Erbil 3°C پێنجشەممە 23 کانوونی دووەم 02:03

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران چەند بابەتێکی گرنگ تاوتوێ کرا

کوردستان TV
100%

لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەشنووسی پەیڕەوی ئەنجوومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی کوردستان پەسەند دەکرێت، هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران لە بارودۆخی کۆچبەرانی هەرێم لە دەرەوە دەکۆڵێتەوە و کێشەی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان تاوتوێ دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، دوای کۆبوونەوەکە ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتی بووە لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان لە هەرێمی کوردستان لە لایەن خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنەکە.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئافرەتان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، لە قۆناغە جیاوازەکانی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان خاوەنی مێژووییەکی پڕ قوربانیدان و سەروەرین و ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبووە، جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ، بۆ نەهێشتنی ئاستەنگ و بەربەستەکان لە بەردەم ئافرەتان و وەستانەوە دژی جیاکاری ڕەگەزی و پەراوێزخستنی ڕۆلی ئافرەتان لە پێناو بەرزکردنەوە و زیادکردنی ڕێژەی بەشداری کارای ئافرەتان لە دەسەڵات و پاراستنی مافەکانیان لە نێو کۆمەڵگەدا و ئەمەش لە هێڵەگشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمدا جێگیرکراوە و جێی بایەخمانە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران دوای لەبەرچاوگرتنی چەند تێبینی و پێشنیارکردنی هەموارکردنی چەند بڕگەیەک ڕەشنووسی پەیڕەوەکەی پەسەند کرد.

پاشان ئالان محەمەد سەعید وەزیری پەروەردە و ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسیان لە بابەتی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2021-2022 كرد، ئەنجوومەنی وەزیران، بە بایەخەوە لە هۆکارەکانی ئەم بابەتەی کۆڵییەوە وجەختی کردەوە لەسەر ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ خوێندن بە پێی کۆنمرە و شایستەبوون لەگەڵ پاراستنی کوالێتی خوێندن لە زانکۆ وپەیمانگەکان و برەودان بە تواناکان، هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان و داڕشتنی پلانی پێویست بۆ ساڵانی داهاتوو، تا ئەو کێشانەی ئەمساڵ دووبارە نەبنەوە، لەگەڵ بایەخی بەستنەوەی کورسی وبوارەکانی خوێندنی باڵا بە پێداویستیەکانی حکوومەتی هەرێم و کەرتی تایبەت.

دوای ئەوەش سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کۆچبەرانەی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی بیلارووسیاوە دەچنە وڵاتانی ئەوروپا، لەو بارەیەوە  ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد بۆ وەرگرتنی ڕێککاریی یاسایی لەبەرامبەر ئەو کەس و باندانەی کە بازرگانی بە ژیان و سەلامەتی گەنجان دەکەن، هەروەها بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری کێشە ئەو کۆچبەرە کوردستانییانەی کە لە دەرەوە گیریان خواردووە.   

لە بڕگەی کۆتاییدا لە لایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گشتوگوزار تیشک خرایە سەر بابەتی بەهاناوەچوون زیانلێکەوتووانی هاووڵاتییان لە ئەنجامی لافاوی ڕۆژی 30ـی تشرینی یەکەمی 2021 دەوربەری هەولێر و قەرەبووکردنەوەیان.

 لەو بارەیەوە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو زیانانە و چۆنیەتی چارەسەرکردنیان، بڕیاریشدرا لە نزیکترین کاتدا دەست بە خەرجکردنی قەرەبوو بۆ ئەو خێزانە زیانلێکەوتووانە بکرێت،  لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران دەستخۆشی لە سەرجەم تیمەکانی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانی هەرێم کرد کە بە هانای ئەو خێزانانەوە چوون کە بە هۆی لافاوەکە زیانمەند بوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.