ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل ئاسایی كردهوهو ئێوارهی ئهمڕۆ پێنجشهممه ئیمارات و ئیسرائیل، بهسهرپهرشتی ولایهتهیهكگرتووهكانی ئهمریكا و خودى سەرۆکى ئەمریکا گهیشتن به رێككهوتننامهی ئاشتی له نێوانیاندا.
محەمەد بن زاید ئال نەهیان، شازادەی جێنشینی ئەبو زەبی و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات، رایگەیاند" بۆ ئاساییكردنهوهى پهیوهندییهكانیان بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، محەمەد بن زاید، دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهۆ رێککەوتوون لەسەر راگرتنی پرسی ناوچە فەلەستینییە کێشەلەسەرەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە. محەمەد بن زاید هەروەها رایگەیاندووە، ئیمارات و ئیسرائیل رککەوتوون لەسەر دانانی پلانێک بۆ هەماهەنگیی هاوبەش بە ئامانجی گەیشتن بە دروستکردنی پەیوەندیی دوو قۆڵی.
ئیمارات بووە یەکەمین وڵاتی کەنداو و سێیەمین وڵاتی عەرەبی دوای ئوردن و میسر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە. زۆر وڵات رێککەوتنەکە بە ئامرازێک بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە دەزانن، بەڵام دەوڵەتێکی وەکو ئێران بە "گەمژەیی ستراتیژی" ناوی دەبات.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوانیان، دۆناڵد ترەمپیش رێککەوتنەکە بە "مێژوویی" ناودەبات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەقی راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە لەسەری نووسراوە "راگەیێندراوی هاوبەشی ئەمریکا، دەوڵەتی ئیسرائیل و ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو"، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو رێککەوتنە دیپلۆماسییە مێژووییە و ئاشتی لە هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوپێش دەبات".
رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بە نێوەندگیری ئەمریکا وا دەکات ئەو دوو ولاتە ههماههنگى لەبواری ئابووری و تەکنەلۆژیدا بکەن، هەروەها باڵیۆزخانەی هەردوولا لەو دوو وڵاتە دەکرێتەوە.
ئیسرائیل دەڵیت رێککەوتنەکە وا دەکات پرۆژەی لکاندنی بەشێکی کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە دوابکەوێت، بەڵام ئیمارات لە زاری بەرپرسەکانیەوە رێککەوتنەکە وا دەبینێت کە بووەتە هۆی کۆتاییهاتنی ئەو پرۆژەیەی ئیسرائیل.
سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بە رێککەوتنێكی ئاشتی مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ کارێكی بێ وێنە کراوە، رێککەوتنێكی ئاشتی مێژوویی لەنێوان هەردوو هاوڕێی مەزنمان، ئیسرائیل و ئیمارات واژۆکراوە".
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆمێنتەکەی ترەمپی دووبارە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئهمرۆ رۆژێكی مێژووییە".
هاوکات محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبووزەبی ئاشکرایکرد" لە پەیوەندی تەلەفۆنیمدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوزەیرانی ئیسرائیل رێککەوتین لەسەر وەستاندنی پلانەکەی حکومەتی ئیسرائیل بە لەخۆگرتنی ناوچەکانی کەناری رۆژئاوا و هەروەها هەردوولاش لەسەر دانانی نەخشە رێگەی تایبەت بە دەستپێکردنی قۆناغی پێکەوەکارکردن رێککەوتووین تاوەکو لە قۆناغی دواتردا دەستبکرێت بە بنیاتنانی پەیوەندی دووقۆڵی لەنێوان هەردوو وڵاتدا".
لەلایەکی دیکەوە، ئەنوەر قرقاش، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە رایگەیاند: "ناوچەکە بە چەندین دەستپێشخەری و وێستگەی سیاسی تێپەڕیوە، هەر لە رێککەوتنی کامپ دەیڤد، رێكکەوتنەکانی مەدرید و ئۆسڵۆ، وای ریڤەر و ئاناپۆڵس و رێککەوتنەکانی دیکە، ئەمڕۆ ئیمارات هەوڵدەدات لەڕێگەی وەستاندنی پلانی ئیسرائیل بە لەخۆگرتنی ناوچەکانی فەلەستین، دەرفەتێکی نوێ دروستبکات بۆ زیندووکردنەوەی ئاشتی له ناوچهكهدا.
عومەر غوباش، یاریدەدەری وەزیری رۆشنبیری و دیپلۆماسی گشتیی ئیمارات گوتی" ئەگەر بە راگەیاندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل داینامیکی سیاسەتی ئیسرائیل بەرامبەر بە پڕۆژەکانی نیشتەجێکردن لەسەر خاکی فەلەستین بگۆڕین، ئەگەر تەنیا ئەمەش بکەین سەرکەوتنە. ئێمە دەمانەوێت بیرکردنەوە و تێگەیشتنی ھەردوولا بۆ چارەسەری کێشەکان بگۆڕین. ھیوادارین ئیسرائیلیش سوود لەو ھەنگاوە ئەرێنیانە وەربگرێت، کە ئیمارات و لە داھاتووشدا وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بەرەو رووی دەنێن.
دەرەنجامی ئەو رێککەوتنە، لەسەر داوای سەرۆکی ئەمریکا و بە پاڵپشتیی ئیمارات، ئیسرائیل راگەیاندنی دەسەڵاتی رەهای خۆی بەسەر ناوچەکانی فەڵەستیندا هەڵدەپەسێرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە محەممەد بن زاید لە پۆستێکدا لە توویتەری خۆی رایگەیاندووە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ و نەتەنیاهوو، رێککەوتوون لەسەر وەستاندنی لکاندنی خاکی فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە".
بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە لکاندنی هەندێک بەشی کەناری رۆژئاوای فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە و گوتووشیەتی "ئیدارەکەی ترەمپ داوایلێکردوون کە بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەساردنی رابگەیێنن".
بن زاید ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتوون لەسەر نەخشەڕێگەیەک بۆ هەماهەنگی هاوبەش و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان.
لەو راگەیێندراوە هاوبەشەی ئەو سێ لایەنەدا کە دۆناڵد ترەمپ بڵاویکردووەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و ئەم دیپلۆماسییەتە ئاشتییانە دوو لە هەرە باوەڕپێکراوترین و بەتواناترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لێک نزیکدەکاتەوە. ئیسرائیل و ئیمارات لەگەڵ ئەمریکا دەست بە جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی کاری ستراتیژی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی فراوانکردنی کاری دیپلۆماسی، بازرگانی و هەماهەنگیی ئەمنی دهكهن.
له لایهكى ترهوه، وڵاتانی جیهان و کەسایەتییە سیاسییەکان و رێکخراوە جیهانییەکان کاردانەوەی جیاجیایان لەسەر ئەو رێککەوتنە نیشانداوە.
ئێران سەرکۆنەی رێککەوتنەکەی ئیمارات و ئیسرائیل دەکات و بە "گەمژەیی ستراتیژی" ناوی دەبات.
لە راگەیەندراوێكیدا، حکومەتی ئێران رەخنەی تووندی لە رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل تایبەت بە ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا گرت و بە "گەمژەیی ستراتیژی" ناوبرد و رایگەیاند" گەلی فەڵەستین هەرگیز لە ئەبوزەبی خۆشنابێت.
حکومەتی ئێران راشیگەیاند" مێژوو دەیسەلمێنێت کە ئەم هەڵە ستراتیژییە کە کراوە دەبێتەهۆی زیاتر بەهێزبوونی میحوەری بەرپەرچدانەوە لە ناوچەکەدا.
لاى خۆشیهوه بزووتنەوەی حەماسی فەلەسینی رێککەوتنەکەی بەوە وەسفکردووە کە خەنجەرێکی خیانەتە و لە پشتی گەلی فەڵەستین دراوە.
فەلەستین خۆی وەک زەرەرمەندی یەکەمی ئەو رێککەوتنە دهبینێت و مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستینی دەڵێت؛ "سەرکردایەتی فەلەستین ئەو رێککەوتنەی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات رەتدەکاتەوە.
حکوومەتی فەلەستین بڕیارێکی بەپەلە دەدات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو، دەپچڕێنێت.
ریاز ئەلمالیکی، وەزیری دەرەوەی فەلەستین رایگەیاندووە، باڵوێزی حکوومەتەکەیان لە ئیمارات کشاندووەتەوە و وتى" پێویستە بەپەلە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێت.
ریاز ئەلمالیکی هەروەها رایگەیاندووە، کشاندنەوەی باڵوێزی فەلەستین لە ئیمارات بە رێنوێنیی مەحمود عەباسی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی و دوای رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل، بووە.
تورکیاش کە لەڕووی سیاسییەوە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداودا هەیە، بەڵام دەڵێت" مێژوو ئەو مامەڵەیەی ئیمارات لەبیر ناکات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە؛ مێژوو ئەو مامەڵە دووڕووییەی ئیمارات لەبیر ناکات و خەڵکی فەلەستنیش مافی خۆیانە بە تووندی ئیدانەی دژی بووەستنەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی 14ی ئابی 2020 لەمبارەیەوە گوتى" ئەم هەنگاوەی دژی فەڵەستین شتێک نییە جێی قەبووڵکردن بێت، دیارە ئێستا فەڵەستین باڵیۆزخانەی خۆی دادەخات یان دەیکێشێتەوە. منیش رێنماییم بە وەزیری دەرەوەم داوهو وتوومه دەکرێت ئێمەش لەبارەی هەڵپەساردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەبوزەبی، یان کێشانەوەی باڵیۆز هەنگاوێک بنێین، چونکە ئێمە پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین دەکەین.
ئەردۆغان باسی لە هەنگاوی هاوشێوەی ئیمارات، لەلایەن سعودیەوە کرد و گوتی" بەداخەوە کە پێویستە زۆر بەڕوونی ئاماژەی پێبکەم، لەم نێوەندەدا هەنگاوی هەڵە لەلایەن سعودیەوە دەنرێت. ئەمڕۆ بە وەزیری دەرەوەم گوت؛ بەخێرایی ئەمە لەگەڵ هاوتا سعودییەکەت باس بکەو با لەم بابەتەدا هەنگاوی پێویست بنرێت.
سەرۆک کۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند کە هەنگاوەکانی ئیسرائیل هەم لە بابەتی هاوپشتیکردنی یۆنان و میسر، هەمیش هەنگاوی دژ بە فەڵەستین جێی قەبووڵکردن نین.
سەرەڕای ناڕەزایەتی ئەو وڵاتانە، بەڵام زۆرینەی وڵاتانی جیهان پێشوازییان لە رێککەوتنەکە کردووە.
سهرهتا ئوردن کە خۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییە، پێشوازی لە رێککەوتنەکەی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل دەکات. حکومەتی ئوردن پێیوایە ئەو رێککەوتنە دەتوانێت ببێتە پاڵپشتی هەوڵەکانی ئاشتی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل. ئیسرائیلش دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بنێت.
ههروهها عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر پاڵپشتیی خۆی بۆ رێککەوتنەکەی ئیمارات و ئیسرائیل دەربڕیوە و دەڵێت" دەبێتەهۆی خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی ناوچەکە.
سیسی لە توویتێکدا دەڵێت" من بە بایەخێکی زۆرەوە بەدوای راگەیێندراوی سێقۆڵی ئەمریکا، ئیمارات و ئیسرائیلدا چووم. هەوڵی ئەوانەش بەرز دەنرخێنم کە بەرپرس بوون لەم رێککەوتنە لە پێناو خۆشگوزەرانی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
بەحرەین-یش بە هەمان شێوە پێشوازی لەو رێککەوتنە دەکات. هەروەها سەڵتەنەتی عوممان رێککەوتنەکە وەک سەرەتایەک بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێت و پێیوایە دەتوانێت ببێتە هۆی هەنگاوی باشتر سەبارەت بە ئاشتی ناوچەکە و پشتیوانیش لە ئیمارات دەکات بۆ ئەو رێککەوتنە.
له سهر ئاستى لایهنى دهرهوهش، هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگهیاند" ئەو رێککەوتنە رێککەوتنێکی مێژووییە و هاوکارێکی باشە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
فەرەنساش رێککەوتنەکە بە هەنگاوێکی ئیجابی دەزانێت و پێیوایە بڕیاری ئیسرائیل بۆ هەڵپەساردنی پرۆژەی لکاندنی ناوچەکانی کەرتی رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە بڕیارێکی دڵخۆشکەرە.
ههروهها بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە تویتێکدا لەو بارەیەوە دەڵێت" ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات هەواڵێکی زۆر خۆشە". دەشڵێت رێککەوتنەکە وایکرد ئیسرائیل پرۆژەی لکاندنی ناوچەکانی کەرتی رۆژئاوا بوەستێنێت کە هەنگاوێکە بۆ ئاشتی.
جۆ بایدنى بەربژێری دیموکراتەکانی ئەمریکاش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ، كه لە زۆر شت لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ناکۆکە، بەڵام پەسنی ئەو دەستپێشخەرییەی ترەمپ دەكات.
جۆ بایدن وتى" داننان بە دەوڵەتی ئیسرائیل لەلایەن ئیماراتەوە پێشوازی لێدەکرێت و ئەمەش هیوایەکە بۆ ئەوەی پرۆژەی لکاندنی ناوچەکانی فەڵەستین بە ئیسرائیلەوە بوەستێنرێت کە هەنگاوێکی باشە بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی لە ناوچەکە.
له لایهن خۆشیهوه، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە رێککەوتنەکە كردو هیواى خواست ئەمە دەرفەتێک بێت بۆ ئەوەی سەرکردەکانی ئیسرائیل و فەلەستین بچنە ناو دانوستانێکی چالاک و مانادارەوە کە بتوانێت کێشەی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکات.
تێزانین، لهدوای میسر لهسالى 1979 و ئوردن لهسالى 1994، ئیمارات دهبێت بهسێیهم وڵاتی عهرهبی كه پهیوهندی خۆى لهگهڵ ئیسرائیلدا پتهو بكات و رێككهوتنى لهگهلیدا ساز بكات.
جگه له ئیمارات، بهپێى زانیاریهكانى ههوال، سێ وڵاتی عەرەبی دوای ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە.
رادیۆی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، کە ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمریکی ناوی ئەو وڵاتانەیان بۆ رۆژنامەی (قودس)، کە لە قودس دەردەچێت، ئاشکرا کردووە.
هەروەک رادیۆی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، دوای ئیمارات، هەریەکە لە وڵاتانی شانشینی بەحرێن، سەڵتەنەتی عومان و سوودان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.