سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشە تیرۆرستییەکی سەر ماڵی کازمی دەکات و ڕای دەگەیەنێت، کە پێویستە ئەنجامدەرانی سزا بدرێن.
جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەم کە کرایە سەر ماڵەکەی کازمی، پێویستە ئەنجامدەرانی هێرشەکەش سزا بدرێن.
لە پەیامەکەدا ڕاشیگەیاند، ئامانجی هێرشکارەکان تێکدانی پڕۆسەی دیموکراسییە لە عێراق. هەروەها داواش لە کازمی دەکات دان بەخۆدابگرێت و گفتوگۆ بکەن.
هەروەها جۆ بایدن ڕایگەیاند، داوام لە تیمی ئاسایشی نیشتمانی کردووە هەموو جۆرە یارمەتییەکی گونجاو پێشکەشی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بکەن، لەو کاتەی سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەن.
جێی باسە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 3 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئاراستەی ماڵەکەی مستەفا کازمی کرا و چەند پاسەوانێکی برینداربوو، لەدوای ئەوە کازمی پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە خۆی و ئەوانەی لەگەڵی کار دەکەن هەموویان سەلامەتن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.