Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 17:33

ئایا ڕاستە هیچ فڕۆکەیەک ناتوانێ بەسەر ئاسمانی کەعبەدا بفڕێت؟

کوردستان TV
100%

 

بێگومان تۆش وەك هەر هاووڵاتییەكی تر گوێت لە چیرۆك و ئەو دەنگۆیە بووە كە هیچ فڕۆكەیەك ناتوانێ بەسەر ئاسمانی كەعبەی پیرۆزدا بفڕێت بەهۆی ئەوەی ئەم شوێنە پیرۆزە ناوەڕاستی گەردوون و گۆی زەوییە و خاڵی بوونی هێزێكی زۆری ڕاكێشانی موگناتیسە.

لەمبارەیەوە ئاژانسی دەنگوباسی (فڕانس پرێس) لە ڕاپۆرتێكدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەت كردەوە كە گوایە بەهۆی بوونی كێشێكی زۆری ڕاكێشانەوە فڕۆكە ناتوانێت بەسەر ئەم شوێنە پیرۆزەدا بفڕێت، بەڵكو هۆكارەكەی بۆ بڕیارێكی دەسەڵاتدارانی شاری مەككە گەڕاندەوە كە وەك ڕێزێك بۆ پاك و بێگەردی شوێنەكە قەدەغەیان كردووە هیچ فڕۆكەیەك بەسەر ئاسمانی ئەو ناوچەیەدا بفڕێت. 

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشدا كە لە هیچ بابەتێكی قورئاندا باس لە بوونی هێزی فیزیایی و موگناتیسی لە كەعبە نەكراوە، هەروەها لە فەرموودەكانی پێغەمبەریش بە هیچ شێوەیەك باسی هێزی ڕاكێشان لەناو جەرگەی كەعبە نەكراوە و باسی ئەوەش نەكراوە كە ئەم شوێنە ناوەندی گەردوون و گۆی زەوییە.

بێگومان كەعبە تاكە شوێن نییە كە قەدەغەی فڕینی بەسەردا كراوەتە بڕیار، فڕۆكەوانە فەڕەنسییەكان باس لەوە دەكەن كە زۆر شوێنی تر لەسەر زەوی هه‌یه‌ بەتایبەتیش ناوچە ئاینییە پیرۆزەكان كه‌ گەشتی فڕینی بەسەردا قەدەغە كراوە، هەروەها هەموو ئەو شوێنانەی كە كاری پیتاندنی یۆرانیۆم و چەكی ئەتۆمی تێدا دەكرێ فڕین بەسەریدا قەدەغە كراوە.

بێگومان ڕەنگە زۆرێك لە خەڵك تا ئێستا بڕوایان بە چیرۆكی هەڵبەستراوی نەتوانینی فڕین بەسەر ئاسمانی كەعبەی پیرۆز نەبێت، بەڵام كاتێك فڕۆكەوانێكی سعوودی بەناوی (عەبدوڵا غامدی) ڤیدیۆیەكی فڕینی بەسەر ئاسمانی ئەم شوێنە بڵاو كردەوە و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر)یش بڵاوی كردەوە، ئیتر ئەم گومانە بووە یەقین و بیردۆزەكە هەڵوەشێنرایەوە.

عەبدوڵا لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەكە نووسیبووی: زۆرێك لە خەڵكان لە سۆشیال میدیا بیستوویانە كە لەسەر ئاسمانی كەعبە هێزێكی ڕاكێشانی موگناتیسی بەهێز هەیە و خاڵی ناوجەرگەی گەردوونە و هیچ فڕۆكەیەك ناتوانێ بەسەر ئاسمانیدا بفڕێت، بە دڵنیاییەوە هەموو ئەم قسانە دوورن لە ڕاستییەوە و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دوور لە ڕاستین.

ڕاشیگەیاند: دەسەڵاتدارانی سعوودییە تەنیا بۆ پاراستنی كەعبە و ناوچە پیرۆزەكانی قەدەغەی فڕینیان بەسەر ئەم ناوچانە ڕاگەیاندووە لەسەر زەوی تا كۆتایی ئاسمان.

ئاماژەی بەوەشدا كە بۆ هەموو فڕۆكەوانێك فڕین بەسەر شاری مەككە زەحمەتییەكی تێدایە بەهۆی ئەوەی ناوچەكە شاخاوییە، جەختیشی كردەوە كە بڕیاری نەفڕین بەسەر ئاسمانی كەعبە جۆرێك لە بێ دەنگی و ئارامی دەدات بە مێوندارانی ئەم ناوچە پیرۆزە بۆ ئەوەی لە كەشێكی ئارامدا خوداپەرستی خۆیان بكەن.

 

 

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.