نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق - یونامی نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بەکارهێنانی توندوتیژی لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی ناوچەی سەوزی بەغدا.
ئەمڕۆ هەینی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق - یونامی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: یونامی نیگەرانە سەبارەت بە پەرەسەندنی توندوتیژی ئەمڕۆی بەغدا و برینداربوونی خەڵک.
هەروەها لە پەیامەکەدا داوا دەکات خۆپیشاندانەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە بەڕێوەبچن، لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە ئەوپەڕی دان بەخۆداگرتنیان هەبێت و ڕێز لە مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانە بگیرێت و خۆپیشاندانەکانیش بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوەبچن.
ئەمڕۆ لەدوای نوێژی هەینی خۆپیشاندان لە ناوچەی سەوزی بەغدا بەڕێوەچوو و گرژی کەوتە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان، لیژنەی ئامادەکاری خۆپیشاندەران ئاماژەی بە 3 کوژراو و نزیکەی 100 بریندار کرد، بەڵام وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕەتی کردەوە و ڕایگەیاند لە خۆپیشاندانەکەدا 125 بریندار هەن کە 27ـیان هاووڵاتی مەدەنین و هیچ کوژراوێکیش لە نێوانیاندا نییە.
جێی باسە لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی پەسەندنەکراوی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دۆخی عێراق ئاڵۆز بوو و خۆپیشاندانەکان دەستی پێ کرد، لایەنە دۆراوەکانی هەڵبژادنیش تۆمەتبار دەکرێن بە هاندانی خۆپیشاندەران بۆ دروستکردنی ئەو گرژی و دۆخە نەخوازراوەی لە عێراقدا هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.