Erbil 15°C پێنجشەممە 18 نیسان 18:11

حەسەن عەلی سورچی: ئەولەویەتی کارکردنی ئێمە پشتیوانیکردنی خانەوادەی شەھیدان و پێشمەرگەی کۆڵنه‌دەری کوردستانە

ئەوان سەروەریی ئەو نیشتمانەن
کوردستان TV
100%

دیمانە: شیڤان شێرزاد
ئەگەرچی چەند ساڵێکە کوردستان بەدەم قەیرانی دارایی و ئابوورییەکانەوە دەناڵێنێت، بەھۆی شەڕە نەگریسەکەی داعش و بڕینی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی ناوەندەوە و دابەزینی نرخی نەوت، ھێشتا ئەو ئازارانەش کۆتاییان نەھاتبوو، کۆڕۆنا خۆی خزاندە نێو کوردستان و جیھانیشی ھەموو بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد و تا ڕادەیەکی باشیش کوردستان زاڵ بوو بەسەر ئەو ھەموو قەیرانە سەختانە، بەڵام کەرتی تەندروستی و بنەماڵەی شەھیدان و خەڵکی کەمدەرامەت و پێشمەرگە پێویستیان بە پشتیوانی حکوومەت و سەرمایەداران بوو، لەو سۆنگەوەش (ڕێکخراوی نا حکوومی ھاوکاری مرۆیی کوردستان)، کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2018 لە لایەن (حەسەن عەلی محەمەدئەمین سورچی)ـەوە دامەزرا و مۆڵەتی فەرمی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پێدرا و، توانی ببێتە بەشێک لە خەمی خەڵکی کەمدەرامەت و پێشمەرگە و دایکانی شەھید و کەرتی تەندروستی و گشت چین و توێژەکان کەم بکاتەوە و تیمەکانی ئەو ڕێکخراوەش بەشداربوون لە گەیاندنی ھاوکاری بۆ کەمپی ئاوارەکان و پێداویستیە پزیشکی و دابین کردنی خۆراک، ھەر وەک لەم دیمانەیەدا سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە مرۆییە ڕاشکاوانە باس لەوە دەکات، کە ئامانجیان تەنیا دەستگرتنی خەڵکی ھەژار و لێقەوماوە، بێ ئەوەی ھیچ بودجەیەکی دیاریکراویان لە حکوومەت ھەبێت.

•    ڕێکخراوەکەتان بە چ ئامانجێک دامەزراوە و لە حکوومەت مۆڵەتی فەرمی پێدراوە؟
لەگەڵ دەستپێکی شەڕە نەگریسەکەی داعش، وەک ئەفسەرێکی پێشمەرگە و بەشداربوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعشدا، بۆ پشتیوانی کردن لە ھێزی خۆڕاگری پێشمەرگەدا، دەستم کرد بە چەند چالاکیەکی مرۆیی لەوانەش ھاوکاری گەیاندن بە پێشمەرگە و شەھیدان و بریندارانی پێشمەرگە، ھاوکات بەرگری کردن لەوانەی کە خوێن بەو نیشتمانە پیرۆزەوە دەبەخشن، لە دوای ئەمەشدا بیرۆکەی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی مرۆییم لەگەڵ ھەریەک لە بەڕێزان (دلڤین سەعدوڵا، یاسین ئیسماعیل، عواد ئەحەمەد) گەڵاڵە کرد، کە بتوانێت ببێتە فریادڕەسی خەڵکی کەمدەرامەت و ھەژار.
لە ناوەڕاستی ساڵی 2018ـشدا بەشێوەیەکی فەرمی ڕێکخراوی ھاوکاری مرۆیی کوردستانم دامەزراند و مۆڵەتی فەرمی حکوومەتی ھەرێمیشیمان پێبەخشرا و وەک یەکێک لە ڕێکخراوە چالاکەکانی خێرخوازیی دەستمان بە کارەکانمان کرد.
•    ئەولەویەتی کارکردنی ئێوە چیە؟

ktv
ئەولەویەتی کارکردنی ئێمە، پشتیوانی کردنە لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان، کە ئەوانە سەروەریی ئەو نیشتمانەن و بە ئازایەتی ئەوانیشە ئێمە ئازادانە کاری بازرگانی و کاری مرۆیی خۆمان ڕایی دەکەین، ھاوکات ئەوان بوونەتە سیمبوولی قوربانیدان بۆ گەلەکەمان و ھەمیشە بە خوێنی سووری خۆیان بەرگریی لە مانەوەی ئێمە دەکەن، بۆیە کە ئێمە ھەنگاو بەرەو چالاکییەک دەنێین، پێشمەرگە دەکەین بە دەستپێکی کارەکانمان، لە پاڵ ئەوانیشدا دەرگامان کراوە بووە بۆ خەڵکی ھەژار و لێقەوماوی کوردستان و تا دەگاتە دوورترین سنووری ئەم ھەرێمە، بەو پێیەی ڕێکخراوەکەی ئێمە خاوەنی چەندین تیمی تایبەتە و خۆراک و پێداویستیە پزیشکیەکان و ئازووقەکانمان گەیشتووەتە دوورترین سنوور، جگە لەمانەی باسم لێوەکرد، ھەموو ساڵێکیش لەگەڵ کرانەوەی دەرگای قوتابخانەکان جل و بەرگ و پێداویستی خوێندن بۆ قوتابیان و منداڵە بێسەرپەرشتەکان دابین دەکەین، ھاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنەکانیش جارێکی تر منداڵان بە دیاری و جلی جەژن بەسەر دەکەینەوە، ھەموو ئەوانەش لە پێناو خودا و کەم کردنەوەی ئازاری خەڵکی خۆمانە.
•    کێ پشتیوان و ھاوکاری ئێوەیە؟
دەتوانم بڵێم، تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت، ھیچ کەس و لایەنێک ھاوکاری ڕێکخراوەکەی ئێمە نیە، بەڵکو لەو سەرمایەی خودا بە منی بەخشیووە، بەشێکم پێشکەشی خەڵکی ھەژار کردووە، چونکە لە کات و ساتێکی وادا ئەرکی ئێمەی خودا پێداو قورسترە، کە دەبینین خەڵکانێک ئەمڕۆ پێویستیان بە ئێمەیە، ناکرێت ئێمە لە ئاست ئەو خەمانەدا بێدەنگ بین و نانێک بە ڕەوا نەبینین بۆ ئەوان و دڵیان لەو نیشتمانە بڕەنجێت بەھۆی چنگ نەکەوتنی ژیانێکی ئاسوودە و بەختەوەر، بۆیە ئەو چالاکیە مرۆییانەی کە ڕۆژانە ڕێکخراوەکەمان ئەنجامی دەدات، بەدڵنیاییەوە لە گیرفانی بەندە دەردەچێت و منیش ھەمیشە پێموایە خودا ئەو بەشەی پێی داوم، بەشێکی دەبێت ببەخشمەوە و ڕەشبینیش لە دڵی ئەوانەدا ڕەش بکەمەوە، کە دەستیان لە حەز و خوولیاکانیان لە ژیان ھەڵگرتووە.
•    ھۆکار چی بوو کە کاری مرۆیی ببێت بە پیشەی تۆ؟
ئەگەر پەڕاوی ژیان و یادگارییەکانی من ھەڵبدەنەوە بەزوویی لەوە تێدەگەن، کە من کوڕە ھەژارێک بووم و، ھەرزەکاریی و تەمەنی منداڵی خۆم لە کۆڵەمەرگی بەڕێکردووە، بۆیەش پەیمان بە خودا دابوو، ئەو ڕۆژەی کە دەبم بە خاوەن سەرمایەک و دەکەومە سەر پایەکانی خۆم، ئەو ڕابردووە لەبیر نەکەم و ھەموو ئازارەکانی ھەژاری بکەم بە دروشمی سەرکەوتنەکانم لە ژیان و، ئەو داھاتەی کە لە کۆمپانیا و لە پیشەی پارێزەریم دەستم دەکەوێت، بیکەمە چەند بەشێک و نەخۆش و کەمدەرامەتەکان تێیدا پشکیان ھەبێت و چمکی ڕەشبینیان لەلا بسڕمەوە، لەمەشیاندا توانیم تا ڕادەیەکی باش، خۆم بگەیەنم بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەو خەڵکەی بە دوای خۆشیەکانی ژیان دەگەڕێت و ھەژاری و نەداری لێی ڕێگر بووە، ئێستا ھەست بە ئاسوودەیەکی زۆر دەکەم، چونکە دڵی کەسێکی لێقەوماوم لەخۆم ڕازی کردووە.
•    ئەو پێوەندییە نزیکە چیە لەگەڵ وەرزشواناندا دەبینرێت؟
وەرزشوانان بەشێکی سەرەکین لە پێشکەوتنی کلتووری ئەو گەلە، پەیامی وەرزشیش نرخ و بەھای خۆی ھەیە لە گشت وڵاتان، بۆیە پشتیوانی کردنی وەرزشوانان بووەتە ئەرکی ئێمە، چونکە ئەوان بە دەستکەوتەکانیان مێژووی کوردستان جوانتر و ڕازاوەتر دەکەن، ئێمەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشداربووین لە کۆتایی خولێک کە لە ئاکرێ بەڕێوەچوو، توانیمان خەڵات بەسەر ئەو تیپە وەرزشیانە دابەش بکەین، کە بەشدارییان لەم خوولەدا کردووە، لە ڕابردووشدا ٣ خوولی جیاوازمان بەڕێوەبردووە و تا ڕێکخراوەکەشمان بمێنێت ھاوکاردەبێت لە دابین کردنی میدالیا و درێسی تایبەتی وەرزشوانان و پێداویستیەکانیان.

ktv
•    ھاوکارییەکانی ئێوە تەنیا خۆراک و پێداویستی ڕۆژانەیە؟
نەخێر، نزیکەی 150 خێزانی کەمدەرامەت مووچەیان لەم ڕێکخراوە پێدەدرێت، جگە لە نەخۆشیە درێژخایەنەکان، کە بەردەوام دەرمانیان بۆ دابین دەکەین و تا ئێستاش ھاوکاری چەند نەخۆشێکمان کردووە کە پێویستیان بە نەشتەرگەریی بووە، ئەمانەش ھەمووی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ھەمووکات لەبەر خۆمەوە دەیڵێم: (تەنیا ھەژار لە ئازاری خەڵکی ھەژار تێدەگات!)، ھەندێک جار خەمی خەڵکێکی ھەژار تا بەرەبەیان خەوی لە من زڕاندووە، تا نەگەیشتووم بە ھاواری خەو نەچووەتە چاوەکانم.
•    دروشمتان چیە بۆ ژیان؟
دروشمی من تەنیا مرۆڤایەتی و بەخششە لە ژیان و ئاوڕدانەوەیە لە کاری مرۆیی.
•    دەتەوێ لە ڕێگەی دەستگرتنی خەڵکی ھەژار چ پەیامێک بگەیەنیتە سەرمایەداران و ڕێکخراوەکانی دیکە؟
ئەو ڕۆژەی من ھەوڵمدا مۆڵەت بۆ ڕێکخراوەکەم دەربکەم، بینیم نزیکەی 3800 ڕێکخراو دامەزراوە، بەڵام دەپرسین ئێستا ئەوانە لە کوێن، بۆچی کاری خۆیان ناکەن، بەڵکو ئەوان لە کابینەی پێشوودا بەشە بودجەیەکیان بۆ تەرخان کراوە و ھیچیان لە ھەگبە نەبووە، تەنیا دەزگای بارزانی نەمر و گرووپی ھانا و دەزگای ڕوانگە نەبێت، کە خەمی ھەژارانیان لە کۆڵ گرتووە، بەشێک لە ڕێکخراوەکانی دیکەش بوونەتە مایەی کێشە بەسەر خەڵکی دیکە و یەخەی خەڵک بەرنادەن تا بتوانن گیرفانی خۆیان پڕ بکەن.
 

كوردستان TV

شێوازی ژیان میدیا هه‌ڤپه‌یڤین ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.