ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی لە عێراق رایگەیاند، ئەو پەلامار تیرۆریستییەی کە شەوی رابردوو ماڵی سەرۆکوەزیران و فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی بە ئامانجی تیرۆرکردنی کردە ئامانج بەئامانجکردنێکی مەترسیدارە بۆ دەوڵەتی عێراق و جەختیشی کردەوە کە ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەستگیر دەکرێن.
ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەو ھێرشە تیرۆریستییەی کە شەوی رابردوو ماڵی سەرۆکوەزیران و فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی بە ئامانجی تیرۆرکردنی کردە ئامانج بەئامانجکردنێکی مەترسیدارە بۆ دەوڵەتی عێراق لەسەر دەستی گرووپە چەکدارە تاوانکارەکان کە بەھەڵە لە دان بەخۆداگرتن و توانای ھێزە ئەمنیی و سەربازییەکان تێگەیشتوون و ھاتووە "ئەنجامدانی ھێرشەکە، ھەڕەشەیەکی روونە کە لە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان و ھێزە ئەمنییەکانمان کراوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ھەروەھا ھاتووە "ھێزە قارەمانەکانمان، ھەوڵەکانیان بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی ھەموو ئەو کەسانەی کە ھەوڵدەدەن زیان بە دەوڵەت بگەیەنن، خستووەتەگەڕ".
باس لەوەشکراوە کە ھێزە ئەمنییەکان تەواوی ھەوڵەکانیان بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە تێوەگڵاون لە ئەنجامدانی ھێرشە تیرۆریستییەکە و راپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا خستووەتەگەڕ و ھاتووە "ئەو کەسەی وا بیر دەکاتەوە کە دەستی ھێزە ئەمنییەنمان پێی ناگات، ئەوا بەھەڵەدا چووە، چونکە کەس لە یاسا گەورەتر نییە".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە رێگەی دۆرنەوە، ھێرشکرایە سەر ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا.
تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکە رانەگەیاندووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.