Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 01:20

ئاری ئاغۆک : شیعر وه‌ک شێرپه‌نجه‌یه‌کی سپی تێکه‌ڵ به‌رۆح و بوونم بووه‌

تا ئێستا ٢٤ كتێبم به‌ چاپگه‌یاندوه‌
کوردستان TV
100%

ديمانة/ كامةران حاجي ئةلياس

كه‌مه‌ن ، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ژیانی خۆیاندا بتوانن ، له‌ چه‌ندین  بواری جیا جیا ، (شیعر،شانۆ، راگه‌یاند) ئه‌سپی خۆیان تاو بده‌ن ئه‌و ، كاتێ له‌ به‌شی شانۆی په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌ولێر بوو ، هه‌ر زوو هه‌ستم كرد ، له‌ جووڵه‌ و هزردا له‌گه‌ڵ هاو پۆله‌كانی جیاوازه‌ ، مرۆڤێكی  هێمن ، ئارام.. چاك له‌بیرمه‌ زۆر جار له‌ كاتی گفتوگۆدا سورهه‌ڵده‌گرا..ئه‌و له‌ ده‌ریای شانۆ مه‌له‌وانێكی باش بوو به‌ڵام له‌ ده‌ریایی شیعر مه‌له‌وانێكی زۆر باشتر بوو ، له‌ویش باشتر میدیاكارێكی سه‌ركه‌وتوو بوو ، هه‌میشه‌ شانازی به‌ ره‌وانشاد مامۆستا (رۆسته‌م باجه‌لان) ده‌كات ، چونكه‌ هانده‌رێكی سه‌ره‌كی بووه‌ ، فێری ئه‌لف و بێ ی شیعر و ئه‌ده‌بی كردوه‌ ، فێری بوێری و ووتار نوسینی كردوه‌ ، خۆشه‌ویستی ره‌های بۆ  دایكی هه‌وێنی راسته‌قینه‌و ده‌رخستنی ناخی ئه‌و بووه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ندین كتێبی شیعری له‌ دایك بێت ئه‌و (ئاری ئاغۆك)ه‌ له‌ دیمانه‌یه‌كدا به‌ چه‌ند پرسیارێك ئه‌م گفتۆگۆیه‌مان كرد...

*سه‌ره‌تا كورته‌یه‌ك له‌ ژیانی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و میدیایی خۆت باس بكه‌ی ؟

- ئه‌گه‌ر بگه‌رێینه‌وه‌ ، خاڵی سه‌ره‌تا ده‌توانم بڵێم هه‌رسێ بوار له‌ یه‌ك خاڵدا خۆیان دۆزیه‌وه‌و هێدی هێدی به‌ره‌و فراوانی چوون ، ئه‌ویش دوای ڕاپه‌رین مه‌ودای ده‌زگا راگه‌یه‌ندنه‌كان فراوان بوون ، هه‌ر تاكه‌و له‌ گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه‌ هه‌وڵی خۆ دروستكردنی دا ، بۆیه‌ منیش له‌ساڵی ١٩٩٤ له‌رێگه‌ی به‌شداریكردن له‌به‌رنامه‌ رۆشنبیری و هونه‌ریه‌كانی ڕادیۆكانی پایته‌خت  ده‌ستم پێ كرد ، دواتر له‌په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان وه‌رگیرام , ئیتر بازنه‌ی به‌هره‌و هه‌سته‌ ئیعلامی و ئه‌ده‌بیه‌كانم به‌ره‌و فراوانی چوو ، بۆیه‌ په‌یمانگه‌ بۆمن ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ بوو بۆ خۆدۆزینه‌وه‌ له‌ بواری شانۆ و شیعر و هونه‌ر و ڕادیۆ و رۆژنامه‌ .ئیتر له‌وێوه‌ ده‌ستم پێ كرد تا ئێستا به‌رده‌وامم.

ktv

* بۆچی ئێستا وه‌ك بینه‌ر له‌ هۆڵی شانۆكان و به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌كان ده‌تبینین ! له‌ كاتێكدا به‌ رێزت خاوه‌ن ده‌رهێنانی چه‌ندین به‌رهه‌می شانۆیی ؟

- پرسیارێكی جوانه‌ ، زۆرجارخۆشم له‌ خۆم ده‌پرسم بۆ له‌ شانۆ دابرام ؟ راسته‌ چه‌ند به‌رهه‌مێك هه‌یه‌ من هه‌میشه‌ شانازی پێ ده‌كه‌م ، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ هۆكار گه‌لێك هه‌بن ، له‌وانه‌ كاتێ په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانم ته‌واو كرد ، بووم به‌مامۆستا و له‌ په‌روه‌رده‌ی مێرگه‌سۆر له‌ شوێنێكی دوور ، دوور له‌ هونه‌ر و شانۆ چه‌ند ساڵێك له‌و ده‌ڤه‌ره‌ له‌ بواری په‌روه‌رده‌ خزمه‌تم كرد و دوور كه‌وتمه‌وه‌ له‌شار و شانۆ ،جگه‌ له‌مه‌ش تێكه‌ڵبوونم به‌ دونیای ڕاگه‌یاندن (رۆژنامه‌ ، گۆڤار ، رادیۆ ، ته‌له‌فزیۆن) ئه‌مه‌ش هۆكارێك بوو ، كه‌ له‌بواری ده‌رهێنان دوور بكه‌و مه‌وه‌ ، به‌ڵام وه‌ك خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رهه‌مه‌ شانۆییه‌كان به‌رده‌وامم و چه‌ند خوێندنه‌وه‌یه‌كم وه‌ك ئه‌رشیف ماوه‌و له‌ داهاتوو وه‌ك كتێبێك بڵاوی ده‌كه‌وه‌ ، كه‌ كاتی خۆی نه‌خشه‌سازیشم بۆ كرد، گه‌وره‌ رۆشنبیر "مه‌حمود زامدار" پێشه‌كیشی بۆ نوسیوه‌ .

*له‌و بوارانه‌ی كارت كردوه‌ ، هه‌میشه‌ كه‌سانێك هه‌ن وه‌ك پاڵپشت و ڕێگه‌ خۆشكه‌ربن بۆ به‌رده‌وامیت ، ئایا كێ به‌پاڵپشتت ده‌زانی كه‌ وای لێ كردی بێیته‌ نێو ئه‌م جیهانه‌ تایبه‌تیه‌؟

- بێگومان پاڵپشت و هاندان یه‌كێكه‌ له‌و خاڵه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ی كه‌ وا له‌ ئه‌دیب و نوسه‌ر و هونه‌رمه‌ند ده‌كات ووزه‌ی پێ ببه‌خشێت و به‌رده‌وام بێت ، منیش له‌بواری نوسین و ئه‌ده‌ب و شیعر مامۆستای ره‌وانشاد (رۆسته‌م باجه‌لان) به‌ هانده‌رم ده‌زانم ، چونكه‌ له‌ قۆناغی ناوه‌ندی فێری ئه‌لف و بێ ی شیعر و ئه‌ده‌ب و بوێری و ووتار نوسینی كردم.

ktv

*یه‌كێك له‌و ئه‌زموونه‌ جوانانه‌ی به‌رێزتان له‌بواری رۆژنامه‌گه‌ری بریتیه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی (گۆڤاری نواڵه‌ی نوێ) كه‌ وه‌ك سه‌رنووسه‌ر ساڵانێكی زۆر كارت كردوه‌ ، ئه‌گه‌ر باسی ئه‌و ئه‌زموونه‌ بكه‌ی ؟

 - ساڵی ٢٠٠٣ دوای ئازادی عیراق له‌ هه‌موو كایه‌كانی ژیان ڕۆشناییه‌كی نوێ په‌یدابوو ، بواری رۆژنامه‌گه‌ریش توانی خۆی له‌و رۆشنایی بدۆزێته‌وه‌ ، بۆیه‌ دوای ساڵانێك له‌ بواری رۆژنامه‌گه‌ری له‌گه‌ڵ كاك "هۆشیار نوری له‌ك" بریارماندا گۆڤارێك ده‌ربكه‌ین ، تایبه‌ت به‌رۆشنبیریی گشتی و بابه‌تی گشتی ، ئه‌وه‌بوو توانیمان  له‌ ١٣- ٨- ٢٠٠٣ یه‌كه‌م ژماره‌ی گۆڤاری نواله‌ی نوێ كه‌ به‌نده‌ وه‌ك سه‌رنووسه‌ر و كاك هۆشیار وه‌ك خاوه‌ن ئیمتیاز له‌سه‌ر ئه‌رك و گیرفانی خۆمان ، ئه‌م گۆڤاره‌ بهێنینه‌ بوون ، ئه‌وه‌بووله‌ ماوه‌ی( ١١) ساڵ (١٣٤) ژماره‌ی ده‌رچوو  ، كه‌ نوسه‌رێكی زۆر خۆیان له‌باخچه‌ی نواڵه‌ دۆزیه‌وه‌و بۆ مێژووش ده‌یڵێین ، چه‌ند نوسه‌ر و په‌یامنێرێكی سه‌ره‌تایی ، كه‌ له‌نواڵه‌وه‌ یه‌كه‌م به‌رهه‌می خۆیان و به‌رده‌وامی خۆیان دۆزیه‌وه‌ ، ئێستا وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌م خاوه‌ن قه‌ڵه‌می دیارن و له‌ ده‌زگاڕاگه‌یاندنه‌ حكومی و حزبیه‌كان كار ده‌كه‌ن ، بێگومان ئه‌مه‌ش شانازیه‌ بۆ ئێمه‌و ئێمه‌ش شانازی به‌و قه‌ڵه‌مانه‌ ده‌كه‌ین ، بۆیه‌ گۆڤاری نواڵه‌ی نوێ  خاوه‌ن زۆرترین قه‌ڵه‌می جیا جیا و ده‌نگ و ره‌نگی جیا بوو ، به‌ڵام له‌ باخچه‌ جوانه‌كه‌ی نواڵه‌ خۆیان دۆزیبۆوه‌ ، به‌داخه‌وه‌ دوای قه‌یران و سستی خوێنه‌ری رۆژنامه‌و گۆڤار ، زاڵبوونی تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی خوێنه‌ر ، ئیدی بریارماندا ئه‌م گۆڤاره‌ بوه‌ستێنین ، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی.

*ئێستا ئاستی رۆژنامه‌ گه‌ری كوردی چۆن ده‌بینی ؟

- بێگومان ئه‌م قۆناغ و سه‌رده‌مه‌ جیایه‌ له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی پێشتر ، شه‌پۆڵی خێرای ته‌كنه‌لۆژیا و ئه‌نته‌رنێت و فه‌یسبوك . كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌بوو ، له‌سه‌ر حه‌ز و ئاره‌زووی خوێنه‌ر ، له‌ بواری رۆژنامه‌وه‌ بۆ بواری شاشه‌ی مۆبایل ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و ئاسته‌ له‌رووی خوێنه‌ره‌ به‌خراپی ده‌بینم ، به‌ڵام له‌رووی بابه‌ته‌وه‌ سه‌نگ و قورسی بواری رۆژنامه‌گه‌ری هه‌ر به‌و ئاسته‌ ئه‌كادیمیه‌ ده‌بینم ، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌م پێ كرد خوێنه‌رمان روو له‌كه‌می و كاڵبوونه‌وه‌ یه‌ .

ktv

* با ئه‌و جاریان بێینه‌ سه‌ر ئه‌زموونی شیعریت ، تا ئێستا چه‌ند نامیلكه‌و كتێب و دیوانی شیعریت  هه‌یه‌ , بێگومان له‌م ماوه‌یه‌دا نوێترین كتێبی شیعریت بڵاوكرده‌وه‌ ؟

-  وه‌ك ئاماژه‌م پێ كرد ، دوای ڕاپه‌رین  بواری راگه‌یاندن بۆ من گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه‌ ، هه‌ر بۆیه‌ش له‌وكاته‌وه‌ به‌فاوان  تێكه‌ڵ به‌دونیای خوێندنه‌وه‌و ئه‌ده‌بیات بووم ، دواتر به‌رهه‌می شیعریم له‌ رادیۆ و رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان بڵاوده‌كرده‌وه‌ ، ئیتر هه‌ستم كرد شیعر بۆته‌ به‌شێك له‌ ژیانم ، شیعر وه‌ك شێرپه‌نجه‌یه‌كی سپی تێكه‌ڵ به‌رۆح و بوونم بووه‌ ، له‌ ساڵی ٢٠٠١ یه‌كه‌م كتێبی شیعریم بڵاوكرده‌وه‌ به‌ناونیشانی خه‌ونه‌كانی من و دایكم ، ئیتر به‌رده‌وامی شیعر تیكه‌ڵ به‌ خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌مان بوو ، تا ئێستا ٢٤ كتێبم به‌ چاپگه‌یاندوه‌ ، كه‌ ١٢ یان به‌رهه‌می شیعرین ، دانه‌یه‌كیان دیوانه‌ شیعره‌ ، به‌ناونیشانی عه‌شقی ئه‌به‌دی ، دواین كتێبیشم به‌ناونیشانی چه‌فیه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی دایكمه‌ كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ ڕ ێوڕه‌سمێكدا بڵاومكرده‌وه‌.

* دایك بۆته‌ ره‌مزی ناسینه‌وه‌ی شیعره‌كانت ، كه‌ باس له‌ شیعری ئاری ده‌كرێ ، خه‌یاڵمان بۆ دایك ده‌چێت ، ئایا له‌به‌رچی دایك؟

- شیعر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی یاخی بوون و واقیعی شاعیره‌ ، له‌ شیعردا هه‌میشه‌ هه‌وڵمداوه‌( من ) منبم ، واته‌ واقیعیه‌تی خۆم بنووسمه‌وه‌ ، هه‌رگیز فێڵ له‌خۆم و له‌ ووشه‌و هه‌ست و بیركردنه‌وه‌م نه‌كه‌م ، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی نوسیوومه‌و ده‌ینوسم حیكایه‌تی ژیانی منداڵی و گه‌وره‌بوون و ئێستامه‌ ، یه‌كێك له‌ به‌شه‌گرنگه‌كه‌ی خێزان و رۆح دایكمه‌ ، من هه‌وڵم داوه‌ ئه‌و خه‌م و گریانه‌ی دایكم كه‌ نه‌یده‌توانی به‌ نوسین ده‌ریببرێ ، ئه‌وا من وه‌ك به‌شێك له‌رۆحی ئه‌و ، له‌ رێگه‌ی شیعره‌وه‌ ، له‌روانینینی ته‌مه‌نی خه‌مگینی و خه‌م و چاوه‌ڕوانی دایكم و دایكه‌ جه‌رگ سوتاوه‌كانی نیشتیمان بكه‌مه‌ تابڵۆ شیعر ، هه‌ر بۆیه‌ یه‌كه‌م كتێبه‌ شیعرم ساڵی ٢٠٠١ به‌ ناونیشانی خه‌ونه‌كانی من و دایكم بڵاو كرده‌وه‌ ، دواتر قه‌سیده‌ شیعری  سه‌فه‌ره‌ تاڵه‌كه‌ی من و دوعا شیرینه‌كانی دایكم , كتێبه‌ شیعری جوانترین مردن ، له‌م ماوه‌یه‌ش دا كتێبه‌ شیعری  چه‌فیه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی دایكم بڵاو كرده‌وه‌ ، ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ چوارچێوه‌ی ئاوێته‌ بوون به‌رۆحی دایك ، گه‌وره‌یی و پیرۆزی دایك به‌ر له‌مه‌رگ و دوای مه‌رگ ، هه‌میشه‌ تێكه‌ڵ به‌رۆحم بووه‌.

ktv

*له‌و زه‌مه‌نه‌دا زۆربه‌ی لاوانمان بۆ ده‌ربرینی خه‌م و ناسرۆیه‌كانیان په‌نا بۆ شیعر ده‌به‌ن ، ئایا پێت وایه‌ شیعر نوسین و خۆ به‌ شاعیربوون ئاوا ئاسانه‌ ؟

-  به‌داخه‌وه‌ ، زۆربه‌ی گه‌نجانمان كاتێ عه‌شقی كه‌سی به‌رامبه‌ر ده‌بێ ، كاتێ له‌ كه‌سی به‌رامبه‌ر ده‌تۆرێ ، كاتێ گه‌مه‌ی عه‌شق تێكه‌ڵ به‌ژیانی گه‌نجان ده‌بێت ، ئه‌وا په‌نا بۆ ڕیزكردنی چه‌ند ووشه‌یه‌ك ده‌به‌ن و بۆ كه‌سی به‌رامبه‌ری ده‌نوسن پێ ی ده‌ڵێن شیعر و خۆیان به‌شاعیر پێناس ده‌كه‌ن ! من پێم وایه‌ ئه‌م حاله‌ته‌ گه‌وره‌ترین شه‌ڕه‌ به‌ شیعر ده‌فرۆشرێ ! له‌ كاتێكدا نوسینی شیعر و بنه‌ماكانی شیعربوون له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌ده‌بی ، پێویستی به‌ خوێندنه‌وه‌ی زۆر و ئایدیا فراوانی هه‌یه‌ .

*ئه‌مجاره‌یان باس له‌ ئه‌زموونی كاری ڕادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنیت بكه‌ین ، بێگومان ئه‌رشیفێكی باش له‌ هه‌گبه‌ی به‌رێزتان دایه‌ ، ئه‌گه‌ر باسی ئه‌و قۆناغه‌ش بكه‌ی ؟

-  ساڵی ١٩٩٧ له‌ رادیۆی دیموكراسی ئاماده‌كار و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی "ئاسۆی زانست" بووم ، دواتر ساڵی ١٩٩٨ وه‌ك ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ی ڕادیۆی ئاشتی ده‌ستم به‌كاركرد ، له‌ ماوه‌ی ٧ ساڵ كاركردنم وه‌ك ( ئاماده‌كار ،  پێشكه‌شكار )  ٧ به‌رنامه‌م هه‌بوو ،كه‌به‌رنامه‌یه‌كیان رۆژانه‌بوو , ئه‌وانیتریش هه‌فتانه‌ , ئێستاش وه‌ك خاوه‌ن كه‌ناڵی ڕه‌سه‌ن له‌گه‌ڵ كاك هۆشیار ، له‌ نه‌ورۆزی( ٢٠١٥ ) وه‌ به‌رده‌وامین جگه‌ له‌سه‌رپه‌رشتی به‌رنامه‌كان ، به‌رنامه‌ی دیداری تایبه‌ت و ده‌رونزانی و به‌رنامه‌ی هه‌ولێر ، ئاماده‌و پێشكه‌ش ده‌كه‌م.

ktv

* به‌رێزتان وه‌ك كاری وه‌زیفی له‌په‌روه‌رده‌ی گشتی ، له‌به‌شی ژینگه‌و ته‌ندروستی ساڵانێكه‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ن ، پێمان خۆشه‌ رۆشناییه‌ك بخه‌یه‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ ، چونكه‌ له‌وه‌ته‌ی به‌رێزتان له‌و به‌شه‌ ده‌ست به‌كاربوینه‌ هه‌ست ده‌كه‌ین ژینگه‌ی قوتابخانه‌كان جموجۆڵێكی پێوه‌ دیاره‌ ؟

-  بێگومان ئه‌م به‌شه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٧ دامه‌زراوه‌ ، به‌نده‌ له‌ ساڵی ٢٠١٥ وه‌ك به‌رپرسی به‌شی ژینگه‌و ته‌ندروستی ده‌ست به‌كاربویمه‌ , هه‌وڵمدا به‌ به‌رنامه‌یه‌كی گشتگیر ، كار له‌سه‌ر (هۆشیاری ژینگه‌یی ، په‌یامی ژینگه‌یی و به‌دواداچونی ژینگه‌یی و ته‌ندروستی)  له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن بكه‌ین ، له‌ قۆناغی باخچه‌ی منداڵان تا قۆناغی ئاماده‌یی ، سوپاس بۆ خوا له‌گه‌ڵ هاوكارانمان تائێستا كۆمه‌ڵه‌ چالاكیه‌ك و سه‌ردانی مه‌یدانی و سیمیناری ژینگه‌یی و چاودێری و به‌دواداچونی ژینگه‌ییمان بۆ ناوه‌نده‌كانی خوێندن ئه‌نجامداوه‌ ، هه‌روه‌ها دوو كتێبی ژینگه‌ییشم به‌چاپگه‌یاندوه‌ ، من پێم وایه‌ له‌ته‌ك په‌روه‌رده‌و فێركردن ژینگه‌و پاك و خاوێنی و ژینگه‌دۆستی  بابه‌تێكی گرنگه‌ له‌روانگه‌ رۆشنبیریه‌كه‌یه‌وه‌ تا بتوانین په‌یامه‌كه‌ بگه‌یه‌نین ، چونكه‌ ژینگه‌ بۆ هه‌موومان یه‌كسانه‌ ، پیس بوونی ژینگه‌و خراپبوونی ژینگه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌وره‌و بچوك ، مامۆستا و قوتایی و هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند وه‌ك یه‌كه‌و بۆ هه‌موومان یه‌كسانه‌ , كه‌واته‌ ئه‌رك و خه‌می په‌روه‌رده‌كاران و ژینگه‌ دۆستان ئه‌م لایه‌نه‌ هۆشیاریه‌ بۆ نه‌وه‌كانمان شی بكه‌نه‌وه‌

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.