Erbil 11°C یەکشەممە 26 کانوونی دووەم 10:26

سوپای عێراق: جێبه‌جێکارانی هه‌وڵه‌ تیرۆرییه‌که‌ی کازمی ده‌ستگیر ده‌که‌ین و ده‌یانده‌ینه‌ دادگا

کوردستان TV
100%

 

گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق ڕایگه‌یاند، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ سه‌ره‌داو و جێبه‌جێكارانی هه‌وڵه‌ تیرۆركردنه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و ده‌شیانده‌ینه‌ دادگا.

لیوا یه‌حیا ڕه‌سوول گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنی ڕایگه‌یاند: هه‌موو توانایه‌ك ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ له‌ دۆسییه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی هه‌وڵی تیرۆركردنی مسته‌فا كازمی.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق به‌ته‌واوی ئاماده‌ن بۆ پارێزگاریكردن له‌ ئاسایشی وڵات، ڕاشیگه‌یاند كه‌ ئامانجكردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ ئامانجكردنی سه‌روه‌ری عێراقه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دوێنێ دووشه‌م له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ڕایگه‌یاند: ده‌زانین كێ تاوانی هه‌وڵی تیرۆكردنه‌كه‌م ئه‌نجامداوه‌ و ئاشكراشی ده‌كه‌ین.

جێی باسه‌ به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی یه‌كشه‌م به‌ سێ درۆن هێرشكرایه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی له‌ به‌غدا به‌ مه‌به‌ستی تیرۆكردنی، به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ پاسه‌وانه‌كانی برینداربوون.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كانیش، پسپۆره‌كانی بۆمب له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق و ده‌زگای هه‌واڵگریی نیشتمانی له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیان بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و بۆمب و درۆنانه‌ی ماڵه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی كردۆته‌ ئامانج، هه‌مان ئه‌و بۆمب و درۆنانه‌ن كه‌ پێشتر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای له‌ عێراق پێ ده‌كرایه‌ ئامانج.

زانیارییه‌ هه‌واڵگری و سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ئاشكراشیان كردووه‌ كه‌ درۆنه‌كان له‌ به‌شی دواوه‌ی باخچه‌یه‌كی گه‌شتیاری له‌ ناوچه‌ی (كه‌ریعات) له‌ باكوری عێراق به‌رزكراوه‌ته‌وه‌.

 

 

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.