Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 16:40

فیلمی "Quo Vadis, Aida" به‌ باشترین فیلم هه‌ڵبژێردرا

کوردستان TV
100%

ئەمساڵ خەڵاتی باشترین فیلم لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی فیلمی ئەورووپا بەخشرایە فیلمی "Quo Vadis, Aida؟"ی دەرهێنەر جاسمیلا زبانیک کە باس لە کۆمەڵکوژیەکەی سربرێنیتسا دەکات.

سی و چوارهەمین رێوڕەسمی خەڵاتەکانی فیلمی ئەورووپا کە لەلایەن ئەکادیمی فیلمی ئەورووپاوە رێکدەخرێت، ئەمساڵ بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە بەشێوەیەکی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.

جاسمیلا زبانیک کە خەڵاتی باشترین فیلمی وەرگرت، فیلمەکەی بە ناوی "Quo Vadis, Aida؟" لە رێوڕەسمەکەدا، دوو خەڵاتی دیکەی بەدەست هێنا.

لە کاتێکدا جاسمیلا زبانیک خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بەدەست هێنا، هاوکات جاسنا دوریک بەهۆی رۆڵ بینینی لە فیلمی "Quo Vadis, Aida؟"دا، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی بەدەست هێنا.

جاسمیلا زبانیک ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد کە خەڵاتەکەی ته‌رخان كردووه‌ بۆ دایکان و ئافرەتانی سربرێنیتسا و ئه‌و باوکانه‌ی کە هاوسه‌ر و کوڕه‌كانیان کوژراون.

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌كته‌ری پیاو به‌خشرایه‌ ئه‌نتۆنی هۆپكنس به‌هۆی ئه‌و رۆڵه‌ی له‌ فیلمی "The Father" بینی، خه‌ڵاتی باشترین سیناریۆ به‌خشرایه‌ سیناریست فلۆریان زیله‌ر و كریستۆفه‌ر هامپتۆن.

خه‌ڵاتی باشترین فیلمی كۆمیدی به‌خشرایه‌ فیلمی "Ninjababy" كه‌ له‌لایه‌ن ینگڤیڵد فلیک كاری ده‌رهێنانی بۆ كراوه‌.

فیلمی "Flee"ی جۆناس پۆهر راسموسن خەڵاتی باشترین دۆکۆمێنتاری و باشترین ئەنیمەیشنی به‌ده‌ست هێنا و رێز له‌ دەرهێنەری دانمارکی، سوزان بیار گیرا.

خەڵاتەکانی فیلمی ئەورووپا بە "ئۆسکاری ئەورووپا" ناو ده‌برێت.

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.