Erbil 15°C پێنجشەممە 18 نیسان 20:17

فه‌یسبووك ملیۆنان به‌كارهێنه‌ری له‌ عێراق له‌ده‌ستداوه‌

کوردستان TV
100%

ژمارەی بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق بەگشتی زیادیکردووە، بەڵام ملیۆنان بەکارهێنەری فەیسبووک لە وڵاتەکەدا کەمی کردووە، شارەزایەکی بوارەكەش هۆکارەکەی دەخاتەڕوو.

بەپێی دوایین ئامارەکانی ئەمساڵی هەردوو سەنتەری (وی ئار سۆشیال و کیپیوس)  کە لەم بوارەدا کار دەکەن ئاماژە بەوە دراوە کە ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق زیادبووە و گەیشتووەتە 28.35 ملیۆن بەکارهێنەر، تەنها لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا 3 ملیۆن و 350 هەزار بەکارهێنەر زیادی کردووە.

سەنتەرەکەی ئەوەشی خستۆتەڕوو "لە عێراق 18.85 ملیۆن بەکارهێنەری فەیسبووک، 15.45 ملیۆن بەکارهێنەری ئینستاگرام، 13.8 ملیۆن بەکارهێنەری سناپ چات، 1.9 ملیۆن بەکارهێنەری تویتەر و 1.4 ملیۆن بەکارهێنەری لینکتێن هەن.

بەپێی ئاماری سەنتەرەکە ژمارەی بەکارهێنەرانی هەموو پلاتفۆڕمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیادی کردووە، بە تایبەت سناپ چات و ئینستاگرام، تەنها فەیسبووک نەبێت کەمی کردووە کە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 2 ملیۆن بەکارهێنەری لەدەستداوە.

ئەمەل شاکر بەرپرسی ئاسایشی سایبەر لە سەنتەری میدیای دیجیتاڵی عێراق بە ماڵپەڕی (سکای نیوز)ی ڕاگەیاندووە کە هەموو ساڵێک ئاماری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق بڵاو دەکرێتەوە، لەم ئامارە نوێیەدا دەرکەوتووە کە فەیسبووکی مێتا 2 ملیۆن بەکارهێنەری لەدەستداوە.

ئەو بەرپرسەی ئاسایشی سایبەر هۆکاری کەمکردنی ژمارەی بەکارهێنەرانی فەیبسووکی ئاشکرا کرد و گوتی "لەوانەیە بەهۆی دەرچوون لە پەیڕەوی سیاسەتی فەیسبووک هەژمارەکانیان سڕابێتەوە، نەیانتوانیبێ بیگەڕێننەوە. جەختیشی کردەوە کە کێشەی فەیسبووک لە عێراق ئەوەیە وەک خۆی ئاماژەی پێ کردووە کێشەی کەمی کارمەندیان هەیە و ناتوانن بەدواداچوون بۆ گلەیی و کێشه‌ی بەکار‌هێنەرانیان بکەن."

بەرپرسی ئاسایشی سایبەر هۆکارێکی دیکەشی خستەڕوو و ڕایگەیاند: یەکێکی دیکە لە نیگەرانییەکانی بەکارهێنەران دڵنیانەبوونیانە لە پارێزراوی داتا و زانیارییەکان لە تۆڕەکەدا.

زانست و تەکنۆلۆژیا هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.