‌شدارى له‌و شانۆگه‌رييه‌دا ، دايكى ئازيزى كۆچى دوايي ده‌كات  و باوكى بڕيار ده‌دات له‌هه‌مان ساڵ واته‌ (1960) بارگه‌و بنه‌ ده‌پێچنه‌وه‌و ڕوو ده‌كه‌نه‌وه‌ شارى سلێمانى.  

له‌ساڵی( 1962 )دا  جه‌لال كۆچه‌ر بووه‌ به‌ئه‌ندامی (کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌کانی کورد ) له‌سلێمانی ، له‌ڕه‌شبگیرییه‌که‌ی ( 9ى حوزه‌يرانى 1963)  دا له‌ شاری سلێمانی ده‌ستگير ده‌كرێت  و دوای ماوه‌یه‌ک زیندانی ئازادى ده‌كه‌ن ،  له‌داوى ئازادكردنى بۆ دابین کردنی بژیوی ژيان  و خولیای زۆرى بۆ هونه‌رو گۆرانی ڕووى كردۆته‌ شارى ‌ به‌غدا و له‌ئیزگه‌ی ئه‌و کاتی رادیۆی کوردی به‌غدا دامه‌زراوه‌ ،  بووه‌ به‌ئه‌ندامی تیپی نواندنی ئیزگه‌و و له‌چالاکییه‌کانی ڕۆژانه‌ی ئیزگه‌دا به‌رده‌وام بووه‌ .

له‌ساڵی ( 1964)  دا ده‌یکه‌نه‌ ئه‌ندامی کۆرسی گۆرانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى وه‌ك ( خه‌ليل عه‌بدوڵڵا ، قادر ئه‌حمه‌د و ئه‌حمه‌دى شێخاڵى ) له‌ماوه‌ی کارکردنی له‌ ئیزگه‌و خولیای بۆ گۆرانی هه‌وڵده‌دات و له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئیزگه‌وه‌ ده‌نگی تاقی بكه‌نه‌وه‌ ، دواى تاقيكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى بريارده‌درێت كه‌ گۆرانى بۆ تۆماربكه‌ن ، بۆ یه‌که‌م جار له‌ڕێکه‌وتی( 18/12/1964 ) گۆرانی ( ئه‌ستیره‌ی پرشنگدار ) له‌رادیۆى كوردى به‌غدا تۆمارده‌کات،  ‌له‌هه‌ڵبه‌ستی ( به‌ختیار زێوه‌ر ) و ئاوازی خۆی بووه‌،  دواتر له‌چالاکییه‌کدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی یه‌ فه‌نی _ حاجی مه‌کی) به‌شداری له‌ فیلمیکی کوردی ده‌کات به‌ناوی ( ڕه‌هێڵه‌ ) به‌لام بۆیان تۆمارنه‌کردوون .

دواتر له‌ساڵى (1966) گۆرانى ( خۆشم ئه‌وێ ) له‌راديۆ تۆمارده‌كات له‌هۆنراوه‌ى ( جه‌مال شارباژێڕى)  و ئاوازى ( مه‌حمود محه‌مه‌د كالۆ ).

2

هونه‌رمه‌ند جه‌لال كۆچه‌ر له‌ناوه‌ڕاستى شه‌سته‌كاندا يه‌كه‌م هونه‌رمه‌ند بووه‌ خۆشه‌ويستى خۆى بۆ شاره‌ ئازيزه‌كه‌ى كه‌ سلێمانى يه‌ له‌ڕێى گۆرانيه‌وه‌ ئه‌و هه‌سته‌ى ده‌ربڕيوه‌ ، گۆرانى (سلێمانى) له‌هۆنراوه‌ى ( ڕه‌مه‌زان زامدار ) و له‌ئاوازى ( مه‌حمود محه‌مه‌د كالۆ) بووه‌.

له‌دریژه‌ی چالاکییه‌کانی جه‌لال کۆچه‌رى هونه‌رمه‌ند،  له‌ ڕێکه‌وتی ( 26/11/1967) بۆیه‌که‌م جار گۆرانی ( په‌ریزاد ) ی بۆ ته‌له‌فزیۆنى كه‌ركوك تۆمارکردووه‌ که‌له‌ هه‌ڵبه‌ستی ( که‌یفی عه‌بدوڵا پشده‌ری ) له‌ئاوازی خۆی بووه‌ ،  ئه‌م گۆرانییه‌ به‌یه‌که‌مین گۆرانی داده‌نریت که‌له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ته‌له‌فزیۆنی که‌رکوک دا تۆمارکرابیت و پیشاندارابێت.

هونه‌رمه‌ند جه‌لال کۆچه‌ر (14) گۆرانی بۆ ته‌له‌فزیۆنی که‌رکوک تۆمارکردووه‌ هه‌ڵبه‌ته‌ یه‌کێک له‌و گۆرانییانه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگ بووه‌ ئه‌ویش گۆرانی ( گوڵ و خونچه‌) یه‌ له‌هۆنراوه‌ی شاعیر ( عه‌لی عارف ئاغایه‌) و له‌ئاوازی هونه‌رمه‌ند ( ره‌فیق چالاک) ه‌ .

کۆی گۆرانییه‌کانی له‌ رادیۆی کوردی به‌غدا گه‌یشتۆته‌ ( 68) گۆرانی و مه‌قام و سروودیشی تیادایه‌، له‌ته‌له‌فزیونی‌ به‌غدا‌و كه‌ركوكیش (17) گۆرانی‌ تۆمار كردوه‌.

4ده‌نگ ئه‌داو تۆنى ده‌نگى هونه‌رمه‌ند جه‌لال كۆچه‌ر ، هاوتاى ده‌نگه‌  خۆش و به‌سۆزه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و بێژه‌ر و شانۆكار( ڕه‌فيق چالاكه‌) به‌ڵام ئه‌م به‌شێوازى خۆى گۆرانى چريوه‌ ،  نابێت ئه‌وه‌شمان له‌ياد بچێت جه‌لال كۆچه‌رى هونه‌رمه‌ند يه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ى كه‌هه‌موو ساڵيك بۆ به‌رزراگرتن و پيرۆزى جه‌ژنى نه‌ته‌وه‌يي نه‌ورۆز ، له ( سه‌لمان پاك) ئاهه‌نگى گێڕاوه‌ و خۆشيي و شادى به‌خشيوه‌ به‌ئاماده‌بووان و نه‌ورۆز گێڕان.

ساڵی (  1970  )هونه‌رمه‌ند جه‌لال کۆچه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی و ده‌بێت به‌ئه‌ندامی ئه‌و کاته‌ی ( کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌رو ویژه‌ی کوردی ) هه‌ر ئه‌و کاته‌ به‌ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر هه‌ڵده‌بژێ و ده‌بێته‌ لێپرسراوی به‌شی موزیکا و گۆرانی و هه‌لپه‌رکێ و ڕؤڵێکی باش و به‌رچاوی هه‌بووه‌ وه‌ک گۆرانیبێژێک هه‌وڵی نوێگه‌ری پیوه‌ دیاربووه‌..

له‌ساڵی( 1974  )هونه‌رمه‌ند ژیانی هاوسه‌ری پێکهێناوه‌ ، له‌ساڵی(  1976  ) پێناسه‌ی ئه‌ندامیتی ڕۆژنامه‌نووسانی وه‌رگرتووه‌ . هه‌وڵی وه‌رگێران و خوێندنه‌وه‌ی فیلم و به‌ڵگه‌نامه‌ی گرتۆته‌ ئه‌ستۆ جگه‌ له‌وه‌ له‌ کتێبخانه‌ و ئه‌رشیفی شانۆدا کاری کردووه‌ و ئه‌رشیفێکی باشی بۆ شانۆی کوردی دامه‌زراندووه‌ .

تا ساڵی (1982 ) له‌سه‌ر ئه‌و کاره‌ به‌رده‌وام بووه‌ له‌هه‌مان ساڵدا داوای کردووه‌ که‌ بیگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ته‌له‌فیزیۆنی که‌رکوک به‌ڵام ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داواکه‌ی نه‌دراوه‌، ناچار ده‌بێت له‌ڕێکه‌وتی( 16/10/1982 )خۆی کشاندۆته‌وه‌ و ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ به‌غدا تاساڵی (1990 ) ده‌مێنیته‌وه‌ و پاشان به‌یه‌کجاری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی و (کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌یی کورد )  دروست ده‌کات که‌ئه‌مه‌ دوای ڕاپه‌ڕین بووه‌ ، دوای ماوه‌یه‌ک ژیان و گوزه‌ران له‌شاری سلێمانی ،  له‌وه‌رزی زستانی ساڵی 1993 به‌نیازی سه‌ردان و وێڵبوون به‌دوای که‌س وکاروبه‌ده‌ستهێنانى کارێکی گونجاو له‌گه‌ڵ ( هونه‌ر) ی کوڕی دا  بچێت بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ، تا له‌ڕێى كه‌س و كارى دايكيه‌وه‌ بگاته‌ شاری مه‌هاباد و له‌وێ هه‌وڵێكى بۆ بده‌ن تا له‌ ( سه‌داو سيماى مه‌هاباد ( ته‌له‌فزيۆنى مه‌هاباد) مێژووى (25) سال ئه‌زموون له‌ ڕاديۆ و ته‌له‌فيزيۆن له‌وێ سه‌رله‌نوێ بخاته‌وه‌ گه‌ڕ و خزمه‌ت به‌هونه‌رى موزيك و گۆرانى نه‌ته‌وه‌كه‌ى بكات ، مه‌خابن  دواى په‌ڕينه‌ويان له‌سنوورى ده‌ستكرد و له‌نزيك (بێورانى ) شاری سه‌رده‌شت به‌هۆی سه‌رماو سۆڵه‌و شه‌خته‌ی به‌فرێکی زۆره‌وه‌ که‌ باریوه‌ و له‌ڕێگا له‌ ڕۆژی ( 3/3/1993) هونه‌رمه‌ند جه‌لال کۆچه‌ر و هونه‌ری کوڕی ، ده‌بن به‌ژێر هه‌ره‌سی به‌فره‌وه‌ بێئه‌وه‌ی که‌س گویی له‌رازی دڵ و ده‌روونیان بێت، به‌کۆمه‌ڵێ ئاوات و حه‌سره‌ته‌وه‌ سه‌رپۆشی بلوورینی به‌فر به‌ بێده‌نگی دایان ده‌پۆشێ و گیانیان تێکه‌ڵی جریوه‌ کۆچه‌رییه‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ ده‌بێت ، به‌داخه‌وه‌ سه‌ره‌تا جه‌سته‌ى ساردو سڕى جه‌لال كۆچه‌رى هونه‌رمه‌ند ده‌دۆزرێته‌وه‌  و ده‌يگوازنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى شارى سه‌رده‌شت ، هێشتا دڵه‌ پڕ هيواكه‌ى له‌لێدان  نه‌كه‌وتووه‌ ، به‌ڵام سه‌رما  شكسته‌ى كردووه‌ هيچ جوڵه‌يه‌كى نييه‌  به‌داخه‌وه‌ له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كه‌ بۆهه‌ميشه‌ گيان ده‌سپێرێت ،  يه‌كێك له‌و به‌ڕێزانه‌ى له‌ده‌ورى جه‌سته‌ى ساردو سڕى بووه‌  دێته‌ گۆ و ده‌ڵيت ئه‌م كه‌سه‌ به‌ته‌نيا نيه‌  و پێى ده‌ڵين چۆن ده‌زانى ، له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵيت به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌م سه‌رما زۆره‌دا نابێت ئه‌م پياوه‌ ( كاپشينێكى _ قه‌مسه‌ڵه‌) ى له‌به‌ردا نه‌بێت ، ئاماده‌بووان بريارده‌ده‌ن هه‌موو پێكه‌وه‌ بگه‌ڕێن به‌دواى كه‌سيي دووه‌مدا ، رێده‌كه‌ن و دواى ماوه‌يه‌ك  به‌وسه‌رما و كڕێوه‌يه‌ وگه‌ڕانێكى  زۆر له‌ناكاو جه‌سته‌ى گه‌نجێكى (18) ساڵى ده‌دۆزنه‌وه‌ و جه‌سته‌ى  (هونه‌ر) ى كوڕى هونه‌رمه‌ند ، ده‌هێننه‌وه‌ هه‌مان نه‌خۆشخانه‌ كه‌ جه‌سته‌ى باوكى لێيه‌ ، دواى گه‌ڕان  به‌ناو گيرفانى قه‌مسه‌ڵه‌كه‌دا ، ناسنامه‌كه‌يان ده‌دۆزنه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكى عێراق ن و ناويان  ( جه‌لال ئه‌حمه‌د وه‌يس و هونه‌ر جه‌لال ئه‌حمه‌د) به‌وشێوه‌يه‌ ده‌زانن كه‌ ئامانه‌ باوك و كوڕن  له‌ناوبه‌فردا ڕه‌قبوونه‌ته‌وه‌، دواى چه‌ند رۆژێك  پێیان ده‌زانرێ و لاشه‌ی وشکهه‌ڵاتوو ساردو سڕیان ده‌هێنرینه‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی و له‌گردی سه‌یوان به‌خاک ده‌سپێردرێن،بۆئه‌و مه‌رگه‌ پڕ تراژيديايه‌ هونه‌رمه‌ند و شاعير و نووسه‌ر ( ميديا حسێن) له‌ناميلكه‌يه‌ك دا به‌ناوى ( به‌فرو كۆچ ) به‌سه‌رهاتى ئه‌و مه‌رگه‌ ساته‌ى به‌هه‌سته‌ جوان و خامه‌ شيرينه‌كه‌ى نوسيوه‌ و به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ى خۆى لاواندويه‌تييه‌وه‌ . و پێشكه‌شي گيان هه‌ردوو شه‌هيد ( جه‌لال كۆچه‌ر و هونه‌رى كوڕى ) كردوون . 

ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵێین خوالێخۆشبوو چه‌پکێ گۆرانی و مه‌قامى  بۆ جێهێشتووین که‌ هه‌میشه‌ زیندوون و ئه‌رشیفی گۆرانی کوردییان ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه‌ له‌و گۆرانیانه‌ش ( ئای له‌دڵداری ...هه‌ڵبه‌ستی عه‌بدولکه‌ریم حه‌سه‌ن و ئاوازی هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ....گوڵ و خونچه‌ و مه‌قامى خه‌ياڵ ، له‌هۆنراوه‌ى  دكتۆر ئيحسان فوئاد و چه‌ندینی تر ...له‌م به‌سه‌رکردنه‌وه‌یه‌شدا چه‌پکێ گوڵ بۆ گۆرانی گوڵ و خونچه‌ی به‌هارانیش ده‌که‌ینه‌ دیاری و گوڵاو پژێنی رووحی فریشته‌یی جه‌لال کۆچه‌رو هونه‌ری جوانه‌مه‌رگی کوری پێده‌که‌ین.

جه‌مالى ده‌لاك 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.