Erbil 4°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 05:31

هونه‌رمه‌ند سێوه‌ ى مه‌قامبێژ

له‌سرووته‌ ئاينييه‌كانى كه‌نيسه‌وه‌‌ بۆ ڕاديۆى كوردى به‌غدا ...!
کوردستان TV
100%

كۆيه‌  يان ( وراتى كۆيه‌ ) ئه‌و مێرگه‌ جوان ولێوان لێوه‌ له‌ گوڵ و گوڵزار و‌ پڕ به‌پيت و به‌ره‌كه‌ته‌ى  ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبيرى و هونه‌ر، زێدى چه‌ندين زانا و شاعير و بولبولى خۆشخوان و خۆش ئاوازى كوردى، كه‌ هه‌ريه‌كه‌يان ناو و ناوبانگ و به‌رهه‌م و ده‌نگه‌ خۆشه‌كانيان و بۆن به‌رامه‌يان  به‌ته‌واوى كوردستاندا بڵاوبۆته‌وه‌،
كه‌ دێينه‌ سه‌رباسى كۆيه‌ جيا له‌سروشتى جوان و پێگه‌ى جوگرافى گرنگى له‌ڕووى مێژووييه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك كه‌سايه‌تى له‌ زانا و شاعير و هونه‌رمه‌ند وه‌ك مۆمێكى گه‌شى پرشنگدار دره‌وشاونه‌ته‌وه‌و ناويان به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت و دێنه‌ به‌ر گوێ و دييه‌مان ( مه‌لاى گه‌وره‌ ، حاجى قادرى كۆيي ، ئه‌مين ئاغاى ئه‌خته‌ر ، دڵدار، عه‌ونى ، مه‌سعود محه‌مه‌د ،سێوه‌، تايه‌رتۆفيق ، باكورى ، خاليد دلێر، سه‌ردار ئه‌حمه‌د، كه‌ريم شاره‌زا ،مه‌جيد ئاسنگه‌ر ، جه‌لال جۆبار ،ريا ئه‌حمه‌د و قوبادى جه‌لى زاده‌ و ڕۆسته‌م ئاغاله‌ ،،،،تاد)


لێره‌دا باس له‌هونه‌رمه‌ندێكى مه‌قامبێژ وده‌نگێكى به‌سۆزو دڵشكاو،
سێوه‌ى هونه‌رمه‌ندى پرشنگدارى شارى كۆيه‌و هه‌موو كوردستان ده‌كه‌ين ،
له‌ساڵى (1891) كوڕێك له‌ ئامێزى خانه‌واده‌يه‌كى هه‌ژارى ئايينزاى مه‌سيحى به‌دنيا دێت و ناوى لێده‌نێن( صڵێوه‌ ) له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانى  ته‌مه‌ن وهه‌نگاو نانى بۆ دنياى مه‌قامبێژى به‌و شێوازه‌ تايبه‌ته‌ى خۆيي، ناوى صڵێوه‌ زياتر ده‌كه‌وێته‌ سه‌رزاران و  خۆشه‌ويستى له‌نێو خه‌ڵكيدا ناوه‌كه‌ى ده‌بێته‌ ( سێوه‌ ) يان ‌سێوه‌ ديان .
( صڵێوه‌ يه‌ڵدا صڵێوه‌ ) ، له‌ته‌مه‌نى دوانزه‌ بۆ سيانزه‌ ساڵيدا باوكى ( يه‌ڵدا صڵێوه‌) به‌هۆى نه‌خۆشيي ( كۆلێرا) وه‌ گيان ده‌سپێرێت، سێوه‌ له‌نازو سۆزى باوك بێبه‌ش ده‌بێت، ناچار ده‌بێت كه‌ شان بخاته‌ به‌ر كاركردن بۆ دابينكردنى بژێوى ژيانى خۆيي و خانه‌واده‌كه‌ي،
بۆمه‌به‌ستى كاركردن ده‌چێته‌ لاى هاوڕێ و دۆستى نزيكى باوكى به‌ناوى ( خواجه‌ يوسف يان  مام يوسفى مووڕيس ( جۆڵا ) ده‌بێته‌ شاگردى مام يوسفى مووڕيس و له‌ماڵه‌وه‌ كاريان بۆ ده‌كات.

ss

 

 

 

 

 

 

 

 


سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1902) خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن له‌لاى (قه‌شه‌ حه‌ننا) ، له‌ساڵى ( 1903 بۆ 1904) وانه‌ى زمانى كلدانى و بنچينه‌كانى ئايينى كريستيانى له‌لاى  قه‌شه‌ ( گۆرگيسى ڕه‌به‌ن) خوێندووه‌،
له‌ساڵى (1905) له‌لاى قه‌شه‌ سووره‌ ( پۆلص عوجمايه‌) زمانى سريانى و خوێندنى ئينجيلى ته‌واوكردووه‌ و ، له‌هه‌مانكاتدا هه‌وڵى فێربوونى زمانه‌كانى ( فه‌ره‌نسى  و كوردى و عه‌ره‌بى و فارسيى  ) داوه‌ ، ده‌رگايه‌كى فراوان و رۆشن له‌به‌رده‌م سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند دا ده‌كرێته‌وه‌و ئاشنا ده‌بێت به‌ديوانى شاعيران ( حاجى قادرى كۆيي ، ئه‌مين ئاغاى ئه‌خته‌ر ، قاصيد ، عه‌بدوڵڵا به‌گى ميسباح الديوان،  سافى هيرانى و دڵدار و دڵزار ...) به‌يته‌ جوان و سه‌رنج ڕاكێشه‌كانيان له‌به‌رده‌كات و ده‌يكاته‌ هه‌وێنى هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ى  .
سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند و قۆناغى  ئه‌ويندارى و نه‌گه‌يشتن به‌ حه‌بيبه‌كه‌ى ...
دواى ئه‌وه‌ى له‌لاى مام يوسفى جۆڵا ده‌بێته‌ شاگرد و متمانه‌ى پێده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ى مام يوسف ده‌ژى و كاريشيان بۆده‌كات ، سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند  ڕۆژگار به‌كاركردنه‌وه‌ به‌رێ ده‌كات و ده‌بێته‌ هه‌رزه‌كارێكى


جوان و خاوه‌ن ووزه‌و گه‌نجێكى باڵابه‌رزى شيرين،  له‌وته‌مه‌نه‌دا ده‌كه‌وێته‌ داوى عه‌شقێكى پاك به‌رامبه‌ر كچه‌ جوان و نه‌شميل و نازداره‌كه‌ى مام يوسفى وه‌ستاى، به‌ناوى ( وارينه‌) له‌خۆشه‌ويستيدا كورتكراوه‌ته‌وه‌ و به‌
( وارێ) ناوبراوه‌.


 (ئه‌ڤيندارى سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ (وارێ) ى ناسك و نازدار، بووه‌ مايه‌ى ته‌قينه‌وه‌ى به‌هره‌ى هونه‌رى مه‌قامبێژييه‌كه‌ى ،به‌تايبه‌تى هه‌ستى كردووه‌ (وارێ) ى دڵڕفێنيشى ئه‌و حه‌زو دڵدارو عه‌شقه‌ى له‌گه‌ڵدا ئاڵوگۆڕده‌كات بۆيه‌ به‌شه‌و به‌ڕۆژ گۆرانى دڵدارى له‌سه‌ر زارنه‌بڕاوه‌ و سه‌رتاپاى ئاوازى گۆرانييه‌كانى هه‌ر سۆزو عيشقه‌ نه‌مره‌كه‌ى بووه‌ بۆ ياره‌ خۆشه‌ويسته‌كه‌ى ) (*1)
هونه‌رمه‌ند سێوه‌ ديان  له‌ڕوانگه‌ى ئه‌و ئه‌وينه‌ پاكه‌ى بۆ وارێ ى هه‌بووه‌ له‌دڵه‌وه‌ خواستى بووه‌ وارێ بكاته‌ هاوسه‌رى ژيانى و درێژه‌ به‌ژيانێكى ئارام ولێوان لێو له‌خۆشه‌ويستى و به‌خششى هونه‌رى بدات،
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و خه‌ونه‌ پڕ هيواو ئاواته‌ى سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند  درێژه‌ ناكێشێ و مۆمى پرشنگدارى ئه‌ويندارانه‌ى ده‌كوژێننه‌وه‌و  دووچارى نائومێدى  و خه‌م سه‌راپاى گيانى داده‌گرێت وئه‌و ئاگره‌ به‌تينه‌ى دڵى بۆ وارێ ، له‌لايه‌ن  مام يوسفى جۆڵاوه‌ باوكى وارێ ى نه‌شميل و شۆخ و شه‌نگ داده‌مركێته‌وه‌، چونكه‌ مام يوسف ڕێگه‌ نادات وارێ بداته‌ سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند و گه‌نجه‌ شۆخ و شه‌نگه‌كه‌ى شاگردى.
ئه‌و نائومێدييه‌ بۆهه‌ميشه‌ له‌گه‌ڵ ڕووح و هه‌ستى سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند  دا ده‌ژى و تا دواساته‌كانى ژيانى نه‌يتوانيوه‌ عه‌شقى پيرۆزى بۆ وارێ له‌ياد بكات ،
 زامدار ئه‌حمه‌د  له‌ (سێوه‌ ده‌نگێكی باڵا له‌ مێژووی هونه‌ری كوردیدا) ده‌نووسێت (حوسێن حاجی قادر له‌ ساڵی (١٩٤٥) سێوه‌ی ناسیوه‌ و ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ په‌یدا كردووه‌، ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ ڕوو، ساڵانی (١٩٥٥ و ١٩٥٦ و ١٩٥٧) سه‌رپه‌رشتی گازینۆی لاوانم ده‌كرد له‌ كۆیه‌، خاڵه‌ سێوه‌ ته‌شریفی ده‌هێنا و داوای ده‌كرد گۆرانیی خاڵه‌ تایه‌ر لێ بده‌م، حه‌زی له‌ گۆرانی (له‌ باخان ئاه و ناڵین دێ) بوو و له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌یگوته‌وه‌. یا ڕۆژی واهه‌بوو داوای گۆرانی  (ایها الراقدون تحت التراب)ی محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هابی ده‌كرد، له‌ كاتی گوێگرتن له‌و گۆرانییه‌ فرمێسك له‌ چاوانی ده‌هاتنه‌ خوارێ و ده‌یگوت: بۆ (هینه‌كه‌)ی خۆم ده‌گریم، مه‌به‌ستی (وارێ)ی خۆشه‌ویستی بوو كه‌ ڕێیان نه‌دا ژیانی هاوبه‌شی پێك بێنن) (*2) .
دواى چه‌ند ساڵێك پاش نه‌گه‌يشتنى به‌دڵخوازه‌كه‌ى  سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند ژيانى هاوسه‌رى پێك دێنێ و ئه‌نجامى هاوسه‌رگيريه‌كه‌ى ده‌بنه‌ خاوه‌نى كوڕو كچێك به‌ناوه‌كانى ( پۆلص و ئه‌نيسه‌).


گه‌شه‌ كردن و ده‌ركه‌وتنى تواناى هونه‌رى سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند ....
هونه‌رمه‌ند سێوه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى زاده‌ى شارێكى زيندووه‌ و شارى كۆيه‌ تايبه‌تمه‌نديي خۆى هه‌بووه‌ له‌بوارى ئه‌ده‌ب و رۆشنبيرى و هه‌ستى نه‌ته‌وه‌يي و هونه‌ر و ئاوازو مه‌قام و به‌سته‌ى ڕه‌سه‌ن،  سوودى له‌ هونه‌رمه‌ندان و ده‌نگبێژان و مه‌قامزانانى پێش خۆى وه‌رگرتووه‌ و به‌ڵام ئه‌م به‌شێوازى ده‌نگه‌ پڕ و به‌سۆزه‌كه‌ى خۆى چريونى كه‌ ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ى له‌ هونه‌رى مه‌قامبێژى هيچ هونه‌رمه‌ندێكى ديكه‌ ناچێت و ئه‌و شێوازى چڕينى مه‌قام و به‌ستانه‌ى بۆته‌ ناسنامه‌ى سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند،


زۆر زيره‌ك و لێزانانه‌ ئاوازى چريوه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى له‌ڕيتم ده‌ربچێت يان نه‌شاز بكات.
دواى ئه‌وه‌ى واز له‌كارى مووڕيسى  يان جۆڵايي دێنێ، ده‌بێته‌ مجێورى كڵێسا بچووكه‌كه‌ى شارى كۆيه‌و درێژه‌ به‌وكاره‌ى ده‌دات  تا ده‌گاته‌ پله‌ى
( شه‌ماش) ، سێوه‌ى گه‌نم ڕه‌نگ و باڵا به‌رزو چاو گه‌وره‌ ، به‌هۆى ده‌ستپاكى و درووستكردنى متمانه‌يه‌كى پته‌و له‌نێو ئاغاكان و خاوه‌ن سه‌رمايه‌كان له‌شارى كۆيه‌ ، ده‌بێته‌ ميرزا و حيساب وه‌رگرى خاوه‌ن و موڵك و زه‌وى زار و توتنچييه‌كان، به‌م كاره‌شى هێنده‌ى ترمتمانه‌و خۆشه‌ويستى لاى خه‌ڵكى ئه‌و شاره‌ په‌يداكردووه‌،  سێوه‌  له‌مه‌راسيمه‌ ئاينيه‌كان و كاتى نوێژكردن ، به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى سرووته‌ ئايينيه‌كانى خوێندووه‌و ئاماده‌بووانى سه‌رسام كردووه‌،
(  يه‌كێك له‌ هه‌ره‌ به‌ناوبانگترين گۆرانى يه‌ ئايينى يه‌كان كه‌له‌ موناسه‌به‌تى تايبه‌تى ده‌يگوتن ، گۆرانييه‌ك بوو به‌ناونيشانى ( نقوم شه‌پير ) بوو، كه‌ماناكه‌ى به‌كوردى ئه‌مه‌ ده‌گه‌يه‌نێ ( باهه‌ستين ته‌سبيحات بۆ خودا بكه‌ين) له‌سه‌ر ئاوازى مه‌قامى حيجاز و له‌سه‌ر شێوه‌ى مه‌قامى (به‌هار) ى ده‌گوت، به‌جۆرێكى وا كه‌شاره‌زاترين كه‌س له‌هونه‌رى مه‌قامات نه‌توانێ وه‌ك ئه‌وى بڵێ، نه‌ده‌زانرا چۆن ده‌ستى پێده‌كرد و چۆنيش كۆتايي به‌و ئاوازه‌ خه‌مناكه‌ ده‌هێنا ،خه‌ڵكه‌كه‌ى ده‌برده‌ دنيايه‌كى ديكه‌ و ده‌ى فڕاندن بۆ ئاسمانێكى پڕ له‌ڕۆشنايي و گيانى پاكى پێغه‌مبه‌ران و پياوچاكان ، به‌و ده‌نگه‌ پڕ سۆزه‌ى نوێژكه‌ره‌كانى ناوكڵێساى به‌جارێ ده‌هێنايه‌ جۆشى گريان و فرمێسكى له‌چاواندا نه‌ده‌هێشتن)

(*3)له‌شارى كۆيه‌ چه‌ندين هونه‌رمه‌ندى ده‌نگخۆش هه‌بوون كه‌ بوونه‌ته‌ ناسنامه‌ى هونه‌رى بۆئه‌و شاره‌و هه‌ريه‌كه‌يان به‌پێى تواناى خۆى مه‌قام و به‌سته‌ى چريوه‌ و كۆڵان وگه‌ڕه‌ك و باخچه‌ دڵڕفێنه‌كانى كۆيه‌ يان لێوڕيژكردووه‌ له‌ئاواز و مه‌قام و به‌سته‌ى ڕه‌سه‌نى ئه‌و شاره‌ زيندووه‌، تائێستاش ناو و نازناويان به‌پرشنگدارى له‌مێژووى شارى كۆيه‌دا ماونه‌ته‌وه‌  وه‌ك ( نه‌شئه‌تى ڕه‌شيد ئاغا ، حه‌نيل ، عه‌به‌ى چايچى ، پووتێ ، مه‌لا ئه‌سعه‌د و ئه‌حمه‌دى حه‌مه‌ مه‌لا )
 هونه‌رمه‌ند سێوه‌  جيا له‌ تواناى به‌رزى مه‌قامبێژى خۆيي ، سوودى له‌ ده‌نگ و هونه‌رى مه‌قامبێژانى پێش خۆى وه‌رگرتووه‌ وه‌ك ( نه‌شئه‌تى ڕه‌شيد ئاغاى حه‌وێزى ) و حه‌نيل و( حه‌ننا تۆما) و ( مه‌ربێن) .

ss

 

 

 

 

 

 

 

 


سه‌باره‌ت به‌ زيره‌كى و لێهاتوويي سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند  له‌كاتى چرينى مه‌قام و به‌سته‌دا ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( باكورى ) به‌وشێوه‌يه‌ خوێندنه‌وه‌ى بۆ ئه‌و توانا هونه‌رييه‌ كردووه‌ ( سێوه‌ى زيره‌ك و به‌هره‌مه‌ند سودى چاكيشى له‌ئاوازه‌ ئاينييه‌كانى كه‌نيسه‌ وه‌رگرتووه‌، مه‌قامه‌كانى ده‌ ده‌يگوتن نه‌ك به‌هه‌مان ڕيگه‌ يان شێوه‌ و ته‌رتيبى نه‌شئه‌ت و حه‌نيلى ده‌گوتن ،سێوه‌ خۆى به‌ده‌سه‌ڵات بوو تواناى دانانى ئاوازيي نوێى ڕه‌سه‌ن و تازه‌كردنه‌وه‌ى ئاوازه‌ فۆلكلۆريه‌كانيشى هه‌بوو،سێوه‌ ئه‌يزانى له‌كوێي گۆرانييه‌كه‌ يا مه‌قامه‌كه‌ ته‌سليمى مۆسيقاژه‌ن بكا و تاكو خۆشيي بحه‌سێته‌و تامێكى خۆشيش ببخه‌شێ به‌ئاوازى مه‌قامه‌كه‌،له‌گه‌ڵ ئيقاع و ڕه‌زمى مۆسيقا يه‌كجار جوان و ڕه‌وان ده‌ڕۆيشت و بێ نه‌شاز تا دوا ڕسته‌ى گۆرانييه‌كه‌ نه‌شازى نه‌ده‌كرد و له‌ڕه‌زم ده‌رنه‌ده‌چوو،چينى مه‌قامه‌كه‌و ته‌به‌قه‌ى مۆسيقاكه‌ى نه‌ده‌گۆڕى و سه‌ر له‌مۆسيقا ژه‌نه‌كان و خۆشيي تێك بدات )

(*4)سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند ، وه‌ك هونه‌رمه‌ندانى ئه‌وسه‌رده‌مه‌  بۆمه‌به‌ستى تۆماركردنى به‌رهه‌مه‌كانى له‌ساڵى (1952) ڕووده‌كاته‌ شارى به‌غدا و له‌ڕاديۆى كوردى به‌غدا ، له‌گه‌ڵ تيپى مۆسيقاى به‌شى كوردى چه‌ند به‌رهه‌مێك تۆمارده‌كات ، هونه‌رمه‌ندانى موزيكژه‌نى تيپى مۆسيقاى ڕاديۆ ئه‌م  هونه‌رمه‌ندانه‌ بوون كه‌ ده‌ست و په‌نجه‌و سۆلۆى ئامێره‌كانيان له‌گه‌ڵ ده‌نگى به‌سۆزى  خاڵه‌ سێوه‌ ئاوێته‌كردووه‌، هونه‌رمه‌ندان  :
( قادر ديلان  _ كلارنێت ، ئه‌حمه‌د خه‌ليل _عوود، ئيبراهيم محه‌مه‌د _ جومبووش ، نازم سه‌عيد _ڤيۆلۆن ، سه‌عيد شابۆ _ ڤيۆلۆن ، عه‌بدلئه‌حه‌د جه‌رجيس _قانوون، مه‌حمود حيجازى _ شمشاڵ) ده‌ست و په‌نجه‌كانيان خۆش و كاره‌كانيان بۆهه‌ميشه‌ جێى ستايش و به‌رزنرخاندنه‌ و ڕۆحيان شاد و ئارام بێت، په‌يوه‌ندى نێوان هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند سێوه‌ و قادر ديلان به‌رده‌وام ده‌بێت تا ساڵى (1962) هونه‌رمه‌ند (قادر ديلان) كوردستان به‌جێ دێڵێ و ڕووده‌كاته‌ وڵاتى (چيكۆسلۆڤاكيا) .


به‌رهه‌مه‌ تۆماركراوه‌كانى خاڵه‌ سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند .

ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى كه‌ تائێستاش بۆن و به‌رامه‌و ناسنامه‌ى كۆيه‌و  ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ى  سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند يان لێدێت هه‌ميشه‌ له‌گوێ و هه‌ستماندا نوێ ده‌بنه‌وه‌ ، 1/  مه‌قامى ( ئه‌وه‌ل سه‌حه‌ره‌)  2/ گۆرانى (  جه‌باره‌ ) 3/ گۆرانى ( شله‌و خانان) 4/ مه‌قامى ( گورێ ) 5/ گۆرانى ( به‌قامه‌ت خه‌رامان) 6/ ( زولف و ئه‌گريجه‌ى يار ).(*5)
 لێره‌دا پرسيارێك  دێته‌ پێش ، هونه‌رمه‌ندێك  خاوه‌نى ئه‌و توانا به‌رزه‌ بێت له‌بوارى چڕينى مه‌قامدا ، ئايا ته‌نها هه‌رئه‌و مه‌قام و به‌ستانه‌ى له‌ڕاديۆى كوردى به‌غدا تۆماركردووه‌، بێگومان نه‌خێر، به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى نه‌بوونى  ئامێرى تۆماركردن ئه‌گه‌ريش هه‌بووبێت له‌سه‌ر  ته‌سجيلى به‌كره‌ تۆماركرابێت و به‌داخه‌وه‌ به‌هه‌ند وه‌رنه‌گيراوون و فه‌وتاوون، سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند خاوه‌نى كه‌سايه‌تى به‌رزو قسه‌ خۆش و خۆش مه‌شره‌ب و


نوكته‌زان و به‌رده‌وام هاوه‌ڵى گه‌نجان و هاوته‌مه‌نى خۆيي و حه‌زو ئاره‌زووى له‌شادى پێكه‌نين و هه‌ڵپه‌ڕكێ بووه‌ ، دڵنيام چه‌ندين  شه‌و ئاهه‌نگى ديوه‌خانان و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ى باده‌نوشينى له‌گه‌ڵ ياران و هاوه‌ڵانى سازكردووه‌ و به‌ ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ى چێژ و شادى و خۆشيي به‌ئاماده‌بووان به‌خشيوه‌ ،دڵى هه‌مووانى خۆش كردووه‌ ، به‌ڵام له‌ناخه‌وه‌ هه‌ميشه‌ خۆى خه‌مبارو دڵى لاى مه‌عشووقه‌كه‌ى بووه‌كه‌ نائومێدبووه‌ لێى ،  به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مانه‌ فه‌وتاون و ته‌نها بۆئه‌و ساته‌ بوون، سێوه‌ى  خاوه‌ن هه‌ڵوێستى جوامێرانه‌ و مرۆڤدۆستانه‌ ، يه‌كێك بووه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ى به‌شدارى ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ى كردووه‌ كه‌تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى بۆ لێقه‌وماوانى لافاوه‌كه‌ى ساڵى (1957) ى شارى سلێمانى سازى كردبوو ، سێوه‌ ى هونه‌رمه‌ند خۆشه‌ويستى ئه‌ندامانى تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى  و په‌يوه‌ندييه‌كى پته‌وى هه‌بووه‌ له‌ته‌ك هونه‌رمه‌ندانى شارى سلێمانى  به‌تايبه‌ت  ( ڕه‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا ) ى هونه‌رمه‌ند .

sw

 

 

 

 

 

 

 


ده‌نگ و هونه‌رى هونه‌رمه‌ند (سێوه‌) پێگه‌يه‌كى به‌رزى له‌نێو هونه‌رى مه‌قام و به‌سته‌ى كورديدا هه‌يه‌و، مه‌شخه‌ڵێكه‌ بۆ هه‌ميشه‌ به‌گه‌شاوه‌يي و دره‌وشاوه‌يي ده‌مێنێته‌وه‌، دواى خزمه‌تێكى زۆر به‌هونه‌رى مه‌قام و به‌سته‌ و پێشكه‌شكردنى به‌رهه‌مه‌كانى به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ي، به‌داخه‌وه‌خه‌م ومه‌ينه‌تى و پيرى  و نه‌خۆشيي ته‌نگى پێهه‌ڵده‌چنێ ، تا له‌ڕێكه‌وتى ( 9/12/1963) بۆهه‌ميشه‌ چاولێك ده‌نێ و ماڵئاوايي له‌ژيان و له‌ باواجى هه‌يبه‌سوڵتان و هاوڕێيان وخانه‌واده‌ وشارى كۆيه‌و هونه‌ر ده‌كات ، له‌مه‌راسيمێكى شايسته‌ له‌لايه‌ن دۆست و هاوڕێيان وخه‌ڵكى شاره‌ زيندوو  و هونه‌ردۆسته‌كه‌ى كۆيه‌وه‌ له‌ گۆڕستانى ( هه‌رمۆته‌) به‌خاكى پيرۆزى كوردستانى ئه‌سپێرن،
ياد و ياده‌وه‌ريي و هونه‌ره‌ به‌ركه‌زه‌ى سێوه‌ى هونه‌رمه‌ند هه‌مووكات به‌رزو پڕ شكۆ بێت .
جه‌مالى ده‌لاك  

 

سه‌رچاوه‌ : (*1) گۆڤارى چلاواز .. ژماره‌ 34 ى كانوونى يه‌كه‌م 2008...لاپه‌ڕه‌ 27

(*2) تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبوك  ..زامدار ئه‌حمه‌د (Deutsch - Kurdischer Verein für Integration e.V.)17/ كانوونى دووه‌مى 2018

(*3) چالاكييه‌ هونه‌رييه‌كانى سێوه‌ له‌كلێساى كۆيه‌دا ... گۆڤارى چلاواز .. ژماره‌ 34 ى كانوونى يه‌كه‌م 2008...لاپه‌ڕه‌ 32

(*4 و5) كتێبى گۆرانيبێژه‌ نه‌مره‌كان ..به‌شى يه‌كه‌م  ،، باكوورى  ،، لاپه‌ڕه‌ 123و 129

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.