بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، دەستگیراوە بەسەر 3 کیلۆ ماددەی هۆشبەر کە لەلایەن باندێکەوە مامەڵەی پێکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، لەدوای چاودێری و بەدواداچوونێكی ورد لەلایەن ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دەروازە سنوورییەکان توانرا لەناو شاری هەولێر دەستبگیرێت بەسەر 3 کیلۆ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری (حەشیش).
ڕاشیگەیاند: ماددەکە لەلایەن باندێکی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر مامەڵەی پێوەدەکرا و تۆمەتبارێک بە ناوی (ئـ.ئـ.م) دەستگیر کرا.
هەروەها رایگەیاند: لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، تۆمەتباران ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەوە و ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە پلەی (ڕائید) بریندار کرا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژە بەوەش دەکات کە تۆمەتبار (ئـ.ئـ.م) ڕەوانەی دادگا کرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و بەدواداچوونیش بەردەوام دەبێت بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکانی دیکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.