سەربەست ساڵح
هەموو پارت و لایەنەکان ئازادن لەوەی خۆیان بدەنە پاڵ خەڵک، خۆیان بە بەشێک لە خەڵک بزانن، شانازی بەخەڵکەوە بکەن، بەڵام هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نیە وەک خاوەنی خەڵک و بەناوی خەڵکەوە قسەبکات و بڕیاربدات، لە پرسی نوێنەرایەتیکردنیشدا، نوێنەر بە کۆمەڵێک بنەما کە پێشوەختە ڕێکەوتنی لەسەرکراوە دەبێت نوێنەر، بۆ کۆمەڵێک روانگە و ئەرکی دیاریکراو نوێنەرایەتی دەکات، بۆ کاتێکی دیاریکراو.
بەداخەوە زۆرجار کەسانێک نەخەڵک وەک نوێنەر هەڵیبژاردون، نە هیچ ڕێگە پێدانێکی کۆمەڵەخەڵکێکیان پێیە، وەنە دەگەڕێنەوە بۆ ڕیکەوتنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا، بەناوی خەڵکەوە دەدوێن و خۆیان پێ نوێنەر و ڕاسپێردراوی کۆمەڵگایە.
هەر هێز و پارت و ڕێکخراوێکی فیکری دەبێت لەو ڕاستیە بگات کە ئیرادەی خەڵک لەسەروو هەموو ئایدیا و فیکرێکەوەیە، هەربۆیە لە کۆتاییدا ئیردەی خەڵک سەردەکەوێت، هەر هێز و گروپێک هەڵقوڵاوی خەڵکبێت وەلەخەڵکدا خۆی مانیفێست بکات، ئەوادەبێتە بەشێک لە ئیردەی خەڵکو سەرئەنجام بەشێک لەسەرکەوتنەکانی خەڵکی بەردەکەوێت.
زۆرجار هێزە فاشیی و دەمارگیر و پەڕگیرەکان وەک نوێنەری خەڵک خۆیان دەناسێینن، بگرە خۆیان بە تەنها هێزی داکۆکیکار لەخەڵک لە قەڵەمدەدەن! ئامانجە شاراوەکانیان، تینویەتی گەیشتنەدەسەڵاتیان بە داواکاری خەڵک دادەپۆشن، لە کورستانیش کەمنین ئەو هێزانەی ئەوەی ئامانجیان نەبێت و بیریی لێنەکەنەوە خەڵکە، بەڵام بە داواکاری و خەمی خەڵک خۆییان داپۆشیوە، ماسک و ڕووبەندیان پۆشیوە و داواکارییەکانی خەڵکیان هەڵگرتوە، تا دوا ئەندازەیی فریودان فریوی خەڵک دەدەن، ئامراز و تەکنەلۆژیایی پێشکەوتوو بەکاردەبەن بۆ فریودانی ڕایگشتی، بە پارە و قوتی خەڵک حیزبی نوێ دادەمەزرێینن، ماشێنی زەبەلاحی میدیایی بینادەکەن بۆ چاکەی گشتی نا!، بۆ بەجێگەیاندنی داواکاری و خواستی خەڵک نا!، بۆ فریودانی خەڵک، بۆ گەیشتن بە خواست و ئامانجە دوژمنکارییەکانیان سڵ لە هیچ ڕێگایەکی پۆخڵناکەنەوە، پەنا بۆ دزێوترین دیاردە دەبەن.
سەرئەنجامی ڕووداوەکان پێماندەڵێن: سەرباری تەنگوچەڵەمەو ئەستەنگە زۆر و تاقەت پڕوکێنەکان ئیرادەیی خەڵک سەرکەوت، حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دەربڕیی ئیردەی خەڵکی کوردستانە، توانیمان تەڵەزگە و پیلانی ناوخۆیی و هەرێمی تێپەڕێنین، هەوڵ و پیلانی دۆزەخئاسا هەبوون بۆ لە کەدارکردنی ئەزمونی حکومڕانی کوردستان و ڕووخاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جۆرەها ئامراز و ئالیەتی پۆخڵو کوشندە خرانەگەڕ بۆ بێ هیواکردنی خەڵک بەناوی داواکاری خەڵک و پارێزگاری لەخەڵک! مەگەر ئیرادەی گشتی لە پیلانەکانی دوژمن گەورەتر و بەهێزترنیە؟! هیواو ئامانجە پیرۆزەکانی خەڵکی کوردستان، نەفسدرێژی و گیانبەخشی مرۆڤە نیشتمانپەروەرەکان بوونە هۆکاری سەرکەوتنی حکومەت و ئیرادەی خەڵک.
هەموو ڕووداوە هەنوکەییەکان پێماندەڵێن دۆخی سەقامگیریی کوردستان ڕوو لەبوژانەوەیەکی سیاسی و ئابورییە، وە دۆخی خەڵک و پرس و ئاریشەکانی خەڵک، پرس و ئاریشەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، وە لایەنێک مافی خۆ بەخاوەنکردنی خەڵکی هەبیت، حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەوانەی لە شوێن بێ هیواکردنی کۆمەڵگا و لە ئیرادەخستنی خەڵک و لاوازکردنی ڕای گشتی بوون شکستیان هێنا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.