Erbil 2°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 03:53

پێکهێنانى حکومەتى داهاتووى عێراق لە نێوان گفتوگۆى لایەنە براوەکان و خۆپیشاندانى ناڕازیەکان

نووری مالیکی رایگەیاند: پاڵپشتیی ئەو خۆپێشاندەرانە دەکەین بۆ جێبەجێکردنی داوا رەواکانیان
کوردستان TV
100%

پێکهێنانى حکومەتى داهاتووى عێراق لە نێوان گفتوگۆى لایەنە براوەکان و خۆپیشاندانى ناڕەزایەتى

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تا ئێستا ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی 10ـی ئۆكتۆبه‌ری 2021 له‌ لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه‌ بە فەرمى رانه‌گه‌یێندراوه‌ به‌ هۆی ئه‌وەی لە چەند پارێزگایەک تانە لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردن درا ، بەڵام هێزه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌ستیان به‌ جوله‌ی سیاسی كردووه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌ باره‌ی حكومه‌تی داهاتووی عێراق و پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌ریه‌كه‌ له‌ (ره‌وتی سه‌در) به‌ سه‌رۆكایه‌تی موقته‌دا سه‌در و (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی  شیعی) به‌ سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی ده‌ستیان كردووه‌ به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، بەو ئامانجەى بتوانن گەورەترین کوتلەى پەرلەمانى پێکبهێنن بۆ دیارى کردنى سەرۆک وەزیرانى داهاتووى عێراق.

موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در کە زۆرترین کورسى پەرلەمانى بە دەست هێناوە دیارى کردنى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو بە مافى هاوپەیمانێتیەکەى دەزانێت, له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌ردانی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوومی كردوو له‌ دوای سه‌ردانه‌كه‌شی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی حه‌لبووسی له‌ راگه‌یێندراواێكدا ته‌نها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، له‌ به‌غدا سه‌ردانی ماڵی محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دوومی كرد.

له‌ لای خۆشیەوە سەرکردەیەک لە رەوتى سەدر رایگەیاندووه:"‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی سه‌در و حه‌لبوسی گرنگه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ روخساری حكومه‌تی داهاتوو ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ حكومه‌تی سه‌درییه‌كانه‌، ئه‌وه‌ش به‌ به‌شداریی لایه‌كانی دیكه‌ و كوتله‌ كوردییه‌كان دەبێت.

هەروەها لە دواى کۆبوونەوەکەى سەدر و حەلبووسى,  ئه‌حمه‌د كینانی سەرکردە لە هاوپه‌یمانی فه‌تح، كه‌ له‌لایه‌ن هادی عامری، سه‌رۆكی رێكخراوی به‌دره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ره‌وتی سه‌در له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو سه‌ركه‌وتوو بوو، ده‌كرێت هاوپەیمانى فەتح له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن و ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ له‌به‌رده‌میان كراوه‌یه‌.

لە لایەکى دیکە شاندێكی پارتی دیموکراتى کوردستان بە سەرۆکایەتى (هۆشیار زێبارى) بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی را و بۆچوونه‌كانی لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان به‌ سه‌ردانێك له‌ به‌غدایه‌ و ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌و سه‌ردانه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رچاوڕوونی و قسه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كاریگه‌ره‌كانی عێراق و دواتر به‌ تێڕوانینێكی گشتییه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجامی دیدار و گفتوگۆكان بۆ سه‌ركردایه‌تی پارتی و ته‌نانه‌ت بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش بخه‌نه‌ڕوو لە بەغدا سەردانی هەریەکە لە (رەوتی سەدر و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی فەتح و هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتیمانی و هاوپەیمانی تەقەدوومیان)کرد

 

دیدارە سیاسەکان لە کاتێکدایە هێشتان لایەنە ناڕازییەکان چاوەڕوانى ئەنجامەکانى سکالاو تانەکانیانن کە لە کۆمسیۆن تۆماریان کردوون,  بۆیە لە چەند ناوچەیەکى عێراقیش دژ بە ئەنجامەکانى هەڵبژاردن خۆپیشاندان دەستى پێکرد, پاش چەند رۆژێک لە خۆپیشاندان لە بەغدا ئەمڕۆ گرژى کەوتە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بە هۆیەوە ٣ خۆپیشاندەر کوژران و ١٢٥ کەسیش لە هێزە ئەمینەکان و خۆپیشاندەران برینداربوون.

لەگەڵ بەردەوامى گرژى و ئالۆزییەکان نووری مالیکی، سەرۆکی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان"، کە کۆکراوەی چەندین هاوپەیمانیی براوەی هەڵبژاردنە،  لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر رایگەیاند:" پاڵپشتیی ئەو خۆپێشاندەرانە دەکەین بۆ جێبەجێکردنی داوا رەواکانیان و بەدەستهێنانەوەی مافەکانیان".

هەروەها هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح کە باڵی سیاسی گرووپەکانی حەشدی شەعبییە لە عێراق دوای گرژییەکانی ئەمڕۆی خۆپێشاندانەکان رایگەیاند: "زۆر توڕەین کە خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز و ناڕازی لە دزینی دەنگەکانیان و ساختەکردنی ئەنجامەکان لە لایەن حکومەتەوە سەرکوت دەکرێن و بە تووندیی ئەو کارە سەرکۆنە دەکەین.

لە بەرامبەردا موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا لە ئەژماری خۆی نوسیویەتی، "خۆپیشاندانی هێمنانە بۆ داواکاریەکانی پەیوەست بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نابێت بۆ خۆپیشاندانی پڕ لە توندوتیژی بگۆڕدرێت، هەروەها نابێت دەوڵەت پەنا بۆ توندوتیژی دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بەرێت، چونکە خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێکی رەوایە و بە یاسا مسۆگەرکراوە".

چاودێرانى سیاسیش پێیان وایە بەردەوامى خۆپیشاندانەکان و ململانێى توندى نێوان لایەنە شیعەکان بە تایبەت (رەوتى سەدر و چوارچێوەى هەماهەنگى شیعە) کاریگەرى دەبێت لەسەر دواکەوتنى رێککەوتنى لایەنەکان کە دواجار کاریگەرى دەبێت لەسەر دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەت و رەنگە سیناریۆى پێشتر بۆ پێکهێنانى حکومەت دووبارە ببێتەوە کە بە هۆى رێک نەکەوتنیان پەنا بۆ کەسایەتیەکى بێ لایەن ببەن تا کۆدەنگیەکى سیاسى لەسەر دروست ببێت و بکرێت بە سەرۆک وەزیرانى داهاتووى عێراق.

شایەنى باسە, بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، رەوتی سەدر 73 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 33 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام هاوپەیمانیی فەتح کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە؛ هاوکات سەربەخۆکان زیاتر لە 35 کورسییان لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان بردووەتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.