Erbil 15°C ھەینی 26 نیسان 14:48

ئەمریکا بە بەهای 2،5 ملیار دۆلار چەک بە میسر دەفرۆشێت

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەزامەندی نیشان دا لەسەر فرۆشتنی کەرستە و پێداویستی سەربازیی بە میسر بە بەهای دوو ملیار و 555 ملیۆن دۆلار، لەوانەش بە بەهای دوو ملیار 200 ملیۆن دۆلار فڕۆکەی کارگۆ سوپەر هێرکۆلیس C-130J و بە بەهای 355 ملیۆن دۆلار سیستەمی راداری بەرگریی ئاسمانیی.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ئاژانسی هاریکاری ئاسایشی بەرگریی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە ''بڕیاردراوە بە رەزامەندی نیشاندان بە فرۆشتنی فڕۆکەی کارگۆی سوپەر هێرکۆلیس C-130J و پێداویستیەکانی بە میسر کە بەهاکەی دەگاتە دوو ملیار و 200 ملیۆن دۆلار''.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە کۆنگرێس ئاگادار کراوەتەوە لە نیشاندانی رەزامەندی لەسەر فرۆشتنەکە و لە پاکێچی فرۆشتنەکەدا، 12 فڕۆکەی سوپەر هێرکۆلیس C-130J، 12 بزووێنەری یەدەگ و پێداویستی دیکەی پشتیوانی هەیە.

لە دووەم راگەیەندراوەی ئاژانسەکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو کە رەزامەندی نیشاندراوە لەسەر فرۆشتنی سیستمەکانی راداری بەرگریی ئاسمانیی بە میسر بە بەهای 355 ملیۆن دۆلار.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە لەو پاکێچی فرۆشتنەدا، سێ سیستەمی راداری جۆری SPS-48 کە لە وشکانی جێگیر دەکرێت لەگەڵ پارچەی یەدەگی سیستمەکە، بزوێنەر، مۆلیدە و پێداویستی دیکە هەن.

ئەگەر کۆنگرێسی ئەمریکا لە ماوەی 30 رۆژدا، تانەی لەو بڕیارە نەدا، ئەوا حکوومەت لەگەڵ وڵاتی بەرامبەردا دەست دەکات بە گفتوگۆکان لەبارەی ناوەڕۆکی پاکێچی فرۆشتنەکەوە.

لە کۆتایی ئەو گفتوگۆیانەدا، ئەمریکا نامەیەک ئاراستەی ئەو وڵاتە دەکات، ئەگەر وەڵامێکی ئەرێنی دەستکەوت ئەوا پرۆسەی دەستەبەرکردن جێبەجێ دەکرێت.

روژهه‌لاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.