بەریتانیا ڕەزامەندی لەسەر حەبێک دەدات کە لەلایەن دوو کۆمپانیای ئەمریکییەوە بەرھەمھێنراوە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
ساجد جاڤید وەزیری تەندروستی بەریتانیا ڕایگەیاند، بەریتانیا یەکەم وڵاتە ڕێگەپێدانی داوە بۆ بەکارھێنانی حەبێک کە چارەسەری ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکات.
ڕاشیگەیاند: یەکەم چارەسەرە کە لەڕێگەی دەرزی و دەمارەوە نادرێت بە تووشبووان بەڵکو لە ڕێگەی زمانەوە پێیان دەدرێت، ئەم حەبەش بەتەواوی دۆخەکە دەگۆڕێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی بەرگری لەشیان لاوازە.
مۆلنۆپیراڤیر، ناوی ئەو حەبەیە کە بۆ چارەسەرکردنی کۆڕۆنا بەکاردەھێندرێت لەڕێگەی زمانەوە کە بە ھاوبەشی لەلایەن دوو کۆمپانیای ئەمریکی (مێرک شاوپ دۆم-ڕیجباک بایۆثێراپیتیک) بەرھەم ھێنراوە.
بەریتانیا بڕی 480 ھەزار دەستە حەبی لەم جۆرە کڕیوە، بڕیارە لە ژێر چاودێری تیمی لێکۆڵینەوەی پزیشکی بدرێت بەو کەسانەی کە ھەڵگری ڤایرۆسەکەن و لەسەرەتای قۆناغەکانی تووشبوونن بە ڤایرۆسەکە، لە ئەگەری سەرکەوتنی حەبەکە بۆ چارەسەرکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بڕیار دەدرێت بڕێکی زیاتر لەم حەبە بۆ شانشینەکەیان دابین بکەن.
بەکارھێنان و دەرئەنجامەکانی حەبەکە
حەبی مۆلنۆپیراڤیر لە پێنج ڕۆژی سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەدرێت بە نەخۆشەکە، حەبەکە لە ڕێگەی ھێرش کردن بۆ سەر ئەو ئەنزیمەی ڤایرۆسەکە بەکاریدەھێنێت بۆ زۆربوونی خۆی، ھەوڵدەدات کێشە بخاتە نێو جیناتی ڤایرۆسەکە بۆ ئەوەی نەیناسێتەوە، بەم جۆرە ڕێگە دەگرێت لە زۆربوون و گەشەسەندنی ڤایرۆسەکە لە نێو لەشی مرۆڤ، بۆیە ئەگەر لەسەرەتای قۆناغەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە نەدرێت بە نەخۆشەکە ئەوا سوودی نابێت.
کۆمپانیای مێرک کە یەکێکە لە بەرھەمھێنەرانی حەبی مۆلنۆپیراڤیر ڕایدەگەیەنێت، ئەم حەبە یارمەتی چارەسەرکردنی تووشبووانی کۆڕۆنای گۆڕاویش دەدات، بەڵام پێویستە لە پێنج ڕۆژی سەرەتای دەرکەوتنی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەماوەی 24 کاتژمێردا دوو جار بدرێت بە نەخۆشەکە.
حەبی مۆلنۆپیراڤیر تاقیکراوەتەوە لەسەر 700 تووشبووانی کۆڕۆنا کە لە سەرەتای قۆناغەکانی نەخۆشییەکەدابوون، لەو ڕێژەیەدا 7.3%ـی ئەوانەی کە حەبەکەیان بۆ بەکاردەھێنرا پێویستیان بە نەخۆشخانە بوو، ھەروەھا ھیچ تووشبووێکی ڤایرۆسەکە گیانی لەدەست نەدا.
ئەم دەرئەنجامانە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەلایەن کۆمپانیاکەوە ڕاگەیاندراوە، بەڵام تا ئێستا پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام پرۆفیسۆر پێنی وارت لە زانکۆی کینسی لەندەن کە خۆی بەشداری لە تاقیکردنەوەی چارەسەرە نوێیەکە نەکردووە، ڕایگەیاند، ئەگەر بتوانین لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا ئەم دەرئەنجامانە دووبارە بکەینەوە، ئەوا ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە زۆر کەمتر دەبێت، ھەروەھا ڕێژەی مردن و ئەو پەستانەی لەسەر نەخۆشخانەکانیش بوونیان ھەیە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمتر دەبێتەوە.
نرخی حەبی مۆلنۆپیراڤیر
ھەرچەندە حکوومەتی بەریتانیا ئاشکرای نەکردووە کە نرخی گرێبەستی 480 ھەزار دەستە حەبی مۆلنۆپیراڤیر نرخەکەی چەندە، بەڵام لەماوەی پێشوودا ئەمریکا 1.7 ملیۆن دەستە حەبی مۆلنۆپیراڤیری کڕی و نرخەکەی بە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار خەمڵاند، واتە 700 دۆلار بۆ ھەر دەستە حەبێک.
جگە لە بەریتانیا و ئەمریکا، وڵاتەکانی ئوسترالیا، سەنگاپور کۆریای باشوور بڕیاریانداوە بۆ کڕینی حەبی مۆلنۆپیراڤیر.
کۆمپانیای مێرک تاکە کۆمپانیا نییە کە کار لەسەر ئەم چارەسەرە نوێیە دەکات، بەڵکوو کۆمپانیاکانی "فایزەر"ـی ئەمریکی و "ڕۆچ"ـی سویسڕی ڕکابەری کۆمپانیاکە دەکەن بۆ بەرھەم ھێنانی چارەسەرێکی ھاوشێوە.
جێی باسە ئەم چارەسەرە نوێیە یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا و کەمکردنەوەی پەستان لەسەر نەخۆشخانەکان و ڕێژەی مردن لە تەواوی ئەو شوێنانەی کە بەکاری دەھێنن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.