Erbil 15°C سێشەممە 16 نیسان 22:28

نامەیەک لە ڕەوان ئیدریس بارزانییەوە بۆ باوکی

کوردستان TV
100%

 

ڕەوان ئیدریس بارزانی لەیادی 35 ساڵەی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی باوکیدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نامەیەکی نووسیوە و دەڵێت، لەوکاتەوەی جێتهێشتووین کۆچت بووە بە ناسۆرێک، بەخەمێکی گەورەی نەبڕاوە.

دەقی نامەکەی ڕەوان ئیدریس بارزانی:-   

بۆباوک وسەرکردە...

 ئەمڕۆ (35) ساڵە بەجێتهێشتووم لەوکاتەوە تا ئێستا کۆچت بووە بەناسۆرێک بەخەمێکی گەورەی نەبڕاوە.

باوکە گیان بەرامەی یاد و بیرەوەریەکانت هیچکات لەماڵەکەمان نەبڕاوە، هەرچەندە  کۆچت کردووە بە جەستە لەناومان نەماوی، بەڵام هەڵوێست و ڕەفتار و پەروەردەی بەرزی کوردانەت وەک باخچەیەک لەماڵەکەماندا دیارە و هەر ڕۆژەی بەگوڵی یادێکت بیرمان ئەڕازێتەوە.

باوکە گیان هەرچەندە بەمنداڵی جێتهێشتم و نەمتوانی لەژێر سێبەری سۆزتدا گەورەبم، بەڵام میراتێکی گەورەت لە پەروەردە و خۆشەویستی نیشتمان پەروەری بۆ بەجێهێشتین کە وەک مەدالیای شەرەف هەمیشە بەبەرۆکمەوەیە و شانازی ئەکەم کە ڕۆڵەی پیاوێکم لەپێناوی خاکوگەلەکەیدا هەموو تەمەنی بەخشی.

 باوکە گیان هەڤاڵان و هاوسەنگەرانت شاهیدی قارەمانێتی و وەفای تۆن

ئەو هاوسەنگەرانەت زۆر دڵسۆزی ئێوەن، چونكە ئێوە هەر سەرکردە و فەرماندەیان نەبوون، ئێوە بەر لە هەموو شتێك دۆست و کەس و هەڤاڵ و (هاوبەشیان) بوون. ئەوان دەیانتوانی لێت زوویربن، چونكە دۆستت بوون و ئێوەش زۆر بە ئاسانی دەتانتوانی ئاشتیان بكەنەوە.

 ئاشتكردنەوە، بەهێمنی ژیان و دوورخستنەوەی كێشەكان یەكێك لە گرنگترین ئاكارەكانت بوون. ئێوە ستوونێكی سەرەكی هێمنی ماڵ و حیزب و وڵاتەكەمان بوون.

هیچ نازناوێك لەهیچ كاتێكدا لە ئاشتیخوازیی گرنگتر نییە، ئێوە نازناوی ئەندازیاری ئاشتیتان هەیە.

سەرۆك (مەسعود بارزانی) لەدوایین كتێبیدا بەشێوەیەكی زۆر نایاب باسی ئێوەی كردووە دەڵێت "كاك ئیدریس مرۆڤێكی زۆر گەورەبوو، گەورەییەكەیشی لە تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویەكەیەوە سەرچاوەی گرتبوو و ببووە هۆكاری نەرمونیانییەكەشی. كەسێكی لەخۆبردوو و خاكی بوو، لێبووردە بوو و بیری لە تۆڵەكردنەوە نەدەكردەوە و زۆرجار خەڵكی ئاسایی و هەژاری بە ئەندامێكی خێزانەكەی دەزانی''.

باوكە گیان ئێوە درێژكراوەی رۆح و ئاكارە مرۆییەكانی تەریقەت و بنەماڵەی بارزان بوون.

خەمی هەمووانت هەڵدەگرت، كێشەكانی خۆتان بەلاوە زۆر ئاساییبوون، شانت دەدایە بەر هەموو شكستەكان، چونكە هەمیشە باوەڕت بە سەركەوتنی كوردستان هەبوو.

بۆیە هەمیشە ناوت لە تۆماری نەمریدا ئەدرەوشێتەوە ڕێ و ڕێبازە پیرۆزەکەشت بەدڵنیاییەوە شاڕێی ئێمەیە و ئیلهامبەخشە بۆ گەیشتن بەسەرفرازی و سەرکەوتنی یەکجارەکی.

ڕۆحت شاد و ئارام ئەی باوکی خۆشەویستم.

 

دیدی رۆژنامه میدیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.