Erbil 15°C یەکشەممە 05 ئایار 03:44

راپۆرت... کوژررانى عەلی عەبدوڵا ساڵح؛ ره‌وشى یه‌مه‌ن به‌ره‌و ئاقارێکى مه‌ترسیدار ده‌بات

جیهان داواى راگرتنى شه‌ڕو كوشتن له‌ یه‌مه‌ن ده‌كات
کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی عەلی عەبدوڵا ساڵحى سه‌رۆكى پێشووى یه‌مه‌ن رەتی كردەوە هاوكاری كۆمەڵەی ئەنساروڵا بكات و بە ئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ كۆمەڵەی حوسییەكان راگەیاند، ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ دوای تەقاندنەوەی ماڵەكەی، لەلایەن هێزێكی حوسیەكانەوە بە دیل گیراو دوای دەستبەسەركردنی به‌ بریندارى كوژرا و تەرمەكەشی لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا بڵاوكرایەوە.

عەلی عەبدوڵا ساڵح سەرۆكی كوژراوی یەمەن چەند سه‌عاتێك پێش كوژرانی، دوێنێ شەو لە دوا لێدوانیدا گوتبووی هیچ ڕێگەیەك نیە جگە لە رزگاركردنی وڵات لە دەست گەمژەیی حوسییەكان، كاتژمێری سفر دەستی پێكرد بۆ پاكردنەوەی سەنعا لەم كۆمەڵەیە.

سه‌رچاوه‌كانى هه‌وال ئاشكرایان كرد حوسییەكان، عه‌لى عه‌بدولا ساڵحیان بە زیندوویی دەستگیر كردووە و بەدیلكراوی كوشتوویانە، هەروەها هەریەك لە عارف زوكا ئەمینداری گشتیی حزبی كۆنگرەی نەتەوەیی و یاسر عەوازی سەركردەیەكی پارتەكە و لیوا عەبدوڵا قەوسی و عەقید خالید كوڕی عەلی عەبدوڵا ساڵح یاوەری سەرۆكە كوژراوەكەی یەمەن بوون و لەگەڵیدا گیراون و كوژراون.

پێشتر عەلی عەبدوڵا بۆ ماوەی سێ ساڵ هاوپەیمانی حوسیەكان بوو كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێت لە دژی ئەو هاوپەیمانیەتیەی لەلایەن سعودیەوە پشتیوانی دەكرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 2017/12/4، میدیا حوسییە شیعەکانی یەمەن ڤیدیۆی کوژرانی عەلی عەبدوڵا سالحی سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەیان بڵاو کردەوەو میدیا ئێرانییەکانیش ئاماژەیان بەوە کردووە، کە سەرۆکی پێشووی یەمەن لە کاتی ڕاکردنی کوژراوە.

چەند ڕۆژێکە شەڕوپێکدادان لە نێوان چەکدارانی عەلی عەبدوڵا سالح و حوسییە شیعەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن هەڵگیرساوە و چەکدارانی سەرۆکی پێشووی یەمەن چەند شوێنێکی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی کۆنتڕۆڵ کردبوو.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە میدیا عەرەبییەکان، ئه‌مرۆ دووشەممە، چەکدارانی حوسی بە بۆمب و تەقەمەنی، خانووی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن و سەرۆکی پارتی کۆنگرەی گەلیان لە شاری سەنعای پایتەختی، تەقاندووەتەوەو جگە لە تەقاندنەوەی خانووەکەی، بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان باس لەوە دەکەن، کە چەکدارانی میلیشیای حوسی عەلی عەبدوڵڵا ساڵحیان کوشتووە، بەڵام بەشێکی دیکەی میدیا عەرەبییەکان ئەو دەنگۆیەیان رەت كرده‌وه‌.

نزیکەی هەفتەیەکە هێزەکان سەر بە پارتی کۆنگرەی گەل، کە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن سەرۆکایەتی دەکات شەڕی دژی حوسییەکان راگەیاندووە و تا ئێستا چەندین شاری وڵاتەکەیان رزگار کردووەتەوە.

دوای لەسەرکار لادانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە ساڵی 2012 لە ئەنجامی شۆڕشی گەلی یەمەن دژی حکوومەتە دیکتاتۆرەکەی، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بووە هاوپەیمانی چەکدارە حوسییەکان و دەستیان بەسەر وڵاتەکەیاندا گرت و حکوومەتی عەبد رەبە مەنسوڕیان شکست پێهێنا.

حوسییەکان میلیشیایەکی چەکداریی شیعەمەزهەبن و لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتیی سەربازیی و دارایی دەکرێن.

عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە  ساڵی 1947 لەدایکبووە و له‌ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی لاویه‌تیدا چووه‌ته‌ رێزى سوپاو لە 1978دا بە سەرۆکی یەمەنی باکوور هەڵبژێردراو له‌ ساڵی 1982 پارتی کۆنگرەی میللی دامەزراند و دواتر له‌ ساڵی 1990 بووە سەرۆکی کۆماری یەمەنی یەکگرتوو.

عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە ساڵی 1990 بووە سەرۆکی یەمەنی یەکگرتوو. دوای 34 ساڵ لە سەرۆکایەتی یەمەنی باکوور و یەمەنی یەکگرتوو لە ساڵی 2012 لەژێر گوشاری شەقام و ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو دەستبەرداری پۆستەکەى بوو.

دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە یەمەن، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بوو بە هاوپەیمانی حوسییەکان دژی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە، کە پشتگیری عەبد رەبە مەنسوور هادی، سەرۆکی یەمەن دەکات، بەڵام دواجار لە 4 ی کانوونی یەکەمی 2017 بەدەستی چەکدارانی حوسییەکان کوژرا، ئەوەش دوای پێنج رۆژ لە دەستپێکردنی شەڕ دژی چەکدارانی حووسی نزیک لە ئێران هات.

لەسەرەتادا، هێزەکانی ساڵح، بەهاوکاری چەند لایەنێکی دەرەکی، دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەک لە سەنعای پایتەختدا گرت، بەڵام ئەمە سەرکەوتنی یەکجاری هێزەکانی ساڵح نەبوو، بەڵکو هەرزوو هێرشی پێچەوانە لەلایەن حوسییەکاه‌وه‌ دەستیپێکرد و ناوچەکانیان کۆنترۆڵکردنەوە و سه‌ره‌نجام توانیان بچنه‌ نێو سه‌نعاوه‌و مالكى سالحیش بته‌قێننه‌وه‌ و خۆیشى به‌ بریندارى كه‌وته‌ ده‌ست حوسیه‌كان و پێش چه‌ند كاتژمێر له‌مه‌وبه‌ر كوژرا.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ خاچى سورى نێوده‌وله‌تى رایگه‌یاند" له‌ ماوه‌ى پێنج رۆژى شه‌رو پێكدادانه‌كاندا له‌ سه‌نعاى پایته‌خت به‌ لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ 125 كه‌س كوژراون و 238 كه‌سیش برینداربوون. هه‌روه‌ها بەپێی ئامارەکان، لە مانگی ئازاری ساڵی 2015 ەوە تاكو ئه‌مرۆ زیاتر لە 8 ھەزار و 750 کەس له‌ یه‌مه‌ن کوژراون و تاكو ئێستاش ملیۆنان منداڵ و ژن ھەڕەشەی برسێتییان لەسەرە.

هه‌روه‌ها ئەنتۆنیۆ گۆترێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش له‌ په‌یامێكدا داوای راگرتنی شەڕ دەکات لە یەمەن و نیگەرانی  نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان دەربڕی و رایگەیاندووە كه‌ ناجێگیریی رەوشەکە رێگری دەکات لە ناردنە دەرەوەی برینداران بۆ دەرەوەی وڵاتەکە.

ناوبراو داواشی لە سەرجەم لایەنە ناکۆکەکان کردووە پەلامارە وشکانی و ئاسمانییەکانیان رابگرن ، چونكه‌ به‌م هۆیه‌وه‌ ملیۆنان منداڵ و ژن ھەڕەشەی برسێتییان لەسەرە و رووبەڕووی گیان لەدەستدانی پێشوەخت دەبنەوە.
 

روژهه‌لاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.