ههردوو پارێزگاری ههولێر و ئازاربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمییه) له میانهی كۆبوونهوهیهكدا له شاری ههولێر ئهمڕۆ سێشهم جهختیان كردهوه كه جوولهی بازرگانی له دهروازهی سنووری حاجی ئۆمهران زیادی كردووه.
ئەمڕۆ سێشەم ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە دیوانى پارێزگا پێشوازى لە محەمەد سادق موعتەمدیان پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمییە) و شاندێکى باڵای یاوەرى کرد.
لەدیدارەکەدا پارێزگاری هەولێر وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنان، جەختی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران-تەمەرچین کردەوە.
پاشان گفتوگۆ لەبارەى لێکتێگەیشتنى (14) خاڵەکەی نێوانیان کرا کە دوابەدوای سەردانى پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستى بەهێزکردنى جوولە و ڕهوشی بازرگانی لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران - تەمەرچین لە ڕێکەوتى 2021.12.26 لەنێوان هەردوولا واژوو کرا.
هەردوولا خۆشحاڵى خۆیان نیشان دا کە دواى واژووکردنى ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، جوڵەی بازرگانی لە هەردوو دەروازەی سنوور بەرەوپێشچوونى زۆرى بەخۆیەوە بینیووە و زۆربەى خاڵەکانى کەوتۆتە وارى جێبەجێکردنەوە.
پارێزگاری ئازاربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمییە) سوپاسى پارێزگارى هەولێرى کرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى لێی کرا و جەختى لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاوکاری نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگای ئازاربایجانی ڕۆژئاوا (ئورمیە) کردەوە و ئامادەیی هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەکی بۆ بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران-تەمەرچین نیشان دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.