Erbil 2°C ھەینی 24 کانوونی دووەم 03:33

له‌هه‌ولێر ھەڵمەتی پێدانی ڤاکسین بە منداڵانی ته‌مه‌ن 12 ساڵ راگه‌یه‌ندرا

کوردستان TV
100%

لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بۆ پاراستنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لە ڤایرۆسەکە، ھەڵمەتی کوتانی منداڵانی 12 ساڵ، قوتابیانی کۆلێژ و پەیمانگاکان دەستیپێکرد.

ھەڵمەتەکە بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان سامان بەرزنجی، پارێزگاری ھەولێر ئومێد خۆشناو و، بەرپرسی رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە عێراق دکتۆر ئەحمەد زوبێتن دەستی پێکرد و، تیاییدا یەکەم منداڵی تەمەن 12 ساڵ بەناوی ژیار فەیسەڵ، یەکەم ژەمی ڤاکسینی وەرگرت.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان دکتۆر سامان بەرزنجی تیشکی خستەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵمەتەکە و گوتی: ''لەچواچێوەی ئەو ھەڵمەتە نێودەوڵەتییە بۆ پێدانی ڤاکسین بە منداڵانی تەمەن 12 ساڵ، لە ھەرێمی کوردستانیش ھەڵمەتەکە دەچێتە واری جێبەجێکردن و ئەمڕۆش ھەڵمەتەکە لە بەشە ناوخۆیی 18ی شوباتی تایبەت بە قوتابیان راگەیەندرا''.

سامان بەرزنجی گوتیشی: ''ئەم ھەڵمەتەدوای راسپاردەکانی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێدانی ڤاکسین بە یەکێک لە مەرجەکانە بۆ درێژەپێدان بە ژیان، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش، ھاوشێوەی وەزارەتی پەروەردە دەبێت ھەفتانە پشکینی تاقیگەیی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنایان ھەبێت، ئەگەرنا دەبێت بڕوانامەی لێدانی ڤاکسینیان ھەبێت ئەمەش بۆ پاراستنی چین و توێژەکانی کۆمەڵگایە و داواکارین ھەموولایەک ھاوکاربن و بڕیاری نوێش لە سەرووی تەمەنی 12 ساڵییەوە دەتوانن ڤاکسین وەربگرن''.

دکتۆر سامان بەرزنجی راشیگەیاند کە چەند تیمێکیان پێکھێناوە بۆ ئەوەی سەردانی شوێنە قەرەباڵغەکان بکەن بۆ پێدانی ڤاکسین بە ھاووڵاتیان و گوتیشی: ''لە ھەموو ھەرێمی کوردستان 12 یەکە دانراوە کە ھەریەکێک دوو تیمی گەڕۆکی ھەیە، بە گشتی 45 تیمی گەڕۆک ھەیە لە ھەرێمی کوردستان، تیمەکان سەردانی ھەموو شوێنە قەرەباڵغەکان دەکەن و ڤاکسین بە ھاووڵاتییان دەدەن''.

وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو کە کۆتایی ساڵ دەبێت ھەموو مامۆستایەک ڤاکسینی وەرگرتبێت و لەمبارەیەوە گوتی: '' تا کۆتایی مانگی 12 دەبێت ھەموو مامۆستایەک لە کوردستان ڤاکسینی وەرگرتبێت، ئەگەرنا ناتوانن بچنە پۆلەکانی خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا پێدانی ڤاکسین بە منداڵان و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە رێگای تیمە گەڕۆکەکان دەبێت''.

ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەرپرسی رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە عێراق دکتۆر ئەحمەد زویێتن گوتی: ''خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرەین بۆ دەستپێکردنی گەورەترین کەمپەین لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، خۆشحاڵم کە زانایان دەلێن لەماوەی دوو ساڵی کارکردن ئەم پەتا جیھانییە تێدەپەڕێت بەھۆی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن ھاووڵاتییانەوە، بەڵام تەنیا ڤاکسین بەس نییە بەڵکو پێویستە دووری نێوانمان ھەبێت و ماسک ببەستین''.

دکتۆر ئەحمەد زویێتن گوتیشی: ''ئەمڕۆ زۆر نزیکبوونەوە زاڵبوون بەسەر ئەم پەتایە لە زۆر وڵات دەبینین کە ژمارەی توشبووان کەم دەبنەوە و بەھەمانشێوە لە کوردستانیش بەرەو ئەم پرۆسەیە دەچین، بێگومان بۆ ئەوەی کە ئێمە پارێزراوبین و وڵاتیشمان پارێزراوبێت پێویستە ھەموومان بەشداری ئەم ھەڵمەتە بکەین''.

بەرپرسی رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە عێراق دکتۆر ئەحمەد زویێتن ئاشکرایشی کرد کە لە عێراق ڤاکسینی وەرگرتووە و دواتر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە بەڵام کاریگەری ڤایرۆسەکە کەمتر بووە و گوتی: ''من لێرە ڤاکیسنم وەرگرتووە و دواتر کۆرۆناشم گرت، بەڵام بەشێوەیەکی سووک تووشی کۆرۆنا بووم ھۆکارەکەیشی بەھۆی ڤاکسینەکە بوو کە پێشتر وەرمگرتبوو، ھەربۆیە ئەمەش وا دەکات ھەموومان پارێزراوبین''.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.