پەیامنێری کوردستان تیڤی ڕایگەیاند، ئەمشەو پڕۆسەیەکی گەڕان و پشکنین لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستی پێ کرد.
هەڵۆ جەباری پەیامنێری کوردستان تیڤی لە کەرکووک ڕایگەیاند، ئەمشەو هێزە عێراقییەکان گەڕان و پشکنینیان لە گەڕەکەکانی ڕەحیماوە و سەرچناری شاری کەرکووک دەست پێ کردووە، چوونەتە چەند ماڵێک کە بەشێک لەو ماڵانە پێشمەرگەبوون.
بەشیک لە خاوەن ماڵەکان ڕایانگەیاند: هێزە عێراقییەکان بە بیانووی گەڕان و پشکنین بۆ چەک و گومانلێکراوان بە بێ مۆڵەتی دادگە هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵەکانی گەڕەکە کوردییەکان، هەروەها ئەو خەڵکانەشی لە بازاڕ بوونە هێزەکان پێیان گوتوون پێویستە چۆڵی بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان لەسەر شەقامەکان لاببەن، ئەمەش نیگەرانییهكی زۆری لای هاووڵاتییان دروست کردووە.
ئەوە لە کاتێکدایە كه ژمارەیەکی زۆری عەڕەبی هاوردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە ناوچە عەڕەبنشینەکان دەژین و زۆربەی هێرش و پەلامارەکان بۆ سەر هێزە عێراقییەکانیش لەو گەڕەکانە ڕوویداوە، بەڵام هێزەکان بۆ چەک و گومانلێکراوان گەڕەکە کوردنشینەکان دەپشکنن.
جێی باسە لە كاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 10ی مانگی ڕابردووی پهرلهمانی عێراق، بەهۆی ئاهەنگێڕانی سهركهوتنی لایهنه كوردییهكان زیاتر له 65 گەنجی کوردی کەرکووک دەستگیر کران، پاشان بە هەوڵی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئازاد کران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.