Erbil 15°C سێشەممە 07 ئایار 07:27

رووسیا سه‌رکێشی ده‌کات و شارەزایانیش گومانیان له‌ ڤاکسینه‌که‌ى‌ هه‌یه‌

عێراق هاوار بۆ رووسیا ده‌بات
کوردستان TV
100%

سەرۆکى رووسیا رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکەی رەزامەندنی دەربڕیوە لەسەر بەرهەمهێنانی یەکەم ڤاکسینی کۆرۆنا لە جیهاندا، ئەوەش پاش ئەوەی ماوەی دوو مانگە لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە و کچەکەشی یەکێک بووە لەو کەسانەی کە ڤاکسینەکەی لەسەر تاقیکراوەتەوە.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی رووسیا رەزامەندی دەربڕی لەسەر بەرهەمهێنانی یەکەمین ڤاکسینی پەتای کۆڤید-19 لە جیهاندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ڤاکسینە بۆ ماوەی دوو مانگە لەسەر مرۆڤ تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێن و کچەکەشی یەکێک بووە لەو کەسانەی کە ڤاکسینەکەی لەسەر تاقیکراوەتەوە.

پوتین باسی لەوەشکرد، پەرەپێدانی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بەو خێراییە سوربونی رووسیا دەردەخات لە بردنەوەی لەو کێبڕکێ جیهانییەی کە بۆ پەرەپێدانی ڤاکسینێکی کارای دژە کۆرۆنا ئەنجامدەدرێت، بەڵام بە رەچاوکردنی شکۆی نیشتمانی و سەلامەتی هاوڵاتیان.

سەرۆکی رووسیا ئەوەشی خستەڕوو، ڤاکسینەکە بە سەرجەم تاقیکردنەوە پێویستەکاندا تێپەڕبوە، دەتوانێت بەرگریەکی سەقامگیر لەدژی ڤایرۆسەکە لە جەستەی مرۆڤ دروستبکات.

ktv

رووسیا بووە یەکەم وڵاتی جیهان کە ئەمڕۆ ڤاکسینی دژی پەتای کۆرۆنای تۆمارکرد، ڤاکسینەکە لە قۆناغی تاقیکردنەوەیدا لەسەر کچێکی سەرۆکی رووسیا تاقیکراوەتەوە، بۆیە پوتن ئەمڕۆ بە شانازییەوە باسی لەو دەستکەوتە کرد.

ئەو ڤاکسینە رووسییە، لەلایەن سەنتەری لێکۆڵینەوەی نیشتمانیی رووسیا (گامالیا) و وەزارەتی بەرگریی رووسیا پەرەی پێدراوە، لەوەتەی گوتراوە "یەکەم ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19)ـیە لە جیهان" هەموو چاوەکانی لەسەرە و هیوایەکی زۆری بەخشیوە، بەڵام هەندێک گومانیشی لەسەرە.

ڤاکسینەکە بەشێوەیەک دروستکراوە بەرگریی جەستە لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاددەکات. ئەلیکساندەر گینتسبێرگ، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی نیشتمانیی گەمالیا دەڵێت "ئەو بەشە بچووکانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە ڤاکسینەکەدا هەن، ناتوانن زیان بە جەستە بگەیەنن، چونکە زیاد ناکەن"، هەروەها باس لەوە دەکات "ئەو بەش و شتانەی زیاد دەکەن، ئەوانە بە زیندوو لە قەڵەمدەدرێن، بەڵام ئەو بەشانەی ڤایرۆسەکە کە لەنێو ڤاکسینەکەدا بەکارهاتوون، بە زیندوو لەقەڵەم نادرێن".

شارەزایان گومانی خۆیان نەشاردووەتەوە، هەرچەندە ڤاکسینە رووسییەکە لەلایەن ئانا پۆپۆڤا، سەرۆکی دامەزراوەی چاودێریی تەندروستی رووسیا رێگەی پێدراوە و، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی رووسیاش گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکرد.

ktv

ئەلیکساندەر چیپۆرنۆڤ، بەڕێوەبەری پێشووی سەنتەری لێکۆڵینەوە لە ڤایرۆس و بایۆتەکنەلۆجیا لە رووسیا (ڤیکتۆر) گومانی هەیە لەو داتایەی لەلایەن حکومەتی رووسیا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت" ترسناکییەکە لەوەدایە ئەگەر ڤاکسینەکە هەڵەیەکی تێدابێ، قورسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاتر دەکات" ئاماژە بەوە دەکات، "هەمیشە ئەگەرێک هەیە بۆ روودانی هەڵە".

چیپۆرنۆڤ باس لەوە دەکات "بۆ هەندێک نەخۆشی و بۆ ڤایرۆسی کۆرۆناش، ئەوە پێشتر زانراوە، کە قورسیی توشبوون بە پەتاکە بە بوونی هەندێک دژەتەن دەگۆڕێت، بۆیە دەبێت بزانرێت ئەو ڤاکسینە چ جۆرە دژەتەنێک دروست دەکات".

له‌ لایه‌كىى تره‌وه‌، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) پێشتر هۆشداریی داوەتە بەرپرسانی رووسیا، کە بەپێی ئەو رێکارانەی پێشتر دانراون، بەردەوام بێت لە بەرهەمهێنانی ڤاکسینێکی سەلامەت و کاریگەر لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا ئەمڕۆ مزگێنییە گەورەکەی راگەیاند و، تۆمارکردنی ڤاکسینەکەی راگەیاند، کە نزیکەی ساڵێکە جیهانی گیرۆدە کردووە.

پێشتر لە بڕیارێکدا پووتن گوتبووی "حکومەتی رووسیا دەبێت پارەدارکردنی هەموو هەڵمەتەکان کە ئامانجیان رێگریکردنە لە هەوکردنی تووندی سییەکان لە ساڵانی 2020 و 2021 بگرێتە ئەستۆ". هەروەها جەختی کردبووەوە لەوەی "لەدوای تۆمارکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، دەبێت دەست بە کوتان بکرێت".

دۆزینەوەی ڤاکسینێک بۆ پەتای کۆرۆنا، ئەو هەواڵەیەکە کە زۆربەی خەڵکی جیهان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕییان دەکرد، چونکە لەدوای هەشت مانگ لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە جیهان، تاوەکو ئێستا بەپێی ئاماری فەرمی زیاتر لە 20 ملیۆن و 275 هەزار کەس تووشی بوون.

هەروەها 739 هەزار و 526 کەس بەهۆی ئەو پەتا جیهانییەوە گیانیان لەدەستداوە، لە بەرامبەردا 13 ملیۆن و 201 کەس چاکبوونەتەوە لەڕێگەی پەیداکردنی بەرگری جەستە.

ئێستاش بەپێی ئاماری فەرمیی وڵاتان، زیاتر لە شەش ملیۆن کەس لە جیهان هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان و، لە چاوەڕوانیی دەرمان یان ڤاکسینێکی کاریگەرن بە زوویی لەو پەتایە رزگاریان بکات، کە بۆ 20٪ـی تووشبووان نیشانەکانی قورسن و بۆ 2٪ـیشیان کوشندەیە.

ktv

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، لە پەیوەندی پتەودا لەگەڵ دەسەڵاتدرانی تەندروستی رووسیا دەمێننەوە، بۆ پێداچونەوە بەو داتایانەی کە سەلامەتی و کارایی ڤاکسینە پەرەپێدراوەکە دەسەلمێنن.

تارق جەسار ڤێچ، وتەبێژی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە پەیوەندی پتەودا لەگەڵ دەسەڵاتدرانی تەندروستی رووسیا دەمێننەوە، بۆ پێداچونەوە بەو داتایانەی کە سەلامەتی ڤاکسینە پەرەپێدراوەکە دەسەلمێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پێدانی مۆڵەت لەبارەی بڵاوبونەوەی هەر جۆرە ڤاکسینێکی پەرەپێدراو لە جیهاندا دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی کارایی و سەلامەتی ئەو ڤاکسینە بکرێت لە رێکخراوەکەیاندا.

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکەی رەزامەندنی دەربڕیوە لەسەر بەرهەمهێنانی یەکەم ڤاکسینی کۆرۆنا لە جیهاندا، ئەوەش پاش ئەوەی ماوەی دوو مانگە لەسەر مرۆڤ تاقیدەکرێتەوە و کچەکەشی یەکێک بوە لەو کەسانەی کە ڤاکسینەکەی لەسەر تاقیکراوەتەوە.

بەپێی داتاکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانیش، لە ئێستادا زیاتر لە 100 جۆر ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە جیهاندا پەرەیپێدەدرێت، چوار لەو ڤاکسینانە گەیشتونەتە قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەکان.

ktv

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، بریکاری وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند" لە پەیوەندیداین لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق بۆ بەدەستهێنانی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
 
حازم جومەیلی، بریکاری تەکنیکیی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ چوار گەورە کۆمپانیای جیهانی و پێشکەوتووی ئەمریکا، بەریتانیا، رووسیا و چین لە پەیوەندیدایە، کە هەوڵی بەرهەمهێنانی پێکوتەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدەن".
 
بریکارەکەی وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاند "دیدارمان لەگەڵ ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵوێزی رووسیا لە بەغدا هەبوو سەبارەت بە پێکوتەی کۆرۆنا و لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی بزانین کەی تۆماردەکرێ و بەرهەمدەهێندرێ، بۆیە لە ئەگەری ئەوەی بسەلمێندرێ پێکوتەیەکی کاریگەرە بۆ نەخۆشخانەکانی عێراق دابینی دەکەین".
 
بەپێی وەزارەتی تەندروستی عێراق، تائێستا 153 هەزار و 599 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 109 هەزار و 790 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، 5464 تووشبووی دیکەش گیانیان لەدەستداوە.
 
هاوکات دکتۆر ریاز حەلفی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند: "زیاتر لە 20 وڵات کێبڕکێ دەکەن بۆ بەرهەمهێنانی پێکوتەی کۆرۆنا، ئێستاش زیاتر لە 150 پێکوتە هەن، کە بە سێ قۆناخدا تێدەپەڕن بۆ سەلماندنی کاریگەرییان. تائێستا  ئەو پێکوتانە لە قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەدا  لەسەر زیاتر لە 30 هەزار خۆبەخش تاقیکراونەتەوە".
 
ڤاکسینەکەی رووسیا لەلایەن ئینستیتیوتی گامالێیا لە مۆسکۆ پەرەی پێدەدرێت، ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی تەندروستیی رووسیا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردووە. پووتین هیواخوازە بەزوویی رووسیا دەست بکات بە بەرهەمهێنانی فراوانی ڤاکسینەکە. 
 
بە گوتەی پووتین، کچەکەی کاتێک ڤاکسینەکەی وەرگرتووە کەمێک پلەی گەرمیی لەشی بەرزبووەتەوە، بەڵام بەخێرایی نەماوە. "سەرەتا پلەی گەرمیی لەشی 38 پلە بووە، دواتر بووە بە 37 و ئاسایی بووەتەوە".

ktv


 
سەرۆکی رووسیا لە ڤیدیۆکۆنفرانسێکدا لەگەڵ وەزیرەکانی حکومەتەکەی گوتی، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجارە لە جیهان ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرا، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 ملیۆن و 273 هەزار تووشبووی دەستنیشانکراو بەو ڤایرۆسە هەیە و زیاتر لە 739 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
تاتیانا گۆلیکۆڤا، جێگری میخایل میشوستین، سەرۆکوەزیرانی رووسیا دەڵێت، ڤاکسینەکە لە سەرەتای مانگی ئەیلوول بە کارمەندانی تەندروستی دەدرێت. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتووش بۆ خەڵکی بەردەست دەبێت. 
 
لە 18ـی حوزەیران پێکوتەکەی رووسیا لەسەر 38 خۆبەخش تاقیکرایەوە، سەرجەم خۆبەخشەکان ئەنجامی ئەرێنییان هەبوو. لە 20ـی تەممووزیش پێکوتەکە چووە قۆناخی دووەم و لەسەر سەدان کەس تاقیکرایەوە.
 
هەفتەی رابردووش رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هانی رووسیای دا کە لە دروستکردنی ڤاکسینەکە پەیڕەوی هەموو "قۆناخە پێویستەکان بکات".
 
سەرۆکی رووسیا داوای لە میخایل موراشکۆ، وەزیری تەندروستیی وڵاتەکەی کرد بۆ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەبارەی پلانی پێدانی ڤاکسینەکە بە خەڵک ئاشکرا بکات و گوتی: "من دەزانم کە بەباشی کاردەکات، کاریگەرە و بەرگریی جەستە رادەگرێت، دووبارەی دەکەمەوە کە ڤاکسینەکە هەموو قۆناخەکانی بڕیوە". 

روژهه‌لاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.