بە بڕوای پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، ئیدریس بارزانی هاوکات لەگەڵ ئەوەی سەركردەی بەرەكانی شەڕ بوو، بڕوای تەواویشی بە ئاشتی و پێكەوەژیان هەبوو. رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانی. لە هەر پارچەیەكی كوردستاندا هەستی بەوە كردبایە تروسكایەك هەیە بۆ سەرهەڵدانی خەباتی شۆڕشگێڕی، یەكسەر دەستی هاوكاریی بۆ درێژ دەكرد.
ئهمڕۆ ٣١\١\١٩٨٧ ساڵیادی کۆچی دواییی ئیدریس بارزانییە، سهركردهیهكی خاكی و خهمخۆری کوردستان و گهلهكهی بووه. لهم یادهدا، هاوڕێبازان و نامهبهرێكی سهردهمی پێشمەرگایەتی، پهنجه دهخەنه ژیانی و نهێنیی سەرکەوتنەکانی دەگێڕێنەوە.
ئیدریس بارزانی لە گوندی بارزان لەدایك بووە، لە تەمەنی چوار ساڵیدا لەگەڵ خانەوادەكەی لە سنووری بارزان دەگوازرێنەوە بۆ شارەكانی بەغدا، مووسڵ و بەسرا، لەگەڵ ئەوەی لە تەمەنی منداڵییەوە لە سۆز و خۆشەویستیی باوك بێبەش بووە و تا گەڕانەوەی (بارزانیی نەمر) لە سۆڤیێت لە ساڵی 1958، مرۆڤێك بووە لەناو جەماوەر خۆشەویست و سادە و بە قەناعەت بووە، بە سادەیی ژیاوە. خاوەن قسە و بەڵێنەكانی بووە، لەگەل هەر كەسێكدا بە زمانی خۆی و ئاستی تێگەیشتنی بەرامبەری قسە و هەڵسوكەوتی كردووە. هەرکە شۆڕش بەرپا بوو، بارزانیی نەمر سەرپەرشتیی ئەم شۆڕشەی کرد. ئیدریس بارزانییش هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولهوه کە قوتابی بوو، دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و لەگەڵ بارزانیی باوكدا بەشداری لە شۆڕش کرد.
د.ناسیح غەفوور، كه یەکێک لە هاوڕێ و نامهبهره تایبهتهكانی ئیدریس بارزانی بووه، لایهنێكی ژیانی سیاسی و تێكۆشانی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دهخاته ڕوو و دەڵێت: "کاک ئیدریس یەکێک بوو لەو کوڕە بلیمەتانەی بارزانیی نەمر کە بەرچاو بوو، جیددی بوو، حەزی لە بەشداریی سیاسی هەبوو، هەردەم لە دەور و خزمەتی بارزانیی باوک بووە، هاوکارێکی زۆر باش بوو، حەزی لە خزمەتکردن و خوێندن بوو، حەزی لە هاوکاریی پێشمەرگە و بارزانی هەبوو، بۆیە وردە وردە پێگەی ئەو لەناو شۆڕش بەرز بوویەوە. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ناو پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان خۆشەویست دەبوو.''
د.ناسیح غەفوور زیاتر لەسەر کەسایەتیی ئیدریس بارزانی قسە دەکات و جهخت دهكاتهوه ''ئیدریس بارزانی، جێگەی متمانە بوو، بۆیە لە داستانی (هەندرێن) کە حکوومەتی عێراق شەڕی فەرز کرد بەسەر کوردستاندا، هێرشێکی گەورەیان کردە سەر کوردستان، جاشەکانی ئەو سەردەمەش بەشدارییان کرد، بەڵام لەو داستانەدا ڕۆڵی کاک ئیدریس زیاتر دەرکەوت، ئهو وەک سەرپەرشتکار دهركهوت و سهركهوتنیش بە ناوی ئەوەوە تۆمار كرا.''
عەبدوڵڵا ئەسعەد پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، جەخت دەکاتەوە لەوەی، ئیدریس بارزانی لە بواری سەربازیدا شارەزایەكی زۆر باشی هەبووە، سەركردایەتیی هەر دوو داستانی هەندرێن و زۆزكی كردووە و، ئەوکات حكوومەتی عێراقی ناچار كرد پاشەكشە بكات.
سادق سلێمان پێشمەرگە و هاوڕێبازێكی دیكەیەو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت دەکاتەوە، "ئیدریسی جوانەمەرگ، رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە تێكشكاندنی دوژمن، لە ساڵی 1966 كاتێك سەرپەرشتیی شەڕی هەندرێنی دەكرد، بە جورئەت و چاونەترس لەناو هێزی پێشمەرگە بوو، بۆیە توانی سوپای عێراق بە جۆرێك تێك بشكێنێت كە هەر دوای ئەو شەڕە حكوومەتی عێراق ناچار بوو داوای دانوستاندن لە سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول بكات. حكوومەتی عێراق زۆر لە كەسایەتی (ئیدریس بارزانی) دەترسا، بۆیە لە بواری سەربازی، سیاسی رۆڵێكی گرنگ و دیاری هەبوو، هەروەها لە ئیمزاكردنی ڕێككەوتننامەی 11ی ئازار رۆڵی هەبوو، لەگەڵ ئەوەی لە هەر پارچەیەكی كوردستان هەستی بەوە كردبایە تروسكایەك هەیە بۆ سەرهەڵدانی خەباتی شۆڕشگێڕی، یەكسەر دەستی هاوكاری بۆ درێژ دەكرد".
ئەو سەرکەوتنه گەورەیهی شۆڕشی ئەیلوول و شکستی حکوومەتی ئەوسای عێراق، حکوومەتی عێراق گەیاند بهو باوهڕهی كه ناتوانێ کێشەی کورد به شهڕ یەکلا بکاتەوە، ناچار بوو پەنا بباتە بەر دانوستان لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕش بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر.
غهفوور لهوبارهوه دهگێڕێتهوه ''کاک ئیدریس هەمیشە لەگەڵ بارزانی بوو، بۆیە دەوری باڵای هەبوو لە بەشداریکردن و راگەیاندنی رێککەوتنەکە، ههڵبهت کاک مەسعوود بارزانییش لەگەڵی بوو، ئەوکاتە، ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرپەرشتیی رێککەوتنەکەی دهكرد، سەددامیش بەشداریی کرد، لە واقعدا سەددام دەوری باڵای هەبوو لەو رێککەوتنە، بەڵام لەبەر ئەوە ئەحمەد حەسەن بەکر، سەرۆککۆماری عێراق بوو، ئەو رێککەوتنەکەی راگەیاند و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتییش بەشدارییان کرد.''
گوتیشی ''دەوری کاک ئیدریس دەورێکی گرینگ و باڵا بوو لە رێککەتنەکە. هەم وەک کوڕی بارزانیی نەمر و ههمیش وهك جێگای متمانەی بارزانی، خۆیشی بلیمەت بوو، ئازاد بوو، قسە لەڕوو بوو، بەتوانا بوو، دەیتوانی رۆڵ ببینێت. تا ساڵی ١٩٧٤ ئەو دایم دەیگوت دەبێت ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، لە بەغدا بوو بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، بەڵام بە داخەوە بەغدا پەشیمان بوویەوە.''
ناسح غهفوور هاوكات دهڵێ، ''لەبەر لێهاتووییهكهی، چەندین جار هەوڵی شەهیدکردنی ئیدریس بارزانی دراوە، چونکە یەکێک بووە لە هەرە چالاکەکانی شۆڕشی ئەیلوول، ئهو شۆڕشهی کە بەداخەوە لە ئەنجامی سەودایەکی نێودەوڵەتی شکستی هێنا. کە پێیم وایە لە ئیستایش کە ئەم سەودایە لەسەر کوردستان دەکرێت. ههلبهته هەمیشە کورد لە کاتی سەوداکردن زەرەرمەند بووە، ئەگەرنا بە هێزی پێشمەرگە و قارەمانهتییهكهی كورد قەت چۆكی دانهداوه."
له هەڵگیرسانەوەی شۆڕشیشدا ڕۆڵی ئیدریس بارزانی بهرچاوه و ناسیح غەفوور ئاماژەی بەوە دا، ''دوای ئەوەی شۆڕشی ئەیلوول تووشی شکست بوو، هەوڵ درا جارێکی دیکە ئێمە شۆڕش بهرپا بکەینەوە. ئەوکات بارزانیی نەمر تەمەنی هەڵکشابوو، کێ دەبوو ئەوە بکات جگە لە بارزانی؟، کاک ئیدریسی هەمیشەزیندوو و کاک مەسعوود، دەورێکی باڵایان بینی بۆ بوژانەوە و رێکخستنەوەی پارتی، كه ئەوکات بە ناوی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستانهوه بوو. کاک ئیدریس نەک لەبەر ئەوەی کوڕی بارزانییە، بەڵکو داینەمۆی هەڵگیرسانی و دروستبوونەوەی پارتییە و دەوری سەرەکیی ئەو بوو لە هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان."
لە دوای بهرپاكردنی شۆڕشی گوڵان، حزبی دیکەش پەیدا بوون، ئهم فرهحزبییهش وای کرد پارتی لەگەڵ ئەو حزبانەدا کۆ ببێتهوە و، هەوڵ بدات له دهوری یهكدی و بۆ یهك ئامانج تێبكۆشن، ناسح غهفوور دهڵێ ''کاک ئیدریس دەورێکی باڵای هەبوو لەوەی ئەگەر بمانەوێت سەرکەوین، دەبێت یەک بگرین، یەک بەرنامەمان هەبێت، رەنگە بیر و رای جیاواز هەبێت، بەڵام دەبێت ئەو بیروڕایە لەپێناوی سەرکەوتنی کوردستان بێت، ئەمانە هەمووی بیرکردنەوەی ئەو بوون."
لهو سهردهمدا بەرەیەک دروست کرا كه هاوپهیمانهتی لەگەڵ حزبی بەعسی عێراق بهست، له بهرانبهردا بەرەیەکی دیکە دروست کرا ئەو بەرەیە لە پارتی و حزبی شیوعی و سۆسیالیست و پاسۆک بوو، د، ناسح غهفوور دهگێڕێتهوه كه، ئیدریس بارزانی هەستی بەوە کردبوو کە دەبێت حزبه كوردستانییهكان بە یەکگرتوویی کار بکەن و دهڵێ، ''کاک ئیدریس دەوری هەبوو لە نزیکبوونەوەی لەگەڵ حزبەکان. کاک ئیدریس دەیگوت دەبێت لەگەڵ یەکێتی رێککەوین، بۆیە ساڵی ١٩٨٦ لەگەڵ مام جەلال یەکتریان بینی، لە مانگی ١ی هەمان ساڵ، بناغەی سەرەتای ئاشتبوونەوەی یەکێتی و پارتی دانرا، دواتر کە بەرەی کوردستانی دروست کرا، لە ساڵی ١٩٩١ ئەو لە ژیان نەمابوو، بەڵام بەرەی کوردستانی لە بنەڕەتدا کاک ئیدریس ئەندازیاری بوو.''
كاوە عوسمان پێشمەرگەیەكی دیكەی شۆڕشی گوڵانە، لەو ڕووەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی، "رۆڵ و كاریگەریی ئیدریس بارزانی لە دروستكردنی بەرەی كوردستانیدا، شۆڕشی كوردی بردە قۆناغێكی مێژوویی و چارەنووسساز، ئەگەرچی چەند مانگێك دوای كۆچی دوای جێبەجێ كرا، بەڵام ئەوە بەرهەمی بیری كوردانەی ئەو بوو. "
د، ناسح غهفوور ههروهها دەڵێت: "له ماوهی چوار ساڵ كاركردنمادا لە خزمەتی کاک ئیدریس، بۆم دهركهوت كه ڕۆحی هاوکاری هەبوو، لەگەڵ شیوعییەکان و پاسۆک و حزبەکانی دیکەش هاوکار بوو، لە ڕووی سەربازی و دیپلۆماسییەوە دەوری باڵای هەبوو، دەیزانی چۆن بڕوا بە بەرانبەرەکەی بهێنێت، بۆیە لە کۆنگرەی تاران، ئەو سەرپەرشتیی شاندی کوردستانی کرد، ئەوکاتە عەلی عەبدوڵڵا، سکرتێری پارتی بوو، لەگەڵ کاک فەلەکەددین کاکەیی بەشدارییان کرد. کاک ئیدریس دەوری باڵای هەبوو و وتارێکی زۆر گرینگی خوێندەوە."
د، ناسح غهفوور و زۆربهی كوردستانیان، وهفاتی ئیدریس بارزانی به خەسارەتی گەورە ناو دهبهن، پێیان وایه به مانهوهی له ژیاندا دهیتوانی له پێناوی دۆزی گهلهكهیدا كاری زۆرتر بکات، بەڵام به داخەوە لە تهمهنی ٤٤ ساڵیدا ٣١\١\١٩٨٧کۆچی دوایی کرد.
ئهو دهگێڕێتهوه كه، ''چهند رۆژێك پێش ئەوەی وەفات بکات خواحافیزی لێکردم، منی نارد بۆ سووریا بۆ کارێک، کاک نێچیرڤان بارزانی لەوێ ئامادە بوو. گوتی تا دەتوانی زوو بگەڕێوە. هەڵگری پەیامی سیاسی و نامەبەری بووم كه شانازی پێوە دەکەم. ڕاستییهكهی بیرکردنەوەیەکی سەیری هەبوو، شتی لە بیر نهدهچووهوه. من پاش ده ساڵ کە گەڕامەوە بۆ کوردستان و چوومەوە خزمەتی، کاک نێچیرڤانیش لەوێ بوو، ناوی نهێنیی من هێنا کە له پێشمەرگایەتی بە کارمان دەهێنا.''
عەبدوڵڵا ئەسعەد پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، ئیدریس بارزانی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ خەڵك هەبوو، سەركردەیەك بوو بڕوای بە ئاشتی و پێكەوەژیان هەبوو، رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانی، بۆیە ئەگەر جەنابیان نەبووایە ئەو بەرەیە نەدەهاتە كایەوە. بەرەیەک كە بووە هۆكاری سەركەوتنی ڕاپەڕین و دامەزراندنی حكوومەت و پەرلەمان. لەگەڵ ئەوەی ئەركی ئیدریس بارزانی لە ئێران زۆر قۆرس بوو، ئەركی هەموو ئاوارەكانی بەسەر شانەوە بوو، تا بیتانیبایە كێشە و گرفتەكانی ئەوانی چارە دەكرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.